رێنمایی هەڵگرتنی چەك بۆ كارمەندانی كۆمپانیا ئەمنییەكان بڵاودەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، رێنمایی مۆڵەتی چەكی بۆ كۆمپانیا ئەمنییەكان بڵاوكردەوە، كە لەمەودوا كارمەندانی كۆمپانیا ئەمنییەكان ناتوانن چەك هەڵبگرن، تەنیا پاسەوانەكان مۆڵەتی چەكیان پێدەدرێت.

بە گوێرەی رێنماییەكانی موڵەتی چەكی كۆمپانیای ئەمنی، پێویستە كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی بە شێوەیەكی فەرمی دامەزرابێت و دامەزراندنەكەی لە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند كرا بێت، موڵەتی هەڵگرتنی چەك تەنها دەدرێت بە كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی كە كاری ئەمنی دەكات بە پێی یاسای چەك ژمارە (2)ی ساڵی 2022 و نادرێت بە بەڕێوەبەر و ستافی كارگێری كۆمپانیای ئەمنی.

لە رێنماییەكەدا هاتووە: پێویستە ئەو چەكەی موڵەتی پێ‌ دەدرێت، تەنها لە كاتی ئەركی فەرمی كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی بەكاربهێنرێت و هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەك لە دەرەوەی ئەركی پاسەوانی بە بێ‌ موڵەت ئەژماردەكرێت و بە پێی یاسای چەكی بەركار رێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگریێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، نابێت كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی چەكی پاسەوانی موڵەت پێدراو بباتە دەرەوەی كۆمپانیا لە دەرەوەی سنوری ئەركەكەی.
چەند مەرجێكیش دیاریكراوە بۆ كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی لەوانەش:

1. كارمەندی كۆمپانیای ئەمەنی تەمەنی لە (28) ساڵی كەمتر و لە (50) ساڵ زیاتر نەبێت.

2. سزا نەدرابێت بە تاوانێك یان كەتنێكی ئابڕووبەر، بە پشتگریی بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەكانی تاوان.

3. كەمئەندام یان نەخۆشی دەروونی نەبێت یان كێشە لە چاوەكانی نەبێت بە شێوەیەك كە نەتوانێت چەك بەكاربهێنێت بە پشتگریی راپورتی لێژنەی پزیشكی.

4. پڕكردنەوەی فۆرمێكی موڵەتی چەك تایبەت بە زانیاری كارمەندی كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان بە پێی فورمی پاشكۆی ژمارە (2)ی ئەم ڕێنماییە.

ئەو جۆرە چەكانەشی كارمەندانی كۆمپانیا ئەمنییەكان دەتوانن هەڵی بگرن بریتین لە:

1. چەكی ئاگرین (دەمانچە) قەبارەی فیشەكەكانی لە (9 ملم) زیاتر نەبێت.

2. چەكی ئاگرین قەبارەی فیشەكەكانی لە (39×7.62م) زیاتر نەبێت.

3. قەدەغەیە لەسەر كۆمپانیای ئەمنی چەكی ئاگرینی بێ‌ دەنگ (كاتم) و چەكی ئاگرین لە جۆری (قەناس) بەكاربهێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا