پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “پێشوازی لە لوتکەی بەغدا دەکەین و هەوڵی سەرۆک وەزیران گرنگ دەنرخێنین.” دەشڵێت، “ئومێدەوارین ئەنجامی لوتکەی بەغدا خزمەتی سەقامگیریی عێراق بکات.”
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی “ئومێدەوارین ئەنجامی لوتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی خزمەتی سەقامگیریی عێراق بکات.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیوویەتی: “پێشوازیی لە کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بە ئامادەبوونی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دەکەین”.
نێچیرڤان بارزانی هەوڵەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقى بەرز نرخاندووە و رایگەیاندووە: “ئومێدەوارین ئەنجامی کۆنگرەکە خزمەتی سەقامگیریی و ئاشتیی لە ناوچەکە بە گشتی بگەیەنێت و رۆڵی پێشڕەویی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە و ماف و داخوازییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی بهێنێتە دی و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەرەوپێش ببات”.
ئەمڕۆ شەممە28ی ئابی 2021، لوتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بە بەشداریی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی ، ھەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكی فەرەنسا و سەباح خالید ئەحمەد سەباح سەرۆک وەزیرانی کوێت و عەبدولفەتاح سیسی سەرکۆماری میسر و تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر و عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، و محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێنشینی دوبەی و ئەحمەد ئەبو غێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشداربوون.
لەكۆنگرەكەدا تاوتوێی ھەموو ئەو دەرفەتانە کرا کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندیی ھەموو ئەو وڵاتانە دەڕەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەتکردن بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە یەکتر، کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایی كردنهوهی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوهڕاست.