بردنەوەی بایدن دڵەراوكێ‌ لەعێراق دروست دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لەدوای ئەوەی میدیاكانی ئەمریكا بردنەوەی جۆ بایدنیان راگەیاند، میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران بەگەرمی پیرۆزباییان لە كاندیدە دەرچووەكەی دیموكراتەكان كرد، بۆیە ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەلای بەشێك لەبەرپرسان و چالاكوانانی بەغدا، كە پێیانوایە ئەم هەنگاوەی میلیشیاكان رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كەمدەكاتەوە و دەبێتە هۆی پتەوكردنی هێزی توندڕەوانی عێراق.

چاودێران پێشیانوایە، بایدن پەیڕەوی ستراتیژی باوی ئەمریكا دەكات و دووبارە ئێران بانگهێشتی مێزی دانوستان دەكاتەوە، لەلایەكی دیكەوە میلیشیا شیعەكان هیوا بەوە دەخوازن بایدن لەحاڵەتی دڵنیابوونەوە لە بردنەوە و بوونی بەسەرۆك لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بكشێتەوە.

لەو بارەیەوە، محەمەد محەیی وتەبێژی حیزبوڵڵای عێراقی سەر بە ئێران رایگەیاند، چوار ساڵی سەرۆكایەتی ترامپ بە رادەیەكی بەرچاو نەرێنی بوو، هیواشی خواست، كە ئیدارەی بایدن هەستێت بە كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان و كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق.

پێشتریش پەرلەمانی عێراق لەژێر رۆشنایی بۆردومانەكەی ئەمریكا، كە لەسەرەتای مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ بووە هۆی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، لە بەرژەوەندی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەنگیدا، دواتریش لەدوای هێرشی میلیشیاكان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئیدارەی ترامپ داوای داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا كرد.

بردنەوەی بایدن دەبێتە هۆی زیادكردنی هەماهەنگی نێوان وڵاتان

لەلایەكی دیكەوە، نەسڕ شمەری وتەبێژی بزووتنەوەی نەجیبائی سەر بەئێران باسی لەوە كرد، بردنەوەی بایدن دەبێتە هۆی زیادكردنی هەماهەنگی نێوان وڵاتان، بەهەمان شێوە خەمیس خەنجەر ئەو سەرۆكە سونییەی، كە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بووە هاوپەیمانی ئێران رایگەیاند، بردنەوەی بایدن هەلێكی نوێیە لەبەردەم جیهاندا بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێی سەقامگیری و گفتوگۆ.

لە راپۆرتەكەی فرانس پرێسدا هاتووە، بلۆگەرێكی عێراقی لەژێر ناوی یوسف رایگەیاند، لەبارەی ئەم لێدوانانەی میلیشیا شیعەكانەوە هەست بە دڵەڕاوكێ دەكات، چونكە هەر ئەو كەسانەی پێشتر دروشمی “مردن بۆ ئەمریكا”یان بەرز دەكردەوە ئێستا پیرۆزبایی لەبردنەوەی بایدن دەكەن وەك ئەوەی هاوڕێیەكی كۆنی یەكدی بن.

لەگەڵ ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لەبایدن كرد، بەڵام هێشتا هەندێك لەبەرپرە عێراقییەكان بەئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، ترسیان لەوە هەیە میلیشیا شیعەكان بوێری زیاتر پەیدا بكەن لەدوای ئەوەی بایدن دەسەڵات وەردەگرێت و رەنگە ببێتە هۆی تێكدانی پلانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیاكان.

بەشێك لە چاودێران، لەوە دەترسن بایدن رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ببوژێنێتەوە، كە لەماوەی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا جێبەجێكرا كاتێك بایدن جێگری سەرۆك بوو، ئەوە بوو لەو ماوەیەدا ئێران توانی نفوزی خۆی لە ناوچەكەدا بەرفراوان بكات.

بەشێك لە چاودێران، لەوە دەترسن بایدن رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ببوژێنێتەوە

لایخۆیەوە، زافر ئەلعانی جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نامانەوێت سیاسەتەكانی ئۆباما دووبارە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەمان.

هەندێكی دیكەش پێشبینی ئەوە ناكەن، دۆسیەی عێراق لە كارە پێشینەكانی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا بێت بەتێڕوانین لە قەیرانە ناوخۆییەكانی ئێستای ئەو وڵاتە.

بەپێی ئامارێكی فرانس پرێس دەركەوتووە، ئەو عێراقییانەی بەشداری خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریریان كرد، بردنەوەی بایدن هیچ كاریگەرییەكی لەسەریان نەبووە.

ئەبو سەعد پیاوێكی عێراقی ٧٤ ساڵە و دەڵێت: وەك عێراقییەك، مانەوەی ترەمپم لە دەسەڵاتدا پێباشترە، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد، بەشێوەیەكی گشتی عێراقییەكان وای نابینن گۆڕانكاری لە سەركردەكان ببێتەهۆی گۆڕان لە سیاسەتی ئەمریكا.

وتەبێژەكەی حیزبوڵا باس لەوەش دەكات، ترامپ بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو مامەڵە دەكات و ئەم ماوەیەی كە ماویەتی لە بەرژەوەندی بە ئامانجگرتنی سەركردایەتی ئێمە بەكاریدەهێنێت.

ترامپ بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو مامەڵە دەكات

لەلایەكی دیكەوە، دوو بەرپرسی عێراقی پێشبینی ئەوە دەكەن، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لیستێكی تەواوەتی سزا دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق دابنێت بەر لەوەی كۆشكی سپی بەجێبهێڵێت.

تا ئێستا بەشێوەیەكی ئاشكرا سیاسەتی دەرەكی بایدن زانراو نییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سیاسی بایدن دەبینین لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە بەرژەوەندی جەنگی عێراق و لابردنی سەدام حسێن سەرۆكی پێشووتری وڵاتەكە دەنگیدا، لە ساڵی ٢٠٠٦یشدا، وتارێكی نوسی تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە سێ لایەنەكەی عێراق ببنە خاوەنی حوكمی خۆجێی خۆیان ئەوانیش كورد و سوننە و شیعەكانن.

بایدن چەند پەیوەندییەكی كەسی لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی عێراقدا هەیە لەوانەش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە لە دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان پیرۆزبایی لە بایدن كرد و بە هاوڕێ و هاوبەش پێناسەی كرد.

لەلایەكی دیكەوە، مستەفا كازمی جەختی لەوە كردەوە، بەرەو بەهێزكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردوو وڵات هەنگاو دەنێن لەپێناو بەدیهێنانی داهاتوویەك كە لەسەر بنەمای رێز و هەماهەنگی هاوبەش و باوەڕپێكراو بنیادنرابێت لەپێناو تێپەڕاندنی بەرهەڵستییەكان و پشتگیری كردنی ئاشتی و ئاسایش و بەدیهێنانی ئارامی و بوژانەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا