چاپێکی نوێی کتێبی (خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە

پۆڵەتیک پرێس

دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان چاپێکی نوێی کتێبی (خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) بڵاو کردەوە.

ئەم کتێبە وەک پڕۆژەیێکی هاوبەشی بڵاوکردنەوەی نێوان “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” و “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان”، کەوتە بەردیدی خوێنەران.

ئەم کتێبە پاش چاپی یەکەمی هەوەڵ بەرگی لە ١٩٣١دا، جارێک پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٨٠دا “کتێبفرۆشیی سەییدیان” لە مەهاباد بە زەنکۆگراف، جارێکی‌دی “کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا” لە لەندەن، ساڵی ٢٠٠٠ دەزگای سەردەم، جاری چوارەم “بنکەی ژین” لە ٢٠٠٦دا لەچاپی‌دایەوە و ٢٠١٨یش دەزگای “مانگ” لە شاری بانە چاپێکی‌تری کردەوە. بەوپێیە، ئەم چاپی دووەمەی بنکە، دەبێتە حەوتەم چاپ بەگشتی. ئەمە جگە لە چاپەکەی دەزگای نووبەهار بە کوردیی باکوور.

بنکەی ژین لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت، ” ئەوەی ڕاستی بێ، “خولاصە” کتێبێکی لە بواری خۆی‌دا دانسقەیە و بە گیانێکی بەرزی زانستیی دوور لە بیری تەسکی نەتەوەیی و ناوچەیی و بێ‌لایەنانە و بە ڕەچاوکردنی ئەمانەتی زانستی و مێژوویی نووسراوە، لە سەردەمێک‌دا کە -بەبێ گومان- سەرچاوەکانی پڕۆژەیەکی وەها گەورەی هەمەلایەنە، وەک ئێستە، زۆر و بەردەست نەبوون. بەڵام بەهەشتی محەمەدئەمین زەکی‌ توانیویە بە لێزانی و وردبینی و پشوودرێژی و شارەزاییی خۆی لە چەند زمانێکی بیانی‌دا، لێبڕاوانە مێژوویەکی سەرتاسەریی کورد وەک یەک‌نەتەوە و مێژووی کوردستان وەک نیشتمانێکی یەک‌پارچە بنووسێتەوە؛ هەم کەلینێکی گەورەی کتێبخانەی کوردیی پێ ­پڕبکاتەوە و هەم لەو ڕۆژگارەی سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی تازەی عیراق‌دا، بیکاتە نموونەیەکی بەرچاوی شانازی و بەڵگەیەکی پشت‌پێ‌بەستراوی دەست خوێندەوارانی خۆوڵاتی و نەیارانی کوردیشی پێ‌ بێ‌دەنگ‌‌بکا. بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە لەو ڕۆژگارەدا، دەوروبەری نیگەران‌کردووە و وەک بە ڕوونی دەرکەوتووە، بە بەرنامە هەوڵیان‌داوە ئەو مێژووە بشێوێنن و مێژوویەکی‌تری لە بەرامبەردا قوت‌بکەنەوە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا