پۆڵەتیک پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
یاسای ھەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە زیادەڕۆیی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کێشە و گیروگرفتی زیادەڕۆیی لە سلێمانی بەپێی یاسا چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2021، لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی بازیان و بەکرەجۆ و تانجەرۆ و لیژنەی یاسایی قائیمقامیەتی سلێمانی کۆبووەوە و رێکارەکانی چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕۆیی لە سنوری قائیمقامیەتی سلێمانی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕۆیی قائیمقامی سلێمانی وتی: بەپێی یاسای ژمارە 3ی ھەموارکراوی ساڵی 2019ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی زیادەڕۆیی، قائیمقامیەتی سلێمانی بە ھەماھەنگی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بەکاردەبن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بەشێوەیەکی یاسایی و بەپشت بەستن بە یاساکە ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕۆیی دەنێن.
ئاوات محەمەد ئاشکراشی کرد، بەڕەچاوگرتنی یاساکە، رێگری تەواو لە ھەموو جۆرە زیادەڕۆییەک دەکەن و چاوپۆشی لە ھیچ کەس و لایەنێک ناکرێت و یاساکە وەک خۆی بەسەر ھەمواندا جێبەجێ دەکەن.
بەپێی یاسا ھەموارکراوەکە، “ئەو خانووە نیشتەجێبووانەی بەر لە 31-12-2020، بەشێوەی زیادەڕۆیی دروست کراون بەبڕێک پارە تاپۆدەکرێن و دەکرێن بە ناویانەوە و ئەو خانوانەش دەکەونە سنوری خزمەتگوزاری بە پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەو خانوانەش دوای ئەو رێکەوتە دروست کرابێتن ئەو رێنماییانە نایانگرێتەوە و نایاسایین و قەرەبووش نایانگرێتەوە و لەمەودواش رێگری لەھەموو جۆرە زیادەڕۆییەک دەکرێت”.