چیرۆکی ئەم وێنەیە دەزانی؟ شەربەتی گوڵ، چاوێک لە چەشنی جوانی دەریا

حەمە ھاشم

بێگوومان زۆرێک لە خەڵکی جیھان لە چەند ساڵی رابردوو وێنەی ئەو ژنە ئەفغانییەیان بینیوە کە خاوەنی ئەو چاوە جوانانەیە، بەڵام چیرۆکی پڕ تراژیدی ژیانی ئەو ژنە کەم کەس دەیزانێت.

ئەم ژنە ئەفغانییە ناوی (شەربەت گول) کە بەزمانی ئەفغانیش ھەمان مانا کوردییەکەی ھەیە، ئاوی گوڵ، یان شەربەتی گوڵ، ناوێکی سەرنج راکێش و خۆشە، لەساڵی ١٩٧٢ لە پەشتوون دایک بووە.

وێنەکە بە ھاوێنەی فۆتۆگرافەر (ستیڤ ماکوری) گیراوە ..

ئەم ژنە ئەفغانییە کە پێشی دەوترێت (مۆنالیزای ئەفغانستان) بە دوو چاوە سەوزە جوانەکانی بووەتە جێگای سەرنجی ھەموو دنیا، ئەو دوو چاوە سەوزەی کە جوانی و نیگەرانی و ترس و شەرم تێیاندا کۆبۆتەوە، ھەروەھا پێویستی و بێدەنگی و ئارامگرتن و چاوەڕوانی و ھیوا لە چاوەکانیدا بەتەواوی دەبینرێت، کە تێکڕای ئەمانە بۆخۆیان دنیایەک لە چیرۆکی ژیانی ژنێکی ئاوارەی بەدبەختی ئەفغانیمان پێشان دەدەن.

ستیڤ ماکوی وێنەگرێکی بزۆز و گەرۆک لەو سەری رۆژئاواوە بۆ ئەو سەری رۆژھەڵات دەگەڕێ و وێنە دەگرێت، دەیەوێت جوانترین دیمەنەکان و کاریگەرترینییان بچنێتەوە.

لە ساڵی ١٩٨٤ ئەم فۆتۆگرافەرە روودەکاتە باکوری ئەفغانستان بۆ ئەوەی رووماڵی ئەو قوربانی و ئەنجامانە بکات کە لەئاکامی شەڕی سۆڤێتی و ئەفغانی کەوتبوونەوە، لە خێوەتگەیەکی ئاوارەکانی ئەفغانی ئەم کچە گەنجە دەمووچاو پڕ خەمە دەبینێت کە تازە رووسەکان باوکییان کوشتبوو، کچێکی ١٢ ساڵانی دەمووچاو تەپ و تۆزاوی ھیلاک و چاو پڕگریان، وێنەیەکی دەگرێت و پێی دەڵێ ناوت چییە ؟

(شەربەت گول) لەو رۆژەوە بۆ ستیڤ ماکوی پەنجەرەیەکی دیکە دەکاتەوە .

ئەو کاتەی ئەو ھەستی بە جیاوازی ئەم وێنەیەی نەدەکرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە وێنەیەک بوو ھەر لە سەیرکردنییدا خۆی دەناسێنێت بەھای باڵای جوانییەکانی چەندەن!

ھەربۆیە لە ساڵی ١٩٨٥ وەک وێنەی جوانترین چاو لە دنیادا لە رووپەر و بەرگی یەکەمی گۆڤارەکاندا بڵاوکرایەوە .

دوای ١٧ ساڵ و لەساڵی ٢٠٠١ ئەو  شوێنەی ستیڤ کاری لێدەکرد جارێکی دیکە ناردیانەوە بۆ ھەمان شوێن ..

بۆئەوەی ھەواڵی ئەفغانستان وەربگرێتەوە لەچاوی شەربەت و بزانێت چی تێدا گۆڕاوە؟.

لەگەڵ تیمەکەیدا دەچنەوە ھەمان شوێن و بە خۆیان و وێنەی شەربەت گوڵەوە دەگەڕێن، شارە و شار و گوند بەگووند بەدوای خاوەنی جوانترین چاوی ئەفغانستاندا وێڵدەبن،  دەچنە خێوەتگەی ( ناسڕ باخ) لە شاری پیشاوەر  چەندیین ژن و کچی چاو سەوزی ئەفغانی کۆدەکەنەوە تا بزانن کامەیان خاوەنی وێنەکەیە، بەڵام ھەوڵیان بێ سوودە، لە پڕ یەکێکیان دەڵێ ئەوە شەربەت گوڵی ھاوڕێی منداڵیمە !

چەندین جار لەم خێوەتگەیە یاریمان کردووە پێکەوە، ئەو ئێستا شوویکردووە و لە گوندێکی دووری نێو چیای تۆرابۆرا دەژی.

تۆرابۆرا واتا  خاکی بۆر .

دوای سێ رۆژ و گەیشتن بەو گوندە لە چیای تۆرابۆرا کە تژیە لە ئەشکەوت و دیمەنی سەرنج راکێش .

لەوێ سەرەتا کاشێرخان برای شەربەت گوڵ دەبینن و چیرۆکی خۆیان دەگێرێتەوە :

ئێمە رامانکردووە لەترسی شەر ، رووسەکان لەھەر شوێنێک بن دەمانکوژن بۆیە رامانکردووە.

کە تیمەکە چوونە ژوورەوە ھەمووان چاویان لەسەرچاوە سەوزەکانی شەربەت گوڵ گیرسایەوە، ھەمان چاوە ئەفسوناوییەکەی ناو فۆتۆکەیە، کەشێکی سەیر و خۆش بوو ، حەپەسانێکی زۆر رووی لە تیمەکە کردبوو بەبینینی دووبارەی چاوەکان.

کە وێنەکەی خۆیان پیشان دایەوە  ئەو واتا شەربەت گوڵ پێشتر بەھیچ شێوەیەک ئەو وێنەیەی خۆی نەبینیبوو ھیچ زانیاریشی نەبوو لەسەر ئەوەی وێنەی چاوەکانی ھێندە بەناوبانگن و نازناوی جوانترین چاوی دنیای پێ بەخشراوە .

وتی بەڵێ ئەوە منم …

ئەو تەنانەت نەیدەزانی ساڵی لەدایکبوونەکەشی چەندە بەھۆی نارەحەتی و شەر و ماڵوێرانیەکانیانەوە .

ئەو دوای ئەو ساڵانە شووی کردبوو، ئێستا بەیانیان کە لەخەو ھەڵدەستێ دەبێ بچێت ئاو بھێنێت و خواردن حازر بکات و منداڵەکانی بەکووللە مەرگی بەخێو بکات، ئەو لەدوای شوکردنەکەی چوار منداڵی بووە و بەداخەوە یەکێکیان لە برسا مردووە و ئەوانی دیکەش ( رۆبینا و زوھەیدە و ئالیا) لەژیاندان لەگەڵی .

مێردەکەشی رۆژانە بەپێ دەچێتە پیشاوەر و کاری نانەوایی دەکات بەکرێی رۆژانە کە رۆژانە تەنھا ئەوەندە پەیدا دەکات کە نزیکە لە یەک دۆلار.

لە وێنەی دووەمدا کە بە تکاکارییەکی زۆر وێنەکەی گیراوە  سەرپۆشێکی مۆر لەسەر رووی خۆی دەکێشێت بۆ ئەوەی پیاوانی دیکە نەزەری نەکەن، بەپێی باوەڕەکانی شەربەت چوونکە ئەوان ئاینییان ئیسلامە.

شەربەت نازانێ ھیچ بخوێنێتەوە بەڵام تەنھا دەزانێ ناوی خۆی بنووسێ، چوونکە نەپەرژاوە لە ژیانیدا کاتی ھەبێت بۆ خوێندن لەبەر شەڕ و ئاوارەیی و راکردن لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام ھیوای زۆرە رۆژێک بتوانێ بخوێنێتەوە و بنووسێت.

دواتر وێنە تازەکەش لەبەرگی گۆڤارەکاندا بڵاو کرانەوە و خەڵاتی ( گۆڵد کادا)ی پێ بەخشرا.

ماکوی دەڵێ  من شانازی بە شەربەتەوە دەکەم کە ئەو ناوبانگە زۆرەی بۆمن پەیدا کرد، بەڵام بەداخەوە بەھۆی بیروباوەڕی ئاینیی خێزانەکەیانەوە من بۆم نەبوو وێنەی زۆرتری بگرم  و رەنگە بۆشم نەبێ سێیەم جار بچمەوە بۆلایان .

وێنەی کریستاڵێکی درەوشاوە لە نێو خۆلەمێشی دواکەوتن دا ..

————————

ئەم چەند یاداشتەم لە گۆڤارێک وەرگرتبوو ساڵی ٢٠١٩

گۆڤارێک بوو لە ناو فڕۆکەی (الملكية الاردنية)

لە کاتی گەشتێکم لە عەمانی پایتەختی ئەردەن بۆ پاریس خوێندمە وە بەداخەوە ناوی گۆڤارەکەم بیرنەماوە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا