ئەردۆغان چی لە رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان دەوێت؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا لە ئەمریکا دەکات هاوشێوەی ئەفغانستان، هێزەکانی لە عێراق و سوریاش بکشێنێتەوە.

ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی وتی: بەدڵنیاییەوە، گەر بەدەست من بووایە، دەمویست هێزەکانی ئەمریکا عێراق و سوریا جێبهێڵن، بەهەمان شێوازی کشانەوەیان لە ئەفغانستان.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەردۆغان باسی لەوەکرد، “ئەگەر بمانەوێت ئامانجی ئاشتی لە جیهاندا بەدیبهێنین، دەزانین کە مانەوە لەو وڵاتانە سودی نییە، ئێمە دەتوانین واز لەو گەل و حکومەتانە بهێنین، تا بڕیارەکانیان بەدەستی خۆیان بدەن”.

لەبارەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا ئەردۆغان رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ دووبارە بنیادنانەوە و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەوێ ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەردۆغان دەرگای هەماهەنگی وڵاتەکەی و ئەمریکای واڵا کرد، لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و سوریا.

“دەسەڵاتدارانی تورکیا لەو پاڵپشتییانە دەترسن کە ئەمریکا پێشکەش بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانی دەکات”

دەسەڵاتدارانی تورکیا لەو پاڵپشتییانە دەترسن کە ئەمریکا پێشکەش بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراویش هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکات.

تەنیا ئەمریکا نییە کە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی کورد دەکات، بەهەمان شێوە  فەڕەنساش لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە هاوکاری پێشکەش بە چەکدارانی کورد دەکات لە رۆژئاوای کوردستان.

بەقسەی فەڕەنسییەکان ئامانج لەم هاوکارییانە روبەڕوبوونەوەی کۆمەڵە توندڕەوەکانە لەو ناوچانە، هەرچەندە بەشێک لە چاودێران پێیانوایە، فەڕەنسا دەیەوێت لەمڕێیەوە دەرچەیەک بدۆزێتەوە بۆ ]تەوکردنی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بەرامبەردا ئیدارەی ئەمریکا لێکتێگەیشتنەکانی نێوان روسیا و تورکیا کە لە کۆبوونەوەکانی ئەستانە رێککەوتنیان لەسەرکرا، بە مەترسیدار دەبینێت بۆسەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکە.

لە هەرێمی کوردستانیش هێزەکانی تورکیا رووبەڕووی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبنەوە، ئەو رێکخراوە کوردیەی لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە، پێش هەمووشیان ئەمریکا، بە رێکخراوێکی “تیرۆرستی” لەقەڵەم دراوە، بۆیە لە کوردستان هێزەکانی ئەمریکا ناتوانن هاوشێوەی رۆژئاوا دەستکراوەبن لە پێشکەشکردنی هاوکاری و دەستوەردانێک کە ببێتە هەڕەشە بۆسەر سەروەری و یەکڕیزی خاکی عێراق و کوردستان.

“تورکیا دەیەوێت تاکە یاریزان بێت لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێم و عێراق”

لەماوەی رابردووشدا باقر زوبەیدی، سەرکردەی دیاری شیعەکان و وەزیری پێشووتری گواستنەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، تورکیا چاوەڕێی ساڵی 2023 دەکات کە تیایدا رێککەوتنی لۆزان و رێککەوتنی سایکس بیکۆ تەواو دەبن بەمەبەستی داگیرکردنی عێراق.

باقر زوبەیدی وتیشی: تورکیا چاوەڕێیە ساڵی 2023 رێککەوتنەکانی لۆزان و سایکس بیکۆ بەسەربچن، تا دەست بکاتەوە بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو خاڵانەی لەناو رێککەوتنەکەدا واژۆی دەستبەرداربوونی لەسەر کردبوون.

ئاشکراشی کرد، تورکیا دەیەوێت هەردوو رێککەوتنەکە لە ساڵی 2023 بەسەربچن، تا نەینەوا و هەولێر و دهۆک و سلێمانی و کەرکوک بە تەواوی وردەکارییەکانیانەوە بخاتەژێر دەسەڵاتی خۆی و داگیریان بکات و ئەو بنکە سەربازییانەی لە هەرێمی کوردستانیش جێگیری کردوون، سەرەتایەکە بۆ ئەم پڕۆسەیە.

چاودێران دەڵێن: تورکیا دەیەوێت تاکە یاریزان بێت لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێم و عێراق، ئەمەش خزمەت بە بەرژەوندییەکانی دەکات و ئامانجەکانی بەرفراوانتر دەکات لە ناوچەکە.

لە بەرامبەریشدا پێدەچێت ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئیدارەکانی پێشخۆی سوورتر بێت لەسەر روبەڕوبوونەوەی پلانی بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا