میدیای ئیسپانیا خۆشحاڵە: دەمێنێتەوە

پۆڵەتیك: سپۆڕت
پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لیۆنێل میسی نەك تەنها یانەی بەرشەلۆنە و وڵاتی ئیسپانیای بە خۆیەوە سەرقاڵ كرد بوو بەڵكو تەواوی جیهانیشی بە تەنها دوو وشەوە هەستاندە سەرپێ‌ كاتێك لە نامەیەكی فاكسی دا بۆ ئیدارەی یانەكەی نووسی “دەمەوێت بڕۆم” ئیدی دونیا هەمووی هەستایە سەر پێ‌ و هاندەرانی بەرشەلۆنە و میسی لەو نێوەندەدا لە هەموان غەمبارتر و دڵشكاوتر بە دەركەوتن هەموو جیهان چاوی لە ئیسپانیا بوو تەنانەت وەك ئەمڕۆ لویس ئینریكی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا ڕایگەیاند: (لە هەموو باس و كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی دا ئەگەر پەیوەندیشی بە بەرشەلۆنە و میسی نەبێت هەر دەبێت پرسیارێكت لەو بارەیەوە ئاراستە بكرێت ئەمەش قەبارەی كێشەكە و كەسەكە كە میسی یە دەردەخات).

ئەمڕۆ شەممە ڕۆژنامە دیارەكانی وڵاتی ئیسپانیا بە جۆرێك دڵخۆشییان پێوە دیار بوو بە بڵاو كردنەوەی هەواڵی مانەوەی لیۆ خوێنەرانیان لە وڵاتی ئیسپانیا دڵنیا كردەوە كە هەموو شتێك باشە و قەیرانەكە بە كۆتا هات.

ڕۆژنامە زۆر بەربڵاوەكەی ئیسپانیا كە marca ی مەدریدییە وێنەیەكی لیۆ میسی لە سەر ڕووكاری بەرگەكەی دانا و لەگەڵی نووسی: (میسی دەمێنێتەوە قەیرانەكە بە كۆتا هات).

بڵاویشی كردەوە: (ئەرجەنتینییەكە مایەوە بە زۆریش بێت … گەورەترین قەیران لە كۆڵ بەرشەلۆنە بۆوە كە بە درێژایی مێژووی ڕووبەڕووی بوو بێتەوە).

لە لای خۆشییەوە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیش بڵاوی كردەوە: (میسی بێ‌ دەنگی شكاند و ئاشكرای كرد وەرزێكی تریش لەگەڵ بەرشەلۆنە بەردەوام دەبێت).

ڕۆژنامە كەتەلۆنییەكە دەستەواژەیەكی میسی خۆیشی بڵاو كردۆتەوە كە لە دیدارێكی پێگەی گۆۆڵ دا وت بووی: (دەمێنمەوە و هەموو شتێك پێشكەش دەكەم).

ڕۆژنامەی Sport ی كەتەلۆنیش لای خۆیەوە وشەی STAY واتا دەمێنێتەوەی بەكارهێنا بۆ مانەوەی میسی هەروەك فۆتۆیەكی لیۆی بڵاو كردەوە بە درێسی وەرزی نوێی بەرشەلۆنەوە.


لە كۆتاییشدا ڕۆژنامەی aS ی مەدریدی بڵاوی كردەوە: (دەمێنێتەوە)
هەروەك دەستەواژە ناوازەكەی لیۆشی بڵاو كردەوە كە بە خۆرخی باوكی وتووە: (هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ یانەكەی ژیانم ناچمە كێشەوە و لە دادگا بەرامبەری ناوەستمەوە).


كۆتایی قەیرانەكە هات و پێشتریش لە هەواڵێكی تایبەتی پێگەی Politic Sport ئێمە بە هەمان وشە بڵاومان كردەوە Stay واتا دەمێنێتەوە هەر واش بوو دواجار هەوری تەم و مژی نێوان بەرشەلۆنە و میسی ڕەوییەوە و ئەفسانەكەی دڵبەری هەموان مانەوەی ڕاگەیاند.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا