پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، پابەندی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا دەبن و لە رۆژی 17ی ئەم مانگەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن دەدەن.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاردراوە لە رۆژی شەممە 17ی (نیسان/4)ی 2021ەوە، پڕۆسەی خوێندن بەشێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین لەناوەندەكانی خوێندنی (حكومی و ناحكومی) قۆناغی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی و پەیمانگەكانی وەزارەتی پەروەردە بەشێوەی پابەندی بەردەوام دەبێت.
باس لەوەشدەكات، پێش وادەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی ئەگەر هەڵسەنگاندنی تەندروستی رێگا بدات خوێندنی ناو پۆل بەشێوازی (تەناوب) دەستپێدەكاتەوە.
دەشڵێت، “ئەگەر دۆخی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە رێگەی نەدا، ئەوا تەنها تاقیكردنەوەكانی وەرزی ئەنجامدەدرێن لەسەر بنەمای خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین”.
هاوكات باسی لەوەكردووە، ئەو قۆناغانەی پەیمانگەكان كە بابەتی پراكتیكیان هەیە لە حكومی و ناحكومی دەتوانن بابەتە پڕاكتیكییەكان بەپێی خشتەیەكی تایبەت و رێنمایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگەكان لەناو پەیمانگە بخوێنن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت رۆژی 11ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بەبیانووی هەڵكشانی ئامارەكانی توشبون و مردن بە كۆرۆنا بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین بەڕێوە بچێت.