پۆڵەتیک پرێس
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، نابێت خۆپیشاندانی ئاشتیانە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانی توندروتیژی و بچوککردنەوەی دەوڵەت.
موقتەدا سەدر لەدوای ئەو پشێوی و توندتوتیژیانەی لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا دروستبوو رایگەیاند، “نابێت دەوڵەت پەنابباتە بەر توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، چونکە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافی هەمووانە بەپێی شەرع و یاسا”.
لایخۆیەوە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، بەتوندترین شێوە دژی ئەو سەرکوتکردنەین کە دەسەڵاتدارانی حکومەت دژی خۆپیشاندەران جێبەجێی دەکەن.
داواشی لە دەسەڵاتی دادوەری کرد، بەخێرایی دەستوەربداتە دۆسیەکەوە و تۆڵە لەو کەسانە بکاتەوە کە فەرمانی تەقەکردنیان دەرکردووە بەسەر خۆپیشاندەراندا و داوای کرد هەموو ئەوانە سزا بدرێن کە دەستیان هەبووە لە کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران.
لەلایەکی دیکەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، “بەهەموو شێوەیەک دژی بەکارهێنانی چەک دەوەستینەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز”، وتیشی: پێویستە لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.
وتیشی: کەسانێکی نزیک لە لایەنە هەواڵگرییەکان پلان دادەنێن بۆ بۆردومانکردنی ناوچەی سەوز و تۆمەتەکەی دەدەنەپاڵ گروپە چەکدارییەکان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پشێوییەکانی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغداوە، پێشوازییان لە 125 کەس کردووە کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بریندار بوون.