سلێمانی پێشەنگی رێوشوێن و هەڵمەتەکانی رێگریکردن لە زیادبوونی نەخۆشی تالاسیمیایە

پۆڵەتیک پرێس

سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی پێشەنگە لە رێوشوێن و هەڵمەتەکانی رێگریکردن لە زیاد بوونی نەخۆشی تالاسیمیا .

کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی بە پۆلەتیک پرێسی راگەیاند، چ وەک هاوڵاتیان لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و چ وەک رێوشوێن و هەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و چالاکیەکانی کۆمەڵەی تالاسیمیاش سلێمانی پێشەنگە.

لەبارەی گرفتەکانی بەردەم نەخۆشانی تالاسیمیا لە کوردستان کۆچەر کەریم ئاماژە بەوە دەکات، لە کوردستان بە گشتی کۆمەڵێک گرفت لە چارەسەرەکانی تالاسیمیا هەیە وەک وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان کە نرخەکانیان گرانە و پێویستە حکومەتی هەرێم و بەشێکیشی بەغدا دابینی بکات، هەروەها کیسی خوێنی تایبەت بە نەخۆشانی تالاسیمیا کە بەردەوام کەم دەکات،  هەر قەیرانێک بەسەر کوردستاندا دێت لە قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆر و ئێستاش کە ڤایرۆسی کۆرۆنایە کێشە بۆ ئێمە دروست دەبێت.

کۆچەر کەریم ئاماری توشبووانی تالاسیمیای لە هەرێم ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە کوردستان سێ هەزار و ٦٠٠ نەخۆشی تالاسیمیا هەیە، لە سلێمانی و دەوروبەری نزیکەی هەزار ٣٠٠ توشبووی تالاسیمای تێدایە، ئەمانە هەمووی بەردەوام پێویستیان بە خوێن و وەرگرتن و چاودێری و چارەسەرە لە ئێستادا کێشەی کەمی خوێنمان بە شێوەیەکی سەرەکی نییە ، تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە خەڵک خوێن نەبەخشێت یاخود کیسی تایبەت بە خوێنی نەخۆشانی تالاسیمیا کەم بکات، بەشێوەیەکی گشتی بەردەوام خەڵک خوێن دەبەخشن، ئەوەی پێویستە دابینکردنی ئەو کیسی خوێنەیە کە تایبەتە بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا کە لە مەدا کێشەمان هەیە و زۆر جار کەم دەبێتەوە، وە لە هەندێ ناوچەی تری هەرێم کێشەی کەمی ئامێریش هەیە لە گەرمیان و چەمچەماڵ، کە نەخۆشانی تالاسیما دەبێت خوێنی پاکژکراو بەو ئامێرانە وەربگرن.

تالاسیمیا نەخۆشیەکی درێژخایەنی بۆماوەییە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە ، نەخۆشیەکی درمی نییە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ناگوازرێتەوە، بە وتەی کۆچەر کەریم خەڵکی هەرێمی کوردستان سەدا ٤ تا سەدا ٥ هەڵگری سیفاتەکانی تالاسیمیان ، ئەگەر کوڕ و کچێک کە هەردووکیان هەڵگری بن هاوسەرگیری بکەن ئەوە منداڵەکەیان دەبێتە توشبوو.

لەو بارەیەوە کۆچەر کەریم رایگەیاند، وەک کۆمەڵەکەمان و بە هاوکاری تەندروستی سلێمانی هەوڵی زۆرمانداوە رێگری بکەین لەو زیادبوونە ، لە شوێن تا شوێن رێژەکە دەگۆڕێت، پێویستە کوڕ و کچان پێش هاوسەرگری پشکنینی خوێن ئەنجامبدەن و کە ئەمە لە زۆر شوێن ئەم پشکنینە دوای هاوسەرگیری دەکرێت کە ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی توشبووانی تالاسیمیایە .

بە وتەی کۆچەر کەریم زۆرترین نەخۆشی تالاسیمیا لە ئێستا دا لە پارێزگای دهۆکە و دوای ئەویش پارێزگاری سلێمانی و پارێزگای هەولێریش لە پلەی سێیەمدایە لە ژمارەی نەخۆشانی تالاسیمیا لەسەر ئاستی هەرێم.

سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی بۆ پۆڵەتیک پرێس ئەوەشی وت:  لە ڕووی چالاکی و کارەکانی کۆمەڵە و دەزگاکانی تەندروستی بۆ رێگری لە زیادبوونی رێژەی توشبووان  پارێزگای سلێمانی پێشەنگە، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە دەستمانکردووە بە هەنگاوەکانی رێگریکردن لە زیادبوونەکە بە پێشکەکردنی سیمینار و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و بڵاوکردەوەی چەندین رێنمایی لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی سلێمانییەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا رێژەی دەرکەوتنی نەخۆشانی تالاسیمیا بەشێوەیەکی بەرچاو لە پارێزگای سلێمانی دابەزیوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا