ئەمریكا نێوەنگیری پەكەكەو توركیا دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
ئەمریكا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەستی بەنێوەنگیركردنی نێوان توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان كردووەو دەیەوێت كۆتایی بەگرژییەكانی نێوانیان بهێنێت.

سەرچاوەیەكی بەرپرس‌و باڵا لەناو پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، كە ماوەیەكە ئەمریكا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەستی بە نێوەنگیری نێوان توركیاو پەكەكە كردووە.

سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە ئاشكراشیكرد، ئامانجی ئەمریكا لەقۆناغی یەكەمدا ئەوەیە، توركیاو پەكەكە ئاگربەستێك رابگەیەنن، بەتایبەتی لەسنووری عێراق‌و دواتر هەنگاو بنێن بۆ چارەسەری كێشەكانی تریان.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە شەڕو پێكدادانی نێوان سوپای توركیاو پەكەكە چڕبووەتەوە، كە زیاتر شەڕو پێكدادانەكانیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراقدایە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، ئەمریكا نایەوێت دۆخی عێراق لەوە زیاتر گرژ بێت، بۆیە هەوڵ دەدات، گرژییەكانی پەكەكەو سوپای توركیا رابگرێت، بۆ ئەوەش داوای لەرهەدوولا كردووە، دان بەخۆیاندا بگرن‌و هەوڵ بدەن دۆخەكە بەرەو ئارامبوونەوە بەرن.

پێشتریش دەیڤد كۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق رایگەیانبدوو، كە پێمان باشە توركیا و عێراق پێكەوە كار بكەن بۆ چارەسەركردنی نیگەرانییەكان سەبارەت بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لەباكووری عێراق.

دیڤد كۆپلی راشیگەیاندبوو، گرنگە ڕێز لە سەروەری عێراق بگیرێت، هەروەها گرنگیشە دان بە بەرژەوەندی ئاسایشی خودی توركیادا بنرێت، كە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەش ئەوەیە، هەردوولا پێكەوە كار بكەن ‌و هیوادارم بتوانین لە بەهێزكردنی ئەم پێگەیەدا چەند ڕۆڵێك ببینین بۆ ئەوەی ببێتە هۆی سەقامگیری لەناوچەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا