خەڵك لە خەیاڵێك و پەرلەمان لە خەیاڵێ

پۆڵەتیك پرێس:
كورد دەڵێت: “ئاش لە خەیاڵێك و ئاشەوان لەخەیاڵێ”، ئەم پەندە لەهەر كات‌و شوێنێكی كوردەواری وترابێت، رێك بۆ ئەم دۆخەی پەرلەمانی كوردستان دەشێت، كە چەند مانگێكە تێیكەوتووەو دەرچوونیش لەو دۆخەوە بەئەستەم دەزانرێت.

دۆخی پەرلەمانی كوردستان ئێستا بەشێوەیەكە، بەبێ ئەوەی گرنگی بدرێت بە پرسە هەنوكەییەكانی ژیانی هاووڵاتیان، لەسەر چەند تەوەرێك كۆدەبێتەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی بەژیانی رۆژانەو ئەو دۆخە خراپە نییە، چەندین مانگە خەڵكی تێكەوتووە.

بۆ نموونە دواین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بووە بە سێ تەوەر، كە یەكەم تەوەر تایبەت بوو بەدەستپێكردنی خولی پایزە و پلان و بەرنامەڕێژی دانیشتنەكان لەم خولەی پەرلەماندا، تەوەرەی دووەمیش دانیشتنەكە تایبەتە بوو بەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵ، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، هاوكات تەوەرەی سێیەمیش خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای ماف و ئەركی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.

بەشێك لە پەرلەمانتاران و هاوڵاتیان رەخنە لە تەوەرەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەگرن و پێیان وایە، پەرلەمان تەوەرە هەنوكەییەكانی لەبیركردووە و خۆی لەو بابەتانە دەدزێتەوە، كە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە.

لەو بارەیەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لە رووی یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەتیشەوە تائێستا خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان خولێكی لاوازە لەئاست كێشە و گرفت و قەیرانەكاندا نییە و بەڕۆڵی خۆی هەڵنەستاوە.

هەڵەدنی وتیشی: خول دوای خول لایەنەكانی دەسەڵات كاریان لەسەر لاوازكردنی پەرلەمان كردووە، بەپێی یاسایی ١ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ بێت، دەبێت پەرلەمان شوێنی یەكلاكەرەوە و تاكە مەرجەعی دەستوری بێت، بەڵام پەرلەمان ئەو رۆڵەی لەدەستداوە.

 

خول دوای خول لایەنەكانی دەسەڵات كاریان لەسەر لاوازكردنی پەرلەمان كردووە

 

هەروەها باسی لەوەشكردووە، لەم خولەی پەرلەمانیشدا بەهۆی ئەو زۆرینەیەی لە پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتییەكەیدا دروستبووە رێگرە لەوەی پەرلەمانێكی خاوەن بڕیارمان هەبێت‌و ئەوەشی وت: پێموایە ئەم خولەی پەرلەمان لەژێر دەسەڵاتی جێبەجێكردندایە.

بەشێك چاودێران هۆكاری لاوازی پەرلەمان بۆ نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا دەگێڕنەوە، هەڵەدنی لەو بارەوە دەڵێت: لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتیشەوە لاوازە و هەژموونی حیزبەكانی دەسەڵات بەسەر پەرلەمانەوە زۆر دیارە، چارەسەری دۆخی هەرێم بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد دەبێت.

ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا چەندین قەیران هەیە، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان گوشاری مەدەنیانە دروستبكەن و داوای مافەكانی خۆیان بكەن تا رێڕەوی حكومڕانی هەرێمدا راستبكرێتەوە.

لەبەرانبەر ئەو رایە، كە باس لەوە دەكات پەرلەمان ناچالاكەو كار لەسەر كێشەكانی خەڵك ناكات رایەكی تریش هەیە، كە پەرلەمان كاری باشی كردووەو لەماوەی رابردووش چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە.

لەو بارەوە سامان ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەماوەی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی شاندی دانوستانكاری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی كرد و هەر لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرسە هەنوكەییەكانەوە گفتوگۆكراوە.

ئەو وتیشی: دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لێكەوتەی دارایی و تەندروستی لێكەوتووەتەوە

ماوەی رابردوو چەند پەرلەمانتارێك واژوویان كۆكردەوە، بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ لێپرسینەوە، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان داواكەی رەتكردەوە، كە ئەوەش رەخنەكانی زیاتر لەسەر پەرلەمان زیاتر كرد.

 

هەژموونی حیزب و حكومەت لە پەرلەماندا رەنگی

 

شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لەو بارەوە وتی: هەژموونی حیزب و حكومەت لە پەرلەماندا رەنگی داوەتەوە، لە كاتێكدا لەماوەی رابردوودا ئێمە داوامان كرد سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بێنە پەرلەمان، بەڵام تەنیا وەزیری دارایی هاتنە پەرلەمان.

شیرین ئەمین جەختیشیكردەوە، كە رەوایە تاكی كوردستان داوای مافی خۆی بكات و بێدەنگ نەبێت و هەڵوێستی هەبێت، بەڵام بە دڵنیایەوە بەرپرسیارییەكە دەكەوێت سەرشانی حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەت، كە بەدەنگ داوای هاوڵاتیانەوە بێن.

ئەوەشی خستە روو، كە ئەوان وەك ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان داوای پرساندنیان كردووەو وتیشی: ئەگەر ئەم پرۆسەیەی ئێمە سەركەوتووبێت، ئەوە دەبێتە هۆكارێك، كە حكومەتی هەرێم هێندە دەستكراوە نەبێت دەست بۆ كاری نایاسایی ببات، وەك چۆن پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران بەبێ پشت بەستن بە هیچ دەقێكی یاسایی موچەی فەرمانبەرانی بڕی، كە بڕیارێكی تەواو نایاساییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا