ئەنوەر عەباسی: شێعری ڕاستەقینە ئەو شێعرەیە کە بە دژی دەستەمۆ بوون و گەنین ڕادەسێ

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

ئەنوەر عەباسی ناسراو بە هەرەس شاعیر و نووسەر و چالاکی سیاسی کورد لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٦ شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە پازدە ساڵییەوە دەستی بە شێعر و چیرۆک نووسین کردووە و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی شاری سەقز بووە. بە هۆی شێعرە سیاسییەکانییەوە چەن جارێک لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و هەمیشە لە ژێر گوشاردا بووە. هەر بەم هۆیەوە و دوای ئەوەی کە بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانیەوە گیانی وەمەترسی دەکەوێ، لە ساڵی ٢٠١٠ وە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشتووە و پێنج ساڵ لە باشووری کوردستان ژیاوە و لە ساڵی ٢٠١٥ وە لە وڵاتی سوید دەژی.

عەباسی لە شاعیرانی بە ئەزموونی بەرەی خۆی دێتە ئەژمار کە وێڕای دووری گرتن لە شێوەنووسینە ئەزموون کراوەکان و هاوکات کەڵک وەرگرتن لێیان، خاوەن زمان و ستایلی تاقانەی خۆیەتی کە وەک خۆی دەڵێ ”ڕاوەستان لەسەر شانی دێوەکان‌ و سەرکەوتن بەسەر چیا ئەستەمەکانی شێعردا” وای کردووە بتوانێ لە بەرزاییەوە و لە لوتکەکانەوە سەیری دوور بکات و چاوێکی تیژ و وزەیەکی لە بڕان نەهاتووی هەیە بۆ بینینەوەی ماتەوزە فۆڕمی و زمانی و واتاییەکان و شێعراندنی ئەوەشی کە ناشێعرێ. ئەنوەر عەباسی لە نووسینی ڕۆمان و چیرۆکیش‌دا دەستی هەیە و بەوە ناسراوە کە لە چیرۆک و ڕۆمان‌دا ئوسلوبی خۆی هەیە و لە هیچ نووسەرێکی دیکەی کورد ناچێ.

خاوەنی پێنج کتێبی چاپکراوە کە چواریان شێعرن و یەکێکییان ڕۆمانە و لە داهاتوویەکی نزیک‌دا کۆمەڵەچیرۆکێکیشی چاپ دەبێ.
خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان –شێعر – هەولێر- ٢٠١٥
سژین – ڕۆمان – ستۆکهۆڵم – ٢٠١٨
شریان تابوت – شێعری فارسی – ستۆکهۆڵم – ٢٠١٨
پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات – شێعر – سلێمانی؛ ٢٠٢٠
ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە – شێعر – ستۆکهۆڵم – ٢٠٢٠

بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە تەنیا دوو کتێبیان (پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات، خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان) لە باشووری کوردستان دەست دەکەون و ئەوانی دیکەی لە وڵاتی سوێد چاپ و بڵاو بووەتەوە و نەگەیشتووەتە کوردستان. بە هۆی پێشینەی سیاسییەوە کتێبەکانی لە ئێران قاچاخن و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مۆڵەتی چاپ و بڵاو کردنەوەیان پێنادرێ.

دیار لەتیف: ژیان زۆر شاعیرانە دەڕۆیشت، ئێمە هاتین و لە سوپادا دامان مەزراند! گەر بێت و ژیان شاعیرانەبێت، پێویستمان بە سوپا نامێنێت، دەسەڵاتە تاکڕەوەکان نەدەبوون، شۆڕش تەنانەت لەناو فەرهەنگیشدا جێگەی دەسڕایەوە. وێرانەیی جەنگمان نەدەدیت. بەڵام مرۆڤ ئاوەزی هەڵبژارد، ئایا عەقڵ هەمیشە لەبەرەی شەڕدایە، سەرەڕای هێنانەئارای گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان؟! گەر بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسەی شیعر بەناوی شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئایا بە کام وێستگە گەیشتووە؟ ئایا لەسوارە و هاوار و چاوە، بۆ مەلەکشا و هەژار و هێمن، چی گۆڕانێکی خۆماڵیانە و بنچینەیی لە شیعری ڕۆژهەڵات هاتەئارا؟ بۆچوونێک لە باشوور هەیە، باوەڕی وایە پاژێک یان ڕووبەرێک لە شیعری نەوەی نوێی ئێستای ڕۆژهەڵات، لە شەپقەی شیعری فارسی، بەتایبەت ڕەزا بەراهەنییەوە هاتبێتەدەر، مەبەست لە کاریگەرییە؛ ئەم ڕوانینە تا چەند درووستە؟ ئایا باوەشکردنە تەکنیک و زمان، لەهەمان وەخت پەراوێزخستنی ناوەڕۆک، چی زیانێکی بە شیعری ڕۆژهەڵات گەیاندووە؟ لەلای باشوورییەکان بەجۆرێک پێچەوانەیە، زۆرتر پەنا بۆ ناوەڕۆک دەبرێت، بەڵام بیرمان نەچێت تەکنیک ئامادەیی هەیە، هەڵبەت بەشێوەیەکی کەمتر و کاڵتر وەک ئەوەی لەلای ڕۆژهەڵاتییەکان دەبینرێت. هاوڕێ لەگەڵیدا نموونەی شاعیری تەکنیکار و فۆرمخواز هەن و یەک لەوانە ئەنوەر مەسیفی، خاوەن کارنامەی فۆرمی گران لە شیعردایە، ئایا مەسیفی چی سەربارێکی خستووەتە سەر ڕەوتی شیعریی ڕۆژهەڵات؟ ئایا شیعری ئێستای ڕۆژهەڵات لە ئارێشەدایە؟ ئایا شیعری ئێستای باشوور گرفتەکانی چین؟ ئایا ئەم تەرزە توانیویەتی بچێتە ناو دڵی بەردەنگەوە؟ ئایا تەکنیک و گەمە زمانییەکان هەموو شتێکی شیعری تازەن؟! ئاخۆ ئێستا سەردەمی ونکردنی پەیامە لەشیعردا؟ ئایا ڕەخنە مافی خوێندنەوەی بە ڕەوتی شیعری کوردیی ڕۆژهەڵات داوە؟ ئەم کتێبە (خۆمێک لەخۆمە ونبووەکان)، گێڕانەوەیەکی خەونی ـ نەستییە، ناونیشان تەواوەتی هاوکۆکی نێوەڕۆک دەبێتەوە. (خۆمێک) لەنێو قەفەسی هەستەوە دەڕواتە نەست و لەنێو دیسان ئەو زیندانەی نەستەوە بەڕەڵای سەر کاغەز دەبێت و دەنووسرێتەوە. ئەم دەقە زمان تێیدا چەقە و تا دوا ڕادە بایەخی پێدراوە. بەڕادەیەک گەر زمان لەم دەقە بکەینەدەر، ڕەنگە هیچێکی ئەوتۆمان بۆ نەمێنێتەوە، ئایا ئەم هەموو زمانخوازی دەق بۆچی؟! بەرقەراربوونی هونەرکاری لەم کتێبەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان تەمی خستووتە سەر بەرهەمهێانی مانا. هاوکات تەرزێک لە پەخشان لەناو دەقەکان دەبینرێت، پەخشان ڕەگەزێکە لە دەرەوەی پێوەرەکانی سەروا و ڕەوانبێژی و ماکیاژەکانی زمانی شیعری و شیعرییەتەوە. هەمانکات لە ناوەندی دەقەکەدا هەموو ئەو دەرخستە ئامرازیانە و کشانی زمان، بەڵگەی بەکاربردنییەتی. ئاخۆ ئەم هەوا پەخشانییە چی خزمەت بە دەقە شیعرییەکە کردووە، وەک لە شوێنێکدا ئاماژەتان بە دەستکورتی مەودای گێڕانەوەی شیعریتان کردووە و داوای لێبووردن لە شیعر دەکەن، شیعر؛ کە نەیتوانیوە ژیاننامەتان بگێڕێتەوە و ئەوە پەخشانە هاوکارتان بووە لە دەقەکەدا، یان بەرکاربردنی پەخشان وەک تەکنیک هاتووە؟ کتێبی (ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە)، ناونیشانێکی سیاسییە و دەقەکان و ئەزموونکاریتان ڕێک پێچەوانەی ئاراستەی کتێبی (خۆمێک لەخۆمە ونبووەکانە) و هەر تەنیا زمان کارناکات، بەڵکو ئەوە وێنەی شیعری و شیعرییەت و تەکنیک و وشەکاری و ناونیشانە سەرجەم پێکرا بزوێنەری دەقەکانن و خاکی پرۆژەکەیان بە پیتکردووە و ئەم پیتاندنەیە وایکردووە دەقەکان بەتایبەت شیعری(لە ئاسۆتدا، خاڵێک دابنێ و دانی پێدا، شێعرێک لە بەرد)، تۆنێکی جیهانیانەیان هەبێت و دەنگیان لەسەرووی هەرێمییەوە دەنگدانەوەی دەبێت و هەیە. ئەم جۆرە کارکردەیە ئازایەتی و ڕەنجی دەوێ و لە دەقەیلێکی کتێبی ناوهێنراودا ئەمە دەبینرێت. بۆ بابەتی شیعراندن، کە بڕبڕەی شیعرە، لە شیعری “ناخوا” وەک نموونە و چەند شیعرێکی ترتدا ڕەنگیداوەتەوە و دەرەنجامی سەرفرزانەی هەبووە و ئاخۆ چی لەسەر شیعرییەت دەبێژن لە ئەزموونی شیعریتان؟ هەڵبەت دەبیت ئەوەش بەرباس بدەم، پاژێک لە شیعرەکان خاوەن سەرەتایەکی ڕێک و ڕاکێشەرن، بەڵام کۆتاییەکی ناباش و سەرنج پەرت. بەڵگەی ئەم ڕایەمان بەنموونەی ئەم شیعرانە دەهێنینەوە(خاوەخەیاڵ، فەرامۆش، شووناس، ..)؛ ئاخۆ وەک تەکنیکێک مامەڵەت لەتەک کردوون، کە دەقی دانەخراو، کۆتاییەکی سەر ئاوەڵای هەبێت و خوێنەر تێیدا بەشداربێت، یان هۆکاری دەسەڵات بەسەردا نەشکانەوەیە؟

ئەنوەر عەباسی: ئەم پرسیارە لەسەر گریمانەیەک دامەزراوە کە من لەگەڵ گریمانەکە تەبا نیم. ئەم گریمانەیە بریتییە لەوەی کە جەنگ بەرهەمی ئەقڵە و شێعر بەرهەمی شتێکیتر(کە ڕەنگە مەبەستت هەست بێت). من ئەم گریمانەیە بە درووست نازانم. ئەقڵ و هەست قەت بە دوو شتی جیاواز لە یەک نابینم. دیارە لە واتایەکی گەورەتردا و لە کۆتاییدا هەر شتێک کە لە ئێمە دەوەشێتەوە، بەرهەمی ئەقڵ و بیرکردنەوە و بۆچوون و جیهانبینی ئێمەیە، بەڵام من تەنانەت مەبەستم ئەوەیش نییە. لە ڕاستیدا هەستی ئێمە (یا هەستەکانی ئێمە) ئەو وەرگرانەن کە لە ڕێگای ئەوانەوە زانیارییەکان لە دنیای دەرەوە وەردەگرین و دەیهێنینە ناوەوەی خۆمان و لە ڕێگای ئەقڵەوە دەرکی دەکەین و واتای پێدەدەین و ئەو شتەی کە دەریدەبڕین بەرهەمی ئەم بەر یەک کەوتنەیە. ئەگەر مەبەستمان لە هەست، سۆز و عاتفەیش بێت دیسانەوە ئەمەیش بە هەمان ڕێڕەودا تێپەڕیوە و جگه لەوە کاریگەریی کۆمەڵگا و نەریت و دۆخ و کات و شوێنی بەسەرەوەیە. ڕەنگە هەر ئەم تێڕوانینە هۆکار بێت بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمە ئیتر بڕوامان بەوە نییە کە سەرچاوەی شێعر ئیلهامە. سەدان ساڵە باس لەوە دەکرێ کە ئیلهام سەرچاوەی شێعرە و هەر لەم ڕێگایەوە پیرۆزییەک بە شێعر و شاعیر دەدرێ. شێعری پێشڕەوی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەڕەتەوە باوەڕی بە ئیلهام و بەم قودسییەتە نییە. شاعیربوون وەکوو هەموو کارێکی‌تر پێویستی بەوەیە یەکەم حەزت لێی بێت و دووهەم هەوڵی بۆ بدەی و فێری ببی. هەڵبەت هەر لێرەدا بڵێم؛ پێویستە لە سەرەتای هەر ڕستەیەکی لەم چەشنەمدا ”بەڕای من” ێک زیاد بکەن.

بێگومان لەم پڕۆسەیەدا هەست گرنگە بەڵام ڕێژەیی بوونەکەیەتی کە لەبیر دەکرێ. من شاعیرێکم پێ هەستیارە کە ئەم وەرگرانەی چالاکتر و دەقیقتر و هەستیارتر بن و مێشکێکی ڕوونتر و وشیارتری هەبێ. سۆهراب دەڵێ: کە بۆ لای من دێن/ هێواش و لەسەرخۆ بێن/ نەوەک چینی ناسکی تەنیاییم درز بەرێ.

دەمەوێ بڵێم ئاستی هەستیاری هەر کەسێک لەمەڕ دەرەوەی خۆی جیاوازە و بێگومان جۆر و جنسیشی جیاوازە. هەر ئەو سۆهرابە کە ئەوەندە هەستیارە وا به هاتنی کەسێک چینیی تەنیاییەکەی درز دەبا، لە بەرانبەر شەڕی جیهانیدا کە ملوێنان مرۆڤی کردە قوربانی، هەستیاریی و وشیارییەکی ئەوتۆی لە خۆی پیشان نەداوە. نامەوێ لۆمەی بکەم، خەریکم باسی جیاوازیی ئاست و شێوە و جۆری وەرگرەکان و ئەکتەکان دەکەم.

شاعیربوون قەت بە واتای نەبوونی جەنگ نەبووە. زۆرێک لە خوێنڕێژترینەکانی مێژوو، شێعریان نووسیوە. خامنەیی دیکتاتۆری خوێنڕێژی ئێران کە ڕاستەوخۆ لە کوشتنی دەیان هەزار مرۆڤ‌دا بەرپرسە، ساڵی یەک دوو جار شاعیرانی کاسەلێسی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و گوێ لە شێعرەکانیان دەگرێ و دەوترێ خۆیشی شێعر دەنووسێ. خومەینییش شێعری عیرفانی دەنووسی و ئەو هەموو جەنایەتەیشی کردووە.

شاعیرانیش هێندەکجار هەستیان بە پێویستیی کردووە و بە حەق یان بە ناحەق، شێعری خۆیان خستووەتە خزمەتی شەڕەوە. مایاکوڤسکی، شاعیری فۆتۆریستی ڕووس، لە سەردەمی شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکەی‌دا، دەچووە سەنگەرەکانەوە و شێعری بۆ سەربازەکان دەخوێندەوە کە باشتر شەڕ بکەن.

لێرەدا چەن پرسیاری جەوهەری هەیە کە نابێ لانیکەم بە بێ ناوبردن بەسەریان‌دا تێپەڕین: جەنگ چییە؟ جەنگ باشه یان خراپە؟ کەی باشە؟ کەی خراپە؟ بۆ کێ؟ لە چ سەردەمێک‌دا؟ لە چ دەورەیەکی مێژوویی‌دا ئەم باسە دەکەین؟ شێعر دژەجەنگ بوونی لە دلی خۆیدا حەشار داوە؟ ئەگەر ئەرێ، بۆ هەتا ئێستا وا نەبووە؟ ئەگەر نا، بۆ ئێمە وەها چاوەڕوانییەکمان لێی هەیە؟ ئایا بۆمان هەیە چاوەڕوانییەکمان لە شێعر هەبێ یان نا؟ ئەگەر بۆمان هەیە، ئایا چاوەڕوانی ئێمە لە شێعر چاوەڕوانییەکی ناڕەوا و هەڵەیە یان ئەو شتەی کە پیدەڵێین شێعر هەتا ئێستا نەگەیشتووەتە ئاست و شوێنی ڕاستەقینەی خۆی؟ بۆ هەتا ئێستایش پێناسەیەکی جێگیر و یەکلاکەرەوەمان بۆ شێعر نییە؟

وڵامی ئەم پرسیارانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێک دەگۆڕێ و ڕاستت بوێ؛ یەک تاکەکەسیش ڕەنگە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیدا وڵامی جیاواز بە هەرکام لەم پرسیارانە بداتەوە.

من پێموانییە ژیانی شاعیرانە بە دوور بێت لە جەنگ و شۆڕش و بشێوی. تەنانەت پێموایە شێعر بە هۆی جەوهەری تازەگەرانەی خۆیەوە، لە خۆیدا شۆڕشە. شێعر لە باری فۆڕمەوە هەوڵ دەدا شۆڕش بەسەر شێعری پێش خۆی‌دا بکا و لە باری ناوەرۆکەوە هەوڵ دەدا زمانی ناڕەزایی لە دۆخیی هەبوو بێت. شێعر(وەکوو مرۆڤ) قەت بە تەواوی لە خۆی و لە دنیا ڕازیی نییە و بەردەوام لە هەوڵی گۆڕین و تازە کردنەوەدایە. ئەی تۆ ناپرسی بۆچی ئەفلاتون شاعیرەکان لە کۆمارەکەی خۆی دەردەکا؟ شێعر واتە ڕانەوەستان، شێعر ئەگەر ڕاوەستا دەگەنێ (بە هەردوو واتاکەی: هەم دەگەنە سەری و دەستەمۆی دەکەن و هەم بۆگەن دەکا). لێرەدایە کە دەستەوشەی ‘ئەدەبیاتی ڕاستەقینە’ و ‘ئەدەبیاتی پێشڕەو’ واتا پەیدا دەکا. شێعری ڕاستەقینە ئەو شێعرەیە کە بە دژی دەستەمۆ بوون و گەنین ڕادەسێ. ڕێگای ڕاسانیش بە تازەبوونەوەی بەردەوام‌دا تێدەپەڕێ.

شێعر و جەنگ جیاوازییەکی بنەڕەتییان پێکەوە هەیە؛ جەنگ لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات یان لە دەسەڵات مانەوەدایە بەڵام شێعر لە پێناو جوانی‌ و گەیشتن بە جوانی زۆرتر دایە. ڕەنگە هەردووکیان لە خاڵی ”چێژ”دا بە یەک بگەنەوە بەڵام هەیهوو چەن دوو ئاستی جیاوازییان هەیە. لە کۆتاییدا بەڵێ شێعری ڕاستەقینە لە ڕێگای ڕەتکردنەوەی چێژی ئاست نزمی دەسەڵات و هێز، دەبێ بە دژی جەنگ. بەڵام بیرمان نەچێ ئەمە لە کۆتاییدایە چونکا شێعر پێش گەیشتن بەم کۆتاییە، کۆمەڵێک ئەولەوییەتی دیکەیشی هەیە. ئەولەوییەتگەلێک کە کات و شوێن و بەرپرسیارەتییەک کە کات و شوێن بە هەر تاکێکی دەبەخشێ و… دەگرێتەوە. ناکرێ من لە وڵاتێکدا بژیم کە تێیدا ڕەشپێستەکان دەکوژن و دەچەوسێننەوە و منی شاعیر هەر باسی زراڤیی ڕۆح و گوڵ و بولبول بکەم و بڵێم من تەنیا دەپەرژێمە سەر جوانی ڕەها و لە لایەنی درووستی مێژوو ڕانەوەستم و ڕەشپێستەکان نەبینم و تەنانەت هانیان نەدەم بۆ مافی خۆیان بجەنگن. بەڵێ گوڵ و بولبول خۆشە، لێ شاعیری سەردەمی خۆبوون شیرنترە.

با سەرەتا بڵێم لە هەرکوێی ئەم باسەمان‌دا باس لە شێعر کرا، مەبەستی من ئەوە نییە کە تەنیا یەک جۆر شێعر بوونی هەیە و هەرچی جگە لەوە بێت شێعر نییە. یان تەنانەت ئەگەر دەقێکم پێ شێعریش نەبێ، من ئەو مافە بە خۆم نادەم کە بڵێم ئەم جۆرە لە نووسینە نابێ هەبێ. من خۆم کۆمەڵێک شێعری کلاسیکی حیماسی و شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵێک شێعری ڕۆمانتیکی واتاتەوەرم هەیە کە بە پێوەرەکانی خۆم، خاوەن کەمترین شێعرییەتن و بۆ پێکانی مەبەستێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی نووسراون و تەنانەت کاتێک کە تەلەفزیۆنەکان بە بێ ئەوەی ناوم بهێنن ئەم شێعرانەیان بڵاو کردووەتەوە، دەنگم نەکردووە و لێیان خودی دەرنەکەوتووم و تەنیا ئەوە بەلامەوە گرنگ بووە کە پەیامەکە بگات. بەڵام هێندەکجار بە پێویستم زانیوە و نووسیومن و ئەمانە لە دەرەوەی ئەو بازنەیە ڕادەوەستن کە من بۆ ئەدەبییەتی خۆم قایلم. مەبەستم ڕەتکردنەوەی هیچ هەوڵێکی ئەدەبیی خۆم یان کەسی دیکە نییە بەڵکوو ڕای خۆم لەسەر شێعر و ئەوەی کە بەڕای من دەبێ چۆن بێت، باس دەکەم و لەم بابەتەدا تەنانەت خۆشم ڕیزپەڕ ناگرم. بەهەرحاڵ ئەم شێعرانەشم کە پۆلێنبەندی بکرێن و بۆ وێنە لە پۆلێنی ئەدەبی بەرگری‌دا بخوێنرێنەوە و هەڵبسەنگێنرێن و بەراورد بکرێن، بێگومان بایەخی ئەدەبیی و کۆمەڵایەتیی خۆیانیان هەیە.

شێعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەیفێکی هەمەڕەنگ لە خۆ دەگرێ کە ناکرێ هەمووی لە یەک بەستێن‌دا پێناسە و شرۆڤە بکرێ بەڵام ئەگەر هەڵە نەبم مەبەستی پرسیارەکەت شێعری پێشڕەوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەرچەن دیسانیشەوە ئەم شێعری پێشڕەوەیش لە کۆمەڵێک دورگەی جیاواز پێکدێت بەڵام لە کۆمەڵێک بابەت‌دا ڕەگی هاوبەشیان هەیە. لە ڕاستی‌دا شاعیرانی پێشڕەوی ئێستای ڕۆژهەڵات بە خاڵێک گەیشتوون کە من پیدەڵێم خاڵی گەڕانەوە بۆ فامی تیۆریکی ئەدەبیات. پارەکە وێبینارێکم هەبوو لە یەکێتی نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە دوایی موناقەشەی زۆری لێکەوتەوە. لەوێ‌دا زۆر پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە شێعری ئێستامان ئاوڕێکی جدی لە فۆڕم داوەتەوە و یەکێک لە ڕێگاکانی تێگەیشتن و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی لەم شێعرە، خوێندنەوەی فۆڕماڵیستییە. کەچی بە هۆی ئەوەی کە ناوی فۆڕماڵیزم ڕەنگە باری واتایی نەباشی هەبێ، کەمتر خاوەن دەقێک بە ئاشکرا باسی دەکات و تەنانەت هەندێک لە دۆستانی شاعیر ئەم قسەی منیان لە لا خۆش نەهات. بەڵام کاتێک ئێمە دەق دەبینین ئیتر گوێمان لەوە نیە خاوەن دەقەکە چی لە بارەی دەقەکەی خۆیەوە دەڵێ و چ ڕێگایەک بە باش دەزانێ، بەڵکوو ئەمە دەقە کە قسە دەکات. یەکێک لەو شتانەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناوی فۆڕماڵیزم کەمێک نەباش بێتە بەرچاو، پاشماوەی هێژموونی وێژمانی چەپە. هەروا کە لە وێژمانی سیاسی چەپ‌دا وشەی ”لیبڕاڵیزم” وەکوو سووکایەتی بەکار دەبرێ، لە وێژمانی ئەدەبیاتییشی‌دا وشەی فۆڕماڵیزم بارێکی نێگەتیڤی واتایی بە خۆوە گرتووە. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو وتارانەی کە بۆ وێنە ترۆتسکی لەسەر ئەدەبیات و هونەر نووسیویەتی، بە تایبەت وتاری ”مارکسیزم و فۆڕماڵیزم”. هەڵبەت هەر لەو وتارەدا ترۆتسکی دان بەوەش‌دا دەنێ کە فۆڕماڵیزم یەکەم ڕێبازە کە بەشێوەی زانستیی لە هونەر نزیک دەبێتەوە و هەڵیدەسەنگێنێ بەڵام چونکا ”وەکوو فۆتۆریزم لە بەرانبەر کومونیزم‌دا تەسلیم نەبووە” ترۆتسکی دژی دەوەستێتەوە. دیارە مەبەستم پشتیوانی کردن لە فۆڕماڵیزم یان دژایەتی مارکسیزم نییە و خودی ترۆتسکیش یەکێک لەو سیاسەتمەدارانە بووە کە زۆری ڕێز لێدەگرم. دەمەوێ بڵێم ئەم گاردەی لە بەرانبەر ئەم وشەدا دەگیرێ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.

لێرەدا پێویستە بڵێم کە مەبەست لە فۆڕماڵیزمێک کە من بۆ ئەم دۆخە باسی دەکەم، ڕاست هەمان فۆڕماڵیزمی ڕووسیی سەد ساڵ لەمەوپێش نییە. بۆیە پێموایە باشترە بە جێگای فۆڕماڵیزم کەڵک لە وشەی ”چۆنییەتی” وەربگرم. ئەوەی کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو شتێک لە شێعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا گرنگی پەیدا کردووە، چۆنییەتی شێعرێکە نەک چییەتی ناوەرۆکەکەی. دەی خۆ بێگومان ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە هیچ گرنگییەک بە ناوەرۆک نادرێ بەڵکوو بەو واتایە کە مرۆڤی شاعیر بۆی هەیە هەر ناوەرۆکێک کە دەیەوێ هەڵبژێرێ، بەڵام چۆنییەتی شێعراندنی ئەم ناوەرۆکە دەبێ داهێنەرانە و نوێ بێت. واتە ئەو پێوەندییە دیالکتیکییە کە ناوەرۆک و فۆڕم و تەکنیکە ئەدەبییەکان پێکەوە سازی دەکەن و بەرهەمەکەی دەبێ بە شتێک کە پیدەڵێین شێعر، دەبێ شاعیرانە بێت و شاعیرانەبوون وەک پێشتر باس کرا پەیوەندییەکی پتەوی بە داهێنەربوونەوە هەیە. پێموابێ ئەم ڕستەیە یان هی بودلێرە یان هی ژێرار د نێرواڵە کە دەڵێ: ”ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار گۆنای دڵدارەکەی بە پەڕی گوڵ شوبهاند شاعیر بوو، بەڵام ئەو کەسەی بۆ دووهەمجار ئەم شوبهاندنەی کرد گەمژە بوو”. ئەم قسەیە ئەگەرچی کەمێک تووندڕەوانە دەنوێنێ بەڵام بە باشی مەرجی داهێنەرانە بوونی بۆ شێعر هێناوەتە بەر باس.

هەروەها ناتوانین بڵێین هەر شاعیرێکی پێشڕەو لە هەموو شێعرەکانی‌دا دەتوانێ بەم ئایدیالە بگات بەڵام بە واتایەکی گشتیی، ئەم هەوڵە لە ئارادایە و زۆرجار بەر دەقی زۆر درەوشاوە دەکەوین. ئەمە ڕەنگە وڵامێکی گشتیی بێت، چونکا ئێمە لە ساڵح سووزەنی و یونس ڕەزایی و ساماڵ ئەحمەدییەوە بگرە هەتا دەگاتە من و شوعەیب میرزایی و ڕەزا عەلیپوور و برایم ئەحمەدینیا و موحەمەد موەفەقی و کەماڵ شەنگالی و پەرویز زەبیح غوڵامی و شاعیرانی تر، بەر فرەچەشنییەک دەکەوین کە بەڕاستی هەرکامەیان پێویستە لە کتێبێکی تەسەل‌دا باسیان لێوە بکرێ بەڵام وەک وتم هەموومان لە بابەتی گرنگی‌دان بە ‘چۆنییەتی’دا یەک دەگرینەوە و پێیشموایە تەنانەت بواری ڕەخنەیشمان بەرەو ئەم ئاقارە هاتووە.

ئەو ڕستەیە کە دەڵێ: ”ئێمە لە کڵاوەکەی بەراهەنی هاتووینەتە دەرێ…” یەکەمجار من وتوومە (دیارە ئەم رستەیەم لەو ڕستە بەناوبانگەی داستایۆڤسکی/ یان تۆرگنیێف ـەوە خواستووە کە دەلێ: هەموومان لە ژێر کۆڵوانەکەی گوگولەوە هاتووین. لەوێدا مەبەستم لە ئێمە بەرەی نوێی شێعری فارسی و کوردییە و سەیر لێرەدایە کە بەراهەنی نە فارسە و نە کوردە). ئەم بابەتە پێشتریش بە تەسەلی باس کراوە و وتاری لەسەر نووسراوە و لە کۆڕ و سمینارەکانیش‌دا ئەم بابەتانە هاتوونەتە بەر باس و تەنیا قسەی من نەبووە و نییە. ئەگەر لە باشوور ئەم باسە کرابێ هەر لە ڕێگەی ئێمەمانانەوە بووە دەنا وەک بزانم بەراهەنی هەتا ئەم ساڵانەی دواییش لە باشوور زۆر ناسراو نەبوو.

هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە لاسایی بەراهەنیمان کردبێتەوە یان شتی لەم چەشنە و پێموایە پێویست بە هەندێک ڕوونکردنەوە هەیە لەم بابەتەدا. دیارە ئەو قسەیەی من کردوومە تەنیا یەک – دوو ڕستە بوو و کەمێک گشتییە و دەکرێ زۆر دەقیق نەبێ و ڕەخنەکار و شاعیرانێک هەبن کە پێیان وا نەبێ و بە تەواوی هاوڕام نەبن. بیرم دێت جارێک لەگەڵ کاک ساڵح سووزەنی ئەم باسەمان کرد و ئەو هێندەک تێبینی لەسەر ئەم بابەتە هەبوو.

بەهەرحاڵ بەراهەنی بە وتەی زۆرێک لە کارناسانی ئەدەبیاتی فارسی، دامەزرێنەر و باوکی ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێڕنە لە ئێران. وێڕای چالاکییە سیاسییەکانی کە بێ هەڵەیش نەبووە و وێڕای ئەم چڵاوچڵ کردنەکانی و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دیکە کە وای دەکرد هەوڵی پەراوێز خستنی بدرێ، ئەم مرۆڤە هێندە چالاک بوو کە هەتا ئێستایش کە تووشی ئەلزەیمەر بووە و توانای قسە کردنی لە دەست داوە، جێ پەنجەی بە ئەدەبیاتی فارسییەوە دیارە و تا ڕادەیەک دەتوانم بلێم بەدەر لە کەسانی وەکوو یەدوڵا ڕۆئیایی کە ڕێباز و نەخشەڕێگای خۆیان هەبوو، هەر هەوڵێکی تازەگەرانە لە ئەدەبیاتی فارسی‌دا دراوە، سەرێکی دەگاتەوە ئەو ڕێچکەیەی بەراهەنی دایهێنا. شاعیرانی کوردیش لە ڕۆژهەڵات کە پێشتر لە ڕێگای سوارەوە دەستییان دابووە نوێکردنەوەی شێعری کوردی کەم کەم گەیشتنە مەلەکشا و شێرکۆ بێکەس و… بەڵام بۆ تێپەڕاندنی بێکەس و دۆزینەوەی ڕێگای تازە پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی نوێ بوو لە شێعر. هەروا کە شاملوو لە جۆری خۆیدا شێعری خۆی گەیاندبووە لوتکە و ئیتر درێژەدان بە زمان و شێوازی ئەو تەنیا دەبوو بە لاسایی کردنەوە و ماتەوزەیەک بۆ نوێگەری لەو زمان و شێوازەدا نەمابوو، شێرکۆیش زمان و شێوازی شێعری خۆی هەم بە زۆر نووسین و هەم بە هەوڵی ئاگایانە و ئەو توانستە بێ وێنەیەی خۆی گەیاندبووە ئاستێک کە ئیتر لەوە زیاتری هەڵنەدەگرت. بۆ تێگەیشتن لە مەبەستەکەم دەتوانن سەرنجی ئەو شێعرانە بدەن کە هەڵۆی کوڕی شێرکۆ بێکەس ئێستا دەینووسێ. خۆ هەڵۆ ئەزموونی شێرکۆیشی لەبەردەستە و لە باوکیشی زیاتر بواری لەباری بۆ نووسین هەیە، ئەی بۆ ناتوانێ لەو زمان و شێوازەی باوکی‌دا پێشکەوتنێک بە دەست بهێنێ؟ ئێمە کە هەڵۆ دەخوێنینەوە تەنیا لاساکەرەوەیەک دەبینین و ئەمە هیچ بە واتای نەتوانکاریی هەڵۆ نییە، بەڵکوو بە واتای نەمانی ماتەوزەیە لەو بەستێنە دیاریکراوەدا (قسەکەی بودلێرتان بیر دێنمەوە). بۆچی مایاکۆڤسکی سەری خۆی بە فۆتۆریزمەوە دێشێنێ و هەر درێژە بە ڕێگاکەی پووشکین نادا؟ بۆچی ئەم هەموو شێوازە نوێیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دێنە ئاراوە؟ بەشێکی وڵامەکە لەم بابەتەدایە.

بەرەی نوێی شێعری ڕۆژهەڵات نەیویست لاساکەرەوە بێت. کاریگەری لە شێرکۆ و مەلەکشا و مارف ئاغایی و… وەرگرت و ئەدەبیاتی کوردی و فارسی پێش خۆی خوێندەوە و بەر لێشاوی وەرگێڕانی ئەدەبیات و ڕەخنەی ڕۆژئاوایش کەوت. دیتی کابرایەکی ئازەری لە ئەدەبیاتی فارسی‌دا هەڵکەوتووە کە ڕاستەوخۆ لە ئاکادێمییەکانی ڕۆژئاواوە کاریگەریی وەرگرتووە. دەی ئەمە دەرفەتێکی خولقاند کە ئێمە لە ڕێگای ئەوەوە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێڕن بناسین. خۆ ئێمە پێشتریش یان هاوکات کاریگەریمان لە فروغ و سۆهراب و نازم حیکمەت و لۆرکا و… وەرگرتبوو و ئەوانیش هەر ئەم کاریگەرییانەیان لە یەکتری وەرگرتبوو.

پێمانوانەبێ وەرگێڕانی شێعرەکانی شێرکۆ بۆ سەر فارسی کاریگەری لەسەر ئەدەبیاتی ئەوان دانانێ. تەنانەت هەست دەکەم شاملوو لە دوایین شێعرەکانی‌دا کاریگەریی لە شێرکۆ بێکەس وەرگرتووە و سەید عەلی ساڵحی ساڵانێکە لە ژێر کاریگەری زمان و دەربڕینی بێکەس دایە. شاعیری هاوچەرخی کوردی فارسینووسیشمان هەیە کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی ئەدەبیاتی فارسی داناوە. بۆ وێنە سابیر هاکا و ناهید عەرجونی، ناوگەلێکی ناسراوی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێرانن و بەش بە حاڵی خۆیان کاریگەرییان لەسەر ئەدەبیاتی فارسی داناوە. کەواتە ئەم کاریگەریی وەرگرتنانە نەک هەر باشن، بەڵکوو پێویست و حەیاتین.

جیاوازیی بەراهەنی لەوەدا بوو کە لە بنەڕەتەوە واتای شێعری هەڵتەکاند و کۆمەڵێک ئەگەر و لوانی تازەی بە شێعر زیاد کرد کە هەتا ئێستایش نە لە لایەن خۆیەوە و نە لە لایەن شاعیرانی دوای خۆیەوە نەگەیشتووەتە شوێنێک کە بڵێین ئیتر بنکڕەکەیشیمان دەرهێناوە و هیچ ماتەوزەیەکی تێدا نەماوە. بەڵێ درووستە شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکییان لە پێشنیارە شێعرییەکانی بەراهەنی و کەسانی دیکەی وەک ڕۆئیایی وەرگرتووە بەڵام بەوەشەوە نەوەستاون و داهێنانی خۆشیان کردووە و ئێستا لە قۆناغێکدان کە من بوێرم بڵێم لەم بەرە نوێیەدا شاعیرانێکمان هەیە شان لە شانی شاعیرانی جیهانی دەدەن بەڵام بەداخەوە بە نیسبەت گەیاندنی دەنگی شێعری خۆمان بۆ جیهانی دەرەوە کەمتەرخەم بووین. لە پەراوێزدا بڵێم؛ تەنیا ئەو کەسانە کە لە نێو پانتایی ئەدەبیاتی کوردی‌دا هیچ قسەیەکییان بۆ وتن پێ نەبووە هەوڵییان داوە ڕێگەی قەدبڕ ببڕن و بە دەستەوتاقمگەریی و نان خواردن بە ناوی ”کورد”ـەوە خۆیان بە بەردەنگی دەرەوە بناسێنن. لە زۆربەی میدیا ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی‌دا جێگایەک دەکرێتەوە بۆ ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە بەڵام بەداخەوە ئەو کەسانەی کە بە هەڵکەوت دەستییان بەمە دەگا و دزە دەکەنە نێو بوروکراسی ئەم مێدیایانەوە تەنیا کەڵکەڵەی مێشکییان ئەوەیە خۆیان وەکوو نوێنەری ئەدەبیاتی کوردستان بناسێنن و ئەگەر هەر لەم قەوانە لێدەین، هەر ئاوا بە چاوی کەم لە ئەدەبیاتمان دەڕوانن و خۆیشمان متمانەبەخۆبوونمان لە دەست دەدەین. بەڕاستی زۆربەی هەرەزۆری ئەو شێعر و چیرۆکە کوردییانەی وەرگێڕدراون و لە بڵاڤۆکە ئەدەبییەکانی ڕۆژئاوا دیومن بەڕاستی کەم بایەخن و ئەمە تەنیا قسەی من نیە.

بەم پێشەکییەوە ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ بەشی سەرەتای پرسیارەکەت دەتوانم بە کورتی بڵێم؛ ئەو ئاڵووگۆڕەی لە دوای سوارە و هاوەڵانی لە شێعری کوردی‌دا هاتە ئاراوە لە دوو ئاستی زمان و فۆڕم‌دا بوو. سەرەتا کێش بە یەکجاری نرایە ئەو لاوە و شێعری ئازاد هاتە کایەوە و مارف ئاغایی و شێرکۆ بێکەس و کەسانی دی پەرەیان پێدا. پاشان لەم بەستێنە تازەدا کە دەستی شاعیر کەمێک کراوەتر بوو، بوار بۆ ئاڵوگۆڕی دیکە خۆش کرا. لەگەڵ ئەدەبیاتی جیهان زیاتر ئاشنا بووین و کەوتینە بەر لێشاوی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی جیهان و دەوروبەری خۆمان. جۆرێکیتر ڕوانرا لە زمان و لە پەراوێز هاتە دەرەوە. بۆ وێنە ماتەوزەی نێو پیت و وشەکان بە مەبەست گیران و هاونشینی پیت و وشەکان و موسیقای ناوەکی گرنگییان پێدرا و هەوڵ درا نەبوونی کێش و سەروا بە تەکنیکی جیاواز قەرەبوو بکرێتەوە و واتاتەوەریی و تاکواتایی کەم کرایەوە و جێگای خۆی بە شێعرییەتی پێکهاتە و گشتییەتی بەرهەم دا و لەم ڕێگایەوە بوار بۆ فرەواتایی کرایەوە و هتد کە ئەگەر بمانەوێ بە تەسەلی باسی لێوە بکەین، خۆراکی چەندین کتێبە. هەڵبەت ئەم ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە بە بێ خەساریش نەبووە بەڵام بە گشتی پێموایە شێعری نوێ لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا توانیویەتی کراژ بخات و ئێستا تا ڕادەیەک بەڕوونی بەرهەمی ئەم کراژ خستنە دەبینین.

ڕاستت دەوێ من زۆر باش لەوە تێناگەم چۆن دەکرێ باوەش بە تەکنیک و زمان‌دا بکەی و ناوەرۆک لێگەڕێی. سەیرکە ئێمە کۆمەڵێک شاعیری نەشارەزامان هەیە کە ئەگەر باسی ئەوان بکەین دەبێ بڵێین بەشێکی ئەمانە ئەو کەسانەن کە دەچن تیۆری دەخوێننەوە و ئەمجار دێن دەیتەپێننە نێو شتێکەوە کە پی دەڵێن شێعر و بەشێکی دیکەی ئەمانە ئەو کەسانەن کە هەر بە گشتی هیچ لەسەر شێعر ناخوێننەوە و ئەوەی بە قەڵەمیان‌دا هات، بە ناوی شێعرەوە دەیدەنە دەرەوە. ئێمە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات ساڵانێکە شەڕی ئەم خەسارە دەکەین و زۆربەی هەرەزۆری ناکۆکییە ئەدەبییەکانمان لەگەڵ شاعیرانی لەم چەشنەدا لەم بابەتانەدا کورت دەبێتەوە. بۆیە کە دەڵێم باسی شێعری ڕۆژهەڵات دەکەین، بە وردی دەبێ دیاریی بکەین باسی کێ یان کام لایەن دەکەین.

بیرم دێ پازدە شازدە ساڵم بوو و تازە دەستم بە شت نووسین کردبوو (هەر دەبێ بڵێم شت دەنا پێموانییە ئەوانە شێعر بوون) و هاتووچۆی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانم دەکرد. هاوڕێیەکم هەبوو هەر جار کە شێعری دەهێنایە ئەنجومەن و دەیخوێندەوە، هێندەی وشەی کوردیی نامۆ تێدا بوو کە من دڵم لە خۆم دادەما و خەم دایدەگرتم کە بۆچی بە قەد ئەو کوردی نازانم. هەتا جارێکییان وشەیەکی بەکار هێنا زۆرم پێ جوان بوو، زۆر ڕیتم و ئاهەنگێکی دڵنشینی هەبوو، پرسیارم کرد ئەم وشەیە یانی چی؟ وتی ئێستا پەلەمە سبەی پێت دەڵێمەوە. سبەی کە دیتمەوە واتای وشەکەی پێ وتم و ئەمەشی زیاد کرد کە؛ ”من کاتێک ئەمەوێ شێعر بنووسم هەنبانەبۆرینە دەنێمە بەر دەستم و وشەکان لەوێوە دەردێنم، بۆیە دوێکە کە لێت پرسیم، بیرم نەمابوو واتای وشەکە چییە”. ئەم نموونەیە هەڵگرن و ڕاست بینێنە سەر ئەو کەسانەی هەر ئەم کارە بە تیۆریی و تەکنیکە ئەدەبییەکان دەکەن. واتە دێن بۆ وێنە لەسەر فرەدەنگی (پۆلیفۆنی) دوو لاپەڕە دەخوێننەوە و ئەمجار بە بێ ئەوەی کە ئەم چەمکە بژین و هەڵیمژن و تێیبگەن کە ئەمە بۆ هاتووە و چۆن لە موزیکەوە گوازراوەتەوە بۆ نێو ئەدەبیات و گرنگییەکەی لە چی‌دایە و لە کوێ‌دا دەکرێ کەڵکی هەبێ و شارەزایانە یان ناخودئاگا کەڵک لەم زانیارییە تازەیە وەربگرن و زیاتری لەسەر ورد ببنەوە و… دێن و ڕاست دەیتەپێننە نێو دەقێک. ئەمە لەم بەشەیان. لە بەشەکەی دیکەش‌دا کە ئەو کەسانەن وا قەت خۆیان بۆ فێر بوونی زانستی ئەدەبیات ماندوو ناکەن دەبینی شێعرێکی بۆ وێنە ئالێن گینزبێرگ دەخوێننەوە و ئیتر پێیانوایە هەر ئەوەندەی کە جنێو بدەن ئیتر ئەوە ئەمانیش دەبن بە ئەندامی فەرمی بەرەی بیت و لەوە تێناگەن کە شێعری بیت هەر جنێو نییە و چەندان تایبەتمەندیی دیکەی هەیە و دۆخی تایبەت دەیخولقێنێ و هەرکەس دایکی پی وت کشەمەمرە و ئەم چوار جنێوی حەواڵە کرد نابێ به شاعیری ڕچەشکێن و هتد… . دەی ئەمانە خەسارن و هەر وەک ئێوەیش لە باشوور ئەم خەسارەتان لە شێعری ڕۆژهەڵات‌دا دیتووە، خۆیشمان دیتوومانە و ڕۆژانە سەرەتەقەمانە لەگەڵی. بەڵام ئەم خەسارە کاتێک مەترسیدارتر دەبێ کە بەسەر هەموو شێعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵات‌دا بگشتێنرێ. لەوەتی بیرم دێت بە من وتراوە توڕە و تۆسن و سەختگر و ئەوەی کە لە خۆم زیاتر کەس بە شاعیر نازانم. بەڵام بەڕاستی وانییە. بە لانیکەمەوە هەر ئێستا بیست شاعیری زۆر باش دەتوانم ناوبەرم کە زۆربەیان یان هاوتەمەنی خۆمن یان تەنیا چەن ساڵێک لە من گەورەتر یان بچووکترن و ئەوەندەی پێم کراوە لەسەریشم نووسیون. کێشەی من کە ساڵانێک بە توڕەبوون دەرم دەبڕی و ئێستا تەنیا خەمی لێدەخۆم و کاتم نییە خۆم لە سەرئێشەکەی بدەم ئەوەیە کە زۆرینەیەکی ناشاعیر وایان کردووە ڕاست و ناڕاست پێکەوە تێکەڵ بن. هەر ئەم بۆچوونەی کە لە باشوور لەسەر شێعری ڕۆژهەڵات ساز بووە قسەکەی من دەسەلمێنێ.

ئەمە بەشێکی بابەتەکەیە کە دەچێتەوە سەر خەسارناسی. بەشێكیتری بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ خودی کەڵکەڵەی پرسیارەکە و کێشەیەکی جەوهەری کە پێموایە لە تێگەیشتن لە چەمکی ناوەرۆک دایە. ناوەرۆک چییە؟ ئایا ئەو پەیام و مەبەستە نییە کە لە شێعردا دەگوازرێتەوە بۆ بەردەنگ؟ دەی کەواتە چۆن دەکرێ شێعرێک بێ ناوەرۆک بێت یان ناوەرۆکی وەلا نابێ؟ تەنانەت شێعری دادایستەکانیش بێ ناوەرۆک نەبوو و ئەگەر پێکهاتەی ڕستەبەندییەکانیش بێواتا بوایەتن دیسانیشەوە دەلالەتی لەسەر دۆخێکی تایبەت دەکرد کە لەودا ئیتر هەموو شتێک واتای خۆی لە دەست دابوو. (دۆخی دوای شەڕی جیهانی و…). دەی خۆ شێعری ڕۆژهەڵات لە هیچ قۆناغێک‌دا شانی لە دادائیزم نەسوواوە. ئەو شتەی کە ڕوویداوە وەک پێشتریش وتم بەرجەستە کردنەوەی چۆنییەتی وتنە لە بەرانبەر چییەتی وتەدا. لەم پڕۆسەدا چییەتی نەبووە بە قوربانی. دەتوانین هەمان ئەو ناوەرۆکانەی لە شێعری مەلەکشا و بێکەس و هێمن و سوارەدا هەبوون لە شێعری نوێخوازی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتدا ببینینەوە بەڵام ڕەنگە کەمێک جیاواز یان ئاڵۆزتر و فرەواتا هەڵگرتر و زۆربەی کات بەڕۆژتر. درووشمدان بە تەواوەتی ڕەگ و ڕیشەی لە شێعری پێشڕەوی کوردیدا هەڵکەنراوە و بە هیچ شێوەیەک تەحەمول ناکرێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بازنەی ئەو شتەی کە پیدەوترێ درووشم و دەبێ لێی بە دوور بین بەرینتر دەبێتەوە. کورتبێژی و دوورکەوتنەوە لە شرۆڤە و فرەوێژی، تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم شێعرەیە. ئەم دوو تایبەتمەندییە گرنگە، ڕەنگە ئەو وەهمە بۆ بەردەنگ ساز بکات کە شێعری هاوچەرخ کەڵکەڵەی واتای نییە، بەڵام ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی کە هێشتا ئەمانەی دەرک نەکردبێ لە جەوهەری شێعری پێشڕەوی ڕۆژهەڵات تێنەگەیشتووە یان هەر لە بنەڕەت‌دا نایهەوێ و هەڵینەبژاردووە کەڵک لەم ئەزموونە وەرگرێ.

با نموونەیەکی بچووک باس بکەین: یەکێک لە تایبەتمەندییە زمانییەکانی بەشێک لە شێعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵات‌ ئەوەیە کە لەوان‌دا لە ماتەوزەی پیت و وشە و ڕستە لانیزۆری کەڵک وەردەگیرێ. بۆ وێنە کاتێک شاعیر لە ڕستەیەک‌دا دەڵێ:

لەدەر لەدەر لەدەر لە دەرگا دەدەم…

هەوڵ دەدات کە بە دووبارە کردنەوە ‘لەدەر” و بەکارهێنانی چەن پاتەی پیتی ”د” لە مێشکی بەردەنگدا دەنگی دەقولباب بئافرێنێتەوە و ئەمە لە خۆیدا هەم چۆنییەتی وتنی مەبەست بووە و هەم بیهەوێ و نەیهەوێ چییەتی وتەکەیشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بە تەمهیدگەلی لەم چەشنە، زمان و مەبەستیش هەستپێکراوتر و دەقیقتر دەبێتەوە و کۆی ئەمانە بارێکی جوانیناسەیان هەیە کە هەوڵ دەدا شتێک بە شێعر زیاد بکات.

ڕاستت بوێ من ئەوەندە لەسەر کۆچکردوو ئەنوەر مەسیفی خورت نەبوومەتەوە کە بتوانم بە باشی وڵامی بەشی کۆتایی پرسیارەکەت بدەمەوە بەڵام ئەگەر وای دابنێین کە ئەزموونەکانی ئەو گەیشتبێتنە دەست شاعیرانی ڕۆژهەڵات دەبێ لە کەسانی وەکوو ساڵح سووزەنی‌دا ڕەنگدانەوەی هەبووبێ. هەرچەن هاوشێوەی ئەم ئەزموونە لە لای شاعیرێکی فارسیش پەیدا دەبێ کە دوایین شێعری خۆی ٦٥ ساڵ بەر لە ئێستا نووسیوە (هوشەنگ ئێرانی) و ئەگەرچی ئەویش وەک مەسیفی لەسەردەمی خۆی‌دا بایەخی پێنەدرا بەڵام کاریگەریی لەسەر شاعیرانی دوای خۆی هەبووە. بۆیە دەڵێم ڕەنگە لە لای کەسانی وەکوو ساڵح سووزەنی ڕەنگدانەوەی هەبووبێ چونکا ئەو شێوە کارکردنە لە نێو زمان‌دا کە سووزەنی دەیکا دەکرێ نزیکایەتییەکی لەگەڵ شێعری مەسیفی‌ هەبێ بەڵام جیاوازیشییان زۆرە و بەهەرحاڵ سووزەنیش ساڵانێکی زۆرە دەستی داوەتە ئەم کارە و کەسێکی خاوەن شێوازە و ئاوا و بە بێ خوێندنەوەی ورد ناتوانم بڵێم کاریگەری لەو وەرگرتووە یان نا. بێجگە لەم باسە دەبێ بڵێم وەکوو خۆم، مەسیفی بە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەدەبیاتی کوردستان دەزانم و کەمێکیش سەیرە بەلامەوە کە بۆچی شێعری باشوور، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لێ وەرنەگرت و ڕێگاکەیان درێژە نەدا؟!

شێعر زۆرجار لە منداڵدانی قەیرانەکانەوە سەر هەڵدەدا، کەواتە خۆشی لە قەیران بە دوور نییە و تێیدا دەژی و شەڕی لەگەڵ دەکا و جاری وایە دەیئافرێنێتەوە و جاری وایە لێیدەردەچێ. شێعری ئێستای ڕۆژهەڵات لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفت بەرەوڕووە کە بەشێکیانم لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوودا باس کردووە. بێجگە لە شاعیرانێک کە بە پارێز و شارەزاییەوە دەست بۆ شێعر دەبەن و بێگومان ئەمانیش لەهەڵە و پەڵە بە دوور نین، وەکوو وتم، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی شاعیرانی کەم ئەزموونتر بابەتی میکانیکی بوونەوەیە. واتە لە ڕووی دەستی تیۆریی نووسینەوە. نەبوونی ئەزموونی ژین لەگەڵ ئەدەبیات و تیۆریی ئەدەبیی و دەروونی نەبوونەوە و کەڵکی هەڵە وەرگرتن لێیان، زۆر دەبینرێ. ئەزموونی ژیاوەی هەر شاعیرێک دەکرێ لەگەڵ شاعیرێکی دیکەدا جیاواز بێت و ئەمە بەو واتایەیە کە بڕیار نییە هەمووان بە یەکجۆر بنووسن بەڵکوو ئەگەر ئەم ئەزموونە ژینە هەبێ دەتوانی بە پێی مێتۆد سەرەداوەکان بدۆزیتەوە و ئاسەوارەکەی ببینی. بەڵام ئەمە ڕوویەکی دیکەیشی هەیە و ئەویش دوور کەوتنەوە لە هەرچەشنە تێگەیشتنێکی تیۆریک لە ئەدەبیاتە. شێعریش وەکوو هەموو هونەرەکانی دیکە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی سەرەتایی هەیە کە هەر شاعیرێک دەبێ بیانزانێ. ئەگەر نیگارکێشێک لە ڕەنگ تێنەگەیشتبێ، چۆن دەتوانێ سەرکەوتوو بێت؟ کە نەزانێ چۆن ڕەنگەکان لەگەڵ یەک بگونجێنێ و لەم گونجانە واتا ساز بکات، چۆن دەتوانێ ببێتە نیگارکێش؟ کە تێگەیشتنێکی لە پێرسپێکتیڤ نەبێ چۆن دەتوانێ شارەزایانە فەزا ساز بکات یان تەنانەت بنەماشکێنی بکات؟ شێعریش وایە. بەداخەوە زۆر دەبینرێ کە کەسێک بانگەشەی شاعیربوون بکات بەڵام ئەلف و بێی شێعر نازانێ. ساڵانی پێشوو و لە سەردەمی کلاسیکدا لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵێک پێوەری ڕەق و یەکلاکەرەوەی وەکوو کێش و سەروا هەبوون، ئەم کێشەیە کەمڕەنگتر بوو بەڵام ئێستا کە ئەم پێوەرانە نەماون و پێوەری دیکە جێگایان گرتووەتەوە کە نەرمییەکی شرۆڤەهەڵگریان تێدایە، ئەو وەهمە ساز بووە کە ئیتر هیچ ڕێوشوێنێک نییە و هەرچی بنووسرێ دەتوانێ وەک شێعر بخوێنرێتەوە. ئەمە تا ڕادەیەک لە باشووریش دەبینرێ. زۆربەی شاعیرانێک کە من دەیانناسم عەرووز نازانن. لانیکەم گوێیەکی باشیشیان نییە کە لە کێش تێبگەن. دەی تۆ کە نەتوانی لە کێش تێبگەی کە هەتا پەنجا ساڵ لەمەوپێشیش گرنگترین فاکتەری شێعرییەتی شێعر بووە و ئێستایش کۆمەڵێک کەس هەر بە کاری دەهێنن، واتە گرنگییەکی ئەوتۆت بەم لایەنە زانستییەی شێعر نەداوە. دەی ئەگەر بۆ شێعری هاوچەرخیش هەر بەم شێوازە هەڵسووکەوتت کردبێ، چۆن دەتوانی لە پێوەرەکانی شێعری هاوچەرخ تێبگەی کە ئاڵۆزتریشن؟ کە تۆ جناس و جۆرەکانی و مێتافۆڕ و جۆرەکانی و… نەزانی چیە کە هەزاران ساڵ لە ئەدەبیاتی ئەم ناوچەیەدا کاری پێکراوە، نەک ناتوانی شاعیرێکی باش بی، بگرە ناتوانی لە شێعری کلاسیکیش بە باشی تێبگەی و تێگەیشتنت لە شێعری هاوچەرخیش کاڵ و کرچ دەبێ و ڕەنگە تەنانەت نەتوانی چێژی تەواویشی لێ ببەی.  ئەوە داماننا زانینی کێش و سەروا و بەیان و بەدیعی کلاسیک و… بۆ شاعیری هاوچەرخ گرنگ نەبێ، چونکا زۆری کار پێ نییە بەڵام ئایا دەکرێ هەر بەو شێوە بیدەیتە بەر و هەوڵ نەدەی پێوەرە شێعرییەکانی هاوچەرخ فێر بی؟ لە سەردەمی کلاسیکدا شاعیرێکی سەرکەوتووت نییە کە بەیان و بەدیع و فەنی شێعری لە ئەلف تا یا نەخوێندبێ، ئەدی چۆن دەکرێ شاعیری هاوچەرخ بیت و نە بزانی شاعیرانی کلاسیک چییان کردووە و نە بزانی ئەمڕۆ بۆچی شێعری لەم چەشنە دەنووسرێ؟

ڕوانگەی زاڵ لە لای گەنجان ئەوەیە کە شێعری کلاسیک سەخت بوو بۆیە شاعیرانی نوێ لە تەمبەڵی ڕوویان کردووەتە ئەم جۆرە شێعر نووسینە. ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی شاعیرانی سەرکەوتووی هاوچەرخ تێگەیشتنی باشیان لە شێعری کلاسیک هەیە و زۆربەیان تەنانەت ئەزموونی نووسینی شێعری کلاسیکیشیان هەیە و من وەکوو خۆم بەڕاستی نووسینی شێعری کلاسیکم بەلاوە ئاسانترە هەتا نووسینی شێعرێکی ئازادی سەرکەوتوو. شێعری ئازاد قەت ئەوەندە ئازاد نییە کە هەرچی هاتە سەر کاغەز لە خۆ بگرێ. تی ئێس ئێلیوت لەمبارەوە وتەیەکی زۆر بە جێگەی هەیە: ”بۆ شاعیرێک کە دەیەوێ کارێکی درووست و دەقیق بکات، شێعر قەت بە تەواوی ئازاد نییە”.

لێرەوەیە کە دەتوانین ببینین کێشەی من لەگەڵ ناوەرۆک، کێشەیەکی جەوهەری نییە بەڵکوو کاردانەوەیەکە لە بەرانبەر ئەو وەهمەدا کە پیوایە مادام ناوەرۆکێکی پێیە بۆ وتن، کەواتە هەرچی بیڵێ، بە مەرجێک تۆزێک خۆی ناسک بکاتەوە و ڕۆمانتیکی بکاتەوە یان بە بارێکی دیکەدا ئەگەر چوار وشەی تابووی وەکوو مەمک و کێر و گانی تەپاندە نێو دەقەکەی، دەتوانێ ناوی شێعری لەسەر دابنێ. ئاخر خۆ شێعر نامەی دڵداری یان بەیاننامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و درووشمی سەر جادە نیە کە تەنیا بیهەوێ مەبەستەکەی بگەیەنێت و تێپەڕێ (هەرچەن تەنانەت نامە و بەیاننامە و وتارنووسینیش پێویستی بەوەیە بزانی چۆنی بنووسی). دەکرێ شێعر لەمانە کەڵک وەرگرێ بۆ گەیاندنی مەبەست، بەڵام لە کۆتایی‌دا دەبێ شێعریش بێت. شێعر کارکردی جوانیناسانەی هەیە. ئینجا کە دەقێک ئەم بەربەستەی تێپەڕاند و بوو بە شێعر، ئێستا کاتی ئەوەیە بە یارمەتیی ئەو کەرەستانەی کە تیۆرییە ئەدەبییەکان و ڕەخنەی ئەدەبییات دەینێتە بەر دەستمان، ڕای خۆمان لەسەر ئاستی ئەم شێعرە دەربڕین. ئەم ڕایە دەکرێ بە پێی گۆشەنیگای تایبەتی هەرکام لە ئێمەوە جیاواز بێت، وەک نۆرترۆپ فرەی لە کتێبی ئاناتۆمی ڕەخنەدا دەست لەسەر ئەم خاڵە دادەنێ و دەڵێ: ”ڕەخنەکارەکان بە پێی جیهانبینی خۆیان دەچنە سەر دەقەکان و سیستەمی باوەڕەکانیان لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبییان‌دا ڕەنگ دەداتەوە”. بەڵام ئەگەر گۆشەنیگایەکی شێعرتەوەر و بوتیقایی بنەمایی و دیاریکراومان مەبەست بێت و هەوڵ بدەین لەو گۆشەنیگاوە خوێندنەوە بۆ شێعرێکی دیاریکراو بکەین، تا ڕادەیەک دەتوانین بە ئەنجامێکی هاوبەش بگەین. ئەو ڕێگایەی کە من خۆم هەمیشه بۆ هەڵسەنگاندنی دەق دەیگرمە بەر، ڕێگایەکی نێوەنجییە کە ڕەنگە بتوانم ناوی جۆرێک پۆست فۆرمالیزمی لەسەر دابنێم. واتە سەرەتا هەوڵ دەدەم دەقەکە بەسەر ناوەرۆک و فۆڕم و زمان‌دا دابەش بکەم و ئەمجار سەیر دەکەم بزانم کارلێکی ئەمانە چەندە درووست و گونجاو و هونەرمەندانە بووە. چونکا لە کۆتایی‌دا، دەق بەرهەمی کارلێکی هەموو ئەم لایەنانەیە و ناکرێ سەرنجمان لەسەر یەکێکییان خورت بکەینەوە و دەق تەنیا بەو پێوەرە هەڵسەنگێنین. دیارە من خۆم بە ڕەخنەکار نازانم و کاتێک دەق دەخوێنمەوە هەوڵ دەدەم نەک وەکوو شاعیرێک بەڵکوو وەکوو خوێنەرێکی چالاک کە تا ڕادەیەک ئاگای لە مێتۆد و بوتیقای شێعرە، لەگەڵ دەق‌دا هەڵسووکەوت بکەم. لەم پڕۆسەدا بێگومان گرنگی بە پەیام و ناوەرۆکی بەرهەمیش دەدەم.

پانتایی ئەدەبیات بە گشتی و شێعر بە تایبەتیی لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ زۆر کێشە و ئاریشەدا دەستەویەخەیە. لە هەمان کات‌دا کە هەمووان باسی ڕەخنەی ئەدەبیی دەکەن و بەردەوام لەم بوارەدا دەقیش بەرهەم دێت، بەڵام دەتوانین بڵێین هێشتا ڕەخنەی ئەدەبیی نەبووە بە دیسکۆرسی زاڵ، بەڵکوو زیاتر جۆرێک سەنگەربەندییە لە بەرانبەر یەکتری‌دا. تۆ ڕەخنەی تووند و تۆڵت لێدەگیرێ نەک لەبەر ئەوەی کە دەقەکەت بەڕاستی لە بێژنگی ڕەخنە دراوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە لە سەنگەری من‌دا نیت. هەروا من شێعرەکانی تۆ دەبەمە تەشقی ئاسمان و پێی هەڵدەڵێم چونکا تۆ لە سەنگەری من دای. یان جۆرێکی دیکە لە هەڵسووکەوت هەیە کە زیاتر لە بەرانبەر کەسێک‌دا کە سەر بە هیچ لایەنێک نییە دەگیرێتە بەر و ئەویش بێدەنگی لێکردن و بە باش و بە خراپ باسی لێنەکردنە، کە ئەمە لە هەمووی مەترسیدارترە. هەرچەن بە خۆشحاڵییەوە چەن ڕەخنەکارێکی پیشەیی و زۆر خوێندەوار و زانایشمان هەن کە کەمتر ملیان بەم کارانە داوە کەچی سرووشتی کۆنسێرڤاتیان هەیە و خۆیان ناخەنە مەترسیی پەراوێزخران و ناوزڕانەوە، بەڵام بە گشتی نیشانەکان وای دەردەخەن کە خەریکین لەم بوارەدا خەسارەکان لە خۆمان دەتەکێنین و ئەمە کاتی زیاتریشی دەوێ.

سەردەمی ئینتەرنێت و جیهانی مەجازیش کۆمەڵێک کێشە و ئاریشە و دەرفەت و لوانی خولقاندووە کە نابێ پشتگوێ بخرێ. پانتایی مەجازیی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بێگومان بێسوود نەبووە و بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد بوارێکی لەباری ڕەخساند بەڵام ئەویش بێ کێشە نەبووە و نیە. کۆمەڵێک لە شاعیرانی کەم ئەزموون و خامەکاڵمان هەن کە لەم تۆڕەکۆمەڵایەتییانەدا فریوی چەپڵەی ئاپۆڕەیان خواردووە و خۆیان لێگۆڕاوە و ئێستا بەردەوام گلەیی دەکەن کە بۆچی کۆمەڵگای جدی ئەدەبیی ئاوڕییان لێنادەنەوە. واتە چەپڵەی دۆست و هاوڕێکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی لێ بووە بە ڕاست و پیوایە بەڕاستی شاعیرێکی مەزن و بێوێنەیە و ئەوانی دی لە بەر ئێرەیی پێ بردن و… پەراوێزی دەخەن و شەو و ڕۆژ باسی ناکەن. زۆر جار دەبینین و دەبیسین کە فڵانە شاعیری گەنج دەناڵێ کە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و تەنانەت کەس باسی لێوە ناکات و ناوی ناخەنە نێو ناوانەوە. هێندەک لەمانە ڕاست دەکەن و کێشەیەک هەیە کە هەر لەو سەنگەربەندی و دەستەوتاقمگەرییەدایە بەڵام هێندەکییان کە زۆرینەشن، ئەو کەسانەن کە بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆیان لێگۆڕاوە. واتە چەپڵە و لایک و کۆمێنتی هاوڕێکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وای کردووە تووشی ئەو وەهمە بن کە ئەمان شاعیرێکی زۆر گرنگن و خەڵکی جدی و بەردەنگە چالاکەکان کە باسیان ناکەن، خەریکن ستەمیان لێدەکەن. ئەمە کێشەیەکی بە نیسبەت دیاری ئەم ڕۆژانەیە… . کەسی وامان هەیە بە ناوی شێعرەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان جنێوی ڕووت بە خەڵک دەدا بۆ ئەوەی کە خەڵکیش جنێوی پێبدەنەوە و بەمشێوەیە ناوبانگ دەربکات و پێی بوترێ تابووشکێن، بەڵام کاتێک لە بێژنگی شێعر و هزری دەدەی دەبینی تەنیا تەپڵێکی ناوبۆشی پڕ هەرا و هوریایە. یان کەسانێک کە دەقگەلی ڕۆمانسی و ڕووکەشی بەتاڵ لە هەر چەشنە هزرین و شێعرینێک دەنووسن و چەپڵەی سەر ئینتێرنێت تووشی وەهمی کردوون و هتد. ئەبێ بزانین ئەدەبیات ڕێگای قەدبڕی نییە. ئەگەر بە ڕێگای قەدبڕیشدا دەستکەوتێکت هەبوو، شتێکی کاتییە. لە کۆتاییدا ئەو شتەی کە دەمێنێتەوە دەقە نەک ئەو جەوسازیی و دەستەوتاقمگەریی و نان بە قەرزدانەی کە ئەمانە وەکوو قەدبڕ بەکاری دەهێنن. دەی لێرەدایە کە ڕەخنەی ئەدەبی بە هەموو جۆرەکانییەوە حوکم دەکات و لە بێژنگت دەدات. دەکرێ ڕەخنەی ئەدەبیش بێ کێشە نەبێ بەڵام لە کۆتاییدا تاکە ڕێگای درووست ئەمەیە. ڕەخنە ئەگەر ڕووخێنەر و لە ڕووی دژایەتیشەوە بێت، دیسانەوە دەرفەتی گفتوگۆ دەڕەخسێنێ. پەیوەندییە ناساخەکانی هەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە زۆر جار کەسانی لەم چەشنەی تووشی گومان و پارانۆیایەک کردووە کە لە مێشکی خۆیان‌دا هەمووانیان لێ بووە بە دوژمن و هەموو ژیانی ئەدەبییان لەوەدا کورت کردووەتەوە کە بە دەستە و تاقمگەریی و دزەکردنە نێو جومگە ئەدەبییەکان و بەرجەستە کردنەوەی درۆیینی خۆیان، ئەم دوژمنە گریمانەییانە ببەزێنن. لە کاتێک‌دا کە ئەم چەن ساڵەی ژیانیان کە بەم پیلانگێڕی و ڕێگای قەدبڕانەوە به فیڕۆیان داوە دەیانتوانی بە خوێندنەوە و خۆ پێگەیاندن تێیپەڕێنن و ئاستی شێعری خۆیان بەرز بکەنەوە.

ئەم هەوڵە زۆر و سامناکە بۆ خۆ دەرخستن نەک هەر کۆمەڵێک داوەڵی شاعیری ساز کردووە بەڵکوو بۆشاییەکی گەورەیشی لە نێوان جیلەکان‌دا پێکهێناوە و لە نێو گەنجەکان‌دا، کەمتر کەسێک پەیدا دەبێ بەڕاستی بەدوای خودی شێعر بکەوێ و هەوڵ بدا بەشێوەی مێتۆدیک فێری بێت. من بەڕاستی ئەگەر لەبەر چەن گەنجێک نەبوایە کە پێموایە زۆر شارەزایانە دەست بۆ شێعر دەبەن و دڵنیام داهاتوویەکی گەشیان هەیە، بە نیسبەت داهاتووی شێعری ڕۆژهەڵاتەوە بێهیوا دەبووم. ئەمانە ئەو گەنجانەن کە هەرا و هوریای ئەم تەپڵە نێو بۆشانە و پانتایی مەجازیی مێشکی تێکنەداون و بە هێوری و بێدەنگ کاری خۆیان دەکەن و لە سەرچاوە ڕاستەقینەکان دەگەڕێن.

یەکێکیتر لە کێشەکان ئەوەیە کە شاعیران بەرهەمی یەکتری بە باشی ناخوێننەوە. ڕەنگە بە هۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بەر شێعری یەکتری بکەون بەڵام زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدا کە شاعیرێک کتێبی شاعیرێکی دیکە بگرێ بە دەستەوە و بە باشی بیخوێنێتەوە. بۆیە تەنانەت کاریگەرییەکیش کە لە یەکتری وەریدەگرن، کاریگەرییەکی ڕووکەشە و هێندەکجار تەنانەت دەبێ بە دزی ئەدەبی. ئەمە تا ڕادەیەک ڕێگرە لەوەی کە بە وردی لە هەڵە و ڕاستیی یەکتری تێبگەن و بە کەڵک وەرگرتنی درووست لە ئەزموونی یەکتری، هەوڵی گەشەی زیاتر بدەن. پێموایە شاعیرێکی گەنج کە دەیهەوێ لە کارەکەی‌دا سەرکەوێ، دەبێ وێڕای ناسینی ئەدەبیاتی کلاسیک، بە باشی لانیکەم لە سوارەوە هەتا ئەمڕۆ، شاعیرانی دیاری پێش خۆی بخوێنێتەوە و بزانێ ئەوان چییان کردووە و ئەم ئەدەبیاتە چۆناوچۆن و بە چ ڕێگاگەلێک‌دا هاتووە و هەروەها شێعری هاوڕێکانی بخوێنێتەوە و بەمشێوەیە ڕوانگەیەکی بەرینتر پەیدا بکات. ئەمە کارەساتە کە کتێبێکی شێعری ٥٠٠ دانەی لێ چاپ دەبێ، تەنیا بیست – سی دانەی دەفرۆشرێ. خۆ لانیکەم سێ چوار هەزار (ئەگەر نەڵێین شاعیر) چالاکی بواری شێعرمان هەن، ئەمانە دەبێ کتێبی یەکتر بکڕن و بیخوێننەوە کە هەم پشتیوانییان لە یەکتری کردبێ و هەمیش ئاگاداری کار و چالاکی و دەستکەوت و خەسارەکانی یەکتری بن. کە شاعیران کتێبی یەکتری نەکڕن، چ چاوەڕوانییەکمان هەیە، خەڵکیتر بیکڕن؟

ڕاستت بوێ من زۆر ناوێرم باسی شێعری باشوور بکەم. لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی ئەوەندەی کە پێویستە ئاگام لە زیل و بەمەکانی نییە و هەموو یان لانیکەم زۆرینەی شاعیرانی هاوچەرخی باشوور ناناسم کە بتوانم ڕایەکی سەرڕاست دەرببڕم. لە نێو ئەوانەی کە دەیانناسم پێموایە خودی تۆ لە جیلی خۆت‌دا یەکێک لە شاعیرانی باشی باشووری کوردستانی. هەروەها بۆ وێنە پێشەوا کاکەیی و خەمگین بۆڵی و شاڵاو حەبیبە و ماردین ئیبراهیم و لازۆ ئازاد و لە کەسانی تۆزێک بەتەمەنتردا عەبدولموتەلیب عەبدوڵا و هەندرێنم کەم تا زۆر خوێندووەتەوە و چەن کەسێکی دیکەیش هەن کە ناویان دیارە و ئاگام لە ئەزموونەکانیان هەیە. تەنیا دەتوانم لەسەر ئەو شتانە بدوێم کە هەستم پێکردووە و بە تەواوی لە مەحەکی ئەزموونم نەداوە. کۆمەڵێک لەو کێشانەی کە بۆ شێعری ڕۆژهەڵات باسم لێوە کرد بۆ شێعری باشووریش ڕاستن و لەوێش هەر ئەم کێشانە دەبینرێ جا ڕەنگە ئاست و شێوازەکەی کەمێک جیاواز بێت.

نابەرابەرییەک دەبینرێ لە نێوان شاعیران‌دا کە بەداخەوە سەرچاوەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە خودی شێعرەوە نییە بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ بابەتە سیاسیی و ئابوورییەکان. شاعیرانێک هەن کە دە ساڵە چاوەڕێی چاپی کتێبێکیانن و ناشاعیرانێکیش هەن کە پەیتا پەیتا کتێبی شێعر دەکەن! دەزگاکانی چاپ و بڵاو کردنەوە تەنیا بە خەمی گیرفانیانەوەن و هەست ناکەی هیچ کەڵکەڵەیەکی فەرهەنگی و ئەدەبیاتییان هەبێ. کتێبی بێبایەخ و بێ کوالیتی زۆر و بۆر چاپ دەبێ. جارێکییان لە کۆڕێکدا کوڕێکی گەنجم دیت کە دەیوت هەشت کتێبی شێعرم چاپ کردووە و یەکی دیکەیشم بەمزوانە چاپ دەبێ. تەمەنی لە سی ساڵ کەمتر بوو. دەی لەولاشەوە ئاگام لێیە خودی تۆ بە چ کولەمەرگییەک کتێبێکت چاپ کرد.

لە باری خودی شێعریشەوە، شێعری باشوور زۆر لەسەر پەیامی شێعری و ناوەرۆک پێداگری دەکات، ئەمە هەتا ئاستێک چووەتە پێشەوە کە بتوانم بڵێم کۆمەڵێک لە شاعیران، شێعریان زیاتر بۆنی فەلسەفین دەدا هەتا شێعر. جارێکیان لە بارەی نووسەرێکی ناسراوەوە وتم؛ ئەم نووسەرە ویستوویەتی ببێ بە فیلەسووف بەڵام چونکا پێی نەکراوە، سەری ناوە بە ئەدەبیاتەوە. ئەمە لە خۆی‌دا خەسار نییە بە مەرجێک کە ئەگەر ناوی دەقێک دەنێی شێعر، پێش هەر شت بەڕاستی شێعر بێت، دەنا دەتوانی ناوی دیکەی لێ بنێی. وشە ڕیز کردن و درێژدادڕی و خۆ شرۆڤەکردن، لە خەسارە دیارەکانی شێعری کۆمەڵێک لە شاعیرانی باشوورە.

ڕەنگە ئەو شتەی بووە بە هۆی ئەوەی کە شێعر لە باشوور زۆر لەسەر پەیام و ناوەرۆک جەخت بکاتەوە، وەرگێڕانی خراپ بێت.

ئەو شۆڕشی وەرگێرانە کە لە بیست ساڵی ڕابردووە هەتا ئێستا لە باشووری کوردستان سەریهەڵداوە، ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی بوو بۆ ناساندنی ئەدەبیاتی دنیا بە تاکی باشووری، بەڵام یەک کێشەی گەورە کە لە وەرگێڕانی کوردی‌دا دیتوومە، پابەندبوون بە واتا و گوێ نەدانە فۆڕم و تەکنیکە. بە تایبەت ئەمە لە شێعردا وادەکا کە خەساری زۆر گەورە بەر شێعری وەرگێڕدراو بکەوێ. وەک پێشتر وتم شێعر تەنیا ناوەرۆک و پەیام نییە. شاعیری باشووری کاتێک بۆ وێنە شێعری وەرگێڕدراوی فروغ دەخوێنێتەوە، بە جێگای ئەوەی کە وەک شاعیر بیخوێنێتەوە، وەکوو کۆمەڵناس و فیلەسووف دەیخوێنێتەوە. خەتای ئەویش نییە، کێشە ئەوەیە کە وەرگێڕەکە کەمترین شێعرییەت و زۆرترین واتای گواستووەتەوە. هەر ئەوەیە کە کاریگەریی فکری فروغ بەسەر بەشێک لە ئەدەبیاتی باشوورەوە دەبینین بەڵام کاریگەریی شێعریی ئەو نابینین. ئەمە لە بارەی زۆربەی ئەو وەرگێڕانانەی کە گەشتووەتە دەست بەردەنگی باشوورییەوە ڕاستە. تەنانەت من شێعری شاعیری ئەمریکایم دیوە کە پڕ بووە لە ئایرۆنی بەڵام کە کراوە بە کوردی، ئایرۆنییەکەیان نەگواستووەتەوە. لە نمونەی لەم چەشنەدا دەبینین کە تەنانەت پەیامەکەیش باش نەگوازراوەتەوە چونکا ڕستەیەکی ئایرۆنیک، وێڕای باری جوانیناسانەکەی، مەبەستی پێچەوانەی ئەو شتەی هەیە کە دەیڵێ. جارێکییان دیتم حەمە سەعید حەسەن بە دەست کەسانێکەوە کە دەیوت ڕەخنەی نابەجێیان لێگرتووە، توڕە ببوو و نووسیبووی: ”کە تۆ نازانی گرۆتێسک و ئایرۆنی و پارودی و… چییە، ناتوانی بەرهەمی من بخوێنیتەوە” (شتێکی ئاوای نووسیبوو، بە وردی بیرم نەماوە تەنیا واتاکەیم گواستەوە). نازانم ئەو هەتا چەند لەم بابەتەدا لەسەر حەق بوو بەڵام ئەم دەربڕینە دەرخەری کۆمەڵێک ڕاستیی بوو. بریا کەسێکی وەک حەمە سەعید حەسەن بە جێگای گلەیی لەوەی کە خەڵک ئەمە نازانن و توڕە بێت، هەوڵی دابا ئەم بابەتانە بە تەسەلی بهێنێتە بەر باس و بە جیلی دوای خۆی بناسێنێ. (ڕەنگە کردبێتیشی و من نەمزانیوە).

جیاوازییەک کە لە پانتایی ئەدەبی باشوور و ڕۆژهەڵات‌دا هەیە و ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵات ئەنجومەنی ئەدەبی چالاک و کارامان هەن. هەر شارێک لانیکەم دوو و زۆربەی جار زیاتر ئەنجومەنی ئەدەبی تێدایە. سەقز شارێکی دووسەد هەزار کەسییە بەڵام ئەو کاتەی من لەوێ دەژیام سێ دانە ئەنجومەنی ئەدەبی تێدا بوو کە هەر کامەیان حەفتەی جارێک کۆمەڵێک شاعیریان تێدا کۆ دەبووەوە. ئەم ئەنجومەنانە ببوون بە جۆرێک فێرگەی شێعر و چیرۆکیش. هەرچەن کۆمەڵێک لە کێشەکانیشمان هەر سەرچاوەکەیان دەگەڕاوە بۆ ئەم ئەنجومەنانە بەڵام لە کۆتایی‌دا ئەمانە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبوو لەسەر بەرەوپێش چوونی ڕەوتی شێعری ڕۆژهەڵات. شێوازی باو ئاوا بوو کە چەن کەسێک بە نۆبە شێعری خۆیان دەخوێندەوە و دانیشتوان باسیان لەسەر دەکرد و لێکیان دەداوە و پێشنیار و ڕەخنەیان هەبوو و… . ئەمە وای کرد کە قسە کردن لەسەر شێعر ببێ بە بابەتێکی ئاسایی و تەنانەت ڕووتین. ئەمە لە باشوور نەبوو. ساڵی ٢٠١١ کە من لە هەولێر بووم لەگەڵ چەن کەسێکی دیکە هەوڵمان‌دا ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ باشووریش. ئەنجامەکەی بوو بەوەی کە ئەنجومەنی زێد مان دامەزراند کە سەرەتا کۆڕەکانمان لە سەنتەری ئاڵا دەگرت و دوایی گواستمانەوە بۆ کتێبخانەی وەفایی. بەڵام لە ڕاستی‌دا لە هەندێک بواردا ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبوو. چەن جارێک نەبێ شاعیرانی باشووری بەشداریی کۆبوونەوەکانیان نەکرد. نازانم پێموابێ شتێکی تازە بوو بۆیان کە شێعرەکەیان بخوێننەوە و دانیشتوان ڕەخنە و پێشنیاریان هەبێ، یان ڕەنگە شێوەی بەڕێوەبەرییەکەی ئێمە کێشەی هەبوو… بەهەرحاڵ نەبوو بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و دوای چەن ساڵێک خۆبەخۆ هەڵوەشایەوە. ئەگەرچی پێموابێ هێشتا بلۆگەکەی هەر ماوە. ئەوەی لە باشوور باوە و لە ڕۆژهەڵات کەمتر باو بوو، کۆڕگرتن بۆ شاعیرێکی دیاریکراو بوو. کەسێک دەهات یەک – دوو سەعات شێعری بۆ دانیشتوان دەخوێندەوە و پاشان تەواو دەبوو. ئەم کۆڕانە لە ڕۆژهەڵات بۆ شاعیرانی هەرە دیار و بەرچاو دەگیران و بۆ هەموو کەس نەبوو. هەڵبەت ئێستا نازانم هەروا ماوە یان نا. ئەوەی لە ڕۆژهەلات زیاتر دەبینرا ئەوە بوو کە هەرکام لەو ئەنجومەنە ئەدەبییانە ساڵی جارێ یان دوو جار کۆڕێکی گەورەی بۆ چەندین شاعیری ئەندامی کۆڕەکەی خۆیان دەگرت و چەن شاعیرێکیشی لە شارەکانی دەوروبەر بانگهێشت دەکرد و هەر کەسەو یەک دوو شێعری دەخوێندەوە کە بە پێی ئەزموونی پێشووی نێو ئەنجومەن پیوابوو باشترین شێعرەکانییەتی و دووسەد- سێسەد کەس لە خەڵکی ئەدەبدۆستی شارەکەیش دەهاتن و گوێیان دەگرت و ئەمە دەبوو بە جۆرێک دەرهاویشتەی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان.

مەبەستم لە باسکردنی ئەم بابەتانە ئەوەیە بڵێم؛ جیاوازییەکانی شێعری باشوور و ڕۆژهەڵات و کێشە و ئاریشەکانی هەر کامەیان جگە لەو شتانەی کە لەبەرچاون، ڕەگی لە کۆمەڵێک وردەکاری دیکەیش‌دایە کە هەر کامەیان دەبێ بە وردی باس بکرێ. بۆ وێنە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان ئەگەرچی زۆر لایەنی باشییان هەبوو بەڵام لە درووستبوونی دەستە و تاقمگەریش‌دا ڕۆڵیان هەبوو. یان بۆ وێنە لە باشوور بە هۆی ئەوەی کە بەهەرحاڵ دەسەڵاتی سیاسی بە دەست کوردەوە بوو، لە لایەن دەسەڵاتەوە کێشە و ئاریشە بۆ شاعیران و نووسەران ساز نەدەبوو (یان زۆر بەرچاو نەبوو) بەڵام لە ڕۆژهەڵات دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە سازکردنی دووبەرەکی و کێشە لە نێوان شاعیران و نووسەران‌دا و بەردەوام وەکوو شمشێرکی دێمۆکلێس لەسەر سەری ئەنجومەکان ڕاوەستابوو و ڕاوەستاوە. ئیتر کتێب چاپ کردن، حەوت خانی ڕۆستەم بوو. دەتوانم بڵێم خودی ئەمەیش ڕەنگە بێ کاریگەریی نەبووبێ لەسەر ئەوەی کە بەشێک لە شاعیرانی ڕۆژهەڵات ڕوویان کردە ئاڵۆزنووسین و واتای داپۆشراو و… .

پێویستە دیسانەوە بڵێم ئەوەی لەسەر باشوور باسم کرد، تێگەیشتنی من بووە بە ژیانێکی پێنج – شەش ساڵەم لەوێ و بەرکەوتن بە کۆمەڵێک دەق و ناسینی هێندەک لە شاعیران و دەکرێ بە تەواوی ڕاست نەبێ. باس کردن لەسەر ئەم بابەتانە پێویستی بەوەیە کە مرۆڤ زۆر بە وردی ئاگای لە هەموو لایەک بێت. لەم ڕۆژانەدا دیتم هاوڕێیەکی شاعیر باسی لەوە کردبوو کە شێعری ئێستای کوردستان ڕووی لە ڕووکەشبوون کردووە. بەڵام بێگومان ئەو هاوڕێیە بە پێی ئەوەی خوێندوویەتەوە و ئاگاداری بووە ئەم قسەیەی کردووە و ئاگاداری بەشی هەرەزۆری شێعری کوردستان نییە. بە تایبەت ئەو هاوڕێیانەی کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین زۆر تووشی ئەم هەڵەیە دەبن چونکا تاکە ڕێگای بەرکەوتنیان بە شێعر، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە و ڕەنگە ساڵی جارێکیش کتێبێکی باشی شێعر نەگاتە دەستیان. بۆیە منیش بە درووستی نازانم لەمە زیاتر باسی شێعر و دۆخی ئەدەبیاتی هاوچەرخی باشوور بکەم نەوەک تووشی هەمان هەڵە ببمەوە.

 بۆ باسی چوونە دڵی بەردەنگەوە، دەبێ لە بیرمان بێت ئەم ڕوانینەی کە من باسی دەکەم و دەڵێم ڕوانینی زاڵی بەشی جدیی ئەدەبیاتی ئەم ساڵانەیە، شتێکی ئێجگار تازەیە. بڕوانە، بۆ ئەوەی کە تەرز و شێوازێک بچێتە دڵی بەردەنگەوە پێویستی بە کات و بە پەروەردەیە. ئێمە سەدان ساڵە بە شێعری عەرووزی و پەنجەیی و… گۆش کراوین. با نمونەیەکت بۆ باس بکەم؛ لەو ناوچەیەی باپیری من تێیدا لە دایک بووە، بەیت و حەیران شتێکی نامۆیە و نەک چێژی لێ وەرناگیرێ، بەڵکوو لەوانەیە گاڵتەشی پێبکرێ. لەو ناوچەیە ئەو شتەی کە سەرچاوەی چێژە؛ هۆرەیە و هەر شتێکی دیکە کە دێت، دەبێ لە مەحەکی هۆرە بدرێ و دووربوون و نزیکبوون لە هۆرە، دەتوانێ پێوەری حەز لێبوون و حەز لێنەبوون بێت. هەتا ئەو شوێنەشی کە ئاگادارم و خۆم دیتوومە، بابەتی هۆرەیش لەو ناوچانەی کە بە بەیت و حەیران ڕاهاتوون، هەر ئاوایە. (لە کاتێکدا کە مەودای نێوان سنووری ئەم دوو ناوچەیە ڕەنگە نەگاتە سەد کیلۆمەتریش) مەسەلەکە یەکەم ڕاهاتن و بەرکەوتنە (کات) و دووهەم تێگەیشتن (پەروەردە).

شێعری هاوچەرخی کوردی دەرفەتێکی کەمی بووە بۆ خۆناساندن و جێگیربوون. لە بابەتی پەروەردەشەوە، کەمکاریی کراوە. مرۆڤ سەدان ساڵ کاتی هەبووە کە تێبگەیەنرێی بۆچی دەبێ چێژ لە شێعری کلاسیک وەرگری. تەنانەت لە قوتابخانەکان‌دا هەموو وردەکارییەکی شێعری کلاسیک فێری قوتابییەکان دەکرێن و شێعری کلاسیک دەتوانرێ بە ئاسانی بکرێ بە گۆرانی و ئەو کێش و سەروایەی کە هەیەتی بەهەرحاڵ ڕاکێشەرە و… . ئەگەر شێعری هاوچەرخیش دەرفەتی پێبدرێ، دەتوانێ بچێتە نێو دڵی بەردەنگەوە. هەروا کە بۆ وێنە من کە کاتم بە چاو و گوێم داوە کە بەر شێعری هاوچەرخ بکەون و خۆم بۆ پەروەردە کردووە، ئەو چێژەی لە شێعرێکی باشی هاوچەرخ دەیبینم و ئەو کەڵکەی لێی وەردەگرم، ئەگەر لە شێعری کلاسیک زیاتر نەبێ کەمتر نییە. تەنانەت دەتوانم بڵێم ساڵانێکە ئیتر زۆر حەزم لە خوێندنەوەی شێعری کلاسیک نەماوە و زیاتر کاتی خۆم بە خوێندنەوەی شێعری هاوچەرخ تێدەپەڕێنم. ئەم دەرفەتانە لە پانتایی گشتیی‌دا بۆ شێعری هاوچەرخ هێشتا نەڕەخساوە. دەبێ کاتی زیاتری پێبدرێ و لایەنی پەروەردەیش بەهێز بکرێ.

بەشێکی زۆری شێعری کلاسیک ئەگەر کێش و سەرواکەی لێ بستێنیتەوە، ئیتر شێعر نامێنێ و هەتا ئاستی قسەی ئاسایی دادەبەزێ. کەواتە هەرواکە شێعری کلاسیک بە پێوەرە هاوچەرخەکان ناخوێنرێتەوە، شێعری هاوچەرخیش بە پێوەرە کلاسیکەکان ناخوێنرێتەوە. هەر بۆیە ئەم پڕۆسەی چوونە نێو دڵی بەردەنگە، زۆر بە خاوی دەچێتە پێش بەڵام پێموایە وێڕای ئەمەش دیسانەوە بەردەنگی خۆی هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش پەرە دەستێنێ، چونکا شێعری هاوچەرخ زمانی مۆدێڕینیتە و شار و شەقام و کێشە و گرفت و پەیوەندییە ئاڵۆزە مرۆڤییەکانە. بێگومان ئەمە جەبری مێژووییە و هەر دەبێ زمانی شێعریی ئێستا بچێتە نێو دڵی بەردەنگەوە. کێشە لەوەدایە کە زمانی شێعر هەمیشە هەنگاوێک لە پێش کۆمەڵگا و زەمانی خۆیەوەیەتی. تەنانەت لە سەردەمی کلاسیکیش‌دا زۆربەی شاعیرەکانێک کە هەوڵیان بۆ تەرزێکی نوێ داوە بە ساڵان دوای مردنی خۆیان چوونەتە نێو دڵی بەردەنگەوە. لە سەردەمی مۆدێڕنیش‌دا هەروا. هەموو کەس ئەو شانسەی شێرکۆ بێکەس و مایاکۆڤسکی نییە کە هەر لە گەنجییەوە بچنە دڵی بەردەنگەوە. (کە بە هەر حاڵ زۆر شت لەم بابەتەدا دەور دەبینێ) لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێرانیش‌دا؛ ڕەزا بەراهەنی ئێستا لە لێواری گۆڕدایە و زیاتر لە شەست ساڵە دەنووسێ، بەڵام تازە بە تازە کۆمەڵگای فارسی خەریکە بە بەربڵاوی سەرنج دەداتە شێعرەکانی. شێعر ئەگەر هەر بۆ ویست و سەلیقەی زاڵ و باوی بەردەنگی گشتیی بنووسرێ، لە جێگای خۆی دەچەقێ و وەک وتم؛ دەگەنێ!

بۆ بەشی دیکەی ئەم پرسیارە دەبێ بە وردی بزانین مەبەست لە شێعری تازە چیە و چ ڕەوت و تەنانەت چ دەقێکە. وەک وتم ئەم شتەی کە ئیستا ئێمە وەکوو شێعری هاوچەرخ ناوی دەبەین لە تەیفێکی فرەڕەنگ پێکهاتووە و وێڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەیە، ناتوانین هەروا بە ئاسانی لە یەک زەرف‌دا جێگایان بکەینەوە. کە ئەمە نالوێ، ناچارین بە شێوەیەکی گشتگیر کە زۆرترین لایەن بگرێتەوە بچینە سەر باسەکە. بەڵام پرسیارێک کە ساز دەبێ ئەوەیە کە مەبەستمان لە هەموو شتێکی شێعر چییە؟ ئەگەر شێعر لێکبکەینەوە، لە دوو بەشی سەرەکی فۆڕم و ناوەرۆک پێکدێ و هەر کام لەم بەشانەش دەکرێ هەڵگری وردەکاریی و لق و پۆپی خۆیان بن. هونەری سەرەکی لە پڕۆسەی شێعراندن‌دا بەستنەوەی هەموو ئەمانە پێکەوەیە. دەی ئەگەر ئەم پێکەوە بەستنە شیاو و گونجاو نەبێ یان کێشەیەکی تێدا بێت، ئێمە یان لەگەڵ دەقێک ڕووبەڕووین کە نەیتوانیوە ببێ بە شێعر یان لەگەڵ شێعرێکی لاواز ڕووبەڕووین. بەڵام ئەگەر ئەم پێکەوە بەستنە باش و شارەزایانە کرابێ دەڵێین شێعرێکی سەرکەوتوومان هەیە. بۆ وێنە دەقێکی لەم چەشنە لە بەرچاو بگرن:

گلێنەی قاوەیی چاوت / زەوییە / لە نێو بۆشاییدا بۆ من دەگەڕێ

ئێمە دەبینین کە وێڕای جوانییەک کە ڕەنگە لەم دەقەدا هەبێ هەڵەیەکی زەقی لۆجیکی کراوە. کاتێک ئێمە لە بۆشاییەوە سەیری زەوی بکەین، ڕەنگێکی مەیلەو شینی هەیە. لێرەدا قاوەیی بوونی چاو لەگەڵ شین بوونی زەوی ناتەبایە و بێ ڕەنگبوون (یان ڕەشبوونی) ی بۆشایی ئاسمان لەگەڵ ڕەنگی سپێنەی چاو ناتەبایە. ئەمە وادەکا کە منی خوێنەر پەیوەندییەکی نالۆجیکی لە شوبهاندن‌دا ببینمەوە و بڵێم ئەم دەقە ئەگەر شێعریش بێت شێعرێکی لاواز و کێشەدارە. دەی خۆ دەکرێ کەسێک بیهەوێ پاساو بۆ ئەم کێشەیە بهێنێتەوە و بڵێ ئەمە جۆرێک ئاشنایی سڕینەوەیە، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە کە کارێکی سەختی لە پێشە.  هەر ئەم دێرە ئەگەر ئاوا با:

گلێنەی چاوت / زەوییەکی سووتاوە / لە بۆشایی ساردی مەرگ‌دا / لە من دەگەڕێ.

ئێستا ئیتر ئەو کێشە لۆجیکییەی نەماوە. نەبوونی پەیوەندی لۆجیکی درووست یەکێک لە دەیان کێشەیەکە کە ڕەنگە بۆ دەقێک بێتە پێش.

دیارە ئەم شێعرە ڕەنگە نموونەیەکی باش نەبێ بەڵکوو تەنیا نموونەیەکی زۆر سەرەتاییە بۆ ئەوەی کە مەبەستەکەم بگەیەنم و بڵێم شێوازی کارەکە چۆنە و ئەو دەقەیشم هەر ئێستا بە مێشک گەیشت و هی کەسێکی دیاریکراو نییە. خوێنەری چالاک کێشەکانی دەق دەبینێ.

ئێمە لە زمان‌دا سێ بەستێنی سەرەکیمان هەیە: زمانی ئاخاوتن، زمانی نووسین، زمانی ئەدەبی (لێرەدا شێعر)

لە زمانی ئاخاوتن و نووسین‌دا، وشەکان و ڕستەکان تەنیا بە مەبەستی گواستنەوەی واتا و پەیام لە دوای یەک ڕیز دەبن بەڵام لە زمانی شێعردا ئەم ئەرکە ئافراندنی جوانی – و گواستنەوەی هەست و سازکردنی خەیاڵ و… – یشی  پێ زیاد دەبێ. جیاوازی زمانی شێعر لەمەدایە و ئەو هەمووە کە باسی زمانی شێعر دەکرێ، بە کورتی ئەمە مەبەستە. هەروەها زمانی شێعرییش لە کۆنەوە هەتا ئێستا ئاڵووگۆڕی بەسەردا هاتووە. ئەگەر پێشتر ئەم زمانە بە هۆی جناس و مەجاز و کێش و سەرواو…ـەوە ساز دەبوو، ئێستا زیاتر بە ئایرۆنی و پاروودی و شەپۆلانی زەین و کایە زمانییەکان و موسیقای ناوەکیی و کەڵک وەرگرتن لە ماتەوزەی شاراوەی نێو خودی زمان و کورتبێژی و… ـەوە ساز دەبێ.

بۆیە من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە شێعری هاوچەرخ پەیامی ونکردووە. بە گشتی هیچ شێعرێک بێ پەیام نییە بەڵام شێوازی گەیاندنی ئەم پەیامە جیاوازە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نموونەی هۆرە و حەیرانەکە، ئایا درووستە کە من چونکا گوێم بە حەیران ڕاهاتووە، پێموابێ هۆرە هەر ‘یاو یاو’ کردنێکە و هیچی تری تێدا نییە؟ پەیام و ناوەرۆک لە شێعری هاوچەرخ‌دا ئامادەیە بەڵام جۆری گەیاندنی جیاوازە. شێعری هاوچەرخ هەوڵ دەدا بە کورتبێژی و دوورکەوتنەوە لە درووشم ئەمکارە بکات. بۆ وێنە کاتێک ساڵە سووزەنی لە شێعرێکدا دەڵێ:

بازجووەکانم/ بە قەد ستالین ڕۆشنبیر بوون و/ هەڵیاندەکابلاندم/ منیش شێت ببووم و/ دەمنیچاند!

بە کەڵک وەرگرتن لە ئایرۆنی (ڕۆشنبیربوونی ستالین) و بە کورتترین شێوە بازجووەکانی وێنا دەکات و بە گەردانکردنی ناوی نیچە، دیسان بە کورتترین شێوە خۆی وێنا دەکات و لەم پڕۆسەیەدا لە هەرچەشنە درووشمێک خۆی بە دوور دەگرێ و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێگە بە فرەواتاییش دەدا. بۆ وێنە تۆ دەتوانی لە ‘نیچاندن’ واتای فەلسەفەچنین و موناقەشە و گفتوگۆی فەلسەفی هەڵهێنجی و کەسێکی دیکە پیوابێ بۆ تێگەیشتن لەم واتایە دەبێ فوکوست لەسەر نیچە و جۆری بیرکردنەوەکەی بێت و هتد. شاعیری هاوچەرخ ئیتر بۆ گەیاندنی پەیامێکی لەم چەشنە نایەت بڵێ: ”قوڕبەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”. ئەمە پێشتر وتراوە و وتنەوە و دووبارەکردنەوەی ئەم دەربڕین و زمان و فۆڕمە، تەنیا درووشمدان و لاسایی کردنەوەیە و شتێک بە هەبووەکانمان زیاد ناکات.

هەموو ئەمانەش کە وترا بەو واتایە نییە کە ئێمە خەریکین درووستترین ڕێگا دەپێوین بەڵکوو بەو واتایەیە کە ئێمە خەریکی تاقیکردنەوەی نوێین. خۆ ڕەنگە بەشێکی زۆری ئەم تاقیکردنەوانە لە بێژنگی مێژوو دەرنەچن و لە جێگای خۆیان‌دا بمرن، هەروا کە من هێندەک لەم هەوڵانە بە نەزۆک دەزانم. بەڵام بێگومان لەم بگرە و بەردەیەدا کۆمەڵێک دەقی هەرمانیش بەرهەم دێن و ڕێگا بۆ داهێنانی نوێ، یان گەرانەوە و پاشگەزبوونەوە و گەڕان بۆ ڕێگایەکی دیکەیش هەمیشە کراوەیە. ڕەخنەی ئەدەبیی لەم بوارەدا باشترین ڕێپیشاندەرە.

 

لە ڕاستی‌دا ڕەخنە دەبێ هەبێ کە مافی ڕاستەقینەی خوێندنەوە هەبێ. ڕەخنە یارمەتیمان دەکا کە درووست بخوێنینەوە، بەڵام بواری ڕەخنەی ئێمە بوارێکی وەک وتم ناساخە. وێڕای ئەم ناساخییە دیسانیش ڕەخنە و بابەتگەلی لەم چەشنە لە پڕۆسەی ئەو شتەی کە پێشتر ناوم لێنا ‘پەروەردە’دا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. هەوڵی ڕەخنە لەم ساڵانەدا لەوەدا چڕ بووەتەوە کە بە بەردەنگ بڵێ بۆچی و چۆن دەتوانێ چێژ لە فڵانە شێعر وەرگرێ و لێی تێبگا و کۆدەکانی ئەم شێوازە نوێیە بشکێنێ و لە لایەکی دیکەشەوە ئاگای لێیە کە خەسارەکانی شێعری هاوچەرخیش بخاتە بەر باس. هەڵبەت وەک وتم لەمەدا گەندەڵیش هەیە و دەستەوتاقمگەریی و سەفسەتە و نان بە قەرزدان و شتی لەم چەشنەیش هەیە بەڵام لە کۆتایی‌دا ئەوەی کە لەم حەوتخانە دەردەچێ ڕەخنەی ساخە. ڕەنگە کەسانێک و سەردەمانێک بە ڕەخنەی گەندەڵ زیانێکیان بە ئەدەبیات گەیاندبێ و ئێستایش بەردەوام بن بەڵام لە کۆتایی‌دا و ئەمڕۆکە ئێمە بە ئاسانی دەتوانین پێیان‌دا بچینەوە و کەس ناتوانێ لە حوکمی مێژوو دەرچێ. ئەگەر وتارێکی ڕەخنەییت نووسیوە و کێشەی جدیی تیۆریک و مێتۆدیکی هەیە و ئەودەم کەس پێی نەزانیوە، ئەمڕۆ لەسەرت دەبێ بە ماڵ و کەم نین ئەو کەسانەی کە دوای دە پازدە ساڵ تازە بە تازە لەسەر وتارەکانی ئەو سەردەمیان یەخەیان دەگیرێ. ئەم بەرکەوتنانە وای کردووە لەم دوو سێ ساڵەی دوایی‌دا زۆر کەمتر بەر بابەتی لەم چەشنە بکەوین و بە خۆشحاڵییەوە بواری ڕەخنە خەریکە لەو زەلکاوە دێتە دەرەوە و پێموایە ئەوەی تێپەڕی، پێویستییەکی مێژوویی بوو. لە ڕێگای ئەم ڕەخنانەوەیە کە من دەڵێم لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا کۆمەلێک شاعیری باش ساز بوون. ڕەنگە تۆیش ئەم دەنگۆیەت بەر گوێ کەوتبێ کە دەوترێ من شێعری کەس بە باش نازانم و… . بەڵام سەیرە هەر ئەو سەرچاوانەی کە ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە، من بە گەشبینیش تۆمەتبار دەکەن، ئیتر نازانم چۆن دەکرێ هاوکات هەم کەسم پێ شاعیر نەبێ و هەمیش بڵێم ئاسۆی شێعرمان ڕوونە؟ ئەم پڕوپاگەندانەیش زۆربەیان ڕەگیان هەر لەو کێشانەدایە کە پێشتر باسم لێوە کردن. من پێچەوانەی زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەسەر ئەدەبیاتی کوردی دەدوێن، زۆر بە ئەدەبیاتی کوردی گەشبینم و بە تایبەت پێموایە لە شێعردا وەک پێشتریش باسم کرد هاوشانی نەتەوەکانی دیکە دەچینە پێشەوە. ئەو کەسانەی کە پێیانوایە ئەدەبیاتی کوردی لەم ساڵانەدا هیچی بە هیچ نەکردووە دەبێ وڵام بدەنەوە کە ئایا هەمان قسە لە بارەی خۆشیانەوە دەکەن یان پێیانوایە ئەم قسەیە خۆیان ناگرێتەوە؟ ئەمە ئیتر هاوکێشەیەکی لۆجیکی نێوان چەن ڕستەی سادەیە و نابێ لە کەس قبوڵ بکرێ بە گشتبێژیی و خۆ بە زیرەک زانین، کایە بە ئەقڵی بەردەنگ بکات. من پێموایە ڕەخنەی ئەدەبیی خەریکە ڕێگای درووستی خۆی دەدۆزێتەوە و ئێستاکە کەسانێکی ئاکادێمیک و خوێندەوار هاتوونەتە پێشەوە و پانتاییەکە خەریکە بەرەو باشتر بوون دەچێ. دەی بیریشمان نەچێ لە نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵات و ناوەندگەلێک کە بەشێوەی سیستێماتیک پەرە بەم بابەتە بدەن، ئەوەی کە هەتا ئێرەش هێناومانە زیاتر لە پەرجوو دەچێ. هەموو ئەمانە بە هەوڵی کەسانێک کراوە کە بە بێ هیچ دەستکەوتێکی مادیی، کات و ژیانی خۆیان تەرخان کردووە. بەڵام بریام دەخواست ئێستا بمتوانیایە بە جێگەی بیست و سی، بڵێم ئەدەبیاتی هاوچەرخمان خاوەنی سەدان شاعیری سەرکەوتوو و داهێنەرە. ئەگەر بۆ چرکەیەک پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین ئایا شێعری ڕۆژهەڵات مافی خوێندنەوەی بە ڕەخنە داوە؟ دەتوانم بڵێم داوییەتی بۆیە بواری ڕەخنەشمان خەریکە بە خۆیدا دەچێتەوە. لێرەدا کاریگەرییەکی دوو لایەنە هەیە.

خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان یەکەم بەرهەمی چاپکراوی منە کە هەڵبەت زۆر درەنگ چاپ کرا. شێعرەکانی نێو ئەم کتێبە لە مەودای نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ هەتا کۆتایی ٢٠١٢ نووسراون. سەد و شەست لاپەڕەیە و ئەمە بۆ کتێبێکی شێعر، قەبارەیەکی ئەستوور دێتە ئەژمار. من لە ساڵی ٢٠٠٠ ـەوە دەستم بە شێعر نووسین کردووە بەڵام چەن ساڵی سەرەتا هەرچیم نووسیوە، بێجگە لە حەوت – هەشت شێعر کە هەر ڕامگرتوون، ئەوی دیکەیم فەوتاندووە چونکا ڕاستییەکەی لە ڕوانگەی خۆمەوە بایەخێکی هونەریی ئەوتۆیان نەبوو. من شێعرنووسینم بە شێعری کلاسیک دەست پێکرد و هاوکات شێعری ئازادیشم تاقی دەکردەوە. هەر لەو چەن ساڵەیا وێڕای دەیان شێعری ئازاد، پەنجا و چەن غەزەڵ و دوو سێ مەسنەوی و کۆمەڵێک چوارینەم نووسیوە و پێموابێ بۆ یەکەمجار لە ئەدەبیاتی کوردی‌دا من نووسینی تاکبەیتم باو کرد و تەنانەت کۆمەڵێک تاقیکردنەوەم لەسەر شتێک بە ناوی سێ خشتەکی کرد کە سەرکەوتوو نەبوو و وازم لێهێنا. هێندەک لە ئەزموونە شێعرییەکانی ئەو ساڵانەم ڕەنگە لە لای دۆستانم مابێ بەڵام خۆم نەمماون و هەر خۆم فەوتاندمن. لە ٢٠٠٤ ـەوە ئیتر بە جدیتر پەرژامە سەر شێعری ئازاد بەڵام یەک دوو ساڵی پێچوو هەتا توانیم لە دەریای مەلەکشا و پەشێو و بێکەس بێمە دەرەوە و لە سەرچاوەی دیکە بگەڕێم. دوای ئەویش لانیکەم یەک دوو ساڵێک سەری خۆم بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە شاعیرانی کەمتر ناسراوی هاوچەرخەوە قاڵ کرد کە مەودای تەمەنیمان لە دە دوازدە ساڵی تێنەدەپەڕاند. دەمویست بزانم چیمان هەیە و چیمان کردووە. پێشتریش فروغ و سۆهراب و شاملوی فارسم به باشی خوێندبووەوە و مایاکوفسکیم باش دەناسی. لەو یەک دوو ساڵەدا سێ کتێبی دوو شاعیری هاوچەرخ کە پێموابوو لە سەرکەوتووترینەکانی نێو جیلی خۆیانن و دە پازدە ساڵێک لە من گەورەتر بوون، هاوڕێی هەمیشەییم بوون و دەمبرد و دەمهێنان و لێکم دەدانەوە و شاعیرانی دیکەشم لێرە و لەوێ دەخوێندەوە و هاتووچۆی بەردەوامیشم بۆ ئەنجومەنە ئەدەبییەکان هەبوو و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی هاتووچۆی بەردەوامم بۆ تاران، ئاگاداری ئاڵووگۆڕە ئەدەبییەکانی ئەوێش بووم.

ئەو شێعرە ئازادانەی پێش ٢٠٠٨ ـم بۆیە فەوتاندن کە هەستم دەکرد کاریگەریی شاعیرانی پێش خۆمیان لەسەر بوو و پێم دووبارەکاری بوو. بەڵام دەتوانم بڵێم لە ٢٠٠٨ ـەوە زمانی خۆمم دۆزیوەتەوە. کتێبی خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان بەرهەمی ئەو گەڕان و دۆزینەوە و ونبوون و دیسان پەیدا بوونەوەیە. لە ڕاستی‌دا هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی کە ئەو خۆمە شاعیرە کە لە مندا بوو و بە کۆمەڵێک هۆکار خەریکبوو دەفەوتا، زیندوو بکەمەوە.

پێش چاپی ئەو کتێبە، کەوتبوومە گومانەوە کە ئایا دەمەوێ شاعیر بمێنمەوە یان نا؟ دەبوو بڕیار بدەم کە ئەو خۆمە شاعیرە بهێڵمەوە یان لێگەڕێم بۆ خۆی کەم کەم هێندە لاواز بێت هەتا دەمرێ. ئەمە ئەو کارە بوو کە زۆربەی هاوڕێ شاعیرەکانم کردبوویان و بۆ هەمیشە وازیان لە شێعر هێنا. ئەوانەی کە لە نزیکترەوە من دەناسن دەزانن، تەبعێکی تووند و تۆسن و جدی و زۆر ڕاسیوناڵم هەیە و ئەم تەبعە خەریکبوو خۆی بەسەر هەموو ڕەهەندەکانی کەسایەتیم‌دا دەسەپاند. دەی کاری سیاسیی و هەراس و دڵەڕاوکێی گیران و زیندان و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سیستەمێکی هەتا ئێسقان دیکتاتۆر و دژەمرۆڤ و… تا ڕادەیەک لە گەشە کردنی خوو و خدەکانم‌دا ڕۆڵی هەبووە و بەهەرحاڵ ”مەلی گۆشتخۆر دەندووکی لارە”. واتە وەک دەڵێن؛ لە شەڕ لەگەڵ دێوەزمەدا دەترسام خۆیشم ببم بە دێوەزمەیەکی دیکە… . گینزبێرگ قسەیەکی ئایرۆنیکی هەیە کە دەڵێ: ”شاعیر نابێ سیاسیی بێت، شاعیری سیاسیی دێوە”. یان ڕەنگیشە کەمێک قورسم گرتووە لە خۆم، گەنجیش بووم ئیدی. کارێک کە کردم ئەوە بوو کە ئەم دێوەم هێنایە نێو هێندەک لە شێعرەکانەوە و لێگەڕام هێندەک لە شێعرەکانیتر لەو بە دوور بن و بەمشێوە خۆمێکی دیکە ساز کرا، خۆمێک کە توانای کۆنتڕۆڵ و ئاراستەکردنی تواناکانی خۆی هەبوو. کەسایەتییەک کە ئەدەبیات لە لای پێوەری ژیانە نەک نان و ئاو. ئەم کتێبەم ساڵی ٢٠١٥ لە هەولێر چاپ کرا و خۆم هەتا شەش مانگ دوای چاپ چاوم پێی نەکەوت، چونکا پیش چاپبوونی هاتبووم بۆ سوێد. بەڵام یەکەمجار کە دەستم وە بەرگەکەی کەوت زانیم و دڵنیا بوومەوە کە ئەمە نەک کۆتایی بەڵکوو سەرەتای ڕێگایەکە کە ئیتر هەڵمبژاردووە. حەزم لە سیاسەت بوو و دەمتوانی بۆی بمرم، بەڵام ئەدەبیات ئەو دنیایە بوو کە دەمتوانی بۆی بژیم.

ئەم پێشکەییەم بۆیە وت کە باسم لە گرنگی ئەم کتێبە بۆ خۆم کردبێ. دێمەوە سەر پرسیارەکەت؛ لە ڕاستی‌دا پێموانییە هێندە کە تۆ وتت کارم لەسەر زمان کردبێ. زمان لەو کتێبەدا لە واتای سادەی خۆیدایە، واتە زمانێکی شێعریی، بۆ سازکردنی جوانیی و هەڵبەت گواستنەوەی واتا و مەبەست. تەنانەت دەتوانم بڵێم کەمێک زیاد لە حەدی پێویست بایەخم بە واتا و پەیام داوە و ئەمەیش ڕەنگە بە هۆی ئەوە بێت کە وەکوو یەکەم کتێب، زۆرم حەز لە خۆنووسینەوە بوو. هەرکام لە شێعرەکانی نێو ئەم کتێبە ساتەوەختێکی ژیانی من دەگێڕنەوە. لە بیستنی هەواڵی شەهید بوونی هاوڕێیەکمەوە بگرە هەتا چرکەکانی ئاشقبوون. هێشتا دەکرێ تەمی کاریگەری شاعیرانی پێش خۆمی بە کزی تێدا ببینیتەوە و پێوەی دیارە کە هەوڵی دەربازبوونیش دراوە. ڕاستییەکەی زۆر شێعری (بەڕای خۆم) باشتریشم هەبوو کە لەم کتێبەدا بڵاویان بکەمەوە بەڵام ئەوانم دانا بۆ کتێبی داهاتووم و لێگەڕام مێژووم وەک خۆی بنووسرێتەوە (هەرچەن هێندەکییان لەو بێنە و بەرەیەدا بۆ هەمیشه بزر بوون). ویستم سەرەداو لە خۆم بەجێبهێڵم و ئەگەر ڕۆژێک خۆم یان کەسێکی دی به مێژووی گەشە یان شکستی شێعری من‌دا ڕۆچوو، سەرەداوی پێویستی هەبێ و بتوانێ تێبگا لە چییەوە بەرەو چی چووگم.

پەخشان نووسین لە نێوەڕاستی شێعردا، شێوازێکە جار جار تاقی دەکەمەوە. دەی خۆ دەکرێ پەخشانەکەش هەر بە فۆڕمی شێعر و بەشێوەی ستوونی بنووسمەوە بەڵام من ئەمە بە تەڵەکە و فریو دەزانم. دەمەوێ و گرنگە بۆم؛ ئەو مەودایەی کە لە نێوان شێعر و پەخشان‌دا هەن لە نێو نەچن.

پەخشانی پێش یان ناوەڕاست یان کۆتایی شێعر بۆ من جۆرێک فەزا گۆڕینە. جۆرێک ڕاستەوخۆ دوان. هێندەکجار وەکوو کەوانەیەک وایە کە لە نێوەڕاستی شێعردا دەکرێتەوە و شتێک لە دەرەوەی دەق ئاشکرا دەکات کە یارمەتی دەق بکات. ئەمە پێموانییە داهێنانی من بێت، بەڵام پێموایە ئەو کەسەی کە زۆرترین جار ئەم کارەی بەم شێوازە کردووە، من بم. ئەگەر سەیری ئەم کتێبەی کۆتاییشم بکەن (ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە) لەوێش‌دا چەن جارێک ئەم فۆڕمەم تاقی کردووەتەوە. هەروەها ئەگەر کتێبی پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک… سەیر بکەن یەکسەر لەم فۆڕمە پێکهاتووە (هەڵبەت ئەگەر بکرێ ناوی فۆڕمی لەسەر دابنرێ) و پەنجا و سێ شێعری کورت و پەنجا و سێ دەقی پەخشانی یەک لە دوای یەک هاتوون و لە کۆتایی‌دا جۆرێک گێڕانەوەی نایەکگرتوو دەدەن بە دەستەوە. ئەمە ڕەنگە لە خۆی‌دا جۆرێک بەرهەڵستبوونەوەی ئەو خەسارەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ مەودایەک لە نێوان شێعر و پەخشان‌دا دانەنرێ و هەر بە مەرجی ستوونی نووسین، هەموو پەخشانێک وەک شێعر ناودێر دەکرێ، بەڵام بۆ من لە لایەکەوە جۆرێک یارمەتیی دەقە کە بۆ تێگەیشتن ئاسانکاریی بکات و ئەگەر سەرەداوی پێویست نەدراوە بە دەستەوە، لە پەخشانەکەدا قەرەبووی بکرێتەوە و لە لایەکی دیکەوە ئەو مەودا بەتاڵانەی کە شێعر بەجێیهێشتوون پڕ دەکاتەوە کە هەڵبەت ئەمەیش هەر لە کۆتایی‌دا دەچێتەوە قاڵبی ئەوەی یەکەم. هەڵبەت دەکرێ زیاتر بە خۆم‌دا ڕۆبچم و بیر لەوە بکەمەوە کە بەڕاستی حەزم لە نووسینی پەخشانە و لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرم کە ئەو حەزەیشم تێر بکەم. پەخشان نووسین بوارێکە کە تێیدا ئیتر کەمترین کۆت و بەندت هەیە و پێنووس تێیدا دەبێ بە ئەسپێک کە ڕێگەی کەوتووەتە دەشتی هەموار. شێعر هاوڕێم… شێعر شاخەوانییە، بڕینی چیای ئەستەمە و هەڵبەت لە کۆتایی‌دا هەڵمژینی هەوای لوتکەکانە. هەردووکی، هەردووکیم خۆش دەوێ. ئەم شێوازی تێکەڵکردنی ئەم دوانە وەکوو ئەوە وایە لە ناکاو بەڕێگای شاخەوە ڕاوەستی و هەناسەیەک تازە بکەیتەوە و بکەویتەوە بیری دەشتایی و ئەسپی خەیاڵ تاو بدەی و کە هەناسەت وەبەر هاتەوە، ڕێگەی ئەستەمی چیا بگریتەوە بەر. ئاوا ئاوا… .

ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە لە ڕاستی‌دا دەبوو دوو کتێب بێت. چونکا لانیکەم دوو زمان و دوو فۆڕمی جیاواز تاقی دەکاتەوە. بە هەندێک هۆکار کە لە پێشەکی‌ کتێبەکەدا باسم کردووە و هەندێک هۆکار کە باسم نەکردووە و نایکەم، کردم بە یەک کتێب. بۆ ئەم مەبەستە ناچار بووم چاوپۆشی لە کۆمەڵێک لە شێعرەکانم بکەم و لەم کتێبەدا چاپیان نەکەم کە قەبارەی کتێبەکە لەوە ئەستوورتر نەبێ. کتێبەکە بە کۆمەڵێک شێعری ساکار دەست پێدەکا و وردە وردە بەرەو شێعری ئاڵۆز و دژوارتر دەڕوا. لێرەدا پێویستە شتێک لەسەر شێعری سادە و شێعری ئاڵۆز بڵێم. بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە لە بارەی شێعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتەوە دەوترێ، ئەم ڕەوتە شێعرییە مەیلی سەتاسەدی بۆ شێعری ئاڵۆز و زمانیی و سەخت نییە. ڕەنگە هەموو کەس هاوڕام نەبن بەڵام لانیکەم دەتوانم لە لایەن خۆمەوە قسە بکەم. ئەو شتەی کە شێعری هاوچەرخ دەکا بە شێعرێکی پێشڕەو، ئاڵۆزبوون یان سادەبوونی نییە. شێعر دەتوانێ سادە یان ئاڵۆز بێت و هاوکات سەرکەوتوو بێت. ڕەنگە نموونەی پەرویز زەبیح غوڵامی نموونەیەکی باش بێت لە شێعری سادە و هاوکات سەرکەوتوو و هاوچەرخ. لە شێعری کلاسیکیش‌دا ئێمە شێعری هەرە ئاڵۆزمان هەیە کە بۆ تێگەیشتنی دەبێ کاتی زۆر و زانیاریی زۆرت هەبێ بەڵام ئەمە هیچ لە کلاسیکبوونی ناگۆڕێ. ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە.

بۆ من ئاڵۆزبوون یان سادەبوونی شێعرێکم بەستراوەتەوە بەو مەبەستەی کە لە ساتی نووسین‌دا هەمە. قەت بۆ خۆمم دیاریی نەکردووە کە هەر دەبێ شێعری ئاڵۆز بنووسم، ئەو شتەی بۆخۆم دیاریی کردووە ئەوەیە کە ئەوەی دەینووسم و پیدەڵێم شێعر، دەبێ شێعر بێت. واتە ئاوا نییە کە پێش نووسین، فۆڕم و زمانێکی دیاریکراوم هەڵبژاردبێ و پاشان وشەکان بڕژێنمە نێو ئەم قاڵبە پێشدیارەوە. نەخێر من شێعرەکە بەو شێوەی کە بە مێشکم‌دا دێت دەینووسم و ڕێگا بە شەپۆلانی زەینم دەدەم بە ئازادییەوە بێتە مەیدان. پاشان جارێک – دوو جار پێیدا دەچمەوە و سەیر دەکەم بزانم کێشەی لۆجیکی تێدایە یان نا؟ زمانەکەی شاعیرانەیە یان نا؟ ئەوەندەی کە پێویستە کاریگەریی هزریی و هەستیی دادەنێت یان نا؟ ئایا شتێکی تازەی پێیە؟ و چەن پرسیارێکی لەم چەشنە لە خۆم دەکەم و بۆ هەر کام لەم پرسیارانە جارێک بە وردی دەیخوێنمەوە. ئەگەر درێژدادڕیم کردبێ کورتی دەکەمەوە و ئەگەر هەست بکەم ئەوەندە نیشانەم نەداوە بە دەستەوە کە کەسێکی جگە لە خۆم بتوانێ لێی تێبگا، سەرەداوی زیاتر بە جێدێڵم و لێی زیاد دەکەم و… . لەم کتێبەدا تۆ هاوکات هەم بەر شێعری سادە دەکەوی کە تێگەیشتنی ئاسانە، یان لانیکەم یەکێک لە واتاکانی ئاسان خۆی دەدا بە دەستەوە و هەم بەر کۆمەڵێک شێعر دەکەوی کە تێگەیشتنی نەک هەر سەخت بێت بەڵکوو هێندە فرەواتا بێت کە هەرکەس و شتێکی جیاوازی لێهەڵکڕێنێ. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی کە لە ساتی نووسینی هەرکامەیان‌دا بە مێشکی من‌دا هاتووە و چۆنییەتی دۆخی دەروونی و هزریی خۆم و هێندەکجار هەوڵ بۆ تاقیکردنەوەی توانای خۆم و وەرزش کردن بە زەوق و خەیاڵ و ئالنگاریی ساز کردن بۆ لێوەشایی قەڵەمم.

پێموایە زۆرێک لە شێعرەکانی نێو ئەم کتێبە توانای ئەوەیان هەیە کە لە لوکاڵییەت دەرچن. ئەو چەن شێعرەی کە ناوت بردوون تایبەتمەندییەکییان هەیە کە ئەم توانایان تێدا زەقتر دەکاتەوە و ئەویش ناوەرۆک و وشە و چەمکە بەکارهاتووەکانی نێویانە. ڕاستت بوێ لە هەموو زمانێک‌دا، شێعرە زمانییەکان (وەکوو شێواز) و ئەو شێعرانەی کە ڕووداوی زمانییان تێدایە (وەکوو تەکنیک)، لوکاڵی دەمێننەوە. واتە ئەو شێعرانەی کە دەست دەبەن بۆ ماتەوزەی پیتەکان و وشەکان و تەنانەت ئیدیۆمە لوکاڵییەکان و موسیقای ناوەکی و… ، شانسێکی کەمیان هەیە کە وەک خۆیان وەربگێردرێنە سەر زمانەکانی دیکە و ئەگەریش وەربگێڕدرێن، شانسێکی کەمیان هەیە کە لە ئاست و قەوارەی خۆیان‌دا بگوازرێنەوە. کەسێک کە شێعرێکی وا وەردەگێڕێ، سەرەتا دەبێ لە هەردوو زمانەکەدا شێعرناسێکی لێهاتوو بێت و پاشان لە زانینی هەردوو زمانەکەدا لە لوتکەی لێهاتوویی و شارەزایی‌دا بێت و بە باشی زیل و بەمی هەردوو زمانەکە بناسێ و بتوانێ ئەو شێعرە لە زمانی مەبەست‌دا، بە یاسا و ڕێساکانی زمانی مەبەست بئافرێنێتەوە. بۆیە بەم شێعرانە دەوترێ لوکاڵی کە ئەگەری پەیدا بوونی وەرگێڕی لەم چەشنە بۆ ئێمە نزیک لە سفرە.

لە پەراوێزدا: چوارینەکانی خەیام لەبەرچاو بگرن؛ ئەگەرچی ئەم چوارینانە بە هۆی ناوەرۆکی تایبەتی خۆیانەوە (و بە کەمێک خۆش شانسییەوە) لە لوکاڵیەت دەرچوون و بە جیهانی بوونەوە بەڵام لە ڕاستی‌دا ئەوەندەی من بزانم هیچ گەلێک بە قەد کورد بە جوانی بەر ئەم چوارینانە نەکەوت. چەن بەختەوەرە چوارینەی خەیام کە هەژاری بۆ پەیدا بوو، هەتا ئێمە خەیامی هەژارانەمان هەبێ. هەژار ڕاست ئەم کارەی لەگەڵ چوارینەکانی خەیام‌دا کردووە. واتە نەهاتووە تەنیا واتا بگوازێتەوە بەڵکوو شێعری خەیامی لە زمانی کوردی‌دا ئافراندووەتەوە. هەرچەن ئەوە نموونەیەکە لە وەرگێڕانی شێعری کلاسیک بەڵام بەلای منەوە شێعر بە گشتی دەبێ ئاوا وەربگێڕدرێ، دەنا لایەنە جوانیناسانەکانی دەفەوتن. (ئەمەیش هەڵبەت کێشەی خۆی هەیە و ڕەنگە تەنانەت بتوانین بۆ وێنە ئەو ڕەخنەیە لە هەژار بگرین کە هێندەکجار چوارینەکانی خەیامی لە خودی خەیام جوانتر داڕشتووەتەوە و ئایا وەرگێڕ بۆی هەیە ئەم کارە بکات یان نا و… . کە لێرەدا مەبەستی باسەکەی من نیە و لەسەری ناڕۆم.)

بەڵام بەڵێ؛ ئەو شێعرانەی کە زیاتر لە زمانی ئاسایی نزیکن و چەمک و ڕستەکانیان لە هەموو زمانەکان‌دا بە ئاسانی بە دەستەوە دێن و وەرگێرانیان ئاسانترە، شانسی دەرچوون لە لوکاڵییەتیان زیاترە. بە تایبەت ئەو شێعرانەی کە ناوەرۆکەکەشیان جیهانگیرترە. من ناڵێم ئەم دەستەبەندیە هەبێ یان نەبێ، بەڵام جار جار لە خۆم دەپرسم بەڕاستی لوکاڵیبوون ئەبێ بە کێشە و ئاریشە بزانین بۆ دەقێکی ئەدەبی؟ ئایا ئەمەی کە جیهان گرنگی نادا بە کیژێکی تەشیڕێسی کورد و تەنانەت نازانێ چییە، دەبێ وا بکا ئێمە بە چاوی سووک سەیری فڵانە شێعری وەفایی و هێمن بکەین؟ یان ئەوەی چونکا وەرگێڕ ناتوانێ جیناسی نێوان ”نەسیم” و ”بێسیم” بگوازێتەوە، ئێمە بە لالوتێکەوە بڵێین ”نەسیم بێسیم دەبینێ، شل دەبێ بەمکارە ڕاناگا” دێڕێکی لوکاڵی و کەم بایەخە؟

لەبەر ئەوە ئێستا لە هێمنم گیراندووە چونکا یەک دوو مانگ لەمەوپێش هاوڕێیەکم چەن شێعری هێمنی کردبوو بە سوێدی و دیتبووی سوێدییەکان نەیانتوانیبوو پەیوەندی لەگەڵ بگرن و زۆر لەمە توڕە بوو و ئەم بابەتەم لە بیر ماوە. لێرە مەسئەلەکە ئەگەرچی فەرهەنگیشە و بێگومان پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیشەوە هەیە بەڵام ئەو شتەی کە هەمیشە فەرامۆش دەکرێ، ئەو تەکنیک و تایبەتمەندییانەیە کە ئەگەر لە شێعرێکی بستێنیتەوە، شێعرییەتی پێوە نامێنێ و تەنیا دەبێ بە پەیامێکی ڕووت (واتە لە زمانی ئەدەبییەوە دەبێ بە زمانی نووسین). ئەمە لەمەڕ شێعری هاوچەرخیشەوە ڕاستە. لوکاڵیی بوونی شێعرێک، هیچ لە بایەخەکانی ئەو کەم ناکاتەوە بەڵکوو زیاتر پێداگری لەسەر لاڵبوونی وەرگێڕان دەکاتەوە. لە خۆڕا نەوتراوە وەرگێڕانی شێعر، کوشتنی شێعرە!

پێتان وانەبێ لە زمانەکانی دیکەشدا ئەمە نییە. زۆرجار کە ئێمە شێعرێکی وەرگێڕدراوی ئینگلیزی و فەڕانسی و… دەخوێنینەوە و هەست دەکەین بێتام و بۆنە، هۆکارەکەی هەر لەمەوە دێت. ئەو کەسەی وەریگێڕاوە تەنیا ویستوویەتی مەبەستەکە بگەیەنێت و بە هیچ شێوەیەک لە جەوهەری شێعر تێنەگەیشتووە یان لە توانایدا نەبووە بیئافرێنێتەوە. ئینجا ئیتر باسی ئیرجاعەکانیش با بوەستێ کە چ بۆ بەردەنگی نێوخۆیی و چ بۆ بەردەنگی جیهانی، هەندێکجار بە شرۆڤەی بن شێعرەکە نەبێ بە هیچ شتێک ناگوازرێتەوە.

وەرگێڕانی شێعر بۆ نێو زمانێکی دی و بە جیهانیبوونی شێعرێک زۆر پەیوەستی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی پشت ئەو شێعرەیشە. هەر بۆیە ئێمە ئامادەین شێعرێکی ئینگلیزی کە وەرگێڕان، تام و بۆنەکەی لێ ئەستاندووە بخوێنینەوە و هەوڵ دەدەین مەزاجیشمانی لەگەڵ ڕێکبخەین (چونکا شێعری ئینگلیزە خۆ شێعری شاعیرێکی شارەکەی تەنیشتمان نییە). کەس لەخۆڕا گومان لە ”شاعیری چاک” بوونی شاعیرێکی فەڕانسی ناکات بەڵام شاعیرێکی فینلاندی ڕێگایەکی سەختتری لە پێشە و بۆ ئەوەی کە کوردێک بتوانێ وەکوو شاعیر جێگای خۆی لە دنیای ئەمڕۆدا بکاتەوە، دەبێ پەرجوو ڕووبدات و ئەو کلیشانە بنووسێتەوە کە بەردەنگی ڕۆژئاوایی لە بارەی کوردەوە هەیەتی. بۆیە بە گشتی لەگەڵ ئەم بابەتی لوکاڵی و جیهانیی بوونەدا لە کێشەدام.

دەی خۆ ئەگەر دەقێک ئەو بەربەستانە بشکێنێ و هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە شێعرییەتی خۆی دەپارێزێ، بتوانێ سەرنجی زۆرترین کەس لە زۆرترین شوێنەکان ڕاکێشێ، کارێکی کارستان دەبێت بەڵام با راستگۆ بین، زۆر ڕوونادا. هەر بۆ نموونە؛ بە بەڵگاندنی زۆربەی ڕەخنەگرانی کورد یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کوردستان، ڕۆمانی گابۆڕ بوو. بەڵام ئاخۆ گابۆڕ زیاتر دەتوانێ لە لوکاڵییەت دەرچێ یان ڕۆمانێکی سادەی هێڵیی کە بە هەناسەیەکی درووشماوی و بە کەمترین باری ئەدەبیی و بە کلێشە باوەکان، لەسەر دۆزی ژن لە کوردستان نووسراوە؟ زۆر شت دەور دەگێڕن هاوڕێ.

لەسەر شێعرییەت و ئەو باسە دەبێ بڵێم پێشتر باسم لەم بابەتانە کردووە و لەوە زیاتر پێموایە ئیتر ئەرکی خوێنەری چالاکە کە باسی لێوە بکات و هەڵیسەنگێنێ. بەڵام لە بابەتی ‘کۆتایی سەرنجپەرت’ی هێندەک لە شێعرەکان بێگومان مەبەستێک هەبووە و وەک پێم وتی من لە نووسینی شێعردا زۆر وردم و هەوڵ دەدەم ئەوەندەی دەیزانم و دەیتوانم شێعرم کێشەی لەم چەشنەی نەبێ. ئێستا ئەگەر باسی ئەو شێعرانە بکەم ڕەنگە ببێ بە خۆشرۆڤەکردن بەڵام ئیتر پرسیارە و ساز بووە و ڕوویشی لە منە.

لەو چەن شێعرەدا کە ناوت بردوون دڵنیا نیم بتوانم چەمکی ”کۆتایی ئاوەڵا” بەکار بێنم یان نا، جۆرێک بەردەوامی و یان با بڵێین لە ناکاو تەواوبوون، بوونی هەیە. هەر سێکیشیان شێعرگەلێکی ساکار و کورتن. بۆ وێنە شێعری خاوەخەخەیاڵ:

هەتا پێش دەرکە   دێم و

بە رەهەندێکی تازەی سەوزدا

بیر دەکەمەوە

لەو بیرانەی

کە دەیکەم بۆ هاوەڵانم

کەچی با

وەبیرم دێنێتەوە

مەخابن

سەفەرترین جادەش

نامباتەوە ئێوارە شێعرینەکانی شار…

دێمەوە

 

لەم شێعرە کورتانەدا ناو ڕۆڵێکی کاریگەرییان هەیە و هەر بە یارمەتیی ناوی شێعرەکە دەتوانی هەم کورتبێژی زیاتر بکەی بە پیشە و هەم ئەو گەپەی کە بۆ گەیشتن بە مەبەست ساز بووە پڕ بکەیتەوە. بە ‘ڕەهەندێکی تازەی سەوزدا’ هەتا پێش دەرکە هاتووم و هیوادارم کە دیسان بڕۆمەوە بۆ ئێوارە شێعرینەکانی شار بەڵام خەیاڵم خاوە و سەفەرترین جادەیش (کە هەر ئەو ڕەهەندە تازە سەوزە بێت) نامباتەوە بۆ ئەوێ. کەواتە دەگەڕێمەوە ماڵەوە (چونکا تێگەیشتووم خەیاڵم خاوە). ‘دێمەوە’ ی کۆتایی ڕاست دەمانباتەوە سەر ناوی شێعرەکە و حاڵەتێک کە پی دەوترێ خوێندنەوەی سووڕانەیی (دەوەرانی) ساز دەبێ و بە یەکەوە کۆتاییەکە کامڵ دەکەن. لە ڕاستی‌دا ئەمە جۆرێک ڕووداو دەخولقێنێ کە وادەکا شێعرەکە پێبگا و بە کاڵی نەکەوێتە خوارەوە.

یان لە یەکێکی تر لەو شێعرانەدا کە ناوی شوناسـە:

وتی:

ئێمە سەر سووڕمانی گەزیزە بووین

لە بەستەلەکی ئەوساڵ.

دیسان وتی:

ئێمە بەرەی ”خوایە وەتەن ئاوا کەی” و

کۆچین.

 

لێرەش‌دا دیسانەوە ناو هەمان ڕۆڵ دەگیڕێ. کەسێک دوو جار قسە دەکات و لە هەردوو جارەکەدا خۆی دەناسێنێ و باس لە شوناسی خۆی دەکات و هەرجارەو بە جۆرێک. جارێک باس لە دۆخی هەبوو دەکات و جارێک باس لە دۆخێکی سەپاو و گوایە هەمیشەیی کە دەڵێی چارەنووسێکە و بڕاوەتەوە. من هەستم نەکردووە کە پێویستە لەمە زیاتر ئەم شێعرە درێژ بکەمەوە و پێموایە ئەو شتەی کە دەبێ بیکا و بیڵێ کردوویەتی و وتوویەتی. ئەگەر خوێنەرێک پیوابێ وانیە، لەوانەیە ئەو ڕاست بکات و لێرەدایە کە خوێندنەوەی جیاواز و ڕەخنە بواری کاریان هەیە. ئەم چەشنە شێعرانە لەگەڵ ئەوەی کە تەواو دەبن بەڵام هێشتا لە مێشکی خوێنەردا تەواو نەبوون، هەر بۆیە زۆربەی جاران خوێنەر هەست دەکا دەبێ بگەڕێتەوە سەرەتا و دیسانەوە بیانخوێنێتەوە و لە کۆتاییش‌دا لە مێشکی خۆی‌دا بێنە و بەرەیان پێدەکا و هەوڵ دەدا نەنووسراوەکانیش بخوێنێتەوە.

دیار لەتیف: شاعیرەکان ئەو ڕاوچیەن هەموویان ئاواتیان ئەوەیە سەلەمونێک ڕاوبکەن، سەلەموونی شیعر. هەر ئەو دڵنیانەبوونەیە شاعیر دەخاتە گڕ و بەدوای هەردەم باشترینەکان عەوداڵ دەبێت. ئایا شتێک هەیە بەنێوی تەواوکۆی شیعرییەوە؟ شیعرێک وەک نەمر و شاکار و وەک گەیشتنە دواخاڵ؟ تێڕوانینی شاعیر بۆ دەقی خۆی وەک پیرۆز و شا دەق، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەشەسەندن و پێشچوونی؟ شیعر ئەو ئاژەڵە کێوییەیە هەم ترسناکە هەم سانا نییە ڕامکردنی. باوەڕێکی ناجێگیرە و کارکردنێکی سرکە لەساتەوەختێکدا و دواتر پیشەسازکردنەوەی لەساتی دواتردا. شوختە بە دۆخی سەپاودا و ئازارێکی ئۆنتۆلۆژییە و هەروا ئاسان نابێت بیخەینە ناو پۆڵێنێکی دەستنیشانکراوە و بەڵام هەموو شیعرێکی باش لانیکەم بەو ڕاڕەوە ئۆنتۆلۆژییەدا تێدەپەڕێت، پاشان دەکرێت هەر خوودی دەقەکە لە ئازارێکی سووژەییەوە بازی بۆ ناو ئۆبژێکت دابیێت؟ شیعر هاوچوون بە ڕۆمان و دونیای گێڕانەوە، هەم سووژە کار لەسەر ئۆبژێکت دەکات و لەهەمانکاتدا چەپەوانەکەشی. هیچ شیعرێک نییە لەسووژەدا چەقی بێت و نەڕواتە دەر بەرەو ئۆبژێکت. کەواتە هەر ئەوەی کە دەوترێت و ڕایەکی ناو ڕایەکانە گوایە شیعر هۆنینەوەیەکی خوودییە، هەم بابەت دەرهاوێشتەی خوودە و هەم خوود لەناو بابەتدا دەجمێت. چۆن ئەو پوختە سەرنجە هەڵدەسەنگێنن؟ شاعیران پاسەوانی زمانن زمان یانی شووناس، دەکرێت بڵێین بەرگریکار؟ ئاخۆ داهێنانی شیعری هەر تەنیا لە شێوازدا دەکرێت؟ یان هەر ڕەگەزێک لەشیعردا بۆخۆی پێویستە داهێنراوی تێدابکرێت و نموونەی وەک میتافۆر، بونیادی ناونیشان، وێنەسازی، سۆز، وشەکاری، واتاسازی، ڕەوانبێژی، شیعرییەت، هتد. لەباری وشەوە، ئایا تاچەند گرنگە شاعیرانی ئێستا خۆیان لە وشە زۆر بەکارهاتووەکان دووربگرن و نوێکاری لە وشەدا بکەن؟

ئەنوەر عەباسی: هەر شوبهاندنەکەی خۆت بەکار دێنم؛ ئایا ڕاوچیی پێش ئەوەی کە بووبێ بە ڕاوچی دەتوانێ بچێ بۆ ڕاو؟ و ئەگەر پێش بوون بە ڕاوچی چوو بۆ ڕاو، چەندەی شانس هەیە ڕاوێکی باش بکا؟ (بێگومان باسی هەڵکەوت و لە پلە دەرچوون ناکەم کە بە دەگمەن ڕوو دەدا) ئەم هەموو پێداگرییەی من لەسەر ئامرازەکانی شێعر و شاعیری لەم شوبهاندنەی تۆدا باشتر دەردەکەون.

دەگەڕێمەوە بۆ ئەو پرسیارەت کە باسی هزر و هەست بوو. هەر ئەوەندەی کە من هەست بکەم دەتوانم ڕاوێکی باش بکەم بەو واتایە نییە کە من ئەو ڕاوەم کردووە. هەر ئەوەندەی کە من هەستی ناسکم هەبێ بە تەنیا بەس نییە بۆ شاعیر بوون. ئەبێ خۆم لە سەختییەکانی فێر بوونی ڕاویش بدەم و دەبێ کێواوکێو وەدوای ڕاویش بکەوم و… . من کاتێک دەڵێم بەشێکی زۆری شاعیرانی کورد هیچ لە فەنی شێعر نازانن و هیچ خوێندنەوەیەکی مێتۆدیکیان بۆی نییە، تەنیا هەواڵێک ناگوێزمەوە بەڵکوو بارستی کێشەکەت پیشان دەدەم. بەشێکی زۆری ئەمە لەوەوە دێت کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ وەکوو شاعیر خۆیان ناودێر کردووە، خۆیشیان هیچ چاوەڕوانییەکی گەورەیان لە خۆیان نییە. ئەوپەڕەکەی حەز دەکەن شتێک بنووسن و کەسانێک بیخوێننەوە. ئەوپەڕەکەی ئاواتیان ئەوەیە کە شێعرەکەیان لە شێعری فڵانە شاعیری چوار کۆڵان ئەولاتریان، بەناوبانگتر بێت. ئەوپەڕەکەی ئاواتی ئەوەیە ناوی وەکوو شاعیر بکەوێتە سەر زاران. ئەوپەڕەکەی ئەوەیە نانێکی لێ پەیدا بکات و شتی لەم چەشنە. واتە ئەوپەڕی ئاواتی، گرتنی نەک سەلەمون بەڵکوو بۆقە. هەر ئەم نەزانییە وادەکا ئەم جۆرە لە شاعیران زۆر خێرا بە خۆیان سەرسام بن و هەر کە بۆقەکەیان گرت ئیتر ئامادەن بە فەرمی ڕایگەیەنن؛ ”بۆقی خۆمان بە سەلەموونی خەڵکی نادەین”. هەتا ئێرەیش کێشە نییە و دەکرێ تێگەیشتنمان هەبێ بۆیان بەڵام ئەمانە لەو خاڵەدا ناوەستن و ئیتر فێری بۆق گرتن دەبن و چونکا کارەکەشیان ئاسانە، دەبن بە زۆرینە و ئەم زۆرینە بوونە بڕوا بەخۆبوونی زیاتریان پێدەدا و ئەمجار گاڵتە بەوانە دەکەن کە سواری بەلەمی پۆشتەی ئەدەبیات دەبن و بۆ ڕاوی سەلەموون دەچن. ئەمە تەنیا جۆرێک نارسیزمی سووک و چرووکە. کەواتە باسی ئەوانە ناکەین. بەڵام کەسێک کە دوای هەموو خۆ پێگەیاندن و هەوڵ تقالا و ئاگاداربوون لە ئەدەبیات و مێتۆد و بڕینی ڕێگای دوور و درێژ، دەستی بە شێعرێکی بەرز دەگا و خۆی دەزانێ چی کردووە، بێگومان شێعرەکەی خۆی بەرز دەنرخێنێ و بایەخی خۆی دەزانێ و دەزانێ لە کوێی دنیای ئەدەبیات ڕاوەستاوە. خۆی دەزانێ سەلەموونی ڕاو کردووە، هەر بۆیە جۆرێک هێژایی بۆ خۆی دەستەبەر دەکات و بڕوایشی پێدەبێ.

شێعر کۆتایی نییە. ڕەنگە جۆر و شێوازێک لە شێعر ڕۆژێک لە ڕۆژان بگاتە لوتکەیەک کە ئیتر نەکرێ لەوە زیاتر بەرز ببێتەوە، بەڵام هەمیشه جۆر و شێوازی نوێ دادەهێنرێ. لە هەر سەردەمێک‌دا ئەو شێعرانەی کە گەیشتوونەتە ئەم لوتکەیە، دەبنە بەرجەستەترین بەرهەمەکانی ئەو سەردەمە و لە داهاتوودا و لە مێژووی ئەدەبیات‌دا بەرز دەنرخێنرێن. شاعیرێک کە هەوای لوتکەکانی هەڵمژیوە، دڵی بۆ ئەوە لێدەدا کە دیسان بچێتەوە بۆ ڕاوی سەلەموون. بێدەنگیی ئەم شاعیرە، بێدەنگیی ڕازیی بوون نییە، خۆ ئامادەکردنە بۆ هەڵمەتێکی دیکە. جەخار و داخ کە هێندەک لەم شاعیرانە ڕۆژێک تووشی گومان لە شێعر دەبن و واز دێنن، جەخار. جەخار کە جەوری زەمانە و بێهیوایی لە شێعر، ئەمانە دەبەزێنێ و من هەمیشه بۆ ئەمانە دەگریم… .

ئەگەر ئەم گریمانەیە بە بنەما بگرین کە لە پرسیارەکەدا هەیە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە لە کۆتایی‌دا بە تێپەڕین لە سۆبجێکتەوە دەگەینە تێگەیشتنی درووست لە ئۆبجێکت، بەڵێ! بەڵام ئەم بابەتە زیاتر دەچێتە بواری فەلسەفەوە و قسە کردنی میتۆدیک لەسەر فەلسەفە کاری من نییە. بە کورتی دەتوانم بە ئاماژەدانێک ئاوا ئەم بابەتە لە ڕوانگەی خۆمەوە بەیان بکەم؛

بەشێک لە جەوهەری شێعر، هزرین و ڕامانە. بۆیە شێعر و فەلسەفە ویڕای هەموو جیاوازییەک پەیوەندییەکی مێژینە و لە بچڕان نەهاتوویان هەیە. بەشێوەیەک کە هێندەکجار هێندە سنووری نێوانیان کاڵ دەبێتەوە کە بە ئاسانی دێنە نێو یەکترینەوە. ڕەنگە نموونەی هەرە بەرچاو و ناسراوی ئەم بابەتە بۆ بەردەنگ، خەیام و نیچه بن. چوارینەکانی خەیام سەر لە فەلسەفە دەسوون و فەلسەفینی نیچە سەر لە شێعر دەدا. کەوابوو شێعر لە بەیانی جیهان‌دا و لە ناسینی جیهان‌دا ڕۆڵی هەیە بەڵام هزرینی شێعری ڕەنگە وەکوو هزرینی فەلسەفی، مێتۆدیک نەبێ. واتە لە شێعردا پێچەوانەی فەلسەفە، هزرین تاکە ئامانج نییە بەڵکوو ئافراندنی جوانیش ئامانجە. لە شێعردا تەنانەت هزرینیش دەخرێتە خزمەت ئافراندنی هونەرییەوە. ئازار یان تێگەیشتن یان بە گشتی خواست و ئیرادەی شاعیر بۆ دەربڕینی بابەتێک، شتێکی تاکانەیە. بەڵام کە شێعرەکە نووسرا، ئیتر لەم تاکانە بوونە دەردێ و دەبێ بە زمانی حاڵی مرۆڤ. هۆکاری مانەوەی هونەر بە گشتی و شێعریش بە تایبەتی ڕەنگە هەر ئەمە بێت. مرۆڤ پێویستی بە خۆ دەربڕینە. مرۆڤ پێویستی بەوەیە کە ئازارەکانی، خۆشحاڵییەکانی و بە گشتی تێگەیشتنەکانی لە خۆی و لەوانیتر و بە گشتی لە جیهان، بێنێتە زمان. شێعر ئەم زمانەیە (یەکێک لەم زمانانەیە). دەی خۆ هەمووان نابن بە شاعیر بەڵام زۆربەی مرۆڤەکان خۆیان لە چەن شاعیرێک‌دا دەبیننەوە و هەست دەکەن لە زمانی ئەوانەوە قسەیان کردووە. وەک ئەوان لە دنیا تێگەیشتوون و وەکوو ئەوان ئازار دەچێژن و شادی دەکەن و هتد. بۆیە وێڕای هەموو بەربەست و ئاریشەکان، هەتا ئێستا مرۆڤ گومانی لە پێویستیی هەبوونی شێعر نەکردووە. تەنانەت ئەگەر وترابێ ئیدی شێعر بەسە، بەو واتایە بووە کە ئیدی ئەم جۆرە شێعر نووسینە بەسە. تەنانەت پێموایە ئەو وتەیەی ئادۆڕنۆ کە دەڵێ: ”لە دوای ئاشۆڤیتس شێعر نووسین وەحشییەتە” خۆی باری شاعیرانەی هەیە. (هەرچەن بەهەرحاڵ ئەوەی کە مەبەست لەم قسەیە چییە جێگای مشتوومڕە).

هەزاران ساڵە شاعیرەکان هەن و دەنووسن بەڵام قەت ناتوانین بڵێین بەسە و ئیتر هەرچی پێویست بوو وتراوە. ئەمە یەکەم بە هۆی جەوهەری شێعرەوەیە کە هەردەم بە زمانێک و بە شێوازێک دەئاخفێ کە دووبارە نییە و حافزی شیرازی وتەنی: ” خەمی ئەوین هەمووی یەک چیرۆکە بەڵام سەیرە، لە هەر زمانێکەوە کە دەیبیسم دووبارە نییە” و دووهەم بە هۆی ئەوەی کە جیهان بەردەوام لە گۆڕان و سوڕان‌دایە و هەر کات و سەردەم و شوێن و دۆخێک، پێویستی بە دەربڕینی خۆی هەیە… .

ئەم خۆ دەربڕینە کە هەندێکجار دەبیسین باسی دەکرێ و دەوترێ؛ شێعر شێوازێکی خۆدەربڕینە، من هیچ کێشەیەکم لەگەڵی نییە بەڵام وەکوو لە هەموو دۆخێک‌دا دەیڵێم؛ دەبێ لەوە خورت بینەوە کە ئایا ئەم خۆدەربڕینە بووە بە شێعر یان نا؟ واتە نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە تەنیا خۆدەربڕین ئەو کرێدیتە بە تۆ نادا کە ناوی شێعری لەسەر دابنێی. هەروا کە ئێمە بە هەموو دەنگێک ناڵێین موزیک. بە هەموو قسەکردنێک ناڵێین گۆرانی. دەیان ڕوانگەی جیاواز بۆ بە شێعر زانینی دەقێک هەن کە ڕەنگە من هەندێکییان پەسەند بکەم و هەندێکییان نا، ئەمە ڕای تاکەکەسییە بەڵام بەو واتایە نییە هەموو ئەمانە وەلا بنێم و بڵێم من گوێ نادەمە هیچ مێتۆد و خوێندنەوەیەک و هەرچی حەزم لێبوو ناوی شێعری لەسەر دادەنێم. من تەنانەت ئەو کاتەی بە بەرهەمێک دەڵێم شێعرێکی لاوازە، پێش هەموو شتێک دەڵێم ”بەڕای من” بەڵام کاتێک بە ڕەهایی بە دەقێک دەڵێم شێعر نییە، مەبەستم ئەوەیە کە لەگەڵ هیچ پێناسەیەکی شێعریی هاوچەرخ نایەتەوە. من ئەم هەڵسەنگاندن و حوکم‌دانە لەسەر شێعری خۆشم بەڕەوا دەزانم و دەیکەم. بەش بە حاڵی من ئەمە جۆرێک بەرنگارییە لە بەرانبەر ”لێژی خز”دا. واتە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک بنەما کە ڕێگر دەبێ لەوەی کە ئیتر هیچ جیاوازییەک لە نێوان شێعر و پەخشان و قسەی ئاسایی نەمێنێ. دەکرێ کەسانی تر جیاواز بیر بکەنەوە، بەڵام من ئاوا بیر دەکەمەوە.

ناتوانم بڵێم شاعیران پاسەوانی زمانن، بەڵام وەک چەندینجار لێرە و لەوێ باسم کردووە؛ شێعر بوارێکە کە تێیدا زمان گەشە دەکات و ڕووبەرەکەی فراوان دەبێتەوە. ئەگەر زانستەکان و جیهانی دەورووبەرمان هەردەم پێویستییان بە وشەی تازە هەیە، دەربڕینەکانی مرۆڤیش پێویستی بە چەمکاندن و وێنا کردن و ڕستەسازیی و خورتکردنەوەی بەردەوام هەیە. من پێموایە یەکێک لە کارکردەکانی شێعر ئەمەیە. شێعر دەستەوشە و ڕستەی نوێ دەئافرێنێ و کارکردی نوێ بە وشەکان دەدا و ئەم ڕستە و کارکردە نوێیانە زۆربەیجار ڕادەکێشرێنە نێو زمانی نووسین و ئاخافتنەوە. هەمیشه نمونەی ئەو قسەیە دێنمەوە: چەن ساڵێک لەمەوپێش سەیری چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیم دەکرد. یەکێک لە میوانەکان بەسەرهاتێکی خۆی دەگێڕاوە کە سەری لە ئاسنی درگایەک دراوە و شکاوە. دەقی قسەکەی ئەمە بوو: ”دڵۆپێک خوێن بە شەرمنی بە نێوچاوانم‌دا هاتە خوارێ”. ئەم ڕستەیە کە ئێستا لەسەر زاری ئەو کەسەوە هاتووەتە نێو زمانی ڕۆژانەوە پێشتر لە ئەدەبیات و لە شێعردا بواری بۆ ڕەخسێنراوە. گیانبەخشی بە ‘شت’ـەکان یەکێک لە جوانکارییە ئەدەبییەکانە. دەی ڕەنگە بوترێ ئەم ڕستانە بێنە نێو زمان و نەیەن چ گرنگییەکیان هەیە؟ ئەمانە گرنگن چونکا زمان بەرفراوان و دەقیقتر دەکەنەوە. تێگەیشتنی مرۆڤ لەم ڕستەیە زۆر وردتر و لە هەست نزیکترە هەتا بوترێ دڵۆپێک خوێن بە هێواشی بە نێوچاوانم‌دا هاتە خوارێ.

من باوەڕم وایە کە لە ناوەرۆک‌دا جێگایەکی زۆر بۆ داهێنان نییە. ناوەرۆک بەستێنێکی سنووردارە و لە کۆتایی‌دا لە مەزن ڕیوایەتەکان‌دا کورت دەبێتەوە. تۆ یان گەمە بەم مەزن ڕیوایەتانە دەکەی و دەیانخەیتە ژێر پرسیارەوە و وردەگێڕانەوەکان دێنیتە گۆڕێ (بە واتا لیوتارییەکەی) و جۆرێکیتر لێی دەڕوانی و گومانیان لێدەکەی، کە لە کۆتایی‌دا ئەمەیش هەر دەتوانێ دیسانەوە مەزن ڕیوایەتێکی دی بێت (وەک هابێرماس دەیڵێ) یان نا، هەر وەک خۆی دەکارییان دەکەی. واتە بازنەی ئاڵووگۆڕ و داهێنان لەم بابەتانەدا سنووردارە.

زۆربەی ئەو پەیام و تێما و ناوەرۆکانەی لە شێعری هاوچەرخ‌دا هەن هەمان ئەو شتانەن کە سەدان ساڵە مرۆڤ باسیان لێوە دەکات و ئەگەر شتێکیش زیاد بکرێ هەر لە ژێر چەتری مەزن ڕیوایەتەکان‌دایە. بۆ وێنە لە مەزن ڕیوایەتی مافی مرۆڤ‌دا ئێستا مافی مرۆڤمان هەیە و هەزار ساڵ لەمەوپێش کۆمەڵێک شتی گشتی وەکوو ڕەحم و بەزەییمان هەبووە. سەردەمانێک سەعدی دەیوت: مێرولە ئازار مەدەن چونکا گیاندارە و گیان خۆشەویست، شاعیری ئێستایش باسی پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان دەکا. ڕەنگە لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە بڕواننە بابەتەکە بەڵام لە کۆتایی‌دا ئەم دوو ناوەرۆکە لە یەک دوور نین چونکا خۆ شاعیر نایە بنەماکانی مەزن ڕیوایەتێک لە شێعرەکەی‌دا شی بکاتەوە بەڵکوو بۆن و بەرامەی ئەو مەزن ڕیوایەتانەیە کە لە شێعرەکەیەوە دێن و ئەم بۆن و بەرامانە بە تێپەڕینی ساڵەکان ئاڵووگۆڕێکی ئەوتۆیان بەسەردا نایە. ئێستا ئێمە باسی هەزار ساڵ مەودامان کرد کە دنیا زۆر زۆر گۆڕاوە بەڵام لە نێوان دوو بەرەی شێعردا کە تەنیا ڕەنگە سی ساڵ مەودای زەمەنیان هەبێ، دەبینین کە ئەگەری داهێنان لە ناوەرۆک‌دا دەگاتە نزیک سفر. (دیاره جیاوازی جیهانبینی دەکرێ بەشێک بێت لە ناوەرۆک بەڵام بەهەرحاڵ ئەویش هەر دێتەوە سەر تێما هاوبەشەکان).

بەڵام داهێنان لە فۆڕم و زمان و دەربڕین و ڕۆنانی زمان و دەربڕین و تەکنیکی تازە یان گەشەدان بە تەکنیکە کۆنەکان، زیاتر ڕوو دەدات کە ئەویش بەشێکی زۆری بەرهەمی شێوازی هاونشینی ئەم فاکتەرانەیە لەگەڵ یەکدی. ئەگەر هەر ئەمڕۆ یەک ملوێن شێعر لە هەموو دنیادا بنووسرێ، جۆراوجۆریی ناوەرۆکەکانیان، زۆر کەمتر دەبێ لە جۆراوجۆری تەکنیک و زمان و دەربڕین و فۆڕمیان. باسی لوان و ئەگەر و توانست دەکەم نەک ئەوەی کە دەبێ وابێ یان نابێ وابێ. دەزانم پرسیارەکەی تۆ لەسەر ناوەرۆک نەبوو بەڵام ئەم ڕۆژانە زۆر ڕووبەڕووی ئەم پرسە دەبمەوە پێم باش بوو ئاماژەیەکی پێ بکەین.

بۆ باسی داهێنان لە فۆڕم و تەکنیک و زمان‌دا دەبێت بڵێم؛ تەکنیکە شێعرییەکان و زمان و شێوازی دەربڕین ئاڵووگۆڕییان بەسەر دێت و سنوورەکانیان فراوانتر یان بەرتەسکتر دەبێتەوە و دەکرێ هێندەکجار دابەش بن و بە دوو یان سێ ناوی جیاوازەوە کاریان پێبکرێ وەکچۆن مێتافۆڕ لە ڕەگی خۆی‌دا لە شوبهاندن جیا بووەتەوە و شوبهاندن خۆی چەن لقی دیکەی هەیە و مێتافۆڕ خۆی کۆمەڵێک چڵ و پۆپی هەیە و … . بەرکەوتنی فەرهەنگەکان و ئەدەبیاتی نەتەوەکانیش لەمەدا کاریگەریی هەیە. لە ئەدەبیاتی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دا (بە عەرەب و فارس و کوردەوە) شتێکمان هەیە پی دەڵێین تەنز و شتێکمان هەیە پی دەڵێین نەقیزە. ئێستا ئەم دووە لە بەرکەوتن لەگەڵ ئایرۆنی و پاروودی‌دا کە لە ڕۆژئاواوە وەرمانگرتووە، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەوان و لە شێعری هاوچەرخ‌دا زیاتر لە تەنز و نەقیزە، بەر ئایرۆنی و پاروودی دەکەوین و دوور نییە ئەم بەرکەوتنە شتێکی تازەیش بونیاد بنێت. (هێندەکجار دەبینرێ کە لە فەرهەنگەکان‌دا لە بەرانبەر وشەی ئایرۆنی، وشەی تەنز و… دانراوە و لەبەرانبەر وشەی پاروودی‌دا، وشەی نەقیزە بەکار هاتووە. بەڵام ئەمانە کۆمەڵێک جیاوازییان پێکەوە هەیە کە نابێ چاوپۆشی لێبکرێ). یان بۆ وێنە لە زمان‌دا کۆمەڵێک تازەگەری دەکرێ کە وەک وتم سنوورەکانی زمان فراوانتر دەکەنەوە و کەڵک لە ماتەوزەی نێو ئاستە جیاوازەکانی زمان وەردەگیرێ و بۆ وێنە کەڵک لە ماتەوزەی زمانی کۆڵان و بازاڕ وەردەگیرێ بۆ داهێنانی دەربڕینێکی نوێی شێعری کە لەم ساڵانەی دوایی‌دا بە لۆمپەنیزمی شێعری ناو دەبرێ.

لە شێعری هاوچەرخ‌دا، هەتا ئەم ئاستە بەر ئاڵووگۆڕ کەوتووم و ئەگەر تازەگەرییەکی بنەڕەتی‌تر کرابێ نەمدیوە و پێمنەزانیوە یان پێموابووە هەوڵێکی نەزۆکە. بەهەرحاڵ بنەما شێعرییەکان و پێگەی تەکنیکە ئەدەبییەکان و بناغەی دەسەڵاتی زمان هێندە واتادار و پتەون کە هەرچەشنە ئاڵووگۆڕ و داهێنانێک لەمانەدا پێویستی بە شارەزایی و تواناییەکی تایبەتی شاعیر هەیە کە بیئافرێنێ و لەو لاشەوە پێویستی بە توانا و شارەزاییەکی مەزنی تیۆریکی خوێنەر هەیە کە پێی بزانێ. ئەوەی کە دەبیسین کەسێک هەروا لە گۆترە دەڵێ من زمان دەشکێنم و بەرهەمەکەی دەبێ بە دەقێک کە مرۆڤ ناتوانێ بیخوێنێتەوە، بەرهەمی ئەم ناشارەزاییەیە لە یەکەم خودی زمان و دووهەم ئامرازی ئەمکارە و سێهەم نەزانینی ئەو سنوورانەی کە زمان لە پاش ئەوان لە زمانبوون بەتاڵ دەبێتەوە. بۆ بەرفراوان کردنەوەی زمان و داهێنان لە هەموو جومگەکانی دیکەش‌دا، شاعیر دەبێ تێگەیشتنێکی درووستی لە زمان و کات و شوێنی خۆیشی هەبێ. ئەم کارەی کە ئێستا لە شێعردا دەکرێ، ئەگەر هەزار ساڵ لەمەوپێش بتکردایە بە بێ ئەملاو ئەولا بە شێت دەزانرای. بەڵام بە درێژایی ئەم هەزار ساڵە هەوڵی بچووک بچووک دراوە و کەم کەم سنوورەکە فراوانتر کراوەتەوە و ئێستا ئێمە دەتوانین کۆمەڵێک کار بکەین.

هەرچەشنە داهێنانێک بۆ ئەوەی کە فڕێ نەدرێ، پێویستە بەسترابێتەوە بە پاشخانی خۆیەوە و لەوێوە هەوڵی داهێنان بدات. لە حاڵەتی ئاسایی‌دا، ئەگەر سوپای وڵاتێک بیهەوێ ڕووبەری وڵاتەکەی خۆی فراوانتر بکات، دێتە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی و کەم کەم هەوڵ دەدا بە چوونە پێشەوە ئەم سنوورە فراوانتر بکات و پاشان بۆ ئەوەی کە ئەم سنوورانە لە دەست نەچن، پێویستییان بە پارێزگاریی لێکردنە و دەبێ خەڵک تێیدا نیشتەجێ بن و… . بێگومان داهێنان گرنگە و پێموایە لە هەموو ئەو بوارانەی‌دا کە ناوبران پێویستن، بەڵام بابەتێکی هەستیاریشە. بۆیە بۆ هەر شاعیرێک پێویستە پێش خۆی باش بخوێنێتەوە و بیناسێ و بزانێ چی کراوە و چی دەکرێ و لەوێوە درێژە بە کاری خۆی بدات.

بۆ بەشی دووهەم دەبێ بڵێم لە ڕاستی‌دا ئەوەی کە وشەیەک زۆر باو و بەکارهاتوو بێت ڕەنگە وا بکا شێعرێک شێوەیەکی سواوی هەبێ، بەڵام ئەو شتەی کە لەمە گرنگترە چۆنییەتی بەکارهێنانی وشە و چۆنییەتی چنینی ئەم وشانەیە لە ڕستەدا. واتە من پێموایە ئەوەی کە نابێ سوابێ، ڕستە و پەرەگرافە نەک وشە. دەکرێ بە کۆمەڵێک وشەی زۆر بەکارهاتوو و باو، ڕستەیەکی باش و نوێ ساز بکەی و بە کۆمەڵێک وشەی نەباو و تازە داهێنراو، ڕستەیەکی ڕەق و تەق و بێ گیان و تەنانەت ڕەنگە سواو بەرهەم بێنی. وشەیلی گوڵ و بەهار لە بەرچاو بگرن کە وشەیلێکی ئێجگار بەکارهاتوون. کاتێک کە من بڵێم:

”ئەم بەهارە کە هاتم بۆ لات گوڵێکم بە دەستەوە بوو”

یەک دوو ڕستەیەکی ئاسایی و سواوم نووسیوە کە هیچ شێعرییەتێکی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر بڵێم:

”تۆ و بەهار پێکەوە هاتن و من دەستم گوڵی گرت”

ئەمجار ڕستەیەکی کەمێک نائاسایی باشتر و نوێترم وتووە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لەم ساڵانەدا زۆر هێنراوەتە نێو شێعرەوە، هێشتا ڕستەیەکی سواوە و ئەگەر بڵێم:

”دەستم لە تۆ و بەهاردا چاند و گوڵ ڕوا”

لێرەدا خەریکم نیشانەکانی شتێکی نوێتر دەردەخەم بەڵام هێشتا کەمە. بەڵام ئەگەر بڵێم:

”دەستم / تۆ / بەهار /  گوڵ گوڵ گوڵ گوڵ گوڵ”

ئەمجار وێڕای ئەوەی کە کورتبێژیم کردووەتە پیشە و ڕێگەم بە چەن واتاییش داوە، بە پێنج جار دووبارە کردنەوەی وشەی گوڵ، دەست و پێنج قامکەکەم وەبیر دێنمەوە و هەروەها سووکە تەنزێکیشم تێدا گونجاندووە کە وەبیر هێنەرەوەی هاواری گوڵ گوڵ کردنی هاندەرێکی فوتباڵە و لە لۆی ژێرەوەی واتادا بە بەردەنگ دەڵێم کە دیدارێکی سەرکەوتوویش بووە (گوڵم بردووە و گوڵیشم کردووە). ئەم نموونەیەشم هەروا بە مێشک‌دا هات و ئەو ڕستانە هی کەس نین.

ئەمەیە نهێنی ڕوانینی شاعیرانە. ئەم ڕوانگە نوێیە دەتوانێ شتێکی نوێ دابهێنێ نەک بە تەنیا وشەی نوێ و کەمکارپێکراو. ئەگەر شاعیرێک بە هەمان ئوسلوبی کۆن وشەیلی تازەی وەکوو فیزیکی کوانتۆم و موبایل و ئاپۆلۆ یازدە و ئینستاگرام و لایک و… بخاتە نێو ڕستەکانییەوە شتێکی بە هونەری شێعر زیاد کردووە؟ نا! تەنیا کارێک کە کردوویەتی ئەوەیە کە ئەگەر شانسی هەبێ سەرنجی جیلێکی ڕاکێشاوە کە لەگەڵ ئەم شتانە دەژین و پێکەنین دێتە سەر لێویان و چوار ڕۆژیتر باوی شێعرەکە لە لای ئەوانیش نامێنێ چونکا لە باری هونەرییەوە گرنگ نییە. بەڵام دەتوانێ هەر ئەم شتانە هونەرمەندانە و داهێنەرانە بەکار بهێنێ و شێعرەکەی هەرمان بکاتەوە و تەنانەت ئەگەر ڕۆژێکیش ئینستاگرام و لایک کردن نەمێنێ، ئەم شێعرەی ئەو واتایەکی هونەری بەو شتانە بەخشیوە. وەک چۆن ئێستاکە باوی دەواری شڕ نەماوە بەڵام هێشتایش ئێمە بە بیرهێنانەوەی ”دەواری شڕی دەم با” واتامان لە مێشک‌دا ساز دەبێ. واتایەک کە ڕۆژێک شاعیرێک خولقاندوویەتی و منیش دەتوانم بە کەڵک وەرگرتن لەو پێشینەیە دیسان دەکاری بکەم. (کارێک کە خەم و دەردی فیراقت بە منی کرد/ سەرما بە هەتیو، با بە دەواری شڕی ناکا).

دیار لەتیف: کوردەکان بڕستی جەنگ و ڕاوەدوونان و برسێتی و کۆمەڵکوژییان، بە جۆرێکی وزەپڕوکێن ماندوویکردوون، ئایا بۆ دەبێت شیعر دەستکراوەبێت بەرامبەر ساتەوەختەکانی کە تێیدا دەژی. چەندێک درووستە باوەڕمان وابێت شیعر خاوەن ڕەوانێکی بەرهەڵستکارانەیە و دەبێت بپارێزرێت؟ ئایا شیعر بۆچی دەبێت وەفاداربێت بەرامبەر بە ساتەوەخت و دەسەڵات و تەنانەت ڕەگەزپەرستی نەتەوایەتی؟ ئاخۆ شاعیران ناچارن هەڵوێستیان بە شیعر لەبارەی بۆنە نیشتمانییەکان هەبێت؟ ئاخۆ شاعیر ڕووداوخوڵقێنە، یان ئەوە ڕووداوە شاعیر دەخوڵقێنێت؟! ڕوانینتان لەسەر ئەدەبیاتێک کە پێی دەبێژن بەرگری و ناسیۆنالیست چییە؟ ئاخۆ ئامادەیی ئەدەبی بەرگری تەنیا لەکاتی مەرگەساتدایە، یان دەکرێت لەوپەڕی ئارامیشدا بەرهەم بێت؟ شیعر پێشەوەی بەرگری بێت لەهەر لایەک، بەرگرییە لە مرۆڤ، بەرگرییە لە پێکەوەژیان و بەرگریشە لە ڕەگەزی ئاشتی، بەڵام بەهۆکاری جەنگ و ناکۆکی، بۆچی دەبێت شیعر لەو پێوەرانەی خۆی، لەو قاوغە تەندرووست و ڕاستەقینەی خۆی دەرچێت و بە بارێکی پێچەوانەدا هەڵبسوڕێت؟ ئاخۆ لەئێستادا ناکرێت و نابێت گوومان لەو پۆڵینە بکەین کە وتراوە: ئەمە شیعری بەرگری، ئەمە شیعری خۆشەویستی، ئەمە شیعری فێرکاری و دەستنیشانکردنی جۆریتر، ئەم ناولێنانە دەکرێت بێژین بۆخۆی زیندانی ئەدەبیاتە و لە پێناسەدانێتی، کە پێناسیش بۆخۆی بەرتەسککردنەوەی مەودای بەرینایەتی ئەدەبە؟

ئەنوەر عەباسی: ئەدەبی بەرگری (کە دەپەرژێتە سەر بابەتی بەرگری لە نیشتمان یان لە ئایدۆلۆژییەکی دیاریکراو) لە کاتی لەمەترسی کەوتنی نیشتمان یان ئایدۆلۆژیی‌دا بەرجەستە دەبێتەوە و ڕۆڵی کاریگەر دەبینێ. جا دەکرێ ئەم مەترسییە ڕاستەقینە بێت یان مەترسییەکی هەڵسازراو بێت. هەروا کە خودی بەرگری هی کاتێکە کە مەترسی هێرش هەیە، ئەدەبی بەرگریش کاتێک بەرجەستە دەبێتەوە کە هەست بە مەترسی بکرێ. بەڵام دیسان هەروا کە لە سەردەمی ئاشتی و ئارامیش‌دا سوپاکان هەر ئامادەییان هەیە، ئەدەبی بەرگریش هەوڵ دەدا لە کاتی ئاسایش‌دا بە تۆزێک قاوخ گۆڕین، ئامادەیی هەر بمێنێ. مەسەلە ئەوەیە کە ئایا کڕیاری هەیە یان نا؟ کاتێک کە ئەدەبی بەرگری کڕیاری هەبێ، بێگومان زۆتر بەرهەم دێت و کاتێک کە نەیبێ کەمتر. ئێستا بۆ وێنە به هۆی دۆخی ئازادییەکی رێژەیی کە لە باشوور هەیە، ئەدەبی بەرگری لاواز بووە و کڕیاری نییە بەڵام لە ڕۆژهەڵات کە بە دۆخێکی دیکەدا تێدەپەڕێ و هێشتا ژێردەستەی دەسەڵاتی ئێرانە، هێشتا لایەنگری هەیە و تەنانەت چاوەڕوانی زۆرینەی خەڵک لە شاعیرەکان ئەوەیە کە قەڵەم لەم بوارەیش‌دا تاو بدەن. هەرچەن من پێموایە هەرچەشنە شێعرێک کە مەبەستی پاراستنی ماف و بەهایەکی دیاریکراو بێت، دەتوانێ بچێتە خانەی ئەدەبی بەرگرییەوە. بۆ وێنە ئەو شێعرانەی باس لە دۆزی ژن دەکەن یان ئەو شێعرانەی کە باس لە ستەمی دەسەڵات یان حزب و هێزێکی دیاریکراو دەکەن. کە هەڵبەت دیسان ئەمەیش ئەرک نییە لەسەر شێعر، بەڵکوو هەڵبژاردنی شاعیرە.

من پێموایە خودی شێعر بۆ بەرگری لە هیچ نەهاتووە. تاکە شتێک کە شێعر پێی ئەرکدارە، شێعربوونییەتی. شێعر تەنیا بۆ بەرگری لە شێعر هاتووە و هەر ئەرکێکی دیکەیش کە بیخەینە سەر شانی ئەبێ لە پاش ئەمەوە بێت. لە قۆناغی یەکەم‌دا هیچ گرنگ نییە شێعرێک باس لە چی دەکات. پێش هەر شتێک شێعر دەبێ شێعر بێت.

کە ئەم بەربەستەی تێپەڕاند ئەمجار دەتوانین بە پێی پەیام و مەبەستی هەر شێعرێک هەڵسەنگاندنی ناوەرۆکییانەمان بۆی هەبێ. ئەمە پێشمەرجە و پێشتریش پێداگریم لەسەر کردبوو. ئەگەر وای دابنێین کە ئەم پێشمەرجە وەرگیراوە و ئێستا شێعرێکی داهێنەرانە و باش داڕێژراومان هەیە و ناوەرۆکی ئەم شێعرە نیشتمانییە و تۆ پرسیار لە من بکەی ”بۆچی ئەم ناوەرۆکەی هەڵبژاردووە؟” من وڵام دەدەمەوە کە ”ئەم پرسیارە دەبێ لە شاعیرەکەی بکەی بەڵام ئایا هەر ئەمە بەس نییە کە شێعری چاکە؟”. پێموانییە کەس بتوانێ ئەم ئەرکە بخاتە سەر شاعیر کە ناوەرۆکەکەی بە دڵی ئەو دابڕێژێ. دەکرێ ڕەخنە بگیرێ و ئێمە هەرکامەمان بە پێی تێگەیشتنی خۆمان لە دنیا چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ کە فڵانە شاعیر بە جێگای نووسینی شێعری نیشتمانی، لە شێعرەکانی‌دا جنێو بە نیشتمان بدات. دەکرێ، دەزانی؟ وتنی ئەم قسانە قەدەغە نیە بەڵام کاتێک شاعیرێک بڕیار دەدات شێعرەکەی نیشتمانی بێت ئیتر بڕیاری داوە.

ئەمە بە گشتی. بەڵام بە تایبەتیی ئەگەر لە زمانی خۆمەوە وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە بۆچی شێعری نیشتمانیت نووسیوە، وڵامم ئەوەیە کە وەکوو کوردێک هەستم بە پێویستیی کردووە. نازانم تێگەیشتنی خەڵکی دی چۆنە بەڵام من پێموایە لە سەردەمێک‌دا دەژین کە خۆشەویستیی نیشتمان بەشێکی جیانەکراوەی مرۆڤایەتییە. قەت سوێدییەک لە شاعیرێکی سوێدی ناپرسێ بۆ شێعری نیشتمانی دەنووسی و شێعر بۆ مرۆڤایەتی نانووسی؟ (باسی شێعری ڕەگەزپەرەستانە و شتی لەم چەشنە ناکەم) ئەمریکاییەک هەروا و ئەڵمانییەک و هیندییەک و ئێرانییەکیش هەروا. بەو جیاوازییەی کە ئەوان وەکوو ئێمە وڵاتیان داگیر نەکراوە و چونکا ئەم کێشەیەیان نییە، ئەم جۆرە شێعرانە کاڵتر بوونەتەوە و کەمتر دەنووسرێن بەڵام هێشتایش ڕەنگە لە ئێمە زیاتری بنووسن کە وڵاتمان داگیر کراوە. ئەمە زۆر سەیرە.

وڵات خۆ تەنیا چوار مەتر خاک نییە، ئەزموونی مێژوویی و فەرهەنگی و زمانی و… ی خەڵکانێکە کە لەسەر ئەم عەرزە ژیاون و دەژین. داگیرکردنی وڵات واتە داگیرکردنی زمان، فەرهەنگ، مێژوو و مێشک و تەنانەت هەست و تێگەیشتن و دنیابینی. ئەمانە میراتی مرۆڤایەتین و مرۆڤ دەبێ بیانپارێزێ و ئێمە مرۆڤین. وەکوو کورد، مرۆڤگەلێکین کە ڕاستەوخۆتر لە مرۆڤانی دی گرێدراوی ئەم ئەزموونەین. ئەگەر شێعر دەیهەوێ بەرگری لە بەها مرۆڤییەکان بکات، دەی ئەمەیش بەهایەکی مرۆڤییە. ئێمە یان دەبێ بڕیار بدەین کە نامانەوێ ئیتر بمێنینەوە و چش با لە نەتەوەکانی دیکەدا بتوێینەوە، یان دەبێ بڕیار بدەین دەمانەوێ بمێنینەوە و لە بەرانبەر توانەوەدا بەرگری بکەین. بۆ شاعیر خۆ یەکلا کردنەوە لەم بابەتەدا گرنگە. ئەگەر باوەڕی وایە کە باشترە نەمێنین، کەواتە زۆر ئاساییە هیچ ئەکتێکی دیکەی نەبێ و تەنانەت دەتوانێ بە زمانی دیکە بنووسێ. بەڵام ناکرێ شاعیرێک بڵێ من نامەوێ تێدا بچین، بەڵام هیچ ئەکتێکی بەرگریکارانەیشم نییە. ئەمە هاودژیی و دووڕوویی و بەرژەوەندیخوازییە. مرۆڤ بە گشتی دەبێ لاقی لەسەر عەرز بێت. بێگومان شاعیر دەتوانێ ڕووداو بخولقێنێ بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە لەو دنیایەی کە تێیدا دەژی داببڕێ و تۆپ لە پەناگوێی بتەقێ و دەنگی نەبیسێ و بەسەر گولەتۆپەکەدا نەنەڕێنێ.

لێرەدا باسی ئەولەوییەتیش دێتە ئاراوە؛ ئایا ئەولەوییەتی من (وەکوو تاک) ئەوەیە کە شێعری بەرگری بۆ ژن و نیشتمان و فڵانە بەهای مرۆڤیی بنووسم یان ئەولەوییەتم پەرژانەسەر بسکی خاوی کچی جیرانەکەمانە؟ لە جیهانێکی ئاڵۆزدا دەژین و مرۆڤی ئەم سەردەمە ڕۆژانە بەر ڕووداو و کارەسات و بۆنە و… دەکەوێ. بەڵام پێموانییە ئەم ئاڵۆزبوون و تێکهاڵانە گەیشتووەتە ئاستێک کە شاعیرێک ساڵی جارێک نەتوانێ شێعرێک بۆ نیشتمان یان بەهایەکی مرۆڤی بنووسێ. یان نەتوانێ لە هەمانکات‌دا کە باسی پرچی خاوی کچی جیران دەکا، ئەمە ببەستێتەوە بە بەهایەکی مرۆڤییەوە. هەڵبژاردن و ئەولەوییەتەکان لەم بابەتەدا جیامان دەکەنەوە.

بەشێک لە شێعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بیست ساڵەی دوایی‌دا بە بیانووی دوور کەوتنەوە لە درووشم، هەوڵی داوە کەمتر خۆ لە قەرەی ئەم بابەتانە بدا. من لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بابەتەوە دژی بووم و ئێستایش دژی هەم چونکا پێموایە ئەمە لە بەرژەوەندی دەسەڵات‌دا بووە و هەمیشەیش شێعری لەم چەشنە دەچێتە خزمەت دەسەڵاتەوە. شێعرێک کە ساوایی خۆی دووبارە دەکاتەوە و ناوێرێ خۆ لە باسی ”گەورەکان” هەڵقورتێنێ، شتێکی کەمە. بەڵام بەشێکی دیکەی شێعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە خۆی لە درووشم‌دان پاراست، بەڵام خۆی لە باسە ڕۆژەکان لانەدا و هەوڵی‌دا بە دژی سڕینەوەی سیاسەت لە ئادگاری شێعر بجوڵێتەوە. من ناڵێم شێعر ئیلا دەبێ باسی سیاسەت بکات بەڵام خۆ لادانی بەردەوام لە سیاسەت، نا بەرپرسانە و ترسنۆکانەیە.

کە باس لە ڕۆشنبیری دەکرێ، من تەنیا ئەوە بە مێشکم‌دا دێت کە بریا زۆربەی ئەوانەی  لە کوردستان باسی ڕۆشنبیری دەکەن قەت لە دایک نەبووبان. بەشێکی زۆر لە ئەو بوونەوەرە سەیرەی لە کوردستان پی دەوترێ ڕۆشنبیر، بوونەوەرێکی ڕووکەشی درووشمدەری نائاگایە. زۆربەیان خوێندەواریی ڕاستەقینەیان لە ئاستی فەیسبووک و ئەگەر زۆر زیرەک بن ویکیپێدیا دایە. شتێکیان بیستووە کە گوایە ناسیونالیزم خراپە و ئەوان ئەمە تەنیا لەسەر کورد فەڕز دەکەن کە قبوڵی بکات. من پێموایە ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە پێش هەموو شت، لە دۆخ تێدەگا. لە سەردەمێک‌دا کە خۆشەویستی نیشتمان لە هەموو وڵاتانی دنیا، بنەمایەکە کە بە هیچ شتێک… دووبارەی دەکەمەوە، بە هیچ شتێک لە نێو ناچێ، شتێک بە ناوی ڕۆشنبیری کورد (بە ئیسلامی و بە سێکۆلارەوە) پەیدا بووە ئەڵێ ”کوردستان بەلای منەوە بایەخی نییە و من جیهانی بیر دەکەمەوە”. دەوڵەتی ئێران چل ساڵە خەڵکەکەی دەچەوسێنێتەوە. پێش ئەویش ئەم خەڵکە بە کولەمەرگی ژیاون، بەڵام بۆ یەک چرکەیش، تەنانەت کومونیستەکانی ئێرانیش درووشمیان نەداوە: ”ئێران گرنگ نیە من جیهانی بیر دەکەمەوە” و ئەگەر ئەم درووشمەشیان دابێ بۆ فریودانی گەلانی دیکەی نێو ئێران بووە و لە کرداردا هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پان ئێرانیستێک نەبووە و نییە. ئەمە هەڵگرە و بیگوازەوە بۆ هەموو وڵاتانی دنیا، دەبینی هەموویان وان. لە کاتێکدا ئەوان وەکوو ئێمە لە مەترسی لەناوچوونیش‌دا نین. ئەمە هەڵەیە یان ڕاستە، هیچ گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئەمە دۆخی دنیای ئێستای ئێمەیە و نە ئەرکی ئێستای تۆیە و نە لە توانایشت‌دایە کە لە خڕەی ناوزەنگ و زڕگوێز و قەندیل و لە فڵانە مزگەوتەوە ئەم بابەتە بگۆڕی، ئەویش لەسەر زگی کورد. ئەمە تەنیا بەردی زل هەڵگرتن و نەهاویشتن و کەوتنە خزمەت سیستەمە دیکتاتۆرییەکانە. دەکرێ مرۆڤ لەو ئاراستەیش‌دا هەنگاو هەڵێنێ بەڵام بە تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی دنیا و دیتنی نزیکترین کێشەکان بە خۆی، نەک بازدان بەسەر دۆخی هەنووکەیی و خەیاڵی ڕۆژی باڵا و یوتوپیا. ئەمە ڕاست وەک ئەو کەسەی لێدێ کە لە دەرەوە درووشمی یەکسانیی ژن و پیاو دەدا و لە ماڵەوە ژنەکەی خۆی دارکاری دەکا.

هیچ لۆجیکێک لەوەدا نییە دیکتاتۆرییەتێک وەکوو کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر شار و زێدی من‌دا گرتبێت و من بۆ ئەوەی کە بڵێم ڕۆشنبیرم قەت لە شێعرێک‌دا باسی نەکەم و بڵێم پەیوەندی بە منەوە نییە. لۆجیکێک لەوەدا نییە ڕۆژانە لە ئێران و لە ئەڵمان و لە تورکیا و لە ئەمریکا بەشێک لە ئەدەبیات و سینەما و هەموو هونەرەکانی دیکەشیان بپەرژێنە سەر گەشەی هەستی نیشتماندۆستیی لە لای تاکی وڵاتەکەیان و لەم نێوانەدا ڕۆشنبیری کورد وا بزانێ لە سەر مریخ دەژی و نە مەترسی لەسەرە و نە داگیرکراوە و نە بای دێت و نە باران. لۆجیکێک لەوەدا نییە لە وڵاتێک‌دا مافی قسەکردنی ئازاد بوونی نەبێ و شاعیری تێدا زیندانی بکرێ و من نەپەرژێمە سەری. مەگەر شێعر نابێ دەربڕینی هونەریانەی تێگەیشتنی من لە دنیا بێت؟ مەگەر بۆی نییە دەنگی ناڕەزایی بێت؟ دەی بەشێکی تێگەیشتنی من لە دنیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم داگیرکاریی و ستەمە و شێعر دەتوانێ ببێت بە ڕێگایەکیش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.

هەرچەن خۆم پێموایە لەم بابەتەوە کەمکاریش بووم و ئەوپەڕەکەی بیست لە سەدی شێعری من بەو واتایە نیشتمانیی بوون. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بۆ شتێک شانازی بە خۆمەوە بکەم، بۆ ئەوەیە کە مەترسی‌دار ژیاوم و ترس یان نائاگایی یان بەرژەوەندی وای نەکردووە شتێک نەنووسم کە دەبێ بینووسم. شێعری سەگوەڕم کاتێک نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە کە وەکوو پەنابەر لە هەولێری زەرد دەژیام. شێعری خاڵێک دابنێ و دانی پێدا، وای کردووە چەندین ساڵە ئەوەی گۆڤار و سایت و چاپەمەنی هەبێ لە زۆنی سەوز، هەوڵی پەراوێزخستنم بدات و تەنانەت بابەتە کۆنەکانی منیان لەسەر سایتەکانیان سڕیوەتەوە. ڕۆمانی سژینم کاتێک نووسی کە هاتبوومە ئوروپا و بە هۆی مەسایلی نیشتەجێەوە پێویستم بە پشتگیری قەندیل بوو بەڵام ڕۆمانی سژین بە دڵی ئەوان نەبوو و هەر ئەمەیش وایکرد چاو لەسەر ئەو هەموو زەحمەتەی بە گەنجی بۆم کێشابوون دابخەن و نەک هەر یارمەتیم نەکەن، تەنانەت ببنە سەرچاوەی کۆمەڵێک کێشەیش بۆ من. لە هەموو ئەم ساڵانەدا نووکی تیژی قەڵەمم قەت ڕووی لە نیشتمانێکی ستەملێکراو نەبووە و قەتیش بێدەنگ نەبووم لە بەرانبەر ئازارەکانی‌دا و پێموایە دەبێ هەر وایش بێ. زۆر دەبینم شاعیرێک کە بە دەست حیزبێکەوە توڕەیە، دێ بە ناوی شێعرەوە سووکایەتی بە نیشتمان و هێماکانیی دەکات. چونکا ئەمە کەم مەترسییە، چونکا کەس لەسەر نیشتمانێکی ئاوا بێکەس، کاری پێیەوە نابێ. ناوێرێ باسی فڵانە حیزب بکات، ناوێرێ باسی دۆخ و کات و شوێن بکات، ڕاست بەسەر نیشتمانێکی داگیرکراو‌ و هێماکانی‌دا دەڕشێتەوە… .

شاعیر دەبێ مەترسیدار بژی و مەترسیدارژیان واتە هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی. مەترسیدار ژیان لەگەڵ دەمبەڕەڵایی و نابەرپرسیار بوون جیاوازە. منیش دڵنیام ڕۆژێک هەر دێت و ئەم سنوورانە لە نێوان مرۆڤایەتیی‌دا نامێنن و واتای خۆیان لە دەست دەدەن بەڵام هەتا ئەو کاتە بە ئەرکی خۆم دەزانم بۆ هێشتنەوە و ڕاگرتنی ئەم زمان و فەرهەنگە کە میراتێکی مرۆڤییە و هی هەموو مرۆڤایەتییە، بەرپرسیارانە بجوڵێمەوە. شاعیرێکی ئەفریقی و شاعیرێکی جوو و شاعیرێکی عەرەبیش هەر ئەوە دەکات. ناکرێ بەرپرسیارەتییەکانی خۆمان لە کات و شوێنێکی دیاریکراو و ڕاستەقینەدا بگوازینەوە بۆ کاتێکی وەهمی لە داهاتوودا. هەروا کە ناکرێ واز لە ئامانجی باڵای باشتر کردنی جیهانیش بهێنین و من پێموانییە ئەم دووە لە یەک جیا بن یان دژایەتییەکیان لەگەڵ یەکتر هەبێ. پێموایە هەست کردن بەم بابەتە وای کردووە کە زۆربەی شاعیرانی ئێمە، بەشێکی شێعرەکانیان شێعری سیاسیی و نیشتمانین. عەبدوڵا پەشێو ساڵی ئەگەر هەڵە نەبم ٢٠٠٠ لە وڵامی پرسیارێکی هاوچەشن‌دا وتبووی: دەزانم ڕۆژێک کە کوردستان کێشەی نەتەوایەتی نەمێنێ، ئەم شێعرە نیشتمانیانەی من لە بیر دەکرێن و بایەخیان نامێنێ، بەڵام من ناتوانم بەو بیانووە لەم بەرپرسیارەتییە هەنووکەییە هەڵێم و بۆی نەنووسم. (ڕستەکەیم بە وردی بیر نەماوە بەڵام واتاکەی هەر ئەمەیە) شاعیرێک کە دەپەرژێتە سەر ئەم بابەتانە لە ڕاستی‌دا خۆی دەکاتە قوربانی و ئەم خۆ قوربانی کردنە لە چاوی من‌دا ڕاست خودی هێژاییە. لە بیرتە لە سەروبەندی شەڕی داعش‌دا، چەندە بێ شێرکۆییمان پێوە دیارە بوو!؟

من ڕێگە بە خۆم نادەم بە هیچ شاعیرێک بڵێم لەسەر چ بابەتێک شێعر بنووسێ. ئەمە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دنیابینی و ویست و هەڵویستی ئەوەوە. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بمەوێ بە ڕوانگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە چاوێکی ڕەخنەیی بە کتێبێکی شێعردا بخشێنم کە لە سەردەمی هێرشی داعش و جینۆسایدی ئێزدییەکان‌دا نووسراوە، بێگومان دەگەڕێم بزانم شاعیر بە یەک دوو شێعریش بێت، پەرژاوەتە سەر ئەم کارەساتە مرۆڤییە یان هەر باسی گوڵ و بولبولی کردووە؟ خۆ ڕەنگە سەد ساڵی تر ئەم بابەتە گرنگیی نەبێ بەڵام ئێمە لە سەد ساڵی تر دا ناژین. شاعیر ئەبێ بتوانێ پیاوی/ژنی سەردەمی خۆی بێت،  جا دەتوانێ هەنگاوێک بۆ داهاتوو بنێ. شێعر ئەبێ بتوانێ مێشکی وشیار و چاوی تیژی سەردەمی خۆی بێت. کەسێک کە بەردەمی خۆی نەبینێ، ناتوانێ بانگەشەی ڕۆشنبینی و ڕۆشنبیری هەبێ و دەست بۆ دوور ڕادێرێ. پێموایە ئەم مۆدگەرایی و بەرگی ڕووکەشی ڕۆشنبیرییە یەکێک لە خەسارەکانی شێعری هاوچەرخی کوردییە.

بەڵام هەمدیسان شێوازی وتن لێرەیش‌دا گرنگە. وەک وتم شێعری هاوچەرخ هەوڵی ئەوەیە کە لە درووشم دوور بکەوێتەوە و دوور کەوتنەوە لە درووشم لە بابەتی لەم چەشنەدا لەوانەیە سەختتر بێت. باسم کرد کە خودی من کۆمەڵێک شێعرم نووسیوە کە نیشتمانین و زۆریش بە نێو خەڵک‌دا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە باڵکێشی درووشم دەبن بەلای خۆمەوە لە باریی شێعرییەتەوە ئاستێکی هێندە بەرزیان نییە و قەتیش لە کتێبەکانم‌دا چاپم نەکردوون بەڵکوو تەنیا بە پێویستم زانیوە و ویستوومە کاریگەرییەکی واتایی خێرا دابنێم و ورەیەک ببەخشم. لەولاشەوە کۆمەڵێک شێعری دیکەم هەن کە لەوانیش‌دا باسی نیشتمان ئامادەیە بەڵام هەوڵم داوە بە شێوازێکی داهێنەرانە و شاعیرانە هەڵسووکەوت بکەم و وێڕای ئەوەی کە ناوەرۆکەکەیان چییە، ئەوانە شێعرییەتیان تێدایە. لە شێعردا ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە بۆ من. لانیکەم لەم قۆناغە مێژووییەدا کە پێیدا تێدەپەڕێین دەتوانم بڵێم ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە بۆ من. ئێمە بینەری لە دایکبوونێکی بەژان و کاتبەرین. لە قۆناغی یەکەم‌دا تەندرووستی منداڵەکە گرنگە.

من پێموایە پێناسەکان و پۆلێنبەندییەکان لەم بابەتەدا مەبەستێکی مەعریفییان لە پشتە. واتە بۆ بەرتەسک کردنەوە نین بەڵکوو بۆ ناسینەوە و لێک جیا کردنەوە و پۆلێن کردنن. هەروا کە دەکرێ لە باری فۆڕمەوە شێعر پۆلێن بکرێ، دەکرێ لە باری ناوەرۆکیشەوە پۆلێنبەندیی هەبێ و پێموانییە ئەمە ڕێگرییەک بکات. لەم نێوانەدا دەکرێ شێعرگەلێک هەبن کە لەو پێناسانەدا جێگایان نەبێتەوە و پێویست بکا پێناسە و پۆل و دەستەی نوێی بۆ دابنرێ. یان ئەوەی کە شێعرێکی دیارییکراو هاوکات لە دوو سێ دەستە و پۆل‌دا جێ بگرێ. ئەمانە کاری شاعیر نییە، کاری لێکۆڵەری بواری شێعر و ئەدەبیاتە. کاتێک کە دەڵێم شێعر زانستە (Knowledge)، مەبەست هەر ئەم شتانەیە. بەهەرحاڵ کۆمەڵێک مێتۆد و پێوەر هەن کە بۆ پۆلێنکردنی جۆرەکانی شێعر بە بنەما دەگیرێن هەتا بکرێ بە ڕێکوپێکی و کۆنکرێت کاری لەسەر بکرێ. یەکێکی تر لەو لوانانەی کە ئەم کارە دەیڕەخسێنێ ئەوەیە کە هەر شێعرێک لەو دەستەدا هەڵبسەنگێنرێ کە خراوەتە ناوی. واتە بەم پێیە دەتوانین بۆ وێنە شێعری بەرگری عەبدوڵا پەشێو و شێعری بەرگری شێرکۆ بێکەس پێکەوە بەراورد بکەین و لەم بەراوردە کۆمەڵێک ئاکام هەڵهێنجین و هەر ئەم کارە بۆ شێعرە دڵدارانەکانیان بکەین و هتد. بەمشێوە دەتوانین وردتر لەسەر بابەتەکە کار بکەین و کۆمەڵێک وردەکاریمان بۆ ئاشکرا دەبێ کە ئەگەر ئەم کارەمان نەکردایە ڕەنگە لە دەستمان بدایە. پێموایە ئەدەبیاتیش وەکوو هەموو بوارەکانی دیکە بەرەو بەزانستیی بوون دەڕوا و هەتا ئێستا هیچ بەڵگاندنێکی لۆجیکی نەهاتووەتە ئاراوە کە بتوانێ بیسەلمێنێ ئەم کارە هەڵەیە یان ئەوەی کە کارێکی ناپێویستە. زانین هاوڕێم، زانین کولەکەی ڕۆحی دواکەوتووییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا