پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دوەم پادشای ئوردن، سەرۆک کۆماری میسر و سەرۆک وەزیرانی عێراق، سبەی یەکشەممە کارەکانی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر لەبەغدا دەستپێدەکات هەرسێ وڵات لەبارەی پڕۆژەی شامی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئابوری و یەکخستنی تواناکان گفتوگۆ دەکەن.
رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق بڵاویكردەوە، رۆژی یەکشەممە 27ی حوزەیران، کارەکانی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر لەبەغدا بە بەشداری هەریەك لە شاعەبدوڵای دووەم شای ئوردن، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستپێدەکات و تێیدا کاراکردنی رێککەوتننامەکانی دوو لوتکەی رابردو لەقاهیرە و عەممان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
هاوكات بڕیارە لەدیدارەكەدا پڕۆژەی شامی نوێ بڕیاری لەسەر بدرێت پڕۆژەكەش جەخت لەبەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان ئەو سێ لایەنە دەکاتەوە لەبوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان و زیاترکردنی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبو، پڕۆژەی شامی نوێ لەسەر شێوازی هەماهەنگی وڵاتانی ئەوروپی داڕێژراوە و بەغدا و قاهیرە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتریش عەمما دێتە ناو رێککەوتنەکەو دواتریش وڵاتانی دیكەی عەرەبی.
بە وتەی پسپۆڕانی ستراتیژی، پڕۆژەی شامی نوێ بریتییە لە کۆکردنەوەی تواناکان بۆ پەرەپێدانی ئابوری و وەبەرهێنان لەهەرسێ وڵات، بەجۆرێک عێراق بەبونی سامانێکی نەوتی زۆر پشتیوانی دارایی بۆ پڕۆژەکە دەستبەردەکات، میسریش لەئاستی مرۆیی دەستبەری پڕۆژەکە دەکات و ئوردنیش بە پێگەی جوگرافی بەشدارەو لە پڕۆژەکەدا کە عێراق و میسر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پێشتر بڕیاربوو لە 27-3-2021 کۆبونەوەی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر بەبەشداری شا عەبدوڵا شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسرو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبەغدا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی روداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەكەی سوهاجی لە باشوری میسر دیدارەكە دواخرا.