نێچیرڤان بارزانی: بە نەمانی مام جەلال كۆڵەگەیەكی گەورەی تەوافوق لەدەستچوو

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، رایگەیاند، بەڕێز و شكۆوە ئەم یادە دەكەینەوە، لە دوای نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەی مام جەلال لە كاری سیاسی و دەوڵەتیدا، هەستمان بە بۆشایی ئەو كردووە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، لە میانەی وتارێكدا رایگەیاند، هەبوونی دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال و ئاشناكردنی نەوەكانی ئێستا و داهاتوو بۆ خەباتی مام جەلال، كارێكی گرنگ و پێویستە.

نێچیرڤان بارزانی مێژووی مام جەلالی بە بەشێكی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ناوبرد و ئاماژەی بەوەكرد، بە نەمانی مام جەلال، كۆڵەگەیەكی گەورەی تەوافوق لەدەستچوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مام جەلالدا باسی لە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی كرد و بە زۆر پێویست بۆ قۆناغی خۆی ناویبرد و وتی، پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، ئێستا و جارێكی دیكە پێویستیان بە رێككەوتنێكی نوێی هاوبەشە بەگوێرەی ئەم قۆناغە.

لە وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد، بە هەموو شێوەیەك رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، یەكڕیزی و تەبایی لە نێوان هەموو لایەن و پێكهاتە كوردستانییەكاندا زۆر پێویستە بۆ رێگرتن لە لاوازبوونی زیاتری بڕیار و ئیرادەی سیاسیی كوردستان.

وتیشی: نابێت تەماشای هیچ پێوەرێك بكەین جگە لە بەهێزكردنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان، چونكە هێزی هەموومان بەندە بە هێز و پێگەی هەرێمی كوردستانەوە.

نێچیرڤان بارزانی هیوایشی خواست كە یادی مام جەلال هاندەر بێت بۆ یەكگرتوویی حیزبە كوردستانییەكان و ئەوەی خستەڕوو، داوا لە هەموو حیزبە كوردستانییەكان دەكەم رێكبكەون و پێكەوە كار بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا