حكومەتی هەرێم  دەسەڵاتە ئیدارییەكان شۆڕدەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێمیش بە مەبەستی کارئاسانی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نەمانی رووتین لە دامودەزگاکانی حكومەتی هەرێم بڕیاریاریداوە کە دەسەڵاتە ئیدارییەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانیان لە پارێزگاکان شۆڕبکرێتەوە.

سەرۆکی  حكومەتی هەرێم رایگەیاند، شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ ئەوەیە  ئیشوکاری هاووڵاتییان خێراتر رابپەڕێنرێت و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر بگەنە هاووڵاتیان.

سەبارەت بەئامادەكردنی رەشنووسی یەکەمی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمیش لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا رەشید وەزیری پلاندانان، هێڵە گشتییەکانی رەشنووسی یەکەمی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانیان بۆ ساڵی 2021 بە ژمارە و داتای پێویست لە  بوارەکانی ( داهات، خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و کورتهێنان ) خستەڕوو، بەڕەچاوکردنی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 کە رۆژی 12ی نیسان لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوکرایەوە، وا بڕیارە، پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم، لە نزیکترین دەرفەتدا رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی رێکخستنی پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پەسەند کردووە ئەویش  بە ئاراستەی چاکسازیی لەو بوارەدا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش راسپێردراون بۆ  جێبەجێکردنی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە حكومەتی هەرێم  لەگەڵ حکومەتی عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنرێت، دووپاتیشی کردەوە کە هەرێم، خوازیاری پەیوەندییەکی باش و دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و سوپاسی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد، بۆ هاوپشتی و پشتیوانیی دەربڕین لەگەڵ هەرێمی کوردستان .

ئەنجوومەنی وەزیران لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆیدا هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و  پرۆژەیاسای بەرکارکردنی رەسمی پولی عێراق پەسندكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا