پووتین هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات؛ ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی مۆسکۆ گەیشتە 133 کەس

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بۆ 133 کەس بەرزبووەوە و ڤلادیمیر پووتین-ی سەرۆکی ئەو وڵاتە پەنجەی تۆمەت بۆ ئۆکراینای دراوسێ رادەکێشێت و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە خۆجێیەکانی رووسیا، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی شەوی هەینی لە یەکێک لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ 133 کوژراو بەرزبووەتەوە، هەروەها راشیگەیاند، 145 کەس لە هێرشەکەدا بریندار بوون و 115 لەوانە رەوانە نەخۆشخانە کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندرووستی.
ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە وتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، “تەواوی تۆمەتبارانی رووداوی هێرشکردنە سەر هۆڵی ئاهەنگگێڕانی کۆرکەس دەستگیرکراون کە ژمارەیان 4 کەسە”، هەروەها رۆژی یەکشەممەی وەک رۆژی ماتەمینی گشتی لە وڵاتدا دیاریکرد.

پووتین لە پەیامەکەیدا بە ئاشکرا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئۆکراینا راکێشا کە لە ئێستادا لە جەنگدان و ووتی، “هێرشکارەکان هەوڵیانداوە دەربازی سنوورەکانی ئۆکراینا ببن، لەوێش دەرگایەکی رزگاربوونیان بۆ کراوەتەوە تا هەڵبێن”.

سەرۆکی رووسیا جەختی لەوەکردەوە کە وڵاتەکەی تۆڵەی هێرشەکە دەکاتەوە و ووتی، “گرنگ نییە هێرشکارەکان کێن و کێیان لە پشتە؛ دووبارەی دەکەمەوە: هەموو ئەوانە دەدۆزینەوە کە دەستیان لەم کارەدا هەیە و بە توندترین شێوە سزایان دەدەین”.

ئۆکراینا رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی هەبێت بە هێرشەکانی سەر مۆسکۆ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکیی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، “بەدڵنیاییەوە ئۆکراینا هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوی تەقەکردنەکەی هۆڵی کۆرکەس نییە لە مۆسکۆ و ئەو [پووتن] هەمیشە دەیەوێت رووداوی هاوشێوە بقۆزێتەوە بۆ مانەوە لە دەسەڵات”.

پاش رووداوەکە، راپۆرتە هەواڵییەکانی ڕووسیا ناسنامەی ئەو هێرشکارەکانیان بە هاووڵاتیی تاجیکستان ئاشکراکردبوو کە کۆمارێکی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت بوو لە ئاسیای ناوەڕاست و دانیشتوانەکەی زۆرینە موسڵمانن، وڵاتەکە  هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان، نزیکەی یەک ملیۆن و نیو تاجیکی لە رووسیا کاردەکەن و زۆربەیان رەگەزنامەی رووسییان هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان راپۆرتە سەرەتاییەکانی میدیاکانی رووسیای رەتکردەوە کە باسیان لە پەیوەندیی چەند تاجیکییەک کردبوو بە هێرشەکەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ناسنامەی هێرشکارەکان، زۆرێک لە توندڕەوەکانی رووسیا داوای دەستگیرکردن و راودوونانی کۆچبەرانی تاجیکستانیان کرد، بەڵام پێدەچێت پووتین وا دەردەکەوێت کە ئەو بیرۆکەیەی بەدڵنەبێت و لە لێدوانێکیدا وتی “هیچ هێزێک ناتوانێت تۆوی ژەهراوی دووبەرەکی، ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەی فرە نەتەوەیی ئێمەدا بچێنێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا