پۆڵەتیک پرێس
گروپی شانۆى گۆدۆ لە ڕۆژەکانى کۆتایی پڕۆڤەکردندان لە کارێکى نوێى شانۆییدا بە ناوى (فڕین بە ناو خۆڵەمێشدا). ئەم کارە نوێییەى گروپی گۆدۆ دەرهێنانى (داستان بەرزان)ە و لە جۆرى نمایشى تاکئاکتەرییە کە هونەرمەند (گۆران نامیق) یاریی ڕۆڵەکەى دەکات.
تایبەت بە بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێس داستان بارزان دەرهێنەرى کارەکە وتى: شانۆییەکەمان بەرهەمى پێش دۆخى کۆڕۆنایە، جارێکیتر گەراینەوە سەرى و بە جۆرێکى دیکە مامەڵەمان لەگەڵیدا کرد، ئەوەشى وایکرد دەستکراوەبین لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەى ئەم ئیشەدا ئەوەبوو کە تێکستەکەى خۆمان ئامادەمان کردووە بە پشت بەستن بەو شانۆنامە گرنگانەى کە بنەمان بۆ شانۆى جیهانى.
وتیشی: خەمى ئێمە لەم ئیشەدا جگە لە هاتنى ئەو پەتایەى دونیاى ڕووە و ئاڕاستەیەکى دیکە برد هاوکات خەمى ئەو کەسانەشە کە ژیانیان دەکەنە قوربانى لە هونەردا، کە ئەمەش خەمێکى تەواو مرۆییە، بەهیوام بینەرانى کارەکەمان مانا و چێژ لە کارەکەمان وەربگرن، وەکچۆن خۆمان لەگەڵ سات بە ساتیدا ژیاوین و دەژین و ڕۆژانى پڕۆڤەمانى پڕکردووە لە مانا و چێژ.
تاکو ئێستا کات و شوێنى ئەم کارە نوێیەى گروپی شانۆى گۆدۆ دیارینەکراوە، بەڵام بڕیارە لە نزیکترین کاتدا وردەکارى کارەکەیان ڕابگەیەنن، کە دەکاتە سێیەمین بەرهەمى نمایشکراویان.