پۆڵەتیک پرێس
بریارە لەناوەراستی مانگی داهاتوو پەیکەری شاعیری نەمر پیرەمێرد بگاتەوە سلێمانی کە لە لایەن پەیکەرساز (هادی زیائەدین)ەوە داڕێژراوە.
ئەندازەی پەیکەرەکە کە ماکێتی کارێکی گەورەیە 47 سم و بە ماتریاڵی فایبەر گڵاس ئەنجامدراوە.
ژیانی پیرەمێرد:
– ناوى تەواوى: تۆفیق مەحمود ھەمزە.
– پیشهى ئهدهبى: شاعیر و نوسەر و ڕۆژنامەنووسى کورد.
– لە ساڵى 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شارى سلێمانى لە دایکبووە.
– لە تەمەنى (7) ساڵیدا چوەتە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە بۆ تەواوکردنى خوێندن.
– لە لاویدا زانستی ئایینی لە شارى سلێمانى خوێندووە.
– لە مزگەوتەکانی شاری بانەى ڕۆژهەڵاتی کوردستان وزتنستى ئاینى خوێندووە.
– لە ساڵى 1925بەهۆى بارو دۆخ و تێکچوونی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەگەڕێتەوە شارى سلێمانی.
– لە مانگى (9)ى ساڵی 1882 کە ئەوکاتە تەمەنی (15) بووە، بووەتە کاتبی نفوسی سلێمانی، بەڵام زۆری پێناچێت دەکرێت بەکاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی.
– لە مانگى (6)ى ساڵی 1883 بووەتە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە و نزیکەی سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە، دواتر بووەتە بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا.
– لە مانگى (10) ى ساڵی 1895 گوازراوەتەوە بۆ شارى (کەربەلا) بەوەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرتووە و شێخ موستەفای نەقیب کردوویەتى بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی.
– لە ساڵى 1898دەچێتە ئوستەمبۆڵ و کۆلێژی یاسا دەخوێنێت.
– لە رۆژى 14/9/1899 بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ.
– لە نێوان ساڵانی 1905 تا 1908لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە.
– لە ساڵی 1907 (کۆمەڵەی کورد)یان بەسەرۆکایەتی (شێخ عەبدوڵقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵای شەمزینی) درووستکردووە.
– لە مانگى 9ى 1909 بووەتە قائیمقامی چۆڵەمێرگ.
– لە مانگى 4ى 1912 بووەتە قائیمقامی قەرەمورسل.
– لە مانگى 2ى 1915 بووەتە قائیمقامی بالاوا.
– لە مانگى 9ى 1916 بووەتە قائیمقامی بیت الشباب.
– لە مانگى 3ى 1917 بووەتە قائیمقامی گموش کوی. لە ھەمان ساڵدا بە ھەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
– لە رۆژى 17/4/1918 کراوەتە موتەسەڕیفی (ئەماسییە)، کە ئەمە دوا وەزیفەی بووە لە تورکیا، تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.
– بۆ ماوەی (25) ساڵ لە تورکیادا ماوەتەوە.
– لە تورکیادا ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە و دوو منداڵیشی لێى بووە.
– لە ساڵی 1923 ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لە ڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
– لە ساڵى 1924گەڕاوەتەوە شارى سلێمانى.
– لە مانگى 12ى 1926 شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەکات کراوەتەوە سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەکە.
– لە ساڵی 1932دەکرێت بە بەڕێوبەری ڕۆژنامەی ژیان.
– لە ساڵی 1932 بۆ یەکەمجار نازنازناوى پیرەمێرد بۆخۆى هەڵدەبژێرێت، کاتێک شیعری (بەیانی بوو لەخەو ھەستام) بڵاودەکاتەوە، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت.
– لە ساڵی 1934 چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی،.
– لە ساڵی 1937 لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا نێوانى تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام کۆڵنادات و دەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی (ھەتیوان)ەوە و مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی (ژین) دادەمەزرێنێت.
– لە بواری شیعردا دەستێکی باڵای هەبووە و یەکێکە بووە لە شاعیرە دەگمەنانەی کورد.
– لەچەندین رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەى ئێران و تورکیا وتارى بڵاوکردۆتەوە.
– گرنگى زۆرى بە جەژنى نەورۆز داوە و ھۆنراوەی نەورۆزى لە مانگى ئاداری ١٩٤٨دا نووسیووە.
– لە بوارى شانۆدا رۆڵى بەرچاوى هەبووە و چەندین دەقى شانۆیى نووسیووە.
– دەستێکی باڵاى هەبووە لە نوسینى پەندی پێشینان، لە ئێستاشدا پەندەکانى پیرەمێرد لەسەر زمانى هەموان دایە و خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە ژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند.
– لە تورکیا بەناوی جیاجیا بابەتى بڵاوکردۆتەوە لەوانە: سلیمانیەلی توفیق، س. ت، سلیمانیەلی مەحمود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م. م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.
– زمانەکانی تورکی، فارسی و عەرەبی بەباشى زانیووە.
– خاوەنی چەند کتێبێکى چاپکراوە، لەوانەش: (دیوانی مەولەوی، ساڵی 1935، چیرۆکی مەم و زین 1936، دوانزە سوارەی مەریوان، 1935، کتێبی پەندی پێشینان، 1936، چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،1942، گاڵتەوگەپ ساڵی 1947، دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی – بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە).
– لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی: (گەشتی ھونەرمەندێک لە جیھاندا، ڕۆمانی کەمانجەژەن، 1942، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی).
– شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.
– شیعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردۆتەوەوەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.
– زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.
– لە رۆژی 19/6/1950 لە شاری سلێمانی لە تەمەنی (83) ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیەکانی شەکرە و گورچیلە کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتى خۆى لە گردی مامەیارە نێژراوە.