8ی مارس

8ی مارس
دەرفەتێك بۆ خۆ پێناسەكردنەوەو دەرخستنی بایەخی عەدالەتی ئەخلاقی

دەبێت چی لە (٨)ی مارس تێبگەین؟ چۆن مامەڵەی لەگەڵدابكەین؟ چۆن لەو رۆتینە كوشندەو یادكردنەوە كڵێشەیی و ھەڵوێست تۆماركردنە دوبارە بۆوە، دەری بێنین و لە فەزایەكی كراوەتردا بیخوێنینەوەو واتای پێ بدەین؟ وادەبینین، دەبێت بۆ دووبارە پێناسەكردنەوەی ئەم یادەو وەڵامێكی نوێ بەم پرسیارانەو چەندین ی تر بدرێتەوە.

ئەمەش بۆ ئێمە مانان دەشێت بابەتی كتێبێك بێت، بەڵام لە ئێستادا و لەچوارچێوەی ئەم كورتە وتارەدا، تەنھا بەخستنە ڕووی چەند سەرە قەڵەم و ناونیشان، لەدو توێی ئەم دوو خاڵەی خوارەوەدا وازدەھێنین:
١- ئەم ڕۆژە بیرمان دێنێتەوە كە ئێمە لەسەردەمێكدا دەژین، بمانەوێ و نەمانەوێت بەشێكین لە جیھان. جیھانی ئەمرۆ دەرگاكانی كراوەن، یەك شارستانیەت و كۆمەڵێ فەرھەنگی جیاواز پێكی دەھێنن. ھوشیاربوون بەم واقیع و رەھەندەی ناسنامەمان گرنگە، لەرویەكەوە بۆ ئەوەی بەئەزمونی ناشایستە بەناسنامەمان نەشێوێنین لەڕویەكی تریشەوە بۆئەوەی سود لەو بەشە لە جیھانی بوون وەربگرین كە بەقازانجی ئاستێكی ئەخلاقیی بەرزترو چاكە، ھانمان دەدا و فشارمان دەخاتە سەر. واقیعی بوونمان وەك بەشێك لە جیھان لێمان دەخوازێت، بخەینە سەر خەمە جیھانییەكان و ھاوبەشە مرۆڤایەتی و ژیارییەكان بەئاگا بین. ھەستبكەین لەژێر چاودێریی جیھانداین، خراپەو ناشیرینییەكان، لەبەرچاوی كامێرادا ئەنجام دەدرێن، لانی كەم لەرووی تیۆرییەوە، رەوشی ئافرەتیش یەكێكە لەوپێوەرانەی بەھۆیەوە، نمرە بۆكۆمەڵگەكان دادەنرێت. ئەمەش لەھەردوو ڕوی نەتەوەیی و ئیسلامییەوە، ئۆباڵێكی گەورە بەرامبەر كۆمەڵ و ناوبانگی ئەو دەخاتە ئەستۆمان. پاراستنی ناوبانگی كوردو كوردستان و ناسنامە ئیسلامی و نەتەوەییەكەی گەلەكەی، ئەركی سەرجەم ئۆرگان و؟پێكھاتەو ھێزو پارت و ڕێكخراوو یەكەیەكەی تاكەكانی كۆمەڵگەیە. ڕوێكی گرنگی نیشتیمانپەروەری و ئیسلامخوازی ھاوچەرخیش پێكدەھێنێت، بەحوكمی ئەو ڕۆڵەی پرسی ژن و دۆخی ژیانی ئافرەت لە دووبارە خۆپێناسەكردنەوەمان بۆ جیھان دەیگێرێت، بەجۆرێك لەم بوارەدا ھاوكێشەكە بووە بە( پێم بڵێ رەوشی ماف و كەرامەتپارێزی ئافرەتان لەچیدایە، پێتان دەڵێین چ كۆمەڵگەیەكن و تاچەند ھەڵگری ناسنامەیەكی شارستانین و بەشێكی ڕێزگیراوی ئەخلاقیی جیھانن)

٢- دەبێت ئەم یادە بیر ھێنەرەوەی بایەخی مەزنی خۆپەروەردەكردن و مامەڵەكردنی رەگەزی بەرامبەر بێت لەگەڵ ئافرەت وەك: مرۆڤ وھاوڵاتی و دایك و ھاوسەرو خوشك و كچ، بەگوێرەی (عەدالەتی ئەخلاقی). چونكە ئەوەی رەفتاری پیاو بەرامبەر ژن بەرزدەكاتەوە بۆ ئاستی خودا پەسندی و شارستانی و ئەخلاقی، وە لەقوڵایی و ئاستە ئەخلاقییەكەدا، مامەڵە لەگەڵ پرس و تایبەتمەندی ژندا دەكات، عەدالەتی ئەخلاقیە. بەو واتایەی مرۆڤ خۆی بخاتە شوێنی بەرامبەرەكەی و حەزبكات، چ جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵدا بكرێت، بەوجۆرە مامەڵە و ورەفتار بكات. دیارە پیاو ناتوانێت ببێت بەژن و ھەموو ئەو ھەستانەی بۆدروست ببێت كەئەو ھەیەتی، بەڵام ئەم ڕاستیە رێگر نییە لە خۆخستنە شوێنی ژن و لەوێوە سەیری خۆكردن و دیاریكردنی جۆری مامەڵە. چونكە ژن پێش ئەوەی ژن بێت مرۆڤە، وەك مرۆڤ بیردەكاتەوەو ھەست دەكات و ئازار دەكێشێ و تاسەی ھەیە.لێرەشەوە، بەوئەندازەی پیاو ھەستی مرۆڤ دۆستی زیندوو بەھێزبێت، وە ئافرەت پێش ھەر ناسنامەیەكی تر وەك مرۆڤ سەیر بكات، زۆرتر دەتوانێ بۆئاستی عەدالەتی ئەخلاقی ئاماژە پێكراو بەرزتر ببێتەوە. ئافرەتیش بەو ئەندازەی بەم جۆرە مامەڵە بكات و خۆنمایشكردنی ڕواڵەتانەو نمایشكارانەی ژنانە، نەكات بەرەھەندە سەرەكییەكەی ناسنامەی خۆی، كەلە بەكاڵابوون نزیكی دەكاتەوە، دەتوانێت، خزمەتێكی زۆرتر بەپرسەكەی بكات و سەربەرزانەترو دەنگ زوڵاڵتر داوای عەدالەتی ئەخلاقی و مامەڵەی ئەخلاقیانە لە پیاو بكات
(٨)ی مارس لە ئافرەتانی وڵاتەكەمان و سەرجەم ئافرەتانی جیھان پیرۆز.

بەھیوای جیھانێك، ھەموومان وەك مرۆڤ، كەمترین ڕەنج و ئازاری تێدا بكێشین.

ئەبوبەكر كاروانی

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک