ھەستی بینین کاریگەرترە یان ھەستی گوێگرتن؟

لە بینیندا هێزی باوەڕپێکردن زاڵترە هەتا هێزی گومان لەسەرکردن، بۆیە چاو زۆربەی گومانەکان دەڕەوێنێتەوە و دڵنیاییەکی ڕووکەشیت پێ دەبەخشێت، بەڵام بۆ دڵنیایی ناواخن پێویستت بە بیرکردنەوەیە هەتا ئەو جۆرە دڵنیاییەش وەربگریت.

لە کاتی بینیندا تۆ توانای وێناکردنی هیچ شتێکت نیە، چونکە ئەوەی کە دەیبینیت وێنا کراوە پاشان تۆ دەیبینیت، بەمەش هێزی وێناکردن و بیرکردنەوە بۆ دانانی وێنەیەک لە خەیاڵتدا لەدەست دەدەیت، چونکە بە بینینی وێناکراوێک هیچ مەجالێک بۆ وێناکردن و بیرکردنەوە ناهێڵدرێتەوە، بۆیە بە ناچاری وێنەکراوێکی نا ئیرادی دەبینیت هەتا وێنەکراوێک کە خۆت وێنای دەکەیت.

 

گوێگرتن جیاوازیەکەی لەگەڵ بینین ئەوەیە کە تۆ بە ویستی خۆت وێنای ئەوە دەکەیت کە دەیبیستیت، واتە وێنایەکی بیستراوەکەت بۆ ئامادە نەکراوە هەتا بیبینیت، بەڵکو خۆت بە بیرکردنەوەی خۆت وێنایەک بۆ ئەوەی کە دەیبیستیت ئامادە دەکەیت.

لە بیستندا جگە لە هەردوو گوێ، بیرکردنەوە بۆ وێناکردن و هەست و نەستیش دەکەونە کارکردن و کاریگەری خۆیان لەسەر بیستنەکە بەجێدەهێڵن، بەڵام لە بینیندا تەنھا چاوەکان کار دەکەن، نە بیرکردنەوەت هەیە بۆ وێناکردن، نە هەست و نەستێکی پێویستیشت هەیە کە کاریگەری لەسەر بینینەکە بەجێبهێڵن.

Elementary school kids and teacher sit cross legged on floor

لە بیستندا سەدا و بەرز و نزمی ژێکان و چرپە هەیە، بۆیە بیرکردنەوە بۆ وێناکردن و هەست و نەستیش هەر بەپێی ئەو سەدا و بەرز و نزمی ژێکان و چرپەیە کاریگەری دەبێ و شوێنەوار بەجێدەهێڵێت، بەڵام لە بینیندا تەنها شێوە و ڕەنگەکە وێناکراوە و ئەو جوانیەی کە دەیبینیت ئەوەندەی چاوت کاریگەرى دەبێ و سوودی لێ دەبینێت ئەوەندە ناخ و سۆزت ئەو کاریگەریەی نابێت لەسەر بینینی جوانیەکە، بۆیە بینراو کە دەبێتە یادگاری گرانتر و قورستر وێنا دەکرێت، چونکە نەقڵکردنی وێناکراوێکی پێشووە نەک یادکردنەوەی وێناکراوێك کە بە ویست و بیرکردنەوەی خۆت وێنات کردبێت! بەڵام لە بیستندا ئەوەی کە دەیبیستیت بە ئاسانی دەبێتە یادگاری و وێناکردنی بیستراوەکەش ئاسان و بێ کێشە یاد دەکرێتەوە، چونکە لە کاتی بیستندا خۆت بە بیرکردنەوەی خۆت وێنات کردووە و ئەستەمە لەبیر بکرێت، بۆیە نابیناکان کەمتر تووشی لەبیرچوونەوە دەبن، بەڵام چاو ساغەکان بەردەوام بە دەست نەخۆشیی لەبیرچوونەوەوە دەناڵێنن!

نوسینی/ یادگار واژەیی

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا