مێژووی پەراوێزخراوان

ڕانانێک بۆ کتێبی (خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان)، نووسینی دیار غەریب، چ 3، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، 2020.

نوسینی: سەرکەوت جەلیل

لە داستانی ئیلیادەی هۆمیرۆسی یۆنانی و لە کاتی باسکردنی جەنگی ترۆی(تەروادە)دا، مشتومڕێک لە نێوان ئاگامێمنۆنی پاشا و ئاخیلیسی گەورە جەنگاوەردا دەخوێنینەوە. ئاخیلیس کە یاخییە و ناچێتە ژێر جەبر و فەرمانی هیچ پاشا و سەرکردەیەکەوە، ئاگامێمنۆن تووڕە دەکات، ئەمیش پێی دەڵێت: “چی دەکەیت بیکە، چی دەڵێیت بیڵێ، چونکە دواجار مێژوو باسی پاشاکان دەکات، نەک سەربازەکان”. دیارە مێژووی ئەوکات و بگرە ئێستاش هەروایە، هێندە پەیوەستە بە هاوکێشە و باسەکانی دەسەڵات و ململانێی دەسەڵاتخوازییەوە، نیوەی ئەوە بە لای مێژووی کەس و گرووپ و دەستە و تاقمە پەراوێزخراوەکاندا نەچووە و ناچێت. لەو مشتومڕەی نێوان ئاگامێمنۆن و ئاخیلیسەوە دەگەینە یەک دوو وردە ڕاستی. یەک، کە ئاگامێمنۆن دەزانێت بە هێزی ڕەق، یان هێزی سەرباز و جەستەیی دەرەقەتی ئاخیلیس نایەت، پەنا بۆ تیرۆر و سڕینەوەی ڕەمزی(symbolic) دەبات. دوو، ئەو تیرۆرەش خۆی لە جۆرێکی تایبەتی نووسینەوەی مێژوودا دەبینێتەوە، کە بە مێژوونووسانی لایەنگری دەربار و پاشاکان دەسپێردرێت، بەوەی ناوی سەرکردە و پاشاکان بخەنە سەرووی هەموو کەس و شتێکی ترەوە. بگرە لەوەش زیاتر، تەنیا ناوی ئەوان بهێنن و بهێڵنەوە و ئەوانی تریش بە لەبیرچوونەوە بسپێرن. خاڵی سەیر لەم بەستێنەدا ئەوەیە، ڕاستە ناوی ئاخیلیس نەسڕایەوە، بەهۆی ئەوەی بەختی هەبوو کە مێژوونووسێکی وەک هۆمیرۆس ناو و یادەوەریی پاراست و نەیهێشت ئاواتی ئاگامێمنۆن بەدیبێت، بەڵام دەکرێت هێشتا ئاخیلیسیش، هاوشێوەی ئاگامێمنۆن، سەر بە هەمان کاتیگۆریی دەسەڵات بێت. ئەوەی ونە، هەزاران سەربازی ترن، دەیان دەستەی ترن، کە کەسمان نازانین کێن و بۆچی ژیان و چۆن مردن؟

لە سەردەمی مۆدێرنیزمیشدا، پارادایمی زاڵ لە چەند سەدەی ڕابردووی سیاسەتی جیهانیدا، بەتایبەت لە دوای پەیماننامەی وێستفالیای 1648ەوە، پارادایمی دەوڵەت_نەتەوە بوو. گەلانی دنیا، بە کوردیشەوە، لەو ڕوانگەیەوە سەیری مێژووی خۆیانیان کردووە و هەڵیانسەنگاندووە. ئەمەش وای کردووە بە شێوەی پاشەوپاش(ڕیترۆئەکتیڤ) بەشێک لە مێژوو بخوێنینەوە. بۆ نموونە، بە چاوی ئێستاوە و لە قەرەوڵی دەوڵەتەوە سەیری سەڵاحەدینی ئەیوبی و دەسەڵاتەکەی دەکرێت، بگرە هەندێک جاریش وەک خیانەتکار دەناسرێت، بەوەی بۆچی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کوردان چێ نەکردووە. وای لێ هاتووە چەمک و دیاردەی دەوڵەت_نەتەوە، بە خەسڵەت و وردەکارییە مۆدێرنەکەیەوە، بووەتە سەنگی مەحەک: دەوڵەتت هەیە، هەیت، دەوڵەتت نیە، نیت. ئەمەش فشارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆری بۆ سەر زۆرێک لە گەلان دروست کردووە. لەم نێوانەشدا کورد، بە وەرگرتن و پەسەندکردنی ئەو پێوەرە، بەشێکی مێژووی خۆی ون کردووە و تا ئاستی نکۆڵیلێکردن چووە: مادام دەوڵەتی نەتەوەییم نیە، هەرچی وتراوە، هەرچیم هەبووە، هەرچی ڕۆڵ و بەشدارییەکم هەبووە، هیچ و بێ بەهایە. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندن و ڕوانینە باوە، لەم کتێبەی دیار غەریبدا، دەگۆڕێت. تێیدا گرووپێکی پەراوێزخراو و نکۆڵیلێکراوی وەک کورد، بۆ خۆی دێتەوە قسە، لە بۆتەقەی تێزەکانی ئەوانی تر، کە بڕێکی زۆری لە لایەن مسیۆنێر و ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکانەوە نووسراوە، دەردەچێت و هەوڵی خۆناسین دەدات. وەکچۆن بەشێکی فراوانی پرۆژەکەی میشێل فوکۆی فەرەنسی، نیشاندانی دیوێکی تری مۆدێرنیزمی ئەوروپی بوو. دیوی گەڕ و گولەکان، شێتەکان، زیندانییان، نەخۆشەکان، بە جۆرێک کە لە لەبیرچوونەوە و پەراوێزخستنی زیاتر پاراستنی. بگرە لەوەش زیاتر، ئامانجی وی نیشاندانی دیوێکی تری دەسەڵات بوو: دەسەڵاتی سیاسی و قانون و دەوڵەت، دەسەڵاتی زانین و مەعریفە، دەسەڵاتی چین و توێژەکان بەسەر یەکتریدا. ئاواش پرۆژەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەگشتی و ئەم کتێبەی دیار غەریبیش بەتایبەتی، سەرلەنوێ نووسینەوەی کۆی مێژووە تا لەوێوە جارێکی تر مێژووی گەلێکی پەراوێزخراوی وەک کورد، داڕێژرێتەوە. چیتر کورد لە جوغزی ئەو بوار و سنوورەی بۆی دانراوە، بیرناکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت گۆشە تاریکەکانی تری مێژوو بپشکنێت تا ڕاستیی زیاتر و نوێ هەڵگۆزێت، دەیەوێت خۆی ڕیوایەتەکانی خۆی بنووسێتەوە و ئێستای پێ ڕەنگڕێژ بکات. ئەوەش بە دیقەتدان لە واقیعی کۆمەڵگە دەکات، بە لادان یان تێکۆشان بۆ لادانی ئەو پەردە و توێژە زۆرانەی دراون بەسەر زەینییەت و بیرکردنەوەیدا، کە دیاریی ژەهراویی دەوڵەتانی داگیرکەر و تاقمە بەکرێگیراوەکانیانن.

کتێبەکە بە باسکردنی کوردستان لە سەردەمی کۆمەڵگەی سروشتیدا، دەست پێ دەکات. دواتریش قۆناغ بە قۆناغ شۆڕ و درێژ دەبێتەوە. سەردەمەکانی سۆمەر، پێش ئیسلام، ئیسلام، چاڵدێران، عوسمانی و سەفەوی و سەدەی بیستەمیش بە وردی دەپشکنێت. لە هەریەک لەو سەردەمانەشدا تەنیا بە ململانێی سیاسی و دەسەڵاتخوازییەوە ناگیرسێتەوە، بەڵکو ئاوڕ لە لایەنی ئاینی و کۆمەڵایەتی و گوزەرانی دانیشتووانیش دەداتەوە. گرووپە دینییەکانی وەک زەردەشتی و ئێزدی و یارسان (کاکەیی، عەلەوی و هتد)، ڕێبازە عیرفانییەکانی وەک قادری و نەقشبەندی، بزووتنەوە و ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش هەر لە هۆری، لۆلۆیی، خامازی، گۆتی، ئیلام، کاشی، میتانی، نەهری، ماد، هەزەبان و کوردۆبان و چەندانی تریش، تان و پۆیەکی تریان پێ دەدرێت. بێگومان ڕۆڵی کورد لە مێژوودا، لە هەموو ئاست و شێوەکانیدا، زۆر لەوە زیاترە کە تا ئێستا بە ئێمە گەیەنراوە. بەشداریی کورد لە مێژووی دە هەزار ساڵی ڕابردوودا، هیچی کەمتر نەبووە لەوەی گەلانی تر، بگرە لە زۆربەشیان زیاتر بووە. ئەوەی هەیە کورد خاوەنی جۆرێک کەلتوور و دین و ئەفسانە و دنیابینییە، کە لەگەڵ تێزی دەوڵەت_نەتەوەی مۆدێرندا وێک نایەتەوە. بۆیە لە پێکەوەبەستنی ئێستا و ڕابردوویدا، تووشی جۆرێک لە لێکترازان و کەرتبوون هاتووە. هەڵبەت گەر لە مێژوو تێنەگەین، لە ئێستەشمان تێناگەین. کلیلی چارەسەر و کردنەوەی زۆرێک لە گرێکوێرەکان، لە تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی نوێدایە بۆ مێژوومان، کە زیاتر لە خەسڵەتە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆمانەوە هەڵقوڵابێت، نەک بە ڕەهایی لە سایەی تێزی کەلتوور و سیاقی گەلانی تردا بێت. گەر بەشێک لە پرۆژەی شیعریی شێرکۆ بێکەس، هێنانەقسەی کەرەستە و شتەکان بێت، کتێبەکەی دیار غەریبیش لە ئاستێکی تردا بێگومان، هێنانەقسەی گرووپە سەرکوتکراو و کەسە کپکراوەکانە. تەنانەت ئاوڕێکی جیدییش لە بەشداری و ڕۆڵی ژنان دەداتەوە.

لەم بەستێنەدا، هیچ شتێک یان ئەرکێک هێندەی خستنەڕووی خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی نوێی مێژووی کورد، قورس نیە. بەڵام دەبێت دەستیشی بۆ ببرێت و وزەیەکی باشی بۆ تەرخان بکرێت. هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ئاشکرایە، بە چەندان شێوە و لە چەندان کەناڵی جیاوازەوە، کار لەسەر دید و دنیابینیی کوردی کراوە. بە جۆرێک کە کورد هێندە لە نێو پێواژۆی داڕێژراوی لایەن و هێزەکانی تردا ژیاوە، نیو هێندە بۆ خۆی قسەیەکی نەبووە و نیە. ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەم دەستکاریکردن و ڤایرۆساویکردنە بەردەوامە، هەر بۆ نموونە بڕوانە دیاردەی برەوپێدانی سەلەفیزمی ئاینی، یان ئاساییکردنەوەی چەمکەکانی وەک خیانەت و هی تریش. لەم ڕووەوە ئەم کتێبە جیاواز و نوێیە، هەوڵێکیشە بەو ئاقار و ئەنجام و ئامانجەدا. دوو خاڵی سەرەکی جیای دەکەنەوە لەوانی تر. یەک، هەموو مێژووی کورد وەردەگرێت و تەنیا بە بەربەستی تەقلیدیی مادەکانەوە ناوەستێت: ئێمە چیتر تەنیا ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەو نین، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە. کورد زۆر لە دەوڵەتی مادەکان کۆنترە. دوو، چەمکەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی و مۆدێرنیزم ناکاتە پێودانگ و ئامرازی هەڵسەنگاندن. بۆیە هەوڵێکە بۆ بەدەنگهێنانی گرووپ یان گەلێکی شاراوە، کە دەوڵەتان و گرووپە سەردەستەکانی تر هەمیشە هەوڵی شێواندن و پەراوێزخستن و سڕینەوەیان داوە. بە گشتی، کتێبەکە لەوەدا گرنگ و پۆزەتیڤە، کە مێژووی دەرباری پاشا و ئیمپراتۆر و سوڵتان و خەلیفە و میرەکان، مێژووی پیاوانی ئاینی، مێژووی سەرکردە سەربازییەکان ناگێڕێتەوە. بەڵکو لە دەرەوەی سیاق و کڵێشە تەقلیدییەکانەوە لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە مێژووی گەلی کوردەوە، دەڕوانێت. بەم پێیەش، ڕێچکە و ڕێبازێکی نوێ، دنیابینییەکی نوێ، چ بۆ مێژوونووسین وەک زانست و چ بۆ کردەوە و پرۆژەی سیاسییش، دەخاتە ڕوو و دەشێت لە داهاتوودا و بۆ بوار و بابەتی تریش، سوودی هەبێت.
وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت: ڕەنگە لە ڕووی زانیارییەوە شتی نوێ پێشکەش نەکات، بەڵام لە ڕووی تێز و هەڵسەنگاندنەوە نوێیە. کورد، وەک نووسەر دەڵێت، بەو پێیەی لە دەرەوەی شارستانییەتی دەسەڵاتخوازییەوە ژیاوە و پەرەی بە فۆرمێکی سروشتییانەی ژیانی تایبەت بە خۆی داوە، کەمتر باس کراوە. کاتێکیش باس کرابێت، زیاتر نەرێنییانە بووە: وەک وەحشی و دڕندە و دڵڕەق و پەرتەوازە و شتی تریش. هەر بۆ نموونە، کارکردنی دەوڵەت و هێزە سەردەستەکان لەسەر شێوەژیانی کورد لە گوندەکاندا و مژۆڵبوونی بە کشتوکاڵەوە، وای کردووە کورد خۆیشی بەبێ یەک و دوو، گوند و گوندی و کشتوکاڵ وەک بەڵگەی دواکەوتن بهێنێتەوە و تەنانەت بە چاوێکی کەمتر سەیری ئەو بەشەی گەلەکەی بکات. ئەوەش لەکاتێکدا پەیوەندیی نێوان سیانەی کورد و گوند و سروشت، بە درێژایی مێژوو توندوتۆڵ و پۆزەتیڤ بووە. گوند هەمیشە خۆراکی بە فۆرمەکانی تری ئاوەدانی داوە. کەچی ئێستا و لە سایەی مۆدێرنیزمی بێ سەر و بەر و شێواودا، کورد پشت بە شار دەبەستێت و بەو هۆیەشەوە، زیاتر بە ناوەندەکانی دەسەڵاتخوازیی دەوڵەتانی داگیرکەرەوە دەبەسترێتەوە. ئەنجامیش، وەک دەبینین، نامۆبوونی زیاتر، مێشکشۆردنەوەی زیاتر، خۆبەکەمزانینی زیاتر و هەستکردنی نیمچە ڕەها بە دەستەمۆیی و دەستەپاچەیی و دەستەوەستاویی.

کورد بە درێژایی مێژووی خۆی، لەگەڵ فۆرمی دەوڵەت و دەسەڵاتی تاکڕەو و خۆسەپێن و چەوسێنەردا نەبووە. زۆربەی کات لە دەرەوەی دەزگای دەوڵەتەوە بووە، کاتێکیش تێکەڵ بووە، دەوڵەتی وەک دەزگای سەرکوتکردن قبوڵ نەکردووە. وەک وترا، مێژووش چونکە لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە نووسراوەتەوە، لەو نێوانەدا ڕۆڵ و بەشدارییەکانی کورد پێشێل کراون و وا وێنا کراوە و دەکرێت، کە هیچ بەشدارییەکی کارا و پۆزەتیڤی نەبووە. وەک نووسەر دەڵێت: ئەو قسەیە ڕاستە کە گەر کورد ببێتە دەوڵەت، دنیا تێکدەچێت، چونکە گەر کورد دەوڵەت بنیاتبنێت، بە جۆرێک دەبێت کە دژی چەوساندنەوە و چینایەتی و دەوڵەتگەرایی دەبێت. ئەوەش واتە کۆتایی دنیا بۆ دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخوازان، بەو پێیەی چیتر ناتوانن لەسەر ڕەنجی خەڵک بژین. چیتر ناتوانن لەسەر بنەڕەتی یەک ئیتنی و یەک ئاین و یەک مەزەب و یەک زمان، بیر لە دامەزراندنی دەوڵەت_نەتەوە بکەنەوە. چیتر ناتوانن ئاسان دژەدیموکراسی بن، دژی واقیعی کۆمەڵگە بن. بۆ من، هێنانەدەنگ و یادکردنەوە و ڕۆڵپێدانەوەی گرووپە پەراوێزخراوەکان، دوورکەوتنەوە لە زمانی زبر و توندوتیژ، کردنەوە و هێشتنەوەی دەرگا و بوارێک بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ناباوێتی لە چۆنێتی خوێندنەوە و لێکدانەوەی مێژوو بە وردبوونەوە لە مێژووی کۆمەڵگە لەبری مێژووی دەوڵەت و دەسەڵاتداران، وەرگرتنی مێژووی کوردستان وەک گشتێک لەبری مێژووی تەنیا پارچەیەک، هەوڵدانی جیدی بۆ قڵپکردنەوەی ئاگایی باوی کوردی لە دەمی ئێستادا بە تێپەڕاندنی کڵێشە و دید و پێناسە باوەکان، سەرەکیترین خەسڵەتەکانی “خوێندنەوەیەکی نوێ”ن.

لە ڕۆژئاوای زەمین باسی قۆناغێکی تری گەشەی کۆمەڵایەتی دەکرێت، کە بە پاش مۆدێرن دەناسرێت. تێیدا هەر لە نیچەوە، بگرە پێشتر و لە مارکسەوە، هەوڵی دەربازبوون لە تەڵەزگەکانی مۆدێرنیزم دەدرێت. یەکێک لەو تەڵەزگانەش، دەوڵەت_نەتەوەیە. مۆدێرنیزم سەرباری برەودان بە هەندێک دیوی پۆزەتیڤ، لەوانەش گوتاری مرۆڤگەرایی و مافگەرایی، دواجار لە تخووبەکانی دەوڵەت_نەتەوەدا گیرسایەوە و بەشێکی زۆری ئەو مافانەش بەپێی سنووری وەها دەوڵەتێک، لەقاڵب دران. دیار غەریب، بە وەرگرتن لە ئۆجەلانەوە، مۆدێرنیزمی ئەوروپی_ئەمەریکی بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دادەنێت. لە بەرامبەریشدا هەوڵی خستنەڕووی پارادایمێکی تر دەدات، کە ناوی دەنێت مۆدێرنیتەی دیموکراتیک. سەرەکیترین خەسڵەتی ئەمەی دواتریش، تێپەڕاندنی تەڵەزگەی دەوڵەت_نەتەوە و هەموو فۆرمەکانی دەسەڵاتخوازی و جیاکارییە، بە جۆرێک کە سەرجەمی کەس و دەستە و گرووپ و کۆمەڵە و گەل و ئیتنیییەک دەرفەتی وەکیەکی ژیان و گەشەکردنیان بۆ بڕەخسێنرێت. چیتریش هیچ یەکێک لەو گرووپ و گەلانە بەر نەشتەری مێژوونووسین نەکەون و نەخرێنە بواری نائاگایی و چەپاندنەوە. ساڵانێکی زۆرە لە ڕۆژئاوای ئەوروپی و ئەمەریکییش واقیع و لەوێشەوە ئاگاییەکی نوێ دروست بووە، کە ناواخنی بریتییە لە جۆرێک لە تێپەڕاندنی دەوڵەت وەک تاکە ئەکتەری قانون و پەیوەندیی نێودەوڵەتی. ئێستا لە لایەکەوە باسی کۆمپانیا فرەڕەگەز و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لە لایەکی تریشەوە باسی تاکەکەس، وەک دوو جۆر ئەکتەری نوێ لە قانون و پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، زۆر دەکرێت. گرووپی یەکەم، ڕێکخراو و کۆمپانیاکان، بە کاریگەریی جیهانگیری. گرووپی دووەمیش، تاکەکەس، بە کاریگەریی بزووتنەوەی مافەکانی مرۆڤ. ڕاستە دەوڵەت_نەتەوە وەک بنەڕەت هەر ماوە، بەڵام هەندێک گۆڕانکاریی گرنگیش هەن کە پێویستە ئاگامان لێیان بێت. دەشێت ئەم هەوڵەی دیار غەریبیش درێژە یان سەنتێزی هەوڵەکانی پێشتر بێت، بە جۆرێک کە سەرلەنوێ داڕشتنەوە و خوێدنەوەی تەڵەزگەکانی مۆدێرنیزم بگەیەنرێتە ئاست و قۆناغێکی تر و لەوە واوەتریش، چارەسەرێکی ڕادیکاڵتر بۆ توندوتیژیی دەوڵەت_نەتەوە پێشکەش بکرێت. وەها ئەرکێکیش بەبێ سەرلەنوێ خوێندنەوە و تێپەڕاندنی ئەو مێژووەی لە سەردەمی مۆدێرنیزم و کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی_ئەمەریکی، کە لە بنەڕەتەوە لکاوە بە دەسەڵاتەوە و لەسەر جیاکاری بەندە، ئەنجام ناگرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا