داعش لە ساڵی رابردوودا.. هەڵسەنگاندنێكی كورت

هێشتا لەسەرەتای ساڵی نوێی (٢٠٢١) داین. وا باشە بەكورتی هەڵسوڕانی داعش لەماوەی ساڵی رابردوودا هەڵبسەنگێنین، بەتایبەت كە لەم ساڵەی رابردوودا، داعش لەسایەی خەلیفەیەكی نوێدا، دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی بەڕێوەچووە. هەڵبەت ئەم هەڵسەنگاندنەش یارمەتیمان دەدا بۆ دیاریكردنی دیدی ئایندەییمان بۆ ئێستا و دواڕۆژی تیرۆر لەم وڵاتەدا!

سەرەڕای ئەوەی داعش خیلافەتەكەی رووخێنراوەو خاكی بەدەستەوە نەماوە، كەچی هێشتا تەواو لاواز نەبووەو پەكی نەكەوتووە.

هێزەكانی ئەمریكا لەساڵی ٢٠١١دا لەعیراق كشانەوە، ئەوكات داعش كە ناوی (دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق) بوو نزیكەی (٧٠٠ – ١٠٠٠) چەكداری هەبوو، كەچی لە ئابی (٢٠١٨)دا ، بەپێی خەمڵاندنی شارەزایان، گەیشتە (٣٠٠٠٠) سی هەزار چەكدار لەعیراقدا.

داعش توانیی سوپایەكی گەورە پێكەبنێ و فەلوجە و موسڵ و ئەنبار و چەندین شارۆچكە لە عیراق داگیر بكات و دەست بەسەر زۆربەی خاكی رۆژهەڵاتی سوریادا بگرێ. ئەمەش تەنیا لەماوەی سێ ساڵدا.

سەرچیغچوون ئەوانەی وا دەزانن داعش بەتەواوی تێكشاوە. راستە چەكدارانی داعش لەنێو شارەكاندا نەماون و فەرمانڕەوانین، بەڵام هێشتا توانای شەڕ و پەلاماردانیان هەیە و لەڕووی راگەیاندن و داراییەوە بەهێزن!

شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە داعش لەخۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی مەیدانیدا خێرایەو بەنەرمییەكی زۆرەوە مامەڵە دەكات لەگەڵ ئەو واقیعەی ناچاریكرد پشت لە ناوەندێتی و روو لە ناناوەندێتی بكات. بۆیە لە دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی لەڕووی سەربازی و ئەمنی و ئیداری و كاروباری شەرعی و راگەیاندنەوە پەیكەربەندیی خۆی دابڕێژێتەوە!

لەگەڵ كۆتاییهاتنی پڕۆژەی سیاسیی وەك خیلافەت لە كۆتایی ٢٠١٧دا ، داعش خۆی رێكخستەوە و تەكتیكە سەربازییەكانی خۆی گۆڕی و رووی لە شەڕی پارتیزانی كرد.

شارەزایان پێشبینیی سەرلەنوێ لەدایكبوونەوەی داعشیان كرد و رایان وابوو ئەمجارە داعش لەزۆر رووەوە لەگەڵ داعشی پێشتر جیاواز دەبێ. پێشبینییەكەشیان وا دەرچوو. داعشی ئێستا، بەپێی واقیعی مێژوو و راستییەكانی مەیدان، داعشێكە دیسان وەك رێكخراوێكی نهێنی كاردەكا و توانیویەتی پەیكەربەندیی رێكخراوەیی خۆی بپارێزێ و پەرە بەتوانای ئایدیۆلۆجیی خۆی بدا، گەشە بەسەرچاوەی دارایی خۆی بدا و لەڕووی راگەیاندنەوە هێز و گوڕ بداتەوە بەخۆی!

لەڕووی كاركردنی ستراتیجییەوە پشت بەپەلاماردانی بەردەوام و شەڕی پارتیزانی دەبەستێ. پشت ئەستورە بە مەفرەزەی بەژمارە كەمی هەڵسوڕاو لەنێو ئەو رووبەرانەدا كە ئاوەدانییان تێدا نییە. هەڵبەت چەندین رووبەری خاكی بێئاوەدانی، لێرە و لەوێ، لەنێو عیراقدا هەن كە لەڕووی ئاسایشەوە بەبۆشایی دادەنرێن و پشتگوێخراون و لەنێو قووڵایی گوندەكان و ناوچەكانی بیاباندان، سەرەڕای شانە نووستووەكانی نێو شارۆچكەو شارەكان !

سەرەڕای پشتبەخۆبەستن و ئاستی بەرزی ویستی شەڕكردن لای چەكدارانی داعش، كەچی هەلومەرجی بابەتیی نێو عیراقیش یارمەتیدەرە بۆ گەشەكردنەوەی داعش. هێشتا عیراق لەڕووی سیاسییەوە ناجێگیرەو لایەنی ئاسایش و ئارامی تۆكمە نییە، لێرە و لەوێ خۆپیشاندان درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران دەكوژرێن.

لەعیراقدا دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گۆڕانكاریی ئەرێنییان بەسەردا نەهاتووە. ململانێی سیاسیی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر هەژمونیان بەسەر عێراقدا وەك خۆیەتی و ناوە ناوە گەرمتر دەبێ. گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە لەنێو وڵاتدا نەك هەر لاوازن، بەڵكو لەحاڵی نەبووندان و سەرەڕای بوونی دەستەی دەستپاكی، كەچی گەندەڵی بەشێوەیەكی كەموێنە روو لەهەڵكشانە. ململانێی تایەفەگەری پتربووە و ئەو هۆیانەی مایەی پتربوونی توندوتیژی و یاخیبوونن هێشتا هاندەری بەرزبوونەوەی كێرڤی گیانی توندڕەوین!

بەپێی راگەیاندنی داعش خۆیان تەنیا لەنیوەی یەكەمی ساڵی رابردوودا لەعیراق ٧٢٢ چالاكییان ئەنجامداوە. خۆ ئەگەر بڵێین خۆیان هڵكێشاوەو پتریان بۆ خۆیان نووسیوەو بیكەین بە نیوە و تەنیا ٣٦١ چالاكی حسێب بكەین هێشتا زۆرەو بەڵگەی ئەوەیە كە داعش هێشتا لەسەر پێیەو مایەی زیان و ئاشوبە لەنێو عیراقدا، هەڵبەت ئەمە سەرەنجام بەزیان بۆ ئێمەی كوردیش دەشكێتەوە !

كاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەو هۆكارانە بنبڕبكرێن كە دەبنە مایەی گەشەكردنی دعش و یارمەتیدەری داعشەكانن تا بتوانن برەو بە كارو چالاكییە تیرۆریستییەكانیان بدەن!

حەسەن یاسین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا