دەكرێت خەونێكمان هەبێت

لەم رۆژانەی پێشودا لەگەڵ سەرۆك كۆمارا بە تەلەفون ماوەیەك باسی بارو دۆخی كەركوكمان كرد ، ئەو رون رەوان وتی خەڵكێك لە سەرەوە دژی ئیدارەی ئێستای كەركوك خۆ نیشان دەدەن و ژێر بە ژێریش هەموو شتێك بە یەكەوە دەكەن ، هەروەها باسی لەوەش كرد كە ئەو پڕۆژەیەكی بۆ كەركوك هەیە، یان رونتر ئەو دەیەوێت بارو دۆخی كەركوك چاكبكاتەوە ، بۆ ئەمەش دیارە بەرنامەو هەنگاوی خۆی هەیە .

كەركوك پێویستی بە قوڵكردنەوەی گیانی پێكەوە ژیان و ئاشتكردنەوەی خەڵكەكەیە لەگەڵ یەكتر ، هەڵبەت كەسانێك و وڵاتانێك هەن بەو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو پێكەوە هەڵكردنە دەهری دەبن و هەموو شت دەكەن بۆ ئەوەی ئەمە سەر نەگرێت ،رقەكەش تەنها لە كوردەو كەسی تر نا ، ئێ‌ دیارە بەرپرسانی كوردیش لەماوەی دەسەڵاتدارێتیاندا لە كەركوك ئەوەندە ناجۆری و نارێكیان كردوە ، ئێستا چارەسەركردن و راستكردنەوە زۆری گەرەك ، ئەمە لە كاتێكا كە ئێستا لەمپەری زۆریش هەن لە بەردەم چاەسەر كردنی كێشەكاندا .

چارەسەری پرسی كەركوك جگە لە مادەی 140و لە چوار چێوەی دەستوری عیراقیدا ، گەڕانە بە دوای هاوبەشی لە نێوان پێكهاتەكاندا ، كەركوك دەبێت ببێتە شاری هاوڵاتیەكانی ، بەمەش ئەو رقەلە یەكتر كە سیاسیەكان رۆڵیان هەیە لە گەشە كردنیدا بەرە بەرە لە نێو دەچێت ، یانی لە بری ئەو رقە پێویستە هەر كەركوكیەك خەونێكی باشتری هەبێت بۆ سبەینێ‌ ، خەونی باشتر بەو مانایەی خەونی دەستەیەك هەوڵی سڕینەوەی خەونی دەستەیەكی تر نەبێت ، ئەوەی تا ئێستا وایە ، یان بەو جۆرە گوزارشتی لێدەكرێت .

من لە قسەكانی سەرۆك كۆماردا ئەوەم خوێندەوە كە بۆ ئەوەی پڕۆژەو بەرنامەكانی بۆ كەركوك سەر بگرن پێویستی بە هاوكاریە ، هاوكاری بە مانای لە گەڵ بوون نا كە بڕوام وایە ئەوەش زۆر ئاساییە ، هاوكاری بە مانای تێكنەدانی بەرنامە لە یەكتر ، ئەو باسی رۆڵی هەندێ‌ كەسی كرد لە تێكدانی بەرنامەدا ، ئەمەی بۆ ئەوە وت كە ناكرێت بۆ پرسی كەركوك هەر تاقمەو بە جۆرێك كار بكەن ، بەشێكی زۆری كارەكانیش دژایەتی كردنی یەكتر بێت .

لێرەدا یان رەش یان سپی نیە ، وەك ئەوەی بەشێك لە سیاسیەكان بەو جۆرە كار دەكەن ، لە گفت و گۆو دانیشتنا هەمیشە هاوبەشی دەدۆزرێتەوە ، ئەمە خاڵێكی ئەرێنیە بۆ ئەوەی لە قۆناغی گوێزەرەوەدا كاری لە سەر بكەین.

لەتیف فاتیج فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا