هەڵوێستی وەزارەتی تەندروستی دەربارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت، كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن بەلای ئێمەوە گرنگە، بۆیە پێشوەخت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە میكانزمێكی گونجاومان دانا بۆئەوەی مامۆستایان ڤاكسینی كۆرۆنا بەكاربهێنن.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بەلای ئێمەوە گرنگ بوو بۆیە وەزارەتی تەندروستی بە میكانزمێكی دیاریكراو بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە چەند ناوەندێكمان تەرخانكرد تەنها بۆ مامۆستایان بۆئەوەی ڤاكسین بەكاربهێنن، وە هەفتەیەكیش سەرجەم ناوەندەكانی پێدانی ڤاكسینمان بۆ مامۆستایان تەرخانكرد.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی: خواستی مامۆستایان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زۆر زیاترە لە پێشووتر، بەشێك لەو مامۆستایانەی پێشتر ئامادەنەبوون ڤاكسین وەربگرن پێش ئەوەی پرۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە ڤاكسینییان وەرگرت، بەپێی ئەو میكانزمەی دامانناوە پرۆسەكە بێزاركەرنییە و قەرەباڵغی كەمترە بۆیە بە ئاسانی دەتوانن ڤاكسین وەربگرن.

لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە پێناو پاراستنی خوێندكاران و مامۆستایان ژمارەیەك رێنمایی خۆپارێزی تەندروستی بڵاوكردەوە.

لە رێنماییەكاندا هاتووە بەهەند وەرگرتنی ڤاكسین و بەكارهێنانی لەلایەن سەرجەم مامۆستایان و ستافی خوێندنگاكانەوە، بەكارهێنانی دەستكێش و بەستنی دەمامك لەلایەن خوێندكارانەوە، دووركەوتنەوەی خوێندكاران لە قەرەباڵغی و ڕەوچاوكردنی ماوەی دوری خوێندكاران لە پۆلەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە گرنگی بدرێت بە دەستشتن و بەكارهێنانی پاككەرەوە، ڕەچاوی دووری نێوان خوێندكاران بكرێت و لایەنی كەم یەك مەتر بێ، ئەنجامدانی پشكنین بۆ خوێندكاران و پێدانی ڕێنمایی بە دایك و باوكان و بە نەناردنەوەی خوێندكار لەكاتی بونی هەر نیشانەیەكی ئەنفلۆنزا، لەلایەن مامۆستایانەوە چاودێری تەواو بەردەوامی خوێندكاران بكرێت لە زوو دەستنیشانكردن و جیاكردنەوەی ئەو خوێنكارانەی گومانیان لێ دەكرێت، بنێردرێن بۆ پشكنین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا