پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوە و گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێم كراو هەردووی جەختیانكردەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو یاساو پرسانەشی كە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە بە ڕێككەوتن تێپەڕێندرێت.
دوانیوەڕۆی رۆژی چوار شەممە 27-4-2022 ، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبونی د.عمر عبدالعزیز و مستەفا عبدالله كارگێڕانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازیان كرد لە حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حامید حاجی غالید ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد.
لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە كراو جەختیشكرایەوە كە عێراق و هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسی و دابڕانی لایەنە سیاسیەكاندا تێدەپەڕێت و ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان بارودۆخەكەی گەیاندۆتە بنبەستێكی نەخوازراو كەجێی نیگەرانیە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێدەپەڕێت و تائێستا هیچ هەنگاوێكی جدی نەنراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا هەردولا هاوڕابوون كەپێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو یاساو پرسانەشی كە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە بە ڕێككەوتن تێپەڕێندرێت.
لەكۆتای دیدارەكەدا جەختكرایەوە كە خزمەتگوزارییەكان و بژێوی ژیان و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئاستێكی زۆر خراپدایەو دەسەڵات بەرپرسەو ئەركی سەرەكیەتی بەجدی چارەسەری بكات، ناكرێت ئەو فەرمانبەرانەی كە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی وڵات و دامودەزگاكان بەخشیوە و خانەنشین بوون لە ئێستادا بێڕێزیان بەرانبەر بكرێت لەكاتی وەرگرتنی مووچەكانیان و لەپێناو وەرگرتنی مووچە گیان لەدەست بدەن.