ئەو سێ ناوەی لەماڵی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازکرا؟

پۆڵەتیک پرێس:
شەوی ڕابردوو لە ماڵی نوری مالکی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێکرا، ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا نوێ بوو پێشنیازکردنی ناوی کۆمەڵێک سەرکردەی عێراقیی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.

ئەو لایەنە سیاسییانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕازین، لە کۆبوونەوەکەی ماڵی نوری مالکی چەند ناوێکیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازکردووە، کە دیارترینیان بریتی بوون لە قاسم ئەعرەجی، محەمەد شیاع سودانی و عەبدولحسێن عەتبان.. بەڵام ئەو کاندیدەی زۆرترین چانسی هەیە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە، کە تا ئێستا هیچ لایەنێک دژایەتی خۆی بۆ ناوبراو ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی ماڵی نوری مالکی بە میدیای عێراقیی وتووە، بەگوێرەی ئەو دۆخەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هاتووەتە پێشەوە، قورسە ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بەتەنها بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاریبکات، بەبێ پاڵپشتی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق.

هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەی ماڵی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی کاندیدێک بکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە هەمووان لەسەری ڕێکبکەون..

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەو کەسانە داخست کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق بوون، لەنێو ئەوانیشدا نوری مالکی هەیە کە چاوی لەوەیە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام پێدەچێت مەرجەعیەتی نەجەف ڕێگە بە هاتنەدی ئەو خەونەی مالکی نەدات.

بەشێک لە لایەنە شیعەکان ئێستا ترسی ئەوەیان لێنیشتووە، موقتەدا سەدر کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاریبکات، کە ئەو کەسە ببێتە هۆی هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵیی بەشێک لەو بەرپرسانەی نەیاری سەدر و ڕەوتەکەین..

هێشتا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە و پەسەند نەکراوە، لێرە و لەوێ هەوڵێک هەیە تەنانەت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێندرێتەوە، یاخود هەر نەبێت هەموو وێستگەکانی دەنگدان لەڕێگەی دەستییەوە دەنگەکانیان هەژماربکرێتەوە..

وەک ئەوەی چاوەڕێدەکرا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هێندەی درزی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە، هێندە یەکدەنگی نەکردوون.

لەوبارەیەوە موئەیەد وەنداوی، شارەزای بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوەکردەوە، عێراق بە حاڵەتێکی ئاشکرای دابەشکاریدا تێدەپەڕێت، وتیشی: هەوڵی هەرێمیی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی رێککەوتنی سیاسی نێوان کوتلە براوەکانی هەڵبژاردن.

باسی لەوەشکرد، وڵاتانی عەرەب هەوڵی ئەوە دەدەن عێراق بگەڕێننەوە باوەشی خۆیان، ئاشکراشی کرد، پێکهاتە سیاسییەکان درکیان بەوە کردووە بەرژەوەندی گشتی بخەنەپێش ناکۆکی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان، بەڵام میلیشیاکان دەمێننەوە و هیچ نیشانەیەکیش نییە بۆ رۆیشتنیان، دۆخی سیاسیش بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کە هەیە، چونکە چینی گەندەڵ هێشتا لە پێشەوەی دیمەنەکەدا ماوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی دۆخی ئابووری باشبوونی بەرچاو بەخۆیەوە نابینێت.

لەبارەی ئەرکی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقیشەوە وتی: ئەرکی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ئاسان نابێت، بەتایبەتی ئەگەر لە دەرەوەی حزبەکانەوە هاتبێت و ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا