فەرهاد چۆمانی نوێترین ڕۆمانی بە ناوی (وادەی خێوەکان) بڵاو دەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

(وادەی خێوەکان) ناونیشانی تازەترین ڕۆمانی فەرهاد چۆمانی نووسەر و وەرگێڕە و بەمزووانە بڵاودەبێتەوە.

لەبارەی ڕۆمانەکەیەوە فەرهاد چۆمانی دەڵێت، ” ئەم ڕۆمانە ئەزموونی چوار ساڵ خوێندنەوەی تایبەت بۆ ڕۆمانەکە، تێڕامان، کۆکردنەوەی زانیاری و خوێندنەوەی منە بۆ ئەو ڕووداو و کاراکتەرانەی لەنێو ڕۆمانەکەدا هەن”.

چۆمانی لەبارەی ئەم رۆمانە نوێیەوە نوسیویەتی، ” جارێک ئەم ڕۆمانەم نووسی، خوێنەرە هەمیشە بزۆز و ڕەزامەندنەبووەکەی هەمیشە ئامادەی ناخی خۆمی ڕازی نەکرد، دووبارە بە تەکنیکێکی تر، بەڵام بە هەمان تێمە نووسیمەوە. ئێستاش وەک سروشتی پرۆسەی نووسین لای هەر کەسێک ناڵێم دەقێكی کامڵە، بەڵام بەتەواوی هەوڵمداوە لەگەڵی ماندوو ببم و هەر بەڕاستیش شەکەتی کردم. منی بردۆتە دنیای تر، بۆ من کاتی نووسینی هەر دەقێکی ئەدەبی لەپاڵ خوڵقاندنی ئەتمۆسفیر و دنیایەکی تایبەت بە دەق هاوکات کەشفکردنە، چوونە نێو پەراوێزی زۆر، وردەکاری لەڕاددەبەدەر، کە دەشێ بەشی زۆریان هەر لەنێو دەقەکە جێگەیان نەبووبێتەوە. بەڵام بۆ سازاندنی کەش و کیمیای زمان و ڕیتمی دەقەکە سوودی زۆرم لێ بینیبن”.

لەبارەی ناونیشانی رۆمانەکەیەوە فەرهاد چۆمانی دەڵێت: بۆ ناونیشان؛ سەرەتا ناونیشانی ئەم ڕۆمانە “شاری پشیلەکان/ کتێبی ونبوو” بوو، دواتر بۆ ئەوەی بەر ناونیشانی ڕۆمانی تر نەکەون کە دوو ساڵ پێش ئێستا بڵاوبووەوە و گۆڕیم بۆ “کتێبی ونبوو” دواتر لەگەڵ بەردەوامی پڕۆسەی نووسین و وەک گوتم لێگەڕین و خوێندنەوەی زیاتر و ئەم ناونیشانە “وادەی خێوەکان” خۆی بەسەر کۆی دەقەکەدا سەپاند و جێیگرت.

تێمەی ڕۆمانەکە وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات: سەفەرێکی درێژ و توولانییە بە سێ پنتی جیاوازی جوگرافی، کە هەر کامیان دنیایەکی جیاوازن و کاراکتەری سەرەکی یان بڵێم بەشێک لە کاراکتەران ئەزموونی دەکەن. ئەو شارەی لە ترسی دەستگیرکردن یان کوشتنی لێیەوە هەڵدێت، ئەو شارەی بۆ ژوان و دیدەنی کچێک سەفەری بۆ دەکات، بەرکەوتنی دوو دنیا و کلتوور و پەروەردە و ئاستی تێگەیشتن لە پەیوەندی، عەشق، سێکس، داب و نەریتە. عاشقبوونی دوو مرۆڤە بە یەکتری کە لە ساتی یەکەمی دیداریانەوە تێدەگەن ئەم چیرۆکە هاوبەشە هی خۆیان نییە و دووراودوور درەوشانەوەیەکی درۆزنانە و فێڵی چاو بووە.

“شوێنی بەرکەوتنی ئەو دوو دنیا جیاوازە هاوشێوەی هەڵکەوتەی جیۆپۆڵیتیکی خۆی، ئیستانبوڵە. لەوێ ڕاوێژکارێکی دەروونیی کورد دەناسێت کە دواتر دەڕوات و ڕوو لە شاخ دەکات، کاراکتەرە عاشقە، پڕ گومان و دڵپیسەکەشمان بە کاریگەری وەقفێکی ئیسلامی لە سەروبەندی شەڕی کۆبانێ ڕەوانەی “خاکی خەلافەت” دەکرێت بۆ ئەوەی وەک شێخ پێی دەڵێت “لە گوناهی کوردبوون و داوێنپیسی و سەفەرکردن لەپێناو عەبد” پاک ببێتەوە. ئەو بەدوای پاکبوونەوە دەبێتە “جیهادی” و ڕاوێژکارە دەرونییەکەش دەبێتە گەریلا. هەر یەک لەم پنتە جیاوازانەی جوگرافیای ئەم ناوچەیە دنیای جیاواز هەن. کە وادەکەن مرۆڤ بەتەواوی تووشی بەریەککەوتنی تووندی ناخەکی و کاژگۆڕکێ و دەکرێ ئەنجامی هەموو ئەمانە لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بخوێننەوە “. فەرهاد چۆمانی وا دەڵێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا