دیارنەمانی سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە گومانی دروست كردووە

پۆڵەتیك پرێس:
دیارنەمانی خدر كەریم سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە گومانی دروست كردووەو بەرپرسانی ئەمنی شارەكەش لەو بارەوە هیچ لێدوانێك نادەن.

رۆژی دوو شەممە 24ی ئاب، پۆلیسی هەڵەبجە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوەو تێدا هاتووە: هاووڵاتی‌و هاوشاریمان (خدر كەریم محەمەد) سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە لەبەرواری 2020/8/23/ سەعات (6)ی سەر لەئێوارە لەماڵی خۆی لە گەڕكی كانی عاشقان چووەتە دەرەوە و تاسنوری غاباتی گوڵان بینراوە هەر كەسێك هەواڵی دەزانێت ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، یان نزیكترین كەسی بكاتەوە.

دیارنەمانی خدر كەریم لەكاتێكدایە، چەند رۆژێك پێش ئێستا خۆپیشاندەران، هێرشیان كردە سەر بینای شارەوانی هەڵەبجەو ئەو ژوورانەیان سووتاند، كۆمەڵێك دۆسییەی گەندەڵی تێدابوو.

لەو بارەوە سەرچاوەیەك لەشارەوانی هەڵەبجە، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: پێشتر خدر كەریم، لەسەر گەندەڵی لەسەرۆكی شارەوانی دوورخراوەتەوەو بەشێكیش لەدۆسییەكانی گەندەڵی لەرووداوی سووتانی شارەوانی سووتاون.

سەرچاوەكە، كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە داوای كرد، ناوی بڵاونەكرێتەوە، وتیشی: ئێستا جۆرێك گومان دروست بووە، كە دیارنەمانی خدر كەریم‌و سووتانی بینای شارەوانی پەیوەندی بەیەكەوە هەبێت، بەڵام دەبێت بۆ سەلماندنی ئەو گومانە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت.

لەو بارەوە پۆڵەتیك پرێس پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی ئەمنی هەڵەبجەوە كرد، بەڵام بەبیانووی ئەوەی لێكۆڵینەوە لەرووداوەكان هێشتا تەواو نەبووە، ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك بدەن.

پێنج ساڵ پێش ئێستا چەند دۆسییەكی گەندەڵی لەسەر خدر كەریم سەرۆكی ئەوكاتی شارەوانی هەڵەبجە ئاشكرابوو، بەو هۆیەشەوە لەپۆستەكەی دوورخرایەوەو دەست بەلێكۆڵینەوەش لەدۆسییەكان كراو تائێستا ئەو پرسە یەكلانەبووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا