دارایی، هونەرمەند، ئافراندن

نوسینی: دانا غەفور فەتحوڵا

هونەر یەكێكە لە كایەكانی ژیان كە لە هەر سەردەم و زەمەنێكدا ئەرك و مانای جیاواز دەبەخشێت . جگە لەوەی هۆكارێكی باش وئامڕازێكی لەڕادەبەدەری پێشكەوتن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە لەگشت سەردەمە جیاوازەكاندا هەتا ئەمڕۆ . ئەگەر چی لەچەند سەدەیەكی چەرخی كۆندا شتێك نەبووە وەك  مانا بەناوی هونەر بەڵكو بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی وپێداویستی ڕۆژانە بووە و وەك چەند هۆكارێكی پێداویستی ژیان بەكار هاتووە .بەڵام لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هونەر مانایەكی جیاواز و ئەركی جیاوازی هەڵگرتووە هەربۆیە جێگای هونەرلەناو كایەكانی ژیانی ئەمڕۆماندا قورسایی و سەنگێكی زۆری هەیەو ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە پەروەردەو ڕۆشنبیریو هۆشیار كردنەوەی تاك وكۆمەڵگا.

ئەگەر ئەم بابەتە پەیوەست بكرێت بە هونەر كەوابێت ، گشت ئەفراندنێكی هونەر پێویستی بە پێدانی هەندێك لە ڕۆح و لەهەمان كاتدا پاڵپشتی دارایی و خەڵوەتی چەند ساتێكی مێشك هەیە . لەبەرئەوەی هەموو ئەفراندنێكی پڕچێژ و كامڵ هەڵهێنجراوی بیرو هزری هونەرمەندی ئازادە . كەواتە پێشمەرجی ئافراندن ، بریتی دەبێت لە ئازادی . لێرەوە چەند كێشەیەك دێنەگۆڕێ ، هونەری ئازاد و كامڵ و پڕچێژ یان هونەرێك لێوان لێو بێت لەكۆت و بەند كردن و هەلواسراو بەباڵای كەسانێك یان دەسەڵات و حیزبێك؟ .

هونەرمەند بۆئازاد بوون و بەردەوام بوونی هونەرەكەی وپێشكەشكردنی هونەرێكی جوان و ئازاد پێویستی بەگەڕانێكی بەردەوامە بەدووای دەنكە مرواری ملوانكەی پچڕاوی هونەر لەگشت لایەك بەبێ ووچان ، ئەمەش پێویستی بەتوانای دارایی و ماندووبوونە بۆ كۆكرنەوەو دۆزینەوەی پارچە و بەشە جیاجیاكانی هونەر و دووبارە وەك هۆنینەوەی ملوانكەیەك یان ڕێكخستنەوەی لە فۆڕمێكی نوێ و مانایەكی نوێدا پێشكەشی بكات . ئەمەش دەبێت بەمایەی هونەرێكی ناوازە و چێژ بەخش و ئازاد . بۆ گەشتن بەم قۆناغەش هونەرمەند پێویستی بە پاڵپشتی و هاوكاری دارایی دەبێت كەنەبوونی دارایی هۆكاری سەرەكی لەناو چوون و فەنابوونی هونەرێكە بەمانا ی ڕاستەقینە هونەر ، كەواتە نەبوونی هونەرمەندی ئازاد ، بۆئەوەی كاری سەنگین و شیاو لەهەمانكاتدا سەربەخۆ بەرهەم بێنێت .

لێرەدا چەند ڕاو سەرنجێك لەسەر نەبوونی توانای دارایی و سەربەخۆی هونەرمەند و لیكەوتە خراپەكانی لەچەند خاڵێكدا دەخەینە ڕوو . نەبوونی دارایی سەربەخۆی هونەرمەندو هونەرەكەی چەندین لێكەوتەی خراپی دەبێت لەوانە :
1 – هونەرمەندێكی كۆت و بەندكراو . كەئەمەش وادەكات ئەو هونەرەی پێشكەشی دەكات هونەرێكی كرچ و كاڵ بێت و لەگەڵ خواستی كۆمەڵگادا یەكنەگرنەوە .

2 – هونەرمەند پەنادەبات بۆ چەندین سەرچاوەی دیكە وەك حیزب . ڕێكخراو یان سەرچاوەی كەسی ئەمەش والە هونەرمەند دەكات جێ پەنجەی لەهونەرەكەیدا كاڵ دەبێتەوەو لەبری ئەفراندن دەبێتە هونەرمەندێكی پیشەوەر و بەردەوام دەخولێتەوە بە دوری خاڵێكدا .
3 – یەكێكی تر لەئاستەنگەكانی بەردەم داهێنانی هونەری كەئەمەش خۆی لە نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆی هونەرمەند دا دەبینێتەوە نەبوونی ماتریاڵیكی ئاست بەرزو شیاوە بۆ هونەرە كەی . كەلە ئێستادا ئەتوانم بڵێم یەكێكەلەهەرەكۆكارە گرنگەكانی نەبوونی داهێنانی هونەری .

4 – هونەر بەردەوام پێویستی بە تازە بوونەوە هەیە بۆیە پێویستە هونەرمەند بەردەوام لەگەڕان و كنەكردن نەوەستێت بۆئەوەی هونەرێكی زیندوو پێشكەش بكات سەرەنجام لێرەشدا پاڵپشتی دارایی پێویستە . ئەمانە و چەندانی تر هۆكاری نەبوونی دارایی سەربەخۆی هونەرمەندە ونەبوونی ئەفراندن و كاری ناوازەو پڕچێژ ی هونەرین . بەداخەوە كەلە ئیستادا لەكوردستان بووە بەمۆتەكە لای هونەرمەندان ، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت دەبێتە هۆی پوكانەوەی هونەری كوردی كەئەمەش كاریگەری دادەنێت بۆچەندین نەوەی دوای خۆمان كە نەتوانین هونەرێكی بەهێزو ئەفرێنەرانەو دروستكارانە پێشكەش بكەین ، لەبەرئەوەی بەرلەهەر ئازادیەك ، ئازادیە داراییەكان ، هەوێنن بۆسەرهەلًدانی هونەرێكی ئاست بەرزو ئازادو ئەفرێنەرانە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا