مادەی هۆشبەر

ئەوەی دەیگێڕمەوە لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی کارکردنم ڕویداوە بەڵام کەسایەتی و شوێن دەستکاری کراوە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوەو تەنها وانەی لێوەرگرین.

ژنکیان هێنا بۆ پشکنین کە گوایە سێكس دەکات بەرامبەر بە ماددەی هۆشبەر؟ داواکارییەکە لە ئێمەی پزیشک پشتڕاستکردنەوەی ئەوە بو ئایا سێکسی کردوە یان نا؟

لەکاتی پرسیارکردن وتی: من لەسەر ماددەی هۆشبەر گیراوم ماوەی ٢ ساڵە، خاوەنی ٦ منداڵم.

کە پرسیارم کرد ئایا بازرگانی پێدەکەی بە ماددەی هۆشبەر لە وەڵامدا وتی: نەخێر تەنها وەردەگرم.

پرسیار/ ئەی منداڵەکانت؟

وەڵامی دامەوە وتی: لای پیاوەکەمن.

تا ئیستا لەوانەیە ئەوە زۆر ڕویدابێت بەڵام کارەساتەکە لێرەیە.

لەکوێ فێربوی ئەو ماددە هۆشبەرە وەربگری؟

وەڵامی ئەو  توشی شۆکی کردم…وتی: ئافرەتێکی دراوسێمان کە ژنی ماڵەوەیە لەڕێگای ئینتەرنێتەوە کەسێکی ناسی بو فێری کردبو و بۆی دەهێنایە ماڵەوە بەنهێنی، ئەویش ڕۆژێک هاتە ماڵم پێمی وت تاقی بکەوە منیش لەو کاتەوە ئاڵودەی  بوم…ئێستاش ناتوانم وازبینم.

چیرۆکەکە وردەکاری و درێژەی زۆری تێدایە کە بۆچی ئێستا هاتۆتە پزیشکی دادوەری، چیمان بینی چۆن ئاشکرا بوەو چۆن پارەی بۆ پەیداکردوە، بەڵام ئەوە هەموی گرنگ نییە و ناچینە درێژەی.

لێرەدا تەماشای لایەنی کۆمەڵایەتی و ئەو کارەساتە بکەن، ٦ منداڵ بێ دایک بن لەبەر ئاڵودەبون بە ماددەی هۆشبەر، کارەساتی دوەم ئەو ئافرەتەی دراوسێیان چۆن ئینتەرنێتی بەکارهیناوەو چۆن توانیت ئەو ئافرەتەش فێربکەی لەگەڵ خۆت؟! دو خێزان بونەتە قوربانی مادەی هۆشبەرو خراپ بەکارهێنانی سوشیاڵ میدیاو نەزانین و لێرەدا منداڵەکانیان زەرەرمەندی سەرەکین.

بەپێی کارکردنم لە پزیشکی دادوەری بۆ ماوەی ١١ ساڵ، ئەوەی تێبینی دەکەم لەم ماوەی دواییدا ماددەی هۆشبەر زۆر زیادی کردوە.

چەند چارەسەرێکی سادە هەیە کە لە خێزانەوە دەستپێدەکات دەتوانین جێبەجێی بکەین بۆئەوەی بتوانین بە هەمو لایەک تۆزێک لەم کێشە کەم بکەینەوە:

– منداڵەکانتان فێربکەن کاتێك لە دەرەوە کەسێکی بێگانە شتێك دەدات بۆ ئەوەی منداڵەکەت یان هەرزەکارەکە بیخوات ئەوە بەهیچ شیوەیەک وەرینەگرێت و نەیخوات.

– کاتێك کە برادەرێکت دەبێت یان دراوسێیەکت دەبێت کە دەڵێ ئەوە تاقی بکەوە ئەو شتە زۆرباشە، مەرج نییە بە گوێی بکەی و پێویست ناکات دراوسێ نهێنیان لای یەک بێت. دەبێ ئێمەی دایک لەجیاتی جارێک دوجار بیربکەینەوە لەبەر منداڵەکانمان.

– تێبینی: دەبێت کەسی ئاڵودە بو بەماددەی هۆشبەر لەلای پزیشکی دەرونی چارەسەر وەربگرێت.

دكتۆر دیلمان ئازاد حەسەن، پسپۆری پزیشکی دادوەری، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا