توندوتیژی دژ بەژنان كەمیكردووە

پۆڵەتیك پرێس

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارەكەش دەركەوتووە بەراورد بەشەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو ژمارەی توندوتیژییەكان كەمیانكردووە.

بەپێی ئامارەكەی توندوتیژییەكان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان تەنها لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سێ هەزارو 769 سكاڵای جۆراو جۆر تۆماركراوە، هەروەها تێیدا هاتووە لەو ماوەیەدا سێ حاڵەتی كوشتنی ژنان و 13 حاڵەتی خۆكوژی و 26 حاڵەتی خۆسوتاندن و 35 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسیش تۆماركراوە.


بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماری شەش مانگی ساڵی 2019 شی بڵاوكردوەتەوە كە بەمشێوەیە:

هەزارو 203 سكاڵا تۆماركراوە، 22 حاڵەتی كوشتن و 32 حاڵەتی خۆكوشتنیش هەبووە، هاوكات 58 حاڵەتی خۆسوتاندن و 47 حاڵەتی سێكسیش تۆماركراوە.

بەپێی هەردوو ئامارەكە دەردەكەوێت لەمساڵدا ژمارەی سكاڵاكان زۆرتربوون، بەڵام حاڵەتە جۆربەجۆرەكانی توندوتیژی دژ بەژنان كەمیان كردووە.

لەبەرامبەر ئەو ئامارانەشدا رێكخراوەكانی تایبەت بەژنان باس لەوە دەكەن، ئامارەكان كەمیان نەكردووەو توندوتیژییەكان دژ بەژنان بەردەوامییان هەیە.

ئەوەش دەخەنەڕوو هۆكاری بۆ بەردەوامی توندوتیژییەكان بۆ جەنگ و نا ئارامی لەجیهاندا دەگەرێتەوە.

 

سكاڵاكان زۆرتربوون، بەڵام حاڵەتە جۆربەجۆرەكانی توندوتیژی دژ بەژنان كەمیان كردووە

 

سەیوان رۆستەم بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی ژنانی كوردستان لەبارەی بەردەوامی توندوتیژییەكانەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، توندوتیژییەكان بەردەوامە و بەردەوامیش بەرز دەبنەوە، راشیوایە بارودۆخی گشتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هۆكارە بۆ بەردەوامی ئەو دۆخە.

ئاماژەی بەوەشكرد، توندوتیژییەكان تەنها بەرامبەر بە ژنان ناكرێن، بەڵكو بەرامبەر پیاوان و منداڵانیش دەكرێت، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لەكوردستان خەڵك بۆ هەموو شتێك نا ئارامەو مافە سەرەتاییەكانی، وەك موچەو بژێوی، ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەئاستی پێویستدا نییە، ئەوەش وایكردووە توندوتیژییەكان روو لەزیاد بوون بكەن.

بارودۆخی گشتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هۆكارە بۆ بەردەوامی زۆربوونی توندوتیژییەكانی دژ بەژنان

لە هەرێمی كوردستان چەندین رێكخراوی تایبەت بەمافی ژنان هەیە كە بەوتەی خۆیان بەرگری لەمافەكانی ژنان دەكەن، بەڵام لەلایەن هاوڵاتیان و چالاكانەوە رووبەڕووی رەخنە دەبنەوە بەوەی رۆڵیان نەبووە لەپاراستنی مافەكانی تایبەت بەژنان.

 

كەژاڵ عەبدولقادر ئەندامی دەستەی دامەزرێنرانی پرۆژەی ژن ژیانە مەیكوژە سەبارەت بەكاروچالاكی رێكخراوەكانی ژنان تایبەت بە پۆڵەتیك پرێس وتی، “رێكخراوەكانی ژنان لە ژێر كاریگەری ئەجێندای حزبەكاندان وە حزبەكانیش بە زیهنیەتێكی پیاو سالارانەوە كار دەكەن بۆیە ئامارەكانی توندوتیژی زیاد دەكەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، رێكخراوەكان نەیانتوانییوە سەربەخۆیانە كار بكەن و رۆڵی گرنگ بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگاو ژنان بەتایبەتی تر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا