هەڵمەتی ناشیرینكردنی كورد

ساڵانێكە ھەڵمەتێكی سیستەماتیك و ڕێكخراو لەلایەن توركیا و ئێران و عێراق بەخەستی، بەبەكارھێنانی كوردەبۆرە، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیا، لە ھەموو ئاستەكان ئیش لەسەر ناشیرینكردنی ھەموو شتێكی كوردی دەكەن.

بەشێك لەو خودنەفرەتییە، ڕق لە خۆبوونەوەی كوردو كوردستانیان بۆ ئەم هەڵمەتە چڕە دەگەڕێتەوە. ئەوان دەیانەوێت هەموو شتێكی كوردستانیان ناشیرن بكەن جا كەسایەتی سیاسی بێت، ڕۆشنبیر بێت، مێژوونوس بێت، ئەكادیمی بێت، سیمبوڵ بێت. ھەرچی كورد بێت، شانازییەكانی كورد بێت، ناوی كورد بێت دەیانەوێت بیشێوێنن.

لەبەرابەر ئەم هەڵمەتە من هەڵوێستم وەرگرتوە بەوەی هەر هاوڕێیەكی فەیسبوك، هەر كەس‌و لایەنێك، هەر سایت‌و ڕێكخراوێك، ئەم كارە بە ئاگایی یان بێ ئاگایی بكات یەكسەر بلۆكی دەكەم.

واچاكە هەموو مرۆڤێكی نیشتیمانپەروەر، مرۆڤدۆست، كورد بێت یان نا، دەنگی ئەو جۆرە سایت‌و كەسانە ببڕێت، بلۆكیان بكات. ئەو دەنگانە هی ئەوە نین تۆ ڕەخنەیان لێبگریت یان وەڵامیان بدەیتەوە چونكە كارو قسەكانی ئەوان ناچێتە خانەی بیروڕای ئازاد، ناچێتە خانەی ڕا دەربڕین، ئەوانە بە ئانقەست و بە ڕێكخراو دەیانەوێت شانازییەكانی گەلێك بسڕنەوە.

چ گەلێك، گەلی كوردستان كە بێجگە لەوەی نیشتیمان‌و خاكەكەی داگیركراوە لەلایەن چوار دەوڵەتی فاشیست دۆستێكی ڕاستەقینەی لە تەواوی دنیادا نیە. گەلێك كە خۆی‌و ئازادیخوازەكانیەتی، خۆی‌و گەریلاو شەڕڤان‌و پێشمەرگەیەتی، گەلێك كە ئەكادیمیای هەموو دنیا دژیەتی، گەلێك كە نەتەوە یەكگرتوەكان گوێ لە داوا و نزاكانی ڕاناگرێت، گەلێك كە جینوساید و لینگۆسایدو كەڵچەرساید كراوە، گەلێك پاكتاوی ڕەگەزی كراوەو دەكرێت، گەلێك كە دوژمنانی ئاڵاكەی دەخەنە ژێر پێ، گەلێك كە دوژمنانی بە ئاشكرا دەڵێن لەسەر مەریخیش بێت ئێمە دژایەتی ئێوە دەكەین.

بۆیە تكا لە هەمووتان دەكەم ئەو دەنگە نەشازانە بێ دەنگ بكەن كە ئێوەو شانازییەكانتان‌و كەسایەتییەكانتان‌و ئەكادیمی‌و ڕۆشنبیرەكانتان سوك و ناشیرین دەكەن.

لەبەرابەر ئەو هەڵمەتەی داگیركەران‌و كوردەبۆرە ئێوەش دەبێت هەڵمەت بكەن، هەڵمەت بە شەڕكردن نا لەگەڵ ئەوان لە سۆشیال میدیا بەڵكو بە بێ دەنگ كردنیان لە سۆشیال میدیا، گفتوگۆ لەگەڵ كەسێك مەكەن كە مەبەستی گفتوگۆ نیە، ئەوانە ڕەخنەگر نین تا گفتوگۆیان لەگەڵ بكەیت، ئەوانە مەبەستی سیاسی‌و گڵاویان هەیە تاكە شێواز بلۆككردنیانە.

لەوانەیە هەندێكتان بڵێن جا خۆ ئەوانە دیارن‌و قسەكانیان دیارە مەبەستدارە با بۆخۆیان هەر بڵێن كێ باوەڕیان پێ دەكات، نەخێر وا نیە هەتا دوو كەسی وریا ئەوانە دەناسێت دەیانی سادەو خۆشباوەڕ بە قسەكانیان هەڵدەخەڵەتێن.

من بلۆكیان دەكەم، كەس بێت یان لایەن یان دەزگا یان ڕێكخراو. چاوەڕوانی هەمان شتیشم لە ئێوە هەیە.

شێركۆ كرمانج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا