عەلی كەریمی: قاسم سولەیمانی لەقەبارەی خۆی زیاتر گەورە كرابوو

پۆڵەتیك پرێس
لە گفتوگۆیەكی تایبەتی بەرنامەی هەگبەی پۆڵەتیك، كە لەرادیۆی پۆڵەتیك لەگەڵ عەلی كەریمی، چاودێری سیاسی لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئەنجامدرا، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، رۆڵی قاسم سولەیمانی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر كرابوو.

عەلی كەریمی وتیشی: بەشێكی ئەم گەورە كردنە هۆكارەكەی میدیای ئەمریكابوو، كە وەك جەنراڵێكی زۆر سەیر وێنای قاسم سولەیمانییان دەكرد.

عەلی كەریمی باسی لەوەشكرد، كەسایەتی قاسم سولەیمانی دروستكراوبوو، هەم لەلایەن هێزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك هێزە میلیشیاكانی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و هەم لەلایەن خودی ئەمریكاوە.

پۆڵەتیك پرێس: پێش ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی هەندێك پێشبینی هەبوو كە وایان دەردەخست ئێران تۆڵەیەكی كاریگەر بكاتەوە لە ئەمریكا، بەڵام ئێران تۆڵەی نەكردەوە بە رای ئێوە ئێران بۆچی تۆڵەی قاسم سلێمانی نەكردەوە؟
عەلی كەریمی: دوای رووداوی كوشتنی قاسم سلێمانی ئێران هێرشی كردە سەربنكەی سەربازانی ئەمریكا لە بنكەی عین الاسد و لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر، لە سەرەتادا وا نیشاندرا كە ئەم هێرشانە زیانی زۆریان بە ئەمریكا گەیاندووە، بەڵام دواتر دەركەوت زیانەكان بەو جۆرە نەبووە، ئەوەی هەبوو دوو كەس كوژرابوون لە بنكەی عین الاسد چەند كەسێكیش برینداربوون، ئێران هەر هەڕەشەی دەكرد، قاسم سلێمانی كەسێك بوو لە یەمەن تا عێراقی كۆنترۆڵكردبوو جۆرێك ترس و دڵەراوكێی دروستكردبوو لای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە للایەن میلیشیاكانی ئەو وڵاتانەوە گوێی لێدەگیرا، بۆیە بۆ ئێران قورس بوو بەبێدەنگی بمێنێتەوە، چەند رۆژێكی دیكەش ساڵیادی خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆكەیە كە گوایە ئێران لە فڕۆكەی ئەمریكی داوە بەڵام ئەوەبوو فڕۆكەكە هی وڵاتی ئۆكرانیابوو فڕۆكەیەكی مەدەنی بوو، ئێران لەوەدا سەركەوتوو نەبوو، لەو چەند رۆژەی رابردوو ئێران لەزاری خامنەیی و روحانی و بەرپرسە باڵاكانی دیكە هەڕەشەی تۆڵە كردنەوەیان دەكرد ئەوەی بینیمان تەنها شتێك كە ئەنجامدرا لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەندێك خەڵكیان كۆكردەوە و خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا وە كۆمەڵێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی چوون بۆ مەراسیمی كوژرانی قاسم سلێمانی.

پۆڵەتیك پرێس: لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی رۆڵ و هەژموونی ئێران لە ناوچەكە چی لێهات؟
عەلی كەریمی: بەرای من رۆڵی قاسم سلێمانی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتركرابوو، بەشێكی ئەم گەورە كردنە هۆكارەكەی میدیای ئەمریكابوو كە وەك جەنراڵێكی زۆر سەیر وێنای قاسم سلێمانییان دەكرد، راستە ئەو وەكو فەرماندەی سوپای قودس دەستی هەبووە لە سوریا و یەمەن و لوبنان وە لەچەند ساڵی رابردوودا دەست وەردانی هەبووە لە بارودۆخی عێراق، لە كاتێكدا ئەمریكا عێراق بە هی خۆی دەزانێت، بە رای من زیادەڕۆیی كراوە لە گەورەكردنی قاسم سلێمانی لە ناوخۆی ئێران و ناوچەكە و جیهانیش، كەسایەتی قاسم سلێمانی دروستكراوبوو، هەم لەلایەن هێزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو هێزە میلیشیاكانی حزب اللە و حەشدی شەعبی و هەم لەلایەن خودی ئەمریكاوە، یەكەم كەس قاسم سلێمانی وەكو پڵنگێك باسكرد خودی رۆژنامەكانی ئەمریكابوو، بۆیە ئەو ئاڵ و گۆڕەی كە چاوەڕوان دەكرێت نە روویداوە و نە روودەدات، نە ئێران توانای ئەوەی هەیە تۆڵًە بكاتەوە نە نیازی هەیە تۆڵە بكاتەوە، ئێران زۆر پێویست و گرنگە بۆ ئەمریكا.

پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت ئێران بۆیە تۆڵەی قاسم سلێمانی نەكردووەتەوە لەبەرئەوەی چاوی لە ئیدارەی نوێی ئەمریكایە بە سەرۆكایەتی جۆبایدن لە پێناو باشبوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا قسەی بەڕێزتان لەمبارەیەوە چییە؟
عەلی كەریمی: پێم وانیە ئێران لەوە تێنەگات گۆڕانكاری سەرۆك بە هەڵبژاردن لە ئەمریكا گۆڕانكاریی گەورە ناكات، لە سیاسەتی ئەو وڵاتە، هەروەك ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وایاندەزانی كاتێك ترەمپ بوو بە سەرۆكی ئەمریكا دێت ئێرانیان بۆ دەڕووخێنێت، بۆیە من باوەڕناكەم لە گۆڕینی ترەمپ بۆ بایدن گۆڕانكاری گەورە بێتە پێشەوە، بەڵام ئەوەندە هەیە دیموكراتەكان لەسەرخۆترن.

پۆڵەتیك پرێس: وەك چۆن باست لەوەكرد بوونی ئێران بۆ ئەمریكا گرنگە بۆ ئیدارەدانی ململانێ لە ناوچەكەدا، ئایا بوونی ئەمریكاش بۆ ئێران گرنگ نیە بۆ هێشتنەوەی رۆحیەتی شیعە گەرایی؟
عەلی كەریمی: ئەوەندەی كە ئەمریكا لە رووی سیاسی و ئابوری سودی لە ململانێ لەگەڵ ئێران بینیوە، ئێرانیش دە ئەوەندە سودی لە ململانێ لەگەڵ ئەمریكا بینیوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا