پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی رێككەوتنی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و بەیەكەوەكاركردنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كرا.
بە ئامادەبوونی هەریەك لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكانی یەكێتی و عومەر سەیید عەلی، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان واژۆی رێككەوتنی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرا.
عومەر سەیید عەلی: ئەم رێككەوتنە بەرهەم و درێژكراوەی بڕوای سیاسی هەردوو خوالێخۆشبوو مام جەلال و كاك نەوشیروانە
لە وتەیەكدا عومەر سەیید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان بە خوێندنەوەی واقعی سیاسی هەرێمی كوردستان و بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد لە بەغدا لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە عێراق و ناوچەكە روودەدەن بە پێویستمان زانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە لە هاوپەیمانێتییەكدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كۆببینەوە، سەرەنجام ئەوەی بەدەستهات رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان وتی: ئەم رێككەوتنە بەشێكە لە یەكخستنی خەباتی گەلی كوردستان بۆ داكۆكیكردن و زامنكردنی مافە دەستووریی و سیاسییەكانی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا بەتایبەتی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان كە بە بارودۆخێكی سەخت و دژاوردا تێدەپەڕن، هەربۆیە دەرفەتی گونجاو لە بەردەستدایە بۆئەوەی دوای هەڵبژاردن ئێمە و هێزە كوردستانییەكان لە بەرەیەكی بەرفراوانی كوردستانی كۆببینەوە و لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان گوتارێكی یەكگرتوویی كوردستانی بۆ بەغدا دابڕێژینەوە.
وتیشی: ئەم رێككەوتنە بەرهەم و درێژكراوەی بڕوای سیاسی هەردوو خوالێخۆشبوو مام جەلال و كاك نەوشیروانە و هەوڵێكە بۆ بە پیرەوە چوونی داخوازییەكانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتی كێشە داراییەكان و باشكردنی بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان، هۆكارێكیش دەبێت بۆ سەقامگیری سیاسی و ئابوری و لێكتێگەشتنی سیاسی نێوان هەردوولا و دواتریش لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان.
لای خۆیەوە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند: ئەم رێككەوتنەی ئێمە دژی هیچ لایەنێك نیە بۆ یەكڕیزی كوردستانە و بۆ گەلەكەمانە هەرگیز ئێمە جارێكی تر خوشك و براكانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان بە جێناهێڵین من حەزناكەم ئەم رێككەوتنە هەر بۆ ئەم هەڵبژاردنەبێت، بەڵكو ئێمە هەر بەیەكەوە بین و ئەمە یەكەمین هەنگاوە بۆ ئەوەی خەونەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروان بەدی بهێنین، ئەم یەكریزییە دەبێت یەكەم هەنگاو بێت بۆ سلێمانییەكی باشتر بۆ كوردستانێكی باشتر بۆ عێراقێكی باشتر بەیەكەوە دەبێت لە بەغدا ئەكتیڤ تربین لە بەغداوە دەتوانین خزمەتی میللەتەكەمان و عێراقیش بكەین.
بافڵ تاڵەبانی: هەرگیز ئێمە جارێكی تر خوشك و براكانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان بە جێناهێڵین
بافڵ تاڵەبانی وتی: بارودۆخی كوردستان وەكو پێویست باش نیە، ئێمە دەتوانین بەیەكەوە زۆر باشتری بكەین ، من حەزناكەم خۆمان بەراوردبكەین لەگەڵ وڵاتە بچوكەكانی دنیا بەڵكو ئێمە كارێكی وابكەین چەند ساڵێكی تر كوردستان لەگەڵ وڵاتە گەورەكانی دنیا بەراوردبكرێت، بە سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال ئێمە دەبێت رۆحی كوردستان بپارێزین، كەرامەتی كوردستان بپارێزین.
هاوكات لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە وتەیەكدا رایگەیاند: شەرەفێكی گەورەیە ئەمڕۆ ئێمە لە ژێر سێبەری هاوپەیمانێتی كوردستان كۆبووینەتەوە، من پێم وایە ئەمە بەشێكە لەو بەڵێنانەی كە لە رابردوو هەم بزوتنەوەی گۆڕان هەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داومانە بە میللەتەكەی خۆمان ئەویش زۆرجار ئێمە وەكو دروشم باسی یەكڕیزی دەكەین، بەڵام بە فعلی نەمان بینی هیچ كەس بێت ئەو یەكڕیزییە بەرجەستەبكات، ئەوەی ئێمە كردوومانە پێم وایە بە فعلی ئێمە هاتووین بەشێك لە میللەتەكەمان یەكڕیز كردووە وەبەدڵنیاییەوە ئەمە قازانجەكەی قازانجێكی گشتییە، وە ئەم ناوچەیە بەتایبەتی بەداخەوە لە ساڵانی رابردوو بەهۆی ناكۆكی نێوان یەكێتی و گۆڕان ناخۆشی زۆری بەخۆیەوە بینی بۆیە هیوادارین لەدوای ئەم هاوپەیمانێتییەوە ئەمساڵ ساڵی بەرەكەت بێت بۆ ئەم ناوچەیە وە ساڵی ئارامی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە بێت.
لاهور شێخ جەنگی: ئەم رێككەوتنەی ئەمڕۆ درێژكەرەوەی رێككەوتنی دەباشانە
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەكرد، لە بیریشمان نەچێت ئەو هاوپەیمانێتییە درێژكەرەوەی بەڵێنی ئەو دوو زاتەیە هەردوو رەحمەتی جەنابی مام جەلال و كاك نەوشیروان كە لە 17_5_2016 لە دەباشان بە یەكیاندا بەڵام بەداخەوە بەهۆی دەستتێوەردانی ناتەندروستەوە ئێمە نەمان توانی ئەو هاوپەیمانێتییە وەكو خۆی بگەیەنینە جێ، دیارە ئەو دوو زاتە هەردووكیان زۆر لە ئێمە سیاسەتمەدارتر و دووربینتربوون وە بەدڵنیاییەوە حیكمەتێكی تێدابوو كە ئەوان لەو كات و ساتەدا هاتن رێككەوتنی دەباشانیان راگەیاند، ئێمە سیاسەت دەكەین لەپێناو میللەتەكەمان بۆیە بەدڵنیاییەوە بەیەكەوە ئێمە بەهێزترین، وە ئەو دوو زاتەش هەر لەپێناو یەكڕیزی كورد لەپێناو ئەوەی ئێمە لە ناوچەیەكدا دەژین چواردەورمان بە ئاگر تەنراوە ئەگەر یەكڕیز و یەكدەنگ نەبین ناتوانین ئامانج و ئاواتی میللەتەكەمان بهێنینەدی.
لاهور شێخ جەنگی ئەوەی خستەڕوو، واجبی سەرشانی جەنابی كاك عومەر و جەنابی كاك بافڵ و بەندە لەسەرووی هەمووتانەوە وەدواییش مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە ئەم هاوپەیمانێتییە وەكو بیلبیلەی چاومان بپارێزین و بیگەیەنینە جێ، هەوڵبدەین بیكەینە نمونەیەكی جوان بۆئەوەی لایەنە سیاسییەكانی دیكە چاومان لێبكەن وە لەدوای هەڵبژاردن بەڵكو ئەم هاوپەیمانێتییە ببێتە چەتری كۆكەرەوەی كورد.