بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەری بۆ یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لە بەغدا دەخاتەڕوو

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە میانی پێشوازیكردنی لە ئۆلیڤییێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: پەرۆشی ئەوەین كورد بەیەك تیم وەك بەرەیەكی نیشتمانیی كوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەست پێشخەری یەكڕیزی و كۆكردنەوەی هێزەسیاسییە كوردستانییەكان دەكەین.

ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی كرد لە ئۆلیڤییێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكان، هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن، قۆناغی نوێی ئەرك و بەرپرسیارێتی خەباتی سیاسی، بافڵ تاڵەبانی تێڕوانینە سیاسییەكانی خستەڕوو، ئاماژەی بەخواستی یەكێتی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی نیشتمانیی و تەوافق، كە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەك بێت و رایگەیاند یەكێتی پەرۆشی ئەوەیە حكومەتی داهاتووی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەك لێكترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات.

هاوسەرۆك روونیشكردەوە پەرۆشی ئەوەین كورد بەیەك تیم وەك بەرەیەكی نیشتمانیی كوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەست پێشخەری یەكڕیزی و كۆكردنەوەی هێزەسیاسییە كوردستانییەكان دەكەین و دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەكان، لەودیو حەمرینەوە بكەینە خزمەت ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمان.
هەر لەدیدارەكەدا تەئكید لە هاریكاری زیاتر و پتەوكردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا كرایەوە بەشێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكان بكات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک