پۆڵەتیك پرێس بەڵێنێكی كازمی بۆ هەڵەبجەییەكان ئاشكرادەكات

پۆڵەتیك پرێس – عەلی حەمەسەعید

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرایدەكات، نوسراوێكی تایبەتیان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ كۆتایی هێنان بەپرسی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لە بەرامبەریشدا سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی خێرا جێبەجێكردنی ئەو داواكارییەی پێداون.

كاوە عەلی، بە پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند: لە ئێستادا هیچ بیانوویەك لەبەردەم وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق نەماوە بۆ ئەوەی هەڵەبجە وەك پارێزگای 19ەمینی عێراق بناسێنن ئەویش دوای ئەوەی لەسەروبەندی 16/3/ی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە حكومەتی عێراق كرد، كاروبارەكانی تایبەت بە پرسی ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی سەر بەخۆ تەواو بكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، لای خۆیانەوە نوسراوێكیان ئاڕاستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، لەبارەی كۆتایی هێنان بە پرسی ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگای 19ەمینی عێراق، ئەویش لە وەڵامدا بەڵێن و پشتیوانی خۆی بۆیان دوپاتكردووەتەوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشیخستەڕوو، لە ئێستادا ئەركی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆیە كە بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو نوسراوانەی حكومەتی عێراق و پەرلەمان لەبارەی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا