كازمی چی دەبات‌و چی دەهێنێتەوە؟

پۆڵەتیك پرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەسەردانێكی فەرمی لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریكایەو بڕیارە رۆژی پێنج شەممە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە بكات.

مستەفا كازمی لەسەردانەكەی بۆ ئەمریكاو لەو جانتای بەدەستییەوە گرتوویەتی، چەند دۆسییەكی تێدایە، كە بڕیارە بیخاتە سەر مێزی گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆكی ئەمریكا، بەڵام پێناچێت، جانتاكەی كازمی دوای خاڵیكردنی لەسەر مێزەكەی ترامپ بە بەتاڵی بگەڕێتەوەو دەبێت چەند دۆسییەكی تری ئەمریكای تێبكات‌و بیگەڕێنێتەوە بەغداو جێبەجێشیان بكات.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، گفتوگۆی سەرەكی دۆناڵد ترامپ‌و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لەعێراق، هەروەها كەمكردنەوەی چالاكی میلیشیا چەكدارییەكانە لەعێراق، بەتایبەتی ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن.

 

گفتوگۆی سەرەكی دۆناڵد ترامپ‌و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لەعێراق

 

هەر بەپێی سەرچاوەكان لە سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ترامپ، كازمی چەندین پەیامی رەمزی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بەكەمكردنەوەی ڕۆڵی ئێران لەعێراق، لەگەڵ كاراكردنی ڕۆڵی ئەمریكا بۆ پشتگیری عێراق لەسەر ئاستی ئابووری.

ئەمە جگە لە تاوتوێكردنی دابەزینی نرخی نەوت و تێكچوونی دۆخی تەندروستی دوای زۆربوونی ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەگەڵ باسكردنی دۆسییەی ئەمنی و شەڕی دژی داعش.

ناكۆكی پێكهاتەكانی عێراق‌و كێشەكانی پرۆسەی سیاسی‌و گێڕانەوەی چەك بۆ دەست دەوڵەت، ئەو دۆسییانەی ترن، مستەفا كازمی دەیخاتە بەردەم ترامپ‌و تاوتوێی دەكات.

 

ناكۆكی پێكهاتەكانی عێراق‌و كێشەكانی پرۆسەی سیاسی‌و گێڕانەوەی چەك بۆ دەست دەوڵەت، ئەو دۆسییانەی ترن، مستەفا كازمی دەیخاتە بەردەم ترامپ‌و تاوتوێی دەكات

 

پرۆفیسۆری زانكۆ و شیكەرەوەی سیاسی نەبیل ئەلعوبەیدی، لەو بارەوە دەڵێت: واشنتۆن بە شێوەیەكی سەرەكی لەڕێگەی ئامادەبوونییەوە لە عێراق بەدوای بەرژەوەندییەكانیدا دەگەڕێت، بەڵام بێتوانایی حكومەتی كازمی لەسنوورداركردنی چەك بەدەست میلیشیاكان‌و بەهێزكردنی دامەزراوە سەربازییەكانی‌و بەگژداچوونی گەندەڵی واشنتۆن-ی بێهیوا كردووە.

عوبەیدی پێشبینی دەكات سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا شكستبهێنێت لەبەدیهێنانی ئامانجە ماددی و مەعنەوییە چاوەڕوانكراوەكانی، بەهۆی ئەو فایلە دڕكاوی و ئاڵۆزانەی لەجانتای سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هەیە، لەكاتێكدا لە خشتەیەكی ئاڵۆزی ئەمریكادا لەگەڵ ترامپ-دا لەنێو ئەو كەشە گرژە كۆدەبێتەوە بەهۆی زۆربوونی كۆرۆنا و نەبوونی چەك و كۆنترۆڵنەكردنی دۆخی ئەمنی لەگەڵ گەندەڵی لەدەزگاكانی دەوڵەتدا .

ئەلعوبەیدی دەشڵێت: ئەمە بۆ كازمی قورسە لەم كاتەدا، كە بەشێكی زۆری كوتلە شیعی و سوننی و كوردییەكانی ناو پەرلەمان نایانەوێت ئەو پرسە چارەسەر بكەن.

بارودۆخی ئێستای كازمی بە تایبەتی لەم سەردانەدا دەكرێت بە دوو ئاگر باس بكرێت، یان وردتر لە نێوان چەكوشی ئەمەریكا و ئێرانیدا وەسفبكرێت، كە ئەمەش وا دەكات كۆدەنگی ئێران و ئەمەریكا لەعێراقدا قورس بێت و دیمەنی سیاسی ئەو وڵات تووشی تۆقاندنی زیاتر بکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا