دەسپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگەكان دواخرا

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە درێژكردنەوەی ماوەی داخستنی دەرگای خوێندنگەكان تاوەكو رۆژی هەشتی نیسانی داهاتوو.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێیاندراوەو بەهۆكاری زیادبوونی رێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بریاردراوە جگە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و پەیمانگاكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە حكومی – ناحكومی سەرجەم قۆناغەكانی دیكەی خوێندن تا رێككەوتی هەشتی نیسانی داهاتوو دەوامیان دەست پێنەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی بازنەی یەكەم و تاقیكردنەوەكانی (٢٠) نمرەیی لە قوتابخانە حكومییەكان و تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرز لە قوتابخانە ناحكومییەكان دەبێت.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەو وادەیەش لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخی تەندروستی دەكرێتەوە.

پێشتر عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، لەگەڵ وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا لەسەر خەتن، بڕیاردراوە شەممەی داهاتوو دەوامی خوێندن لە قوتابخانەو زانكۆو پەیمانگاكان دەستپێبكاتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوشدا بەهۆی هەڵكشانی ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دەرگای خوێندنگەكان بەداخراوی دەمێننەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا