چارەنووسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەنێوان ململانێكانی هەولێرو بەغدا

پۆڵەتیك پرێس:
قەیرانە یەك لەدوای یەكە ئابووری‌و سیاسییەكان و گەندەڵی فراوان لە هەرێمی كوردستان، هانی فەرمانبەرانی داوە بێنە سەر شەقام بۆ ئەوەی داوا بكەن موچەكانیان بچێـتە سەر حكومەتی عێراق، كە لە هەرێم بە 50 ڕۆژ جارێك‌و بەلێبڕینی 21 لەسەدا موچە وەریدەگرن.

ساڵی 2014 بارودۆخی ئابووری و سیاسی هەرێم خراپ بوو، ئەوەش لەگەڵ هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكانی هەرێم‌و عێراق‌و بڕینی بەشە بودجەی هەولێر لەلایەن بەغداوە، هەروەها ئەو دۆخە خراپتر بوو، دوای ئەوەی لەساڵی 2017 سوپای عێراق‌و هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچە كێشە لەسەرەكان‌و كۆنتڕۆڵیان كرد، بەوەش نیوەی سەرچاوەی هەناردەی نەوت لەدەست هەرێم سەنرایەوەو قەیرانی دارایی قووڵتر بووەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو قەیرانانە لەمانگی شوباتی 2016 دا سیستمی پاشەكەوتی موچەی بە ڕێژەی لە نێوان 15% بۆ 75% سەپاند، لە ساڵی 2018شدا هەمواری ئەو سیستمەی كرد بۆ ئەوەی ڕێژەی داشكان لەنێوان 10% بۆ 30% بكرێت.

بەڵام لەسەرەتای 2019و دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، حكومەتی هەرێم ئەو سیستەمەی هەڵوەشاندەوەو ماوەی ساڵێك بە تەواوی موچە دابەشكراو لەسەرەتای 2020 دیسان كێشە كەوتە نێوان هەولێرو بەغداو عێراق بەشە بودجەی بۆ هەرێم نەنارد، كە ئەمە وای لەحكومەتی مەسرور بارزانی كردەوە بەسیستەمی لێبڕینی 21 لەسەداو بە 50 رۆژ جارێك موچە دابەش بكات.

بەو هۆیەوە ماوەیەكە لەهەرێمی كوردستان ناڕەزاییەتی‌و خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامدەدرێت‌و دەستیش بەهەوڵێك كراوە، بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر حكومەتی عێراق، بەبیانووی ئەوەی هەرێم شكستی خواردووە لەو ئیدارەیەی ماوەی سی ساڵە جۆرێك لەسەربەخۆیی هەیە.

 

ماوەیەكە لەهەرێمی كوردستان ناڕەزاییەتی‌و خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامدەدرێت‌و دەستیش بەهەوڵێك كراوە، بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر حكومەتی عێراق

 

سیروان محەمەد، ڕۆژنامەنووسی كورد دەڵێت: چینی سیاسی كورد شكستی هێناوە لەدروستكردنی حوكمڕانییەكی باش لە كوردستانی عێراق، چونكە كاری بۆ دروستكردنی دەسەڵات كردووە نەك دروستكردنی دەوڵەت.

محەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكی حكومەتی هەرێمە لەقسەكانی دەشڵێت: قەیرانی ئابووری ئێستای كوردستان بەبێ چارەسەر بەردەوام دەبێت، چونكە حكومەتی هەرێم توانای چارەسەركردنی ئەو كێشانەی نییە، كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە ناتوانێت كێشەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی چارەسەر بكات و ئاماژە بەوە دەكات، هێشتا هەرێم لەڕووی ئابووری و داراییەوە تەواو نییە، هەروەها بانكی ناوەندی نییە، بەپێچەوانەی حكومەتی عێراق، كە بانكی ناوەندی هەیەو بەپێی ئەو سیستمی بانكییە كار دەكات، كە لەسەر ئاستی جیهانی كاری پێدەكرێت.

بەهۆی قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی دارایی‌و ئابووری هەرێم، ماوەیەكە دەست بەهەوڵێك كراوە، بۆ ئەوەی لەرێگەیەكی یاسایی‌و بەپێی دەستوور موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەبەغدا بدرێت، بۆ ئەوەش واژوو كۆكراوەتەوەو پەرلەمانتارێكیش پرۆژەیەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە.

رێبوار كەریم، پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق، كە خاوەنی پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بۆ سەر بەغدا، لەلێدوانێكی باسی لەوە كردووە، نەبوونی ژمارەی ورد لەسەر موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی حكومەتی كوردستان كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەكەی.

رێبوار كەریم مەحمود وتیشی: هەرێمی كوردستان نزیكەی 750 هەزار فەرمانبەری فعلی هەیە، لەكاتێكدا لەتۆمارەكانیدا ژمارەی فەرمانبەرانی 1 ملیۆن 250 هەزار فەرمانبەرەو بەو هۆیەشەوە بەغدا ئامادە نییە كێشەكان چارەسەر بكات.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری ئابووری و دارایی سەربەخۆدا شكستی هێناوە، كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە و كاری لەسەر كردووە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، چارەسەری ئەو كێشەیەش تەنیا گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و دابەشكردنی ڕاستەوخۆیەتی بەسەر فەرمانبەرانی لەڕێگەی حسابی بانكییەوەیە.

پەرلەمانتارەكە هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی كورد بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ژیانی ئابووری لەهەرێم زیندوو دەكاتەوە دوای چەندین ساڵ لەقەیرانی دارایی و تێكچوونی باری گوزەرانی خەڵكی، كە وەزارەتی دارایی عێراق، ئامادەیی خۆی بۆ قبوڵكردن و گفتوگۆكردنی ئەو هەنگاوە دەربڕیوە، بەو مەرجەی ژمارە راستەكانی بخرێتە بەردەست.

 

گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی كورد بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ژیانی ئابووری لەهەرێم زیندوو دەكاتەوە

 

رێبوار كەریم هەروەها وتی: پێویستە كوردستان لیستی ڕوون‌و ئاشكرای موچەی فەرمانبەرانی هەبێت‌و باسی لەوەش كردووە، سوور دەبێت لەسەر پرۆژەكەی‌و كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات.

لەبەرانبەر ئەوەدا سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەو هەنگاوە بە “نایاسایی‌و نادەستووری” دەبینێت‌و باس لەوە دەكات حكومەتی هەرێم رازی نابێت بە گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرا بۆ سەر بەغدا.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەو بارەوە دەڵێت: پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەییە، كە گەلی عێراق دەنگی لەسەر داوەو بەپێی ئەو دەستوورەش ئەو هەنگاوە نایاساییە.

وتیشی: پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای رێككەوتنەو دەبێت هەردوولا پابەند بن بەو رێككەوتنانەی لەنێوانیان هەیە، داوای لە حكومەتی عێراقیش كرد پابەندی دەستوور بێت و بەشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، كە لە دوای 2014ەوە ئەنجامی جیاوازی سیاسی لە نێوان هەردوولا دروست بووە و دوای سەرهەڵدانی داعش قووڵتر بووەوە.

دوای چەندین فشاری ناوخۆیی و ناڕەزایی موچەخۆران و فەرمانبەران لەناوەڕاستی ئەم مانگە حكومەتی كوردستان‌و عێراق گەیشتنە ڕێككەوتن دوای ئەوەی چەندین كۆبوونەوەیان لەسەر دۆسیەی هەناردەی نەوت و فرۆشتن و دەروازە سنوورییەكان ئەنجامدا، كە بەپێی رێككەوتنەكە هەرێم بە 320 ملیار دیناری عێراقی (نزیكەی 268 ملیۆن دۆلار) بۆ هەر مانگێك لەلایەن بەغداوە هاوكاری دەكرێت‌و هەولێریش بەرێژەی 50 لەسەدا داهاتی خاڵە سنوورییەكانی رادەستی بەغدا دەكات.

بە قسەی بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئەم رێككەوتنەش كاتییە و تا كۆتایی ئەمساڵە و تا ئەو كاتەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن حكومەتی بەغداوە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت. ئەمەش ئەگەری هەیە دووبارە قەیرانی بێ مووچەیی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست بكاتەوە ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

 

سەرچاوە: جەزیرە نێت

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا