بۆچى دەنگدان پێویستە؟!

عەبدولڕەحمان ئەبوبەكر
دەیان پاساو هەیە بۆ ناڕازیبوون، هیچ کات تاکى کوردى هێندەى ئەم ساتەوەختە بەهانەى نەبووە بۆ نیگەرانى، بۆ توڕەبوون و بێزارى، بەڵام هیچکات نابێ و ناشێ ئەم دۆخە سەربکێشێ بۆ دەستبەرداربوون لە پڕۆسەی هەڵبژاردن کە تاکە هەڵبژاردەى گۆڕانکارییە، ئەوانەى ئەمڕۆ بانگەشەى بایکۆتى هەڵبژاردن دەکەن، بێهیوایی، گومان و نادڵنیایی بڵاودەکەنەوە، یەقینیان هەبێ دۆخەکە خراپتر دەکەن، قەبارەى گەندەڵى، نادادى و ستەمکارى گەورەتر دەکەن، چونکە ئەزمون سەلماندووییەتى هەڵبژاردن تەنها فاکتەرى سەرەکى گۆڕانکارى ئاشتیخوازانەى دەسەڵاتە، هەرکات بینیت تۆوى نائومێدى دەچێنرێ، هاونیشتمانیان بۆ تەوەلابون لە سندوقەکانى دەنگدان هاندەدرێ، ئەوا دڵنیابە مەیلێکى مەترسیدار و گوماناوى لەئارادایە، ویستێک بۆمانەوەى هەمان دۆخى پێشوو لەکاردایە.
جێگەى داخە ئەمڕۆ ماشێنێکى گەورەى نائومێدکردن لە هەڵبژاردن سەرپێخراوە، لە بەئاگاییەوە بێ یاخود بێئاگایی، بە پیلان بێ یاخود بێپیلان، دنەى هەست و ویژدانى هاونیشتمانان دەدرێ، سەیر لەوەدایە خەڵکانێک لە بەرەى بانگەشەى بایکۆتى سندوقەکانى هەڵبژاردندان، کە خۆیان بەرهەمى هەمان پڕۆسەن، بەهۆى دەنگدانەوە دەرفەتى چوونە پەرلەمان و پۆستى باڵاى حکومەتیان بۆ ڕەخساوە و تائاستێکى زۆر کوالیتى ژیانیان بەرەو سەر چووە، پەیوەست بە بانگەشەکانى ئەمجارەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانى ڕابردوو تەسویقکردن بۆ بایکۆتى سندوقەکانى دەنگدان زیادیکردووە، کە بە دڵنیاییەوە قەیرانەکان و خراپ ئیدارەدانى هەرێم هۆکارى سەرەکین، بەڵام گومانیشى تێدانییە مەیلێکى نادیار لەپشتى کەوالیسەوە بۆلاوازکردنى پێگەى کورد لە بەغدا بونى هەیە، کە بە هاندانى هاونیشتمانیانى کوردزوبان دەیانەوێ کار لەسەر لاوازکردنى هەرێم و هەڵوەشاندنەوەى قەوارەکەى بکەن، بۆیە گرنگە بە هۆشیارییەکى قوڵەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گوتارە نابەرپرسانەیە بکەین کە هانمان ئەدات بۆ بایکۆتکردنى هەڵبژاردن.
لاى من گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدەیت، ئەوەى گرنگە دەنگدانتە بە کاندیدایەکى کورد و زیادکردنى نوێنەرێکى کورد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، چونکە ئەوەى گرەنتى مانەوە و بەهێزى قەوارەى هەرێم دەکات زیادکردنى نوێنەرەکانى کوردە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەهەمانکاتدا زۆر گرنگە هەموان پێکەوە و بەیەکگرتویی بچینەوە بەغدا و هێز و پێگەى خۆمان بۆتەواوى عێراقییەکان بسەلمێنین، پێیان بڵێین؛ کوردبوونمان، شەڕى مانەوە و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانمان، لەپێش هەرشتێکى دییەوەیە، هەرگیز ناکۆکى و ململانێ سیاسییەکانى ناوخۆ لە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان ساردمان ناکاتەوە.
بەندە وەک ڕۆژنامەنوسێک لەڕابردوودا زۆترین ڕەخنەم لە دەسەڵاتى یەکێتى و پارتى هەبوە، لەئێستاشدا شەفاعەتکارى ئەوان نییم و تەنها غەمى مافە نەتەوەییەکانى کوردمە، چونکە ئاشکرایە بایکۆتکردنى هەڵبژاردن پێش ئەوەى زیان بە یەکێتى و پارتى بگەیەنێ، زیان بە دۆزە نەتەوایەتییەکەمان دەگەیەنێ، سیستمى ئەمجارەى هەڵبژاردنى عێراق مامەڵە لەگەڵ نوێنەر دەکات، واتە قورسایی و سەنگى کورد پەیوەستە بە ژمارەى ئەو نوێنەرانەى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا دەیبێ، بۆیە تکایە بە ئاگابن و مەکەونە ژێر کاریگەرى ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەى سەبارەت بە بایکۆتکردنى هەڵبژاردن سەرپێخراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا