ژنە داعشییەكان لە زیندانەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دەڕفێندرێن

پۆڵەتیك پڕێس:

لایەنگرانی رێكخراوی داعش بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ رفاندنی ژنە چەكدار و لایەنگرەكانی داعش لەنێو خێوەتگای هۆڵ لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان.

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، ژمارەیەك لە ژنانی لایەنگر و چەكداری داعش لە خێوەتگای هۆڵ كە لە ژێر سەرپەرشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، لە رێگای بەخشینی داراییەوە لە رێگای تایبەتەوە لە زیندان هەڵهاتوون و رفێندراون.

ژنێكی بەریتانی بە ناوی مریەم توانیویەتی هەڵبێت بۆ ئیدلب لە باكوری سوریا، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە بڵاوكراوەتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوا لەلایەنگرانی داعش دەكات پارە بدەن لە پێناو رزگاركردنی خوشكەكانیان لە زینداندا و هاوكاریكردنیان بۆ هەڵهاتن بۆ توركیا.

مریەم باسی لە چۆنێتی هەڵهاتنی كردووە لە خێوەتگای هۆڵ لە پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان كە زیاتر لە دوو ساڵ لەوێ بووە و ژیانی خراپ بووە بە وتەی خۆی.

ئەو ژنە كە نیقابێكی رەشی پۆشیوە و دەستێكیشی لەدەستدابووە، وتویەتی پێویستە لەسەریان هاوڕێكانیان ئازاد بكەن و ببەخشن لەپێناویاندا.

 

راشیگەیاندووە، پێویستە پەلە بكرێت لە بەخشین بۆ رفاندنی ئەو ژنانەی لایەنگری داعش لە خێوەتگای هۆڵ و بگوازرێنەوە بۆ شوێنی باشتر و تۆكمەتر.

 

تێچووی رفاندنی هەر خێزانێك  15 هەزار دۆلارە

بەپێی چەند راپۆرتێك تێچووی رفاندنی هەر خێزانێك لە خێوەتگای هۆڵ نزیكەی 15 هەزار دۆلارە و بۆ ئەوەش پێویستیان بە 3.500 دۆلارە بۆ رفاندنی یەكێك لە ژنە داعشییەكان.

دەزگاكانی راگەیاندنی فەڕەنسا لە ماوەی رابردووی ئەمساڵدا بڵاویانكردەوە، بێوەژنێكی ئەندامی داعش كە لە هێرشەكانی كانوونی دووەمی 2015 رزگاری ببوو لە خێوەتگای هۆڵ هەڵهاتووە و ئێستا لە ئیدلب دەژیت.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوە فریاگوزارییەكان لە خێوەتگای هۆڵ زیاتر لە دوو هەزار ژنی ئەندامی داعش زیندانیكراون، بەو پێیەش نزیكەی 70 هەزار ژن و منداڵ دەبن و لە خێوەتگای رۆژیش لە ریفی شاری مالكییە نزیكەی دوو هەزاری دیكە هەن.

ژمارەیەك لە حكومەتە خۆرئاواییەكان داواكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەمریكایان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەكانیان لە نێو داعشدا بوون، رەتكردووەتەوە.

دەبنە هەڕەشەی ستراتیژی لە درێژمەودادا

پسپۆڕانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر هۆشدارییان داوە لە جێهێشتنی ژمارەیەك زیندانی ژنی داعش كە لە كۆتاییدا دەبنە هەڕەشەی ستراتیژی لە درێژمەودادا.

لەوبارەیەوە راڤایللو بانتۆچی هاوكار لە پەیمانگای شاهانەی بەریتانی، وتی: دەسەڵاتی ئەمنی لە خۆرئاوا پێیان باشترە هاووڵاتییەكانیان كە لە ریزەكانی داعشدا بوون لە خێوەتگاكاندا بمێننەوە، چونكە گەڕاندنەوەیان چاودێری و دادگاییكردنیان دەوێت و تێچووی هەیە.

وتیشی: ئەوەش تاكتیكی كورت مەودایە، بۆ درێژمەودا كاریگەری خراپی دەبێت.

لە ئەنجامی هێرشەكانی سوپای ئەمریكا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان كە كۆتاییهێنا بە پایتەختی داعش لە سوریا كە رەقەبوو، هەزاران چەكدار و ئەندام و لایەنگری داعش دەستگیركران.

زیاتر لە جارێك دەسەڵاتدارانی ئەمریكا و رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا داوایان لە وڵاتانی خۆرئاوایی و وڵاتانی دیكەی جیهان كردووە كە هاووڵاتییەكانیان كە لەناو داعشدا بوون و ئێستا زیندانین لە رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە.

بەرپرسانی ئەمریكا وتویانە، ئەوان چیتر ئامادەنین ژیان و گوزەرانی هەزاران لایەنگر و ئەندامی داعش كە هاووڵاتیانی وڵاتانی خۆرئاوایی و وڵاتانی دیكەن لە ئەستۆ بگرن.

بە ڕای شارەزایان و پسپۆڕان مانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی چەكدار و لایەنگری داعش لەنێو زیندان و خێوەتگاكانی رۆژئاوای كوردستاندا مەترسی لە ئایندەدا دروست دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا