یادەوەریی هەڵەبجە؛ بۆ نەوەكانتانی بگێڕنەوە!

یادەوەریی ھەڵەبجە (Halabja Memorial)؛ وەك پرۆژەی ئەرشیفی دیجیتاڵیی ھاوبەشی زانكۆی سۆران و زانكۆی ھەڵەبجە؛ گرنگیی و كاریگەریی دوورمەودای مێژوویی و ئەكادیمیی ھەیە و پێویستیی بە پلان و پرۆگرام و پرۆژەی وردتری ستراتیژیی ھەیە و ناكرێت بەتەنیا لەنێو دوو زانكۆدا سنوردار بكرێت.

ئەو پرۆژە ھەنوكەییە كە قۆناغی یەكەمی لەبیرەوەری سیوسێیەمین ساڵیادی كیمیاییبارانی ھەڵەبجەدا و لە رۆژی سێشەممە (16ی ئاداری 2021)دا لەلایەن نوێنەرانی ھەردوو نێوەندە ئەكادیمییەكەوە راگەیاندرا؛ ئامانج لێی كۆكردنەوەو ئەرشیفكردن و دیجیتاڵیزەكردنی رووداوی كیمیاییبارانی ھەڵەبجە و دەقنووسكردن و تۆماركردنی دەنگیی و رەنگیی كۆكار و كۆژانی كەسوكاری قوربانیانی رووداوەكەیە بە ھەرسێ زمانی كوردی، ئینگلیزیی و عەرەبی.

ئەگەرچی ھێشتا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە راگەیاندراوەو ناوەڕۆكی پۆرتاڵەكە بەتەواوی پڕنەكراوەتەوە، بەڵام زۆر گرنگە لەم سەرەتایەدا ھەندێك پێشنیاز بۆ دەوڵەمەندكردنی بخرێنەڕوو، تاوەكو بەھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان؛ ھەر كەس و لایەنێك لەئاست خۆیەوە پشتگیریی و پشتییوانی مادیی و مەعنەویی زانكۆی ھەڵەبجە و زانكۆی سۆران بن. ھەربۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین:
١. سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و ھەریەك لەوەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، شەھیدان و ئەنفالكراوان، گواستنەوە و گەیاندن، شارەوانیی و گەشتوگوزار، رۆشنبیریی و لاوان بەتایبەت؛ لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی و سەرمایەداراندا بەشداریی كارای مادیی و مەعنەویی ئەم پرۆژە نیشتمانییە بكەن، تاوەكو ئەوەی ئەوان بە سێ دەیەی رابردوو بۆیان نەكرا یان بەنیوەناچڵی بەڕێییانكرد، لەرێی ئەم پرۆژەیەوە ھاوكاریی و ھەمانگیی زیاتر بۆ سەرپێكەوتن و بەردەوامیی بكەن و ببێتە خەمی نیشتمانیی كابینەی وەزاریی و ھەر وەزیر و پارەدار و دەستەڵاتدارێكی پەیوەندییدار.

٢. كار لەسەر ئەوە بكرێت كە جگە لەزمانەكانی كوردی، ئینگلیزیی و عەرەبیی ناوەڕۆكی دەق و دەنگ و رەنگی یادەوەریی ھەڵەبجە بۆ زمانەكانی فارسیی و توركیی و پوختەیەكیش بەھەریەك لە زمانە زیندووەكانی جیھان لەنموونەی چینی، ژاپۆنی، فەرەنسایی و ئەڵمانیایی بەردەست بن. بۆئەوەش دەتوانرێت ھەماھەنگیی لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پاشكۆی رۆشنبیریی باڵوێزخانەكانی عێراق لەو وڵاتاندا بكرێت.

٣. مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە بەفەرمیی بخرێتە سەر زانكۆی ھەڵەبجە و بكرێتە بەشێكی بنەڕەتیی لەپرۆژەی یادەوەریی ھەڵەبجە. ھاوكات ھاوشێوەی مۆزەخانەی بەریتانیا، دیمەنەكانی مۆنۆمێنتەكە، شەقام، كۆڵان، خانوو و شوێنەوارەكانی ھەڵەبجە بەشێوەی بینراو (Vertual) لەسەر پۆرتاڵەكە بخرێنەروو و بۆ ھەموو بەكارھێنەرێك بەردەست بن.

٤. دامەزراندنی نێوەندێكی توێژینەوەی زانستیی تایبەتمەند بە تاوانی جینۆسایدی ھەڵەبجە و دروستكردنی بانكێكی زانیاریی پشتڕاستكراوە؛ بۆ بەرھەمھێنان و بڵاوكردنەوەی بەرھەمی ھەمەچەشنی زانستیی بەشێوەی نووسراو، بیستراو، بینراو و دیجیتاڵی. ھەروەھا ئەركداركردنی خوێندكارانی دوایین قۆناغی بەكالۆریۆس، ماستەر و دكتۆرا لەپسپۆڕییە جیاوازەكانی ھەردوو زانكۆی سۆران و ھەڵەبجە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی ھاوبەشی فرەپسپۆڕیی لەبارەی دەرھاویشتە و شوێنەوارەكانی كیمیاییبارانی ھەڵەبجە. ئەم نێوەندی توێژینەوەیە؛ دەستەڵاتی ئەوەی پێبدرێت كە لەلەگەڵ نێوەندە ھاوشێوەكانی خۆی لەوڵاتانی وەك یابان و روواندا و ئیسرائیل و …تد یادداشتنامەی لێكگەیشتنی ھاوبەشی كاركردنی ھەبێت و سوود لە ئەزموون و توانا مرۆیی و لۆجیستیكییەكانی یەكتری ببینن.

٥. دەكرێت سەنتەری ھەورامانناسیی زانكۆی سۆران بكرێتە بەشێك لەپرۆژەی یادەوەریی ھەڵەبجە و سوودی دوولایەنە لەیەكتر ببینن.

٦. پێویستە بەفەرمیی بەشی راگەیاندن لە كۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی ھەڵەبجە رابسپێرێن بۆ خستنەگەڕی سەرچاوە مرۆیی و لۆجیستیكییەكانی تاقیگەی میدیایی و كۆمپیوتەریی و ژووری ھەواڵ؛ بۆ ئاسانكاریی پرۆسەی تۆماركردن و كۆلاج و مۆنتاژ و دیجیتاڵیزەكردنی بەرھەمەكانی پرۆژەی یادەوەریی ھەڵەبجە و راستەوخۆ سەرپەرشتییكردنی میدیایی و گەشەپێدانی ناوەڕۆكەكەی.

٧. كاراكردنی پۆرتاڵی ئەرشیفی دیجیتاڵیی یادەوەریی ھەڵەبجە؛ لەرێی زیادكردنی بەشی «وێب تیڤی ھەڵەبجە» بۆ نمایشكردنی كۆی بەرھەمە ڤیدیۆییەكان لەسەر پۆرتاڵەكە. ھاوكات دانانی بەشی «ھەڵەبجە لەمیدیاكانەوە» بۆ خستنەڕووی ھەموو ئەو زانیاریی و ھەواڵ و بابەت و بەرھەمانەی تائێستا لەبارەی كیمیاییبارانی ھەڵەبجە لەمیدیا ناوخۆیی و دەرەكییەكانەوە بەزمانی جیاجیا بەرھەمھنراون. بۆ ئەو ئامانجەش؛ دەكرێت راستەوخۆ داوا لەمیدیاكان بكرێت ھاوكاریی و ھەماھەنگیی بكەن. ھەروەھا كاراكردنی بەشی «دۆكیومێنتاری ھەڵەبجە» بۆ پەخش و بڵاوكردنەوەی ھەموو ئەو بەڵگەفلمانەی بەرھەمھێنراون و بەرھەمدەھێنرێن. بەتایبەت دۆسییەی دادگاییكردنی دیكتاتۆری پێشووی عێراق؛ سەدام حسێن و تاوانباری سەرەكیی كیمیاییبارانی ھەڵەبجە؛ عەلی حەسەن مەجید و ھاوبەشانی.

٨. وەكئەوەی كە راگەیاندرا، ئەگەرچی تیمێكی تەكنیكی خۆماڵیی كار لە پرۆژەی یادەوەریی ھەڵەبجەدا دەكەن و دڵنیایی ئەوەشیانداوە كە ھێندەی لەتوانایاندا بێت؛ سیاسەتی تایبەتمەندێتیی پۆرتاڵەكە كارابێت و كەمترین بوار بۆ ھاككردنی ئەلكترۆنیی بھێڵنەوە، بەڵام خراپ نابێت ئەگەر ھەماھەنگیی لەگەڵ كۆمپانیایەكی پێشكەوتووی دەرەكیی تایبەتمەندا بكرێت تاوەكو بەری رەنج و ماندووبوونی ھیچكەسێك بەفیڕۆنەچێت. بەتایبەت كە ئەزموونی پێشتر دەریخستووە وڵاتانی كوردستان بەسەردا دابەشكراوی وەك عێراق ، ئێران، توركیا و سوریا ھیچكات بچووكترین ھەل بەفیڕۆنادان بۆ لەباربردنی ھەرجۆرە پرۆژەیەكی نیشتمانیی بیرلێكراوە.

٩. لەرووی میدیایی و ھونەریی و نەخشەسازییەوە زۆر گرنگە بەبەردەوامیی پۆرتاڵەكە ئەپدەیت بكرێتەوەو گەشەی پێبدرێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە بە بەردەوامیی بازاڕگەریی بۆ ناوەڕۆكی بەرھەمەكانی یادەوەریی ھەڵەبجە بكرێت، بەجۆرێك سەرنجی بەكارھێنەرانی ئینتەرنێت رابكێشێت و ببێتە ئینسكلۆپیدیایەك و سەرچاوەیەكی سەرەكیی بۆ نووسین و فلم و دراما و زۆر ژانری دیكە. ھاوكات بانگھێشتكردنی توێژەران و دەرھێنەرانی سینەمایی و چاپكردنی وێنە دەگمەنەكانی كیمیاییبارانی ھەڵەبجە وەك پۆستەر و فرۆشتنەوەیان.

١٠. بۆئەوەی لەداھاتوودا پرۆژەی ئەرشیفی دیجیتاڵیی یادەوەریی ھەڵەبجە خۆژێن بێت، باشترە بەشێك لە وردەكارییەكانی ئەم پرۆژەیە لەنموونەی بەڵگەنامە و وێنە و ڤیدیۆ دەگمەنەكانی بكرێن بە پارە و سەرچاوەیەكی داھاتی سەربەخۆ و بەردەوامی ھەبێت؛ تاوەكو لەفراوانكردن و گەشەپێدانییدا بەكاربھێنرێتەوە .

شوان ئادەم ئەیڤەس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا