سەبارەت بە كەیسی حوكمدراوانی بەناھەقی بادینان

یەكەم / سەرەتا كارێكی باشە كە سەرۆكی ھەرێم و جێگری سەرۆكی حوكمەت دركیان بەنادادی حوكمەكە كردوەو ھاتونەتە سەرخەت ، بەڵام ئەوە ئەو راستیە ناشارێتەوە كە ھەردوكیان ئەندازیاری تێك دانی دادگاو دادوەرین بەبەڵگەوە، ئێمە زۆرمان وت و وتەوە سودی نەبو گوێتان نەگرتو ھەر بەردەوام بوون لە بەحیزبی كردنی دادگا ، پێم سەیرە ئێستاخۆتان داوای ئەوەیان لێ دەكەن شكۆو سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن .

بەداخەوە كار گەشتۆتە ئەوەی كە نەك ھەر ھاوڵاتیان متمانەیان بەدادگاو دادوەری نەمێنێ بەلكو نوێنەری ولاتان و نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوەكامی مافی مرۆڤیش متمانەیان نەماوە ، لە دیدارێكدا دیندار زێباری بە حیسابی خۆی بەرگری لە حوكمی دادگا دەكرد ، بەلام دانی بەراستیەكی تاڵدا دانا كە وتی لە ئێستادا متمانەمان لای نوێنەری ولاتان و رێكخراوەكان زۆر لاواز بوە داوای زانیاریمان لێ دەكەن لەسەر بابەتێك بە راپۆرتی ورد وەڵامیان دەدەینەوە ، كەچی دوای ماوەیەكی كورت داوای راپۆرت دەكەنەوە لێمان لەسەر ھەمان بابەت ، ھەر بۆیە ھەرێم رۆژبەرۆژ ناوبانگی لەدەرەوە بەرەو نەمان دەچێت .بۆیە ئەوە كافی نیە ئەم نادادیەو ئەم ھەلە زەقە راست بكەنەوە، بەڵكو دەبێ ئەوەی تێكیان داوە چاكی بكەنەوە، ئینجا دەتوانن رەخنە لە بریارە نادادپەروەرەكانی دادگا بگرن

دوەم/ بۆ ئەنجومەنی دادوەری كە دەڵێن كەیسەكە بەیاسایی رۆیشتوەو نابێ رەخنە بگیرێ و فشار بكرێ دەڵێین :
١- سەبارەت بەفشار كردن لە سیستەمە دیموكراتیەكان لەسەر دادگاش جائیزە وەك چۆن لەسەر دەسەلاتەكانی تر جائیزە،

فشار لەسەر ھەرسێ دەسەلاتەكە لەلایەن رای گشتی و رێكخراوەكان و گروپەكانی فشار زۆر ئاساییە ئەوە دەست تێ وەردان نیە

دەست تێ وەردان لەلایەن دەسەلاتداران و بریاربەدەستانەوەیە جا حكومی بن یان حیزبی یان خودی بەرپرسانی دەسەلاتی دادوەریەوە بێت،

بەلام فشار لەلایەن خەلك و رای گشتی بۆ سەربەخۆ كردنی دەسەلاتی دادوەری بێت بەگشتی یان بۆ كەیسێكی ئاسایی بەتایبەت ئەو كەیسانەی دەبنە كەیسی رای گشتی ئاساییە بەتایبەت كە بزانرێ نادادی و زولم كراوە خەلك و رای گشتی فشار دەكەن كە ئەگەر نادادیەك ھەیە راست بكرێتەوە، رێك وەك ئەم كەیسە .

دواجار دادگا یان بەپیر فشارەكەوە دێت بەتایبەتی ئەگەر زانی نادادی ھەیەو ویستی راستی بكاتەوە

یان سور دەبێ لەسەر بریاری دادگای ژێرەوە
لەھەردو حال ئەوە دەستێوەردان نیە،فشارە فشار جائیزە چونكە خەلك بریار بەدەست نیە یان دەست وەرناداتە كاری دادگا

ئەی باشە كە حەفتەیەك پێش دادگاییەكە سەرۆكی حوكمەت خۆی خستە جێگای دادگاو بریاریشی دا كەئەوانە تیرۆریستن بۆچی ئەنجومەنی دادوەری نەھاتە دەنگ بڵێ ئەوە دەستێوەردانی كاروباری دادگایەو قبوڵی ناكەین؟

٢- سەبارەت بەوەی دەڵێن دادبینیەكە یاساییو شەفاف بوە من تەنھا ئەم خاڵانە ی خوارەوە بەنمونە دەھێنمەوە لەسەر پێشیل كاریەكان لەھەردوو قۆناغی لێكۆلینەوەو دادبینی
ا- بەگوێرەی ھەمواری یاسای دادبینی سزایی ساڵی ٢٠٠٣ ی پەرلەمانی كوردستان ، مادەی ١٢٣ ، ئەگەر تۆمەتبار پارێزەری ئەسڵی خۆی ھەبێ و رێگەی پێنەدرێ ھەر وتەیەك لە تۆمەتبار وەربگیرێ لەروی یاساییەوە پوچەڵە و دەبێ دادگای بابەت « موچوع» ئەو ئیفادەیە وەك بەلگە وەرنەگرێ و پشت گوێی بخات ،ئەوە یاسای پەرلەمانی كوردستانە ، دەبێ دادگاكان پابەند بن پێوەی پێشیل كردنی ئەو دەقە ناو دەنێن چی؟
ب- وەرگرتنی وتەی نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش لەكوێی یاسا دا ھەیە ، ئەنجومەنی ئاسایش دەزگایەكی لێكۆلینەوەیە لە جیاتی پۆلیس بۆ ئەو تاوانانەی كە بەگوێرەی یاساكەی خۆیان دەچنە دەسەلاتی ئاسایش ئیتر ئەو خەسم نیە تا وتەی وەربگیرێ ، خەسم و نوێنەری مافی گشتی لە ھەموو دەعوایەكی جەزائیدا تەنھا داواكاری گشتیە ، جا ئەگەر وابێ دەبی دادگا لەھەموو كەیسەكانی پۆلیسیش وتەی نوێنەری پۆلیس وەربگرێ ، لەسەردەمی بەعسیش ھەرگیز شتی وانەبوە نە دادگای ئاسایی نەدادگای تەنانەت سەورەش وتەی نوێنەری ئەمنی عامە وەربگرێ ، ئاخر نابێ خۆی دەزگای لێكۆلینەوەبێ و خەسمیش بـێ
ج— لەكوێی یاسادا ھەیە رێگا بەكەس و كاری تۆمەتبار نەدەی تۆمەتبار ببینێ ، ھەموو یاساو جارنامەكانی مافی مرۆڤ جەختی لێ دەكەنەوە ، لەیاساكانی ھەرێمیش تەنھا بۆ ماوەیەكی كەم تا لێكۆلینەوە لەگەڵ تۆمەتباران تەواو دەبێ دەشێ لێكۆلینەوە بۆ لایەنەكانی دەعو نھێنی بێ و لەو ماوەكەمە ئاساییە رێگایان پێ نەدرێ ، بەڵام چوار پێنج مانگ رێگایان پێ نەدرێ پێم ناڵێن لە غەیری رژێمی بەعس و ھاوشێوەكانی لە كام رژێمانەدا ھەبوە ، سەیرە دەشلێن بۆچی ناوبانگی ھەرێم رۆژ بەرۆژ بەرەو لاوازی دەچێت؟
د- دەڵێن بۆیە سەرۆكی دادگا گۆراوە ، چونكە سەرۆكی ئەسلی دادگاكە نەخۆشەو لە چارەسەرە ، ئامننا بیلا باوەر بەوەدەكەین وھیوای چاك بونەوەی خێرای بۆ دەخوازین، بەڵام ئەی ئەم پەلەپەلە بەچی لێك دەدەنەوە لەكەیسێك كە خۆتان دەلێن تیرۆرە ؟ كام كەیس ئەوەندە پەلەی تیاكراوە ؟لەوانەیە بلێن لەبەر ئەوەی راگیراون بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەلام ئەوە لەحالێكدا ئەگەر ھەموو دادبینیەكە ھەقی خۆی پێبدرێ و داواكاری راست و رەوای لاینەكانی كەیسەكە بەتایبەتی پشت گوێ نەخرێ، نەك ھەر ھەلپروكاندن بێ،

بۆ نمونە یەكێك لەتۆمارە دەنگیەكان شیروان شیروانی دەڵی ھی من نیە ، دادگا دەڵێ دەینێرین بۆ خەبیر ،كەچی ھەر ھەمان جەلسە كۆتایی بە دادگایە ھێنراو بریاری تێدا دەركرا ، ئەی عەدالەت ئەوە نەبوو جەخت لەم ئیدیعایەی تۆمەتبار بكرێتەوە لەروانگەی رەخساندنی مافی بەرگری لەخۆكردنی پیرۆز؟

دیارە نمونەی تریش ھەن بەلام لێرەدا تەنھا ئیكتیفا بەوەندە دەكەم

لەتیف مستەفا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا