بەرپرسێكی هێزەكانی شنگال: تا مردن دەجەنگین و شنگال چۆڵ ناكەین

پۆڵەتیك پرێس

رۆژی یەكی نیسان دواین وادەیە بۆ ئەوەی ئەو هێزانەی لە شنگال و دەوروبەرین ناوچەكە چۆڵ بكەن، بەرپرسێكی هێزەكانی شنگالیش دەڵێت، “ئەگەر حكومەتی عێراق بیەوێت بەزەبری هێز لە شنگال دەرمانبكات، ئەوا تا مردن دەجەنگین شنگال چۆڵ ناكەین”.

عومەر ساڵح سەرۆكی پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزیدیان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەكو هێزەكانی بەرخۆدانی شنگال و ئاسایشی ئێزدیخان بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین شنگال چۆڵبكەن و ئەگەر سوپای عێراقیش بیەوێت بە شەڕ دەریان بكات، ئەوا لەگەڵیان دەجەنگن.

وتیشی، “پێمانخۆشە كێشەكان بەدیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر ببن و شەڕ روونەدات، بەڵام گومان دەكەین سوپای عێراق بەناوی گفتوگۆ و دانوستانەوە سەرقاڵمان بكات بۆئەوەی لە شنگال دەرمانبكات، ئێمەیش ئامادەین تا مردن شەڕیان لەگەڵ بكەین”.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سنوری شنگال بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەو هێزانەی لە شنگالن توانای بەرگریكردن و رووبەڕووبوونەوەی سوپای عێراقییان نییە، بەڵام لەبەرئەوەی لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە پشتیوانییان لێدەكرێت بۆیە سورن لەسەر ئەوەی شنگال چۆڵ نەكەن.

باسی لەوەشكرد، هێزەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانن، ئێرانیش نایەوێت ئەو ناوچەیە بكەوێتە دەستی سوپای عێراق یان توركیا، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت لە شنگال زیاتر ململانێیەكی هەرێمییە، نەك ناوخۆیی.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پێشتر عەبدولخالق تەلعەت نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو بەپێی رێككەوتنی هەرێم و عێراق پێویستە هێزەكانی عێراق بچنە شنگال و راستەوخۆ حكومەتی عێراق ئەو ناوچەیە بەڕێوەببات.

جەختی لەوەشكردەوە، رۆژی یەكی نیسان دواین وادەیە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە شنگال چۆڵبكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا