‎سیخوڕییكردن وەک شاڕەگی پرۆسەی ھەواڵگری

نوسینی: بەهرۆز عزەت

‎ئەگەرچی بەم شێوەیە پێشكەوتوو و رێكخراو و بەزانستی و بەسیستەم نەبووە، بەڵام پرۆسەی هەواڵگری هەر لەگەڵ بوونی مرۆڤ لەسەر گۆی زەویدا بوونی هەبووە.، بەدرێژایی مێژووش سەدان ئامراز (میكانیزمی)جۆراوجۆر بەكارهاتوون هەر لە بەكارهێنانی چەندین ئاماژە و نیشانە و بەكارهێنانی باڵندە و پارە و هەڵخەڵەتاندن وچالاكی تێكدەرانە و كوشتن و ڕەفاندن و پروپاگەندەوە و كۆد، شیفرە، بەكارهێنانی ڕادار، سێكس, كەشتی سیخوڕی، نووسینی نهێنی، دانانی ئامێری دەنگ توماركردن و وێنەگرتن، رادیۆ، ئامێری بێ‌ تەل (بێسیمەكان)، جەنتای دیبلۆماسی، ئامێرە تەكنەلوجیەكان، بەكارهێنانی فڕۆكەی بێ‌ فرۆكەوان ومانگە دەستكردەكان، لەهەمووشیان سەرەكیتر و گرنگتر كەلەهەموو سەردەمێكدا بەكارهێنراوە بەكارهێنانی سیخوڕ(جاسوس)بووە كەبەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەكارهێنراوە تا گەیشتووەتە ئێستا، كە پێشكەوتنێكی یەكجار گەورە لەبواری هەواڵگرییدا ڕوویداوە كە ئەم پێشكەوتنەش بەشی زۆری بواری ئامراز (میكانیزمەكان) دەگرێتەوە. بەجۆرێك كە لەئێستادا سەدان میكانیزم بەكاردەهێنرێن، ئەمە سەرەڕای چەندانی تر كە ڕەنگە هێشتا نهێنییان نەكەوتبێتە ڕوو.

لێرەدا باس لەگرنگترین و سەرەكیترین بنەما و ئامراز( میكانیزم)ی بواری هەواڵگری دەكەین كە سیخوڕیکردن و سیخوڕە(جاسوسە).

‎سیخوڕ ئەو چاوەیە كە بۆ ناو ڕیزەكانی دوژمن یان لایەنی بەرامبەر دەنێردرێت لەكاتی جەنگ و ئاشتیدا. زۆربوون ئەو سیخوڕانەی كەتوانیان ئاراستەی جەنگ و ڕووداو و مەسەلەكان بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكانیان بگۆڕن ببنە هۆكاری سەركەوتنی وڵاتەكانیان، زۆرن لەو سیخوڕانەی كەخزمەتی گەورەیان بەوڵاتەكانیان كردووە و تائیستاش ناویان بەزیندووی ماوەتەوە .

لەم بارەیەوە (ئالان دالاس)سەرۆكی دەزگای هەواڵگری(CIA)‎لە سالانی (1953-1961ز)دا دەڵێت: ڕاستە كە سیخوڕەكان كەسانێك بوون كەخۆیان ونیشتیمانەكەیان فرۆشتووە و دژی خاك و نیشتیمانەكەیان كاریان كردووە، بەڵام لەبەرامبەریشدا كەسانێك بوون كەخۆشەویستی بۆ خاك و نیشتیمان پەروەریان پاڵی پێوەنان تا گیانیان بخەنە مەترسیەوە یاخود گیانیان فیدابكەن لە پێناوی بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر نهێنییەكانی دوژمن، بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكەیان.

‎بەگشتی چەندین چالاكی گرنگ و كاریگەری سیخوڕی، وە جاسوسی مەزن هەبوونە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، دەكرێت زۆرێك لەوچالاكی وناوانە تائێستاش هەر بەنهێنی مابنەوە. تەنانەت لەپاڵ ئەو سیخوڕانەش كە بۆ جیهان ئاشكرابوونە جا ئەگەر سەركەوتوو بووبن یان شكستیان هێنابێت چەندین سیخوڕی دیكە هەبوونە كە لەپاڵ ئەمانە كاریان كردووە بەنهێنی ماونەتەوە و ئاشكرانەبوونە!!

‎لەگەڵ ئەوەی كەسیخوڕیكردن لەگەڵ بوونی مرۆڤدا هەیە، بەڵام‌ لە بواری ئەكادیمیدا وێنەیەكی ڕوونی زانستی بۆ سیخوڕیكردن نەكێشرابوو، لەسەدەی چوارەمی پێش زایینی نەبێ‌، كەلەلایەن بیریاری چینی (سن تزوو) لەیەكێ‌ لەبەشەكانی كتێبەكەی هونەری جەنگ (ART OF WAR) لەژێر ناونیشانی بەكارهێنانی نۆكەرانی نهێنی (سیخوڕەكان)، باس لە بنەماكانی هەواڵگری و جۆر و شێوازەكانی سیخوڕدەكات، (سن تزوو)توانی وێنەیەكی زانستی بدات بە سیخوڕی .
هەروەها(سن تزوو)دەڵێت: (دوژمن بناسە خۆت بناسە هەرگیز نادۆرێیت). بیگومان ئەمەش لەئەنجامی هەبوونی زۆرترین و ووردترین زانیارییەوە دەبێت، لەم بارەیەوەش دەڵێت: “زانیاری لە دەرووندا دەرناهێنرێن یاخود لە خوداوەندەوە نایەت !! بەڵكو ئەبێ‌ لەیەكێك وەربگیرێت كەلەنزیكەوە لەبارودۆخەكە ئاگاداربێت.

بۆ ئەم مەبەستەش (سن تزوو)سیخوڕ(جاسوسەكان)ی بەسەر پێنچ شێوە دابەشكردوون كەئەمانەن:
‎1-سیخوڕی ناوچەیی:ئەوانەن كەلەوڵاتی دوژمن كاردەكەن، واتە نزیكن لەناوچەكە.
‎2-سیخوڕی ناوخۆیی: ئەو كاربەدەست و فەرمانبەرانەن كەلە دامودەزگاكانی دوژمن كار دەكەن.
‎3-سیخوڕی مردوو: ئەوانەن كە زانیاری چەوت دەدەن بەدوژمن بۆ چەواشەكردن.
‎4-سیخوڕی هەڵگەڕاوە: ئەوانەن كە پێشتر سیخوڕی دوژمن بوون، بەڵام دواتر هەڵگەڕاونەتەوە.
‎5-سیخوڕی زیندوو: ئەوانەن كە ڕاپۆرتی گرنگ لای دوژمنەوە دەهێنن (واتە سیخوڕی فەرمی وڵاتی خۆیانن).
‎بێگومان بواری هەواڵگری زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوبنەمایانەی كە (سن تزوو) بۆ بواری هەواڵگری دایرشتوون لەئاستێكی باڵادان تا ئێستاش پراكتیزە دەكرێن.

‎بواری سیخوڕی زۆر ئالۆز و سەرسورهێنەرە!! جاری وا هەیە سیخوڕەكە ئەندامی دەزگا هەواڵگرییەكەنییە تەنیا چالاكیەك ئەنجام دەدات بۆ دەزگاكە، بەواتایەكی تر دەكرێت بۆ سیخوڕیكی تر كاربكات یان بۆ تۆڕێكی سیخوڕی كاربكات !! یاخود دەكرێت سیخور دووسەرە بێت بەواتایەكی تر دەكرێت سیخوڕ بۆ دوو وڵات واتە بۆ دوو دەزگای هەواڵگری لەیەك كاتدا كاربكات !!یاخود ئەشیت سیخوڕ ئەندامێكی فەرمی دەزگا هەواڵگرییەكەی وڵاتەكەی خۆی بێت، بۆ ئەم مەبەستە مەشقی پێ‌ دەكرێت بەمەبەستی ڕەوانەكردنی بۆ چاڵاكیەك لەدەرەوەی وڵات، دەكرێت چاڵاكیەك چەندین ساڵ بخایەنێت و زۆر درێژخایەن بێت !!

بەڵام ئەگەر سیخوڕ لەهەر شێوەیەك بێت، كارێكی سەخت و رێكخراوە، دەبێت توانایێكی زۆر باشی هەبێت ، ئامانجی سەرەكیشی كۆكردنەوەی زانیارییە.
هەروەها سیخوڕەكان دەتوانن زانیارییەكانیان لەڕێگای جۆراوجۆرەوە پەیدابكەن وەك چوونە ناو دامەزراوەكان بەشێوەیەكی یاسایی یان نایاسایی، یاخود لە رێگەی كڕین یان لەخشتەبردن یان هەڕەشەكردن، یان لەڕێگەی دەست كەوتنی بەڵگەنامە وتۆمار و ڕاپۆڕتی گرنگ بەچەندین رێگا و چاودێریكردن وگوێگرتن لەقسە و گفتوگۆكان وچەندین رێگای تر…بەبەكارهێنانی چەندین رێگا ومیكانیزمی مەترسیدار و باش وخراپ .

‎سیخوڕ ئەمرۆ بەچواردەوری گەردووندا دەسوڕێتەوە و دەتوانێن بڵێین كە هیچ شوێنێك نییە یاخود زۆر كەمە كە شوێنێك هەبێت نەتوانرێت سیخوڕی بەسەرەوە نەكرێت!!

‎بەدرێژایی مێژووش بەم جۆرەبووە سیخوڕی و سیخوڕەكان ڕۆڵێكی مەزن و كاریگەریان هەبووە، زۆرێك لە پرۆسە و مەسەلە و بابەتەكان بەجۆرێكی تر ئەبوون،
یاخۆد دەتوانێن بلێین جیهان لەهەر كات و سەردەمێك بەجۆرێكی تر دەبوو ئەگەر چاڵاكی سیخوڕی و سیخوڕەكان نەبوونایە!!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا