پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرا كرد و رایگەیاند: وەزیری دارایی عێراق پێی وتووین پارە نانێرین بۆ هەرێم چونكە ئەگەر یاسای بودجە جێبەجێبكرێت هەرێم 630 ملیۆن دۆلار قەرزاربووە و پێویستە بیداتە حكومەتی عێراق.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق تایبەت بە پشكی هەرێم، وەزیری دارایی پێی وتین بە پێی بڕگەكانی ماددەی (10 و 11) ی یاسای بوجەی عێراق هەرێم كۆمەڵێك پابەندبونی لەسەرە لەبەرانبەردا كۆمەڵێك شایستەشی هەیە دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دراوە كە شایستەكانی بۆ بنێرێت، ئێمە وەك وەزارەت ڕاسپێراوین ئەو وردكاریە بكەین بزانین هەرێم چەندە شایستەی بەردەكەوێت بۆ ماوەی ئەم (شەش) مانگە لە ئەنجامدا دوای حسابكردنی خەرجیە فیعلیەكانی حكومەت و لێدەركردنی بوجەی سیادی و حاكمە ڕون بویەوە كە هەرێم دەبێت ڕۆژانە بایی دووسەد و 50 هەوزار بەرمیل نەوت بەحسابی سۆمۆ ڕادەستی حكومەت بكەن دەبێت لە ئێستادا حكومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشوو بڕی (630) شەش سەدو سی ملیۆن دۆلار بداتە حكومەتی فیدراڵ ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزاردار دەرچوو بۆیە ئەگەر لەڕووی سیاسەوە چارەسەر نەكرێت بەپێی بڕگەكانی یاسای بوجە هیچ بڕە شایستەیەكی بۆ ناڕوات.
ئەحمەد حاجی رەشید وتی: بە وەزیری داراییم راگەیاند، ئێمە لە ماددەی 10 ی یاسای بودجە پشكی هەرێممان دانەناوە بە 12,67 بەڵکو نوسیومانە بەپێی حساباتی وەزارەتی پلان دانان پشکی هەرێم دیاری بکرێت کە دەکاتە 14%، وەزیری دارایی وتی بەپێی حساباتی وەزارەتی پلان دانانیش پشكی هەرێمم داناوە بە 14% هێشتا هەرێم هەر قەرزاردەبێت.
روونیشیكردەوە، ئەم بابەتە دەچێتە ناو حساباتی خیتامی كاتێك چاودێری دارایی دێت وردبینی بودجە دەكات و تیایدا وردبینی هەموو حساباتی سۆمۆ بۆ ئەم ساڵ دەكات، بۆیە ئەگەر هەرێم پاكتاوی حساباتی هەموو ئەمساڵ بكات دەبێت بە نزیكەیی ملیارێك و 260 ملیۆن دۆلار بدات بە حكومەتی عێراق.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەی خستە ڕوو، لە كاتی گفتوگۆ و دانووستانەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق بە شاندی هەرێمی وتووە ئەو حسابەی ئێوە كردوتانە هەڵەیە و لەو بڕگەی هێناوتانە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ ڕێككەوتون لەسەری زەرەرتانە و هیچتان دەست ناكەویت، شاندەكە پێیان وتم ئێوە ناڕەزایەتی دەرمەبڕن با كێشە دروست نەبێت، ئەوە بوو ئێمە ناڕەزایەتیمان دەرنەبڕی بۆئەوەی كێشە دروست نەبێت، بەڵام بەداخەوە كەگوێ نەگرن خەتای ئێمە نییە.
رۆژی 15ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم رەوانە بكات، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی ئامادە نەبوو دەنگ لەسەر ئەو بڕیارە بدات و تا ئێستاش ئامادەنییە واژۆ لەسەر ناردنی هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بكات تا ئەو كاتەی هەرێم پابەند نەبێت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەوە.