فرۆشتنی دۆلار لەبازاڕی كراوەدا

یەكێك لەبڕیارە باشەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم فرۆشتنی دۆلارە لەبازاڕی كراوەدا بەشێوەی ئاشكرا،

ئەم بڕیارە هەرچەندە دەبووایە زووتر دەربكرایە بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە.

بازاڕی كراوە یەكێكە لەئامڕازەكانی دارایی و نەختینەیی بانكی ناوەندی لەزۆرێك وڵاتاندا كاری پێ دەكرێت و حكومەت لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئامانجە دارایی و نەختینەییەكانی بەدی بهێنێت بەمەرجێك شەفافیەتی تێدا بێت و خستنەڕووی دراوەكان و چۆنیەتی فرۆشتن و ژمارە و ناوونیشانی هەموو ئەو بانك و كۆمپانیاو دەستانەی كە لەبازاڕەكەدا مامەڵە دەكەن بەیاسایی تۆماركرا بن و مۆڵەتی فەرمیان هەبێت.

بڕیاری فرۆشتنی دۆلاری وەزارەتی دارایی پێویستە دۆلاری نەوتیش بگرێتەوە چونكە لەلایەك بڕەكەی گەورەترە و لەلایەكی ترەوە هەنگاوێكە بۆ شەفاف بوونی ئەم بوارە و پێمان وایە سەركەوتنێكە بەسەر تۆڕی گەندەڵكاران و قۆرخكاراندا كەچەندین ساڵە لەم بوارەدا قازانجی باشیان كردوە و زەرەریان لە دارایی گشتی داوە كە بەدەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.

گریمان وەزارەتی دارایی مانگانە بری (300- 350)ملیۆن دۆلار بفرۆشێت ئەوا بەنرخی ڕۆژی دۆلار بەشێوازی ئاشكرا و كێبڕكێ ی لایەنەكان نزیكەی (10)ملیار دینار مانگانە بۆ داهاتی گشتی دەگەڕێتەوە.

ئەم بڕیارە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخكاری و دەست بەسەردانەگرتن و ڕەخساندنی كێبڕكێ ی كۆمپانیاو بانكەبازرگانییەكان و سەرئەنجام زیادكردنی داهاتی گشتی گرنگە و جێگای ئومێدە لەكاتێكدا دارایی هەرێم بەدەست نەبوونی داهاتەوە دەناڵێنێت و لەئێستادا تەنانەت پارەی بەردەست نی یە بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران و بەپێ ی ڕاگەیەندراوێك تەنها (100)ملیار دینار بەردەستە لەكاتێكدا كۆی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران بە لێبڕینی (21%)وە نزیكەی (700) ملیار دینارە.

یەكێكی تر لە باشیەكانی ئەم شێوازی فرۆشتنە جێگیربوون وسەقامگیربوونی نرخی دۆلارە لەبازارەكاندا و ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر مامەڵەی بازرگانی ڕۆژانە.

هەروەها خستنەڕووی دۆلار جێگیر دەبێت و نرخی ئاڵوگۆر جێگیر دەبێت و تاڕادەیەك كاریگەری هەیە لەسەرهەڵاوسانی بازاڕ.

گرنگە گۆڕینەوەی دۆلارەكانی حكومەت بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدرێت بۆئەوەی لەمەترسی دیارنەمان بپارێزرێت جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی پێشوودا بڕی (2) ملیار دینار بەنایاسایی مامەڵەی گۆڕینەوەی پێ كرا.

بەو هیوایەیی ئەم پرۆسەیە ئاستەنگ و بەربەستی بۆ دروست نەكرێت و پاشان وەزارەتی دارایی مانگانە ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبكاتەوە تا خەڵك و لایەنەكان ئاگادار بن.

سەركۆ یونس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا