پۆڵەتیک پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وەڵامی چالێنجی ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دایەوە لەچالێنجی ژینگەپارێزی پۆڵەتیک پرێس.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە تیایدا بە پۆشاکی ژینگەپارێزییەوە دەردەکەوێت و لەگەڵ چەند ژینگەپارێزێک سەرقاڵی پاککردنەوەی چەند جێگایەکی ناوەندی شاری سلێمانین لەزبڵ و خاشاک.
پارێزگاری سلێمانی لەبڵاوکراوەکەیدا نوسی، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ناوەندی شار، لەگەڵ بەڕێزان ژینگەپارێزان و پاکردنەوەی شار و وەڵامدانەوەی چالێنجی بەڕێز ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە چالێنجی ژینگەپارێزیی پۆلەتیک پرێسدا”.
لەدرێژەی بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، “دەخوازم هەموومان خۆمان بە ژینگەپارێز بزانین و هیچ پنتێکی ئەم شارو دنیایە پیسنەکەین، کەمتەرخەمانەو بێباکانە ئازاری خاک و شارو جوامێرە ژینگەپارێزەکان نەدەین”.
لەماوەی رابردوودا ئاوات محەمەد لەچالێنجی پۆڵەتیک پرێس بۆ ژینگەپارێزی بەشداریکرد و چالێنجی هەریەکە لەهەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد.